25/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی نه‌جه‌فی: چەند سەرنجێک ده‌رباره‌ی شاهین نەجەفی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕوشدی جەعفەر

لە کاتێکدا هونەرمەندە عەوام پەسەندەکان، ختوکەی سۆز و عاتیفەی عەوام دەدەن یان بە وتەی ئەدۆرنۆ، فەیلەسوفی ئەڵمانی، زڕە-عاتیفە (sentimentality) تیادا دەچێنن و دەورووژێنن، شاهین، بە پێچەوانەوە، هەم لە ڕێگەی هونەرەکەی و هەم لە ڕێگەی گفتوگۆکانی، هەوڵی پەرەپێدانی بەرخوردێکی ڕەخنەیی لەگەڵ پرسەکانی ژیانی ڕۆژانە و خودی هونەریش دەدات، چونکە هونەری شاهین هونەرێکی سەرگەرمکەر و تەرفیهی نییە، بەڵکو هونەرێکە پەیوەندیی بە حەقیقەتەوە ماوە، لانی کەم حەقیقەتی مێژوویی؛ هونەرێکی هاوچەرخە، بە مانا ئاگامبێنییەکەی.

ئەگەر بڕوانینە هونەری باوی ئێرانی یان کوردی، سوپایەک لە گۆرانیبێژی تەرفیهی و عیرفانی دەبینین (با لە یادیشمان بێت عیرفان لە سیستەمی کەپیتاڵیستیدا، خۆی گەورەترین جۆری تەرفیهییەتە). لە ئەزموونی زۆرێک لە هونەرمەنداندا، چوارچێوەیەکی پێش وەخت حازربەدەست بەدی دەکەین، کە هەریەکە و بە جۆرێک دووپاتی دەکەنەوە، بۆیە جیاوازییەکانیشیان سووڕانەوەیە لە هەمان بازنەدا.

”بەڵام هونەرێک نەتوانێت ئاڵنگاریی بازاڕ بکات، هەمان بەرهەمە عامپەسەندەکان بەرهەم بهێنێتەوە، برەو بە گوتارێکی عیرفانی و پاسیڤ بدات، مێشکی گەنجان بە ڕۆمانسییەتێکی درۆینە بشواتەوە هونەرێک نییە شیاوی بەرگریلێکردن بێت.”

لای ئێمە هەندێک جار بە کۆمەڵێک گۆرانبێژی ”ناسراو” کە عادەتەن مەیلێکی کلاسیکییان تێدایە، دەوترێت هونەرمەندە ”جیدییەکان” ئەمەش لە بەرامبەر ئەو شتەی پێی دەوترێت ”هونەری میللی”. بەڵام بەو مانایەی ئێمە وشەی ”جیدی” دەدەینە پاڵ شاهین نەجەفی، هیچ کامێک لەم دوو گرووپە سەر بە هونەری جیدی نین: هەردووکیان وەزیفە ئایدیۆلۆژییەکەیان بریتییە لە ”ئارامکردنەوە”ی مرۆڤە شەکەتەکان بە دەست سیستەمەوە- جۆرێک لە پنتی هەڵاتن و خۆشاردنەوە. دیارە، مەبەست ئەوە نییە مۆدێلی هونەرمەند-فەیلەسوف، وەک ئەوەی نیچە باسی دەکرد، بەسەر هونەرمەنداندا بسەپێنرێت، بەڵام هونەرێک نەتوانێت ئاڵنگاریی بازاڕ بکات (لانی کەم ڕێژەییانە…)، هەمان بەرهەمە عامپەسەندەکان بەرهەم بهێنێتەوە، برەو بە گوتارێکی عیرفانی و پاسیڤ بدات، مێشکی گەنجان بە ڕۆمانسییەتێکی درۆینە بشواتەوە (که ئەمانە خەسڵەتە سەرەکییەکانی هونەری کوردین) هونەرێک نییە شیاوی بەرگریلێکردن بێت.

ڕەخنە لە هونەر، مۆسیقا و گۆرانی، یان دەقیقتر، کارکردە ئایدیۆلۆژییەکەیان، تا ئێستا نادیدە گیراوە، کە ئەم نایدەگرتنەش دیسان نیشانەی دۆخێکی نەخۆشانەیە. ڕەخنەش نەک تەنیا لە دیوە پسپۆڕییەکەوە بەڵکو لە پەیوەند بەو جێکەوتەی لەسەر خەیاڵدان و فانتازیای ئێمە جێیان دەهێڵن.        

ئەدۆرنۆ مۆسیقای جیدی (serious) لە مۆسیقای عەوامانە یان عەوامپەسەند (popular) جیا دەکاتەوە. لای ئەدۆرنۆ جیاوازی ئەم دووانە ناگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی ئاڵۆزی و سادەیی. واتە، ئاڵۆزی ئاماژە نییە بۆ جیدی بوون، ئەدۆرنۆ، لە وتارەکەیدا دەڵێت، تێکڕای مۆسیقای کلاسیک، وەک سەرمەشقی مۆسیقایەکی جیدی، لە ڕووی ڕیتمییەوە لە مۆسیقای عەوامپەسندی جاز سادەترە. بەڵکو ئەدۆرنۆ بە گوێرەی پەیوەندیی دیالەکتیکی گشت و بەش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە: لە ”مۆسیقای جیدی”دا هەر بڕگەیەک، هەر تیمایەکی مۆسیقاکە، تەنیا لە سیاقی کارەکەدا وەک گشتێک مانای هەیە، ئەگەر لە پەیوەند به گشتەوە ڕەچاوی نەکەیت، بێمانا دەکەوێتەوە.

عیرفان لە سیستەمی کەپیتاڵیستیدا، خۆی گەورەترین جۆری تەرفیهییەتە

بە پێچەوانەوە، لە مۆسیقای پۆپولاردا پەیوەندیی گشت و بەش ڕەچاو نەکراوە؛ ئەگەر بڕگەیەک لە کۆی کارەکەش داببڕین کاریگەریی ناخاتە سەری (بەڵام شاهین لەم خاڵەدا لەگەڵ ئەدۆرنۆدا تەبا نییە و ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگرێت کە گوایە ئەدۆرنۆ بە دانانی ئەم پەیوەندییە، وەک دەوترێت، لۆژیکییە لە نێوان گشت و بەشدا، ”تەسادوف” دەکاتە دەرەوە، واتە، شاهین پێی وایە  نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەین تێکڕای پارچە مۆسیقایەک بەرمەبنای پرۆگرامێکی عەقڵانی و دانراو بڕواتە پێشێ…). 

هەڵبەت، بۆچونەکانی ئەدۆرنۆ، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوونەتەوە، بۆ نموونە تۆمەتبارکردنی بە ”نوخبەگەرایی” کە ئەمەش هەندێک جار لە تێنەگەیشتن لە تیۆری جوانیناسیی ئەدۆرنۆ سەرچاوەیان گرتووە… 

وریا ئەمیری، مۆسیقاری ئێرانی، لەو گفتوگۆیەی چەند مانگێک لەمەوبەر لەگەڵ شاهیندا لە بارەی وتاری ”سەبارەت بە مۆسیقای عەوامپەسەند”ی ئەدۆرنۆ کردیان، باسی لەوە دەکرد، ئەدۆرنۆ، لە مەسەلەی جیدی بووندا دیوە مێژووییەکە فەرامۆش دەکات: دەکرێت مۆسیقایەک لە سەردەمێکدا عەوامپەسەند بێت بەڵام دواتر ڕوویەکی جیدی بە خۆیەوە بگرێت، بە ڕای ئەو، ئەگەر مۆسیقای جاز لە ڕۆژگاری ئەدۆرنۆدا هونەرێکی عەوامپەسەند بووبێت، بەڵام ئێستا لانی کەم بڕێکی بە هونەرێکی جیدی ئەژمار دەکرێت، بەهەرحاڵ، لای ئەدۆرنۆ، وەک وتمان، مەسەلەی هونەری جیدی پەیوەستە بە پەیوەندیی گشت و بەش…

ڕەخنەی ئەدۆرنۆ لە مۆسیقا و هونەری عەوامانە پەیوەستە بە چەمکێکی تریشەوە: بەکاڵابوونی هونەر. هونەر لە مۆدێرنە، بە وتەی واڵتەر بنیامین، لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوەی میکانیکیدا، خەرمانە (ئائورا) موقەدەسەکەی لەدەست دەدات. ڕەخنەی ئەدۆرنۆش، ڕەخنەیە لەم بەکاڵابوون و بەشتبوونەی هونەر… جەختکردنەوەی ئەدۆرنۆ لەسەر دیوی مەبەستدارانەی هونەر بۆ ئەوەیە سەر نەکێشێت بۆ زڕەعیرفانییەت و سەرەنجام مەرگی هونەر.

”شاهین خۆیشی دەڵێت من چەندان قۆناغی جیاوازم بەجێ هێشتووە- ئەمەش گەشەیەکی ناوەکی هەر هونەرمەندێکی ڕاستەقینەیە. توانای خۆتێپەڕاندن و خۆتازەکردنەوە.”

مۆسیقای عەوامپەسەند قاڵب (framework)ێکی جێگیر و پێشوەخت پێدراوی هەیە، تەنانەت خەلاقیەتیش لە هونەری عەوامپەسەندا ناتوانێت لە قاڵبە پێشوەخت پێدراوەکەی دەریبێنێت. وریا ئەمیری نموونەیەکی قەشەنگ دێنێتەوە بۆ ئەو قاڵبە حازربەدەستەی گۆرانیی پۆپی ئێرانی: لە یوتیوبدا گۆرانییەکانی مەهەستی و گۆگۆش و هایدە و… بە تەنیشت یەکەوە دەبینین، ئەمە نیشاندەری ئەو قاڵبەیە کۆی ئەم گۆرانیبێژانە کۆ دەکاتەوە.

شاهین، لە گفتوگۆی ناوبراودا، ئاماژە بە شتێکی گرنگ دەکات، کاتێک لە کەسێک دەپرسین بۆچی گوێ لە فڵان یان فیسار گۆرانیبێژ و هونەرمەند دەگری، لە وەڵامدا دەڵێت: ”ئەمە سەلیقەی منە” بەڵام ئەگەر لێی بپرسین ئەم سەلیەقەیە لە کوێ سەرچاوەی گرتووە، چۆن درووست کراوە؟ نایزانێت. لە ڕاستیدا، ئەوە سەلیقەی ئەو کەسە نییە، بەڵکو ئەوە پیشەسازی مۆسیقایە ئەو سەلیقەیەی تیادا چاندووە، ئەو پێی وایە ”سەلیقە”ی خۆیەتی.

گوێگرانی مۆسیقای عەوامپەسەند لە ڕاستیدا مەسرەف دەکرێن نەک مەسرەف بکەن… ئەگەرچی چارەنووسی خودی هونەر بریتییە لە ملدان بەمە، بەڵام هاوکات بەرەنگاریش لە بەرامبەریدا. هونەر ناتوانێت لە گەمەکانی دەستی سیستەم بە تەواوەتی دەرباز ببێت، بەڵام دەکرێت بەرەنگاریی بنوێنێت و شکست بهێنت و لەم شکستهێنانەشدا ئەزموونی حەقیقی بخاتە ڕوو؛ ئەزموونی هونەر، ئەزموونی شکستە، شکستێک کە زیاترە لە شکستی ڕووت.

 بەڵام ئەگەرچی وەک ئەوەی شاهینیش بە تەوسەوە باسی دەکات، ڕەخنەکانی ئەدۆرنۆ لە هونەری عامەپەسەند، شاهین خۆیشی دەگرێتەوە. بۆیە گرنگە باس لەوە بکەینەوە، کاتێک شاهین نەجەفی بە ”جیدی” وەسف دەکەین، کتومت بە مانا ئەدۆنۆییەکەی ئەم وشەیە نییە… بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ مێژوومەندی و دەرگیر بوون لەگەڵ دۆخی حازربەدەست و گەشەی ناوەکی ئەزموونە هونەرییەکەی، پەیوەندیی فۆرم و ناوەڕۆک لە کارەکانی و هتد. 

ئەگەر فروغ، ئەزموونی خۆی لە ”وەرزی سارد”ی مۆدێرنەدا بۆ گێڕابینەوە، ئەوا شاهین وردتر و هەمەلایەنتر حەکایەتەکانی وەرزی ساردی مۆدێرنەی، بێ مۆدێرنەی خۆرهەڵاتمان بۆ دەگێڕێتەوە؛ شاهین کاتێک لە نێو مێژووی هاوچەرخی ئێراندا سەر دەردێنێت، بەرخوردی ئەو لە هونەرەکەیدا لەگەڵ کێشەکانی ئەم وڵاتە بە جۆرێکە هەست دەکەین نزیکە لەو بنبەستانەی ئێمەش تیایدا دەژین. 

لە خوارەوە، لە ڕێگەی سەرنجێکی کورت لەسەر هەر سێ گۆرانی ”شین” (آبی) و ”یاخی” (عاصی) و ”لەناکاو” (ناگهان)ەوە، ئەو خاڵانەی سەرەوە کۆنکرێتتر نیشان دەدرێن. 

گۆرانیی ”شین”

 گۆرانیی ”شین” بە سێ زمان دەوترێت؛ فارسی، ئەڵمانی و عەرەبی. زۆربەی گوێگران ڕادیکاڵیزمی شاهین لە ناوەڕۆکی گۆرانییە سیاسییەکانی کورت دەکەنەوە، بەڵام لە لای شاهین سەرباری ڕادیکاڵیزمی ناوەڕۆک (ئەویش نەک تەنیا لە ڕووی سیاسی، بەڵکو ڕەگەزیی و دینی و… چونکە لای شاهین، بە پێچەوانەی زۆرێکی تر، ڕادیکاڵیزم کورتناکرێتەوە بۆ یەک ڕەهەند و ناواخن)، دەتوانین قسە لە شتێک بکەین بە ناوی ”ڕادیکاڵیزمی فۆرم” کە ڕەنگە باڵاترین نموونەی شاکاری ”حەزرەتی نان” یان ”ژ.ش” بێت. بۆ نموونە، سەرنج لەم وردەکارییانە بدەن: لەسەر بەرگی گۆرانییەکە، ناوی گۆرانییەکە ئاوا نوسراوە( Bآ) واتە پیتێک بە فارسی و یەکێک بە ئینگڵیزی، ڕانەرێک بەم جۆرە ئەمە ڕاڤە دەکات: ”کەڤەری ئەم گۆرانییە نەخش و دیزاینێکی ئیسلامییە، بەڵام شاهین بە تێکەڵکردنی پیتی ”آ” لە ئەلفبێی فارسی و پیتی ”B” لە ئەلفبێی ئینگڵیزیدا، بونیادە پیرۆزە ئیسلامییەکەی تێک شکاندووە.”  

كەڤه‌ری گۆرانیی ”شین”

(ئەگەر کەمێک لە بابەتەکە لا بدەین، بۆ نموونە، سەرنج لە گۆرانییەکانی دیار دێرسیم بدەن: لە ڕووی سیاسییەوە عادەتەن گۆرانییەکانی وی بە ”شۆڕشگێڕانە” دادەنرێن، بەڵام  ناواخنە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو شتەی پێی دەوترێت ”عەشق” دیوێکی تەواو کۆنەپارێزانەی هەیە: هەمان حیکایەتی جەور و جەفای مەعشوق و عاشقی وەفادار… بە جۆرێک کۆنەپارێزییەکی کەلتوریی هاوشان لەگەڵ ”شۆڕشگێڕی”ی سیاسیدا ڕێ دەکات) 

لە هەناوی ئەم گۆرانییەدا بەر سێ جیهانی جیاواز دەکەوین (ئەگەرچی لە گۆرانییەکەدا بە حوکمی تێکەڵکێشکردنەکەی شاهین جۆرە هەماهەنگییەکی ناوەکی و هونەری لە نێوانیاندا درووست کراوە) جیهانی حافز، جیهانی پێغەمبەری ئیسلام و جیهانی شاهینیش (بۆیەش لە بەشی لیریک نووسراوە شاهین نەجەفی، حافز و محەمەد) 

گۆرانیی ”لەناکاو’

شیعری گۆرانیی ”لەناکاو” هی ”سەید مەهدی موسەوی”یە. شاهین لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت کە لەم شیعرەدا بەڕاستی حەسودیم بە مەهدی موسەوی برد- حەسودییەکی پۆزەتیڤ، وەک بڵێی حەزم دەکرد خۆم نوسیبام (شاهین کۆمەڵێک شیعری تری موسەویشی کردووەتە گۆرانی: بعد از تو، شاعر تمام شدە، ممیز صفر، هر شب، محرمانە). ئەلبومی ”هیچ هیچ هیچ” لە ساڵی ۲۰۱۲دا بڵاو کراوەتەوە، ئەزمونی هونەریی شاهین لەو ساتەوە، بە تایبەت لەگەڵ ئەلبومی ”رادیکال”دا  بە چەندین گۆڕانیی ڕیشەیی، لە هەموو ئاستەکانی زمان و مۆسیقا و ئیجراکردن و…. تێپەڕیوە. بە جۆرێک هەست دەکەین توڕەیی و ڕاشکاویی و ”مەدلوگەرایی” کارە هونەرییەکانی سەرەتای جێگەی خۆیان بۆ هێمنی و لێڵی و ”دالگەرایی” چۆڵ کردووە، یان درووستتر تاقیکردنەوەی  بەردەوامی ”فۆرم”ی تازەی  هونەری: ”پۆست-مۆدێرنیست”

شاهین خۆیشی دەڵێت من چەندان قۆناغی جیاوازم بەجێ هێشتووە- ئەمەش گەشەیەکی ناوەکی هەر هونەرمەندێکی ڕاستەقینەیە. توانای خۆتێپەڕاندن و خۆتازەکردنەوە، توانایەکە کەم کەس هەیانە، ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێت شاهین دەڵێت هەر کە کارێکم  تەواو دەکەم، ئیتر تاقەتی ئەوەم نابێت گوێی لێ بگرمەوە و ناشهێڵم هاوڕێکانم لە لای مندا گوێ بدەنە ئەو گۆرانییانە- بەڵام  سەرەڕای گەڕانی بەردەوامی شاهین بە دوای فۆرمی تازەدا، بە شێوەیەکی شێلگیرانە بەرگری لە فیکر و ئایدیاکانی، چ سیاسی و هونەری و هتد بن، دەکات، لای شاهین نوێگەریی ڕێگەیەک نییە بۆ خۆلادان لە پێداگری. 

ئەم گۆرانییە، وەکو زۆرێک لە گۆرانیەکانی تری شاهین، گۆرانییەکی ”ڕاستەوخۆ سیاسی”ی نییە، بۆیە کورتکردنەوەی شاهین بۆ هونەرمەندێکی سیاسی، بە مانا باوەکەی، تێنەگەیشتنە لە مانای ”هونەری سیاسی”ی لای نەجەفی. ئەگەرچی دیوێکی سیاسیش، یان ڕاستتر جۆرە نائومێدبوونێک لە سیاسەت لەم گۆرانییەشدا هەیە…

كه‌ڤه‌ری گۆرانیی ”لەناکاو’

هونەریی سیاسی (ئەگەر هەر سووربین لەسەر ئەوەی ئەم زاراوەیە بەکار بهێنین) بریتیی نیە لە دروشمفڕێدان و ‌بژی و بڕوخێ… موراد فەرهادپوور لە شوێنێکدا ئەم سەرنجە سەیر و وردە دەردەبڕێت: ئەدەبیاتی ساموێل بێکێت لە ئەدەبیاتی بێرتۆڵت برێشت سیاسیترە! ….

ئەم گۆرانییە، بە جۆرێک لە جۆرەکان، گۆرانی شکستی ”خەونە گەورەکان” و شکستی ”خەونە بچووکەکان”یشە؛ ”شۆڕش” و ”عەشق” و ”هاوڕێیەتی”یش: شکستی پەتی؟

گۆرانیی ”یاخی”

ناوەڕۆکی گۆرانیی ”یاخی” یاخیبوونە، جۆرێک لەو ”یاخیبوونە میتافیزیکی”یەی کە ئەلبێر کامۆ باسی کردووە و نەغمەیەکی نیچەییانەشی هەیە. لە سەرەتای گۆرانییەکەدا چەند دەنگێکی تەمومژاوی و ناڕوون دەبیستین، تەنیا لە ماوەی ٣٥ چرکەدا تێکڕای ئەمانەی خوارەوە هاوکات و تێکەڵ دەوترێن:

  • چەند کەسێک بەیەکەوە دەڵێن:

”لە سەرەتادا وشە هەبوو، وشە لەگەڵ خودا بوو، وشە خودا بوو. لە سەرەتاوە لەگەڵ خوادا بوو”
(پەیمانی نوێ- ئینجیلی یوحەنا- ئایەتەکانی ۱و ۲)

  • ئەمە دەبیستین:

”مرۆڤی یاخی کێیە؟ ئەو مرۆڤەیە کە دەڵێت ”نەخێر” بەڵام ئەم ڕەتکردنەوەیەی مانای ئەوە نییە کە حاشا لە هەموو شتێک دەکات، بەڵکو ئەو مرۆڤێکە کاتێک دەست بە بیرکردنەوە لە خۆی دەکات دەشڵێت بەڵێ. ئەو کۆیلەیەی کە بە درێژایی هەموو ژیانی فرمانی جێبەجێ کردووە، لە پڕێکدا کە فرمانێکی تازەی پێ دەدرێت، بڕیار دەدات جێبەجێی نەکات. مەبەستی ئەو لە وتنی ”نەخێر” چییە؟ 

مەبەستی ئەو بۆ نموونە ئەوەیە کە بڵێت (ئەم دۆخە زۆر درێژەی کێشا) یان (تا ئێرە بەسە و  بەڵام ئیتر سنوورێک هەیە کە نابێت تێی پەڕێنیت) بە واتایەکی دی، ئەو(نەخێر)ە جەخت لەسەر بوونی سنوورێک دەکاتەوە”

[ مرۆڤی یاخی/ ئەلبێر کامۆ/ و. ئازاد بەرزنجی، لا ۳۷]

ئەمە دەستپێکی فەسڵی یەکەمی کتێبی ”مرۆڤی یاخی” کامۆیە. دیارە لە گۆرانییەکەدا وەها ڕوون نییە و ئەم هەمووەش ناوترێت. سەرەتاکەی بە ڕوونی دەبیسترێت، دواتر لەگەڵ ئەوانی تردا تێکەڵ دەبێت، بۆیە تەواوی ئەم پەرەگرافەمان دانایەوە، تا ڕوون بێت ئەو یاخیبوونەی شاهین قسەی لێ دەکات یاخیبوونێکی خۆ-نەفیکەرەوە نییە (طاغی انسانیست کە ”نە” میگوید، اما نە گفتن او از سر انکار نفس نیست…)

  • خانمێک دەڵێت:

”چیرۆک نیم بمگێڕیتەوە
ئاواز نیم تاوەکو بمچڕی
دەنگیش نیم تاکو بمبیستی
یاخود شتێک کە  بیبینی
یاخود شتێک کە بیزانی
من ئازارێکی هاوبەشم
بانگم بکە” 

ئەمە بەشێکە لە شیعری ”عەشقی هەمەگیر”ی  ئەحمەد شاملو. [لە وەرگێڕانەکەی ”ئازاد بەرزنجی”ەوە وەرگیراوە]  
  • ئایەتی یەکەم و دووەمی سورەتی ”الٳنسان”

بێگومان ماوەیەک لەم ڕۆژگارە بەسەر مرۆدا تێپەڕی و ئەو شتێ نەبوو باس بکرێ٭ ئێمە مرۆمان لە تنۆکێکی ئاوێتە وەدی هێنا تا بیئەزموون؛ گوێی بیستن و سۆمای دیتنیشمان پێ دا” (وەرگێڕانەکەی مامۆستا هەژار) 

كه‌ڤه‌ری گۆرانیی ”یاخی”

”فریادڕەس مردووە” دەتوانین وەها لەم ڕستەیە، کە نەغمەیەکی ئاشکرای نیچەییانەی هەیە، تێ بگەین کە فریادڕەس بە مانا دینی و میتافیزیکییەکەی (وەک مەهدی لای شیعەکان) مردووە. سەرنج بدەن ئەم دێڕە بە زمانێکی هێمن و کز و غەمئەنگیز دەوترێت: مردنی فریادڕەس هەواڵێکی خۆش نییە، بەڵام ئەمە حەقیقەتێکە. لای شاهین مردنی فریادڕەس واتە لە پانتایی میتافیزیکەوە بگوازینەوە بۆ پانتایی مێژوو- ئەو مێژووەی کە خۆمان دروستی دەکەین:

”مێژوو، چاوەکانی من دروستی کردووە
من یاخییەکی وەهام کە تێکڕای گوناهەکانی جیهان لە ئەستۆ دەگرم
من کۆیلەی ئازادیم!”

هاوبەشی بکە

Iranian Singer, Shahin Najafi,