20/04/2024
DidiMn Logo
Top

پڕۆژه‌ی مێینه‌: چۆن لە کارێکی هونەریی بڕوانین؟

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: بیار ڕەشید

کاتێک بەشێکی زۆر لەو نووسین و سەرنجانەم بینی سەبارەت بە  پڕۆژە هونەرییەکەی تارا، ڕاستەوخۆ ئەو پرسیارەم لا دروست بوو، ئێمە چۆن لە کارێکی هونەریی دەڕوانین؟ بۆچی ئاستی ڕوانینمان ئەوەندە لاوازە بەرامبەر کاری هونەریی؟ هەڵبەت لێرە دەژیم و لە کۆی ئەو پایانە تێدەگەم کەلتووری کوردی لەسەر وەستاوە، بەڵام دیسان دەپرسم ئێمە بۆچی ئاستی ڕوانینمان بەو جۆرەیە؟

ڕوانین لە کارێکی هونەریی پڕ چێژ و سەرنجڕاکێشە، بەڵام ڕەنگە بە هۆی ئەوەی جیاوازی لە نێوان سەیرکردن و بینیندا ناکەین، زۆر کات ئەو چێژ و سەرنجڕاکێشییە بۆ ئێمە هیچ مانایەکی نییە. یان زۆر کات خۆمان بەدوور دەگرین لە سەردانیکردنی گەلەری و پێشانگاکان، لەبەرئەوەی پێمان وایە بینینی تابلۆ و کارە هونەرییەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر دەرککردنی ئێمە نییە.

ڕەنگە لە گەلەرییەکدا کەسانێک ببینیت کەمتر لە پێنج چرکە لە تابلۆیەکی شێوەکاری دەڕوانن. ئەگەر بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کارە هونەرییانەی لە گەلەرییەکەدا نمایش کراون سەردانی ئەوێمان کردبێ، یان بمانەوێت لە بارەی یەکێک لە کارەکانی گەلەرییەکەوە لەگەڵ کەسێکدا گفتوگۆ بکەین، لێرەدا جۆری بینین و ڕوانینی ئێمە، تەنانەت جۆری بیرکردنەوەشمان لە کاتی بینینی بەرهەمەکەدا گرنگی و بەهای خۆی هەیە. بەڵام ئەگەر بۆ کات بەسەربردن سەردانی گەلەری و پێشانگاکان بکەین، ڕەنگە تەنها کاتەکەمان بەفیڕۆ دابێت. ناتوانین بڵێین ڕێگایەکی ڕاست یان هەڵە بۆ بینینی بەرهەمێکی هونەریی هەیە، بەڵام بە دڵنیایی ڕوانین کە هاوڕای دەرککردن بێت، پێویستی بە جۆرێک پەروەردە یان سوود وەرگرتن لە کۆی توانا ئیدراکییەکانی ئێمە هەیە، لێرەدا هەندێک پێشنیار دەخەمە ڕوو کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر شێوەی بینینی کارێکی هونەریی هەبێت.

ڕوانین لە کارێکی هونەریی چۆن دەست پێدەکات؟

کاتێک دەچیتە پێشانگایەکەوە، یان هەر شوێنێک کە کاری هونەریی تێدا نمایش کراوە، لە هەرلایەکەوە دەتەوێ دەتوانی دەست بە بینینی کارەکان بکەیت. لە هەرلایەکەوە دەست پێدەکەیت زۆر گرنگە لانیکەم ماوەی دوو خولەک تا پێنج خولەک بۆ هەر کارێک تەرخان بکەیت. تاکو ڕێگا بدەی پرسیارەکانی زیهنت سەبارەت بە کارەکە بوروژێن.

بەشێک لە ڕەخنەگرانی هونەر باوەڕیان وایە بۆ سەرەتای ڕوانین لە هەر کارێکی هونەریی، گەڕانەوە بۆ (ئەو نووسینانەی لە تەنیشت کارەکەوە هەڵواسراوە و گوزارشت لە ناوەڕۆک و مانای کارەکە دەکات، یان ڕوونکردنەوە و دیدی کارمەندانی گەلەری لەسەر کارەکە) هیچ گرنگییەکی نییە بۆ تێگەیشتنی ڕاستەقینە لە کارەکە، چونکە وەک تەڵقینێک وایە. لێرەدا تۆ وەک بینەرێک دەتوانی هیچ گرنگییەک بەم زانیارییانە نەدەیت و تەنها سوود لە بیرکردنەوە و ڕوانینی خۆت وەربگریت.

زۆربەی کات شێوەی کارەکە و هێڵەکانی پێمان دەڵێن ئێمە لە چ خاڵێکەوە لێی بڕوانین، ئەمەش یارمەتیمان دەدات کون و قوژبنی کارەکە بپشکنین و ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ گەڕان لە ناویدا.

لە سەرەتای ڕوانینەکەدا دەکرێت یەکێک لە ڕەگەزەکانی کارەکە سەرنجی تۆ ڕابکێشێت، دەتوانی ئەمە بکەیتە خاڵی دەسپێک بۆ دروستکردنی پرسیار لە زیهنی خۆتدا سەبارەت بە کارەکە. وەک پێشتر وتمان هیچ ڕێگایەکی ڕاست یان هەڵە لە ئارادا نییە سەبارەت بە چۆنیەتی ڕوانین لە کارێکی هونەریی، بەڵام دەکرێت هەندێک خاڵ هەبن یارمەتیمان بدەن.

بۆ تێگەیشتن و بینینی بەرهەمێکی هونەریی باشترە چۆن لێی بڕوانین؟

ئەمجارە ئەگەر چوویتە پێشانگایەک یان شوێنێک بۆ بینینی کارێکی هونەریی، ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە:

* مانای ئەم کارە چییە؟
* ئەم بەرهەمە بۆ خاوەنەکەی چ مانایەکی هەیە؟
* کەسانی تر چۆن لەم بەرهەمە تێدەگەن؟
* ئەم بەرهەمە بۆ من چ مانایەکی هەیە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە دەکرێت ڕێنوێنیکەرێکی باش بێت بۆ تێگەیشتن لە بەرهەمێکی هونەریی.

لە بینینی بەرهەمێکی هونەرییدا، بە باشی لە خەسڵەتە دەرەکی (ظاهری)یەکانی بەرهەمەکە بڕوانە، بۆ خۆت پێناسەی بکە، لە ڕووی ڕەنگ، ئەندازە، ماتریاڵی بەکارهێنراو. بۆ نموونە تابلۆیەک کە ئەندازەیەکی گەورەی هەیە و کۆمەڵێک هێڵی زۆری تێدایە، دەکرێت هونەرمەند داوات لێبکات تۆ لە ڕێگای ئەم هێڵانەوە بە دوای مانای بەرهەمەکەدا بگەڕێی، ئیدی ئەم هێڵانە بەرەو کوێ ئاڕاستەت دەکەن، ئەمەیان شێوەی پەیوەندی تۆیە لەگەڵ کارەکەدا.

لە ڕەنگەکان بڕوانە کە چۆن هونەرمەند سوودی لێ وەرگرتووە، بزانە ڕەنگە گەرم و ساردەکان چۆن بەکارهاتوون. ئەگەر چاوی تۆ ڕەگەزێکی تابلۆکە زووتر لە ڕەگەزەکانی دیکە دەبینێت، ئەگەری هەیە بابەتی سەرەکی کاری هونەرمەندەکەش هەمان ڕەگەز بێت. شێوەکارەکان و هونەرمەندەکان هەمیشە بە جۆرێک دەیانەوێت چاوی تۆ ڕابکێشن بۆ کارەکەیان، ئەمەش لە ڕێگای ڕێکخستنی ڕەنگ و دانانی هەر پارچەیەک لەو شوێنەی مەبەستیانە دەکەن.

بابەتی چۆنیەتی ڕوانین لە کاری هونەریی، بابەتێکە بەردەوام لە لایەن ڕەخنەگرانی هونەرییەوە قسەی لەبارەوە دەکرێت، یەکێک لەو رێگایانەی کە تێگەیشتنت بەرامبەر کارێکی هونەریی فراوانتر دەکات، بریتییە لە بینینی وردەکاری بەرهەمەکە و قسەکردن لە بارەیەوە. بۆ نموونە لە تابلۆیەکدا لە بری ئەوەی تەنها بڵێی ئاسمان دەبینم، بڵێ ئاسمانێکی شین، پڕ لە هەوری گەواڵ گەواڵ دەبینم کە ڕووناکی خۆر تێیدا پرشنگ دەدا.

لە کۆی ئەم بابەتەدا دەمەوێت بڵێم ڕوانین لە بەرهەمێکی هونەریی کە هاوڕا بێت لە گەڵ بیرکردنەوە و تێڕامان، ئیدی ئەو بەرهەمە سەر بە هەر قوتابخانەیەکی هونەریی و هەر سەردەمێک بێت، دەتوانێت لە لای تۆ مانا و بەها دروست بکات، بە مەرجێک تۆ بە دیدێکی هونەریی و هونەرمەندانە لێی بڕوانیت.

هاوبەشی بکە

Contemporary Art, Feminine, tara abdulla,