26/04/2024
DidiMn Logo
Top

چی لەناو گۆرنیکای پیکاسۆدا دەگوزەرێت؟

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لە فارسییەوە هاوڕێ عەبدوڵا

باشترین ڕێگە چییە بۆ نیشاندانی ناڕەزایی دژ بە جەنگ؟ چۆن دەتوانرێت کاریگەریی لەسەر زۆرترین خەڵک دابنرێت؟ پابلۆ پیکاسۆ، لە ساڵی ١٩٣٧دا ناڕەزایی و توڕەیی خۆی دژ بە جەنگ لە تابلۆیەکدا بەناوی گۆرنیکاوە نیشاندا. تابلۆی گۆرنیکا لە پێشانگای گەورەی پاریسدا نمایشکرا و ملیۆنان بینەری هەبوو.

گۆرنیکا لە سەدەی بیستەمدا وەک بەهێزترین ڕەمز و ئاماژەی دژ بە جەنگ ناسێنرا، ‌هێشتاش گۆرنیکا هەمان ئیحساسی دژ بە جەنگ لە بینەردا دەجوڵێنێت. لە ساڵی ١٩٣٦دا پیکاسۆ لەلایەن دەوڵەتی کۆماریی نوێی ئیسپانیاوە ڕاسپێردار بۆ ئەوەی لە پێشانگای نێونەتەوەیی ساڵی ١٩٣٧ی پاریسدا تابلۆیەک بۆ بەشی هونەریی وڵاتی ئیسپانیا بکێشێت. بابەتی سەرەکیی پێشانگاکە فیستیڤاڵی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بوو. بەڵام پیکاسۆ تابلۆکەی سیاسییانە و ڕەخنەییانە کێشا. لە ساڵی ١٩٣٦دا لەنێوان دەوڵەتی کۆماریخوازی دیموکراتی و هێزە فاشیستییەکاندا بە سەرکردایەتیی جەنەڕاڵ فرانسیسکۆ فرانکۆ جەنگێکی ناوخۆیی دەستیپێکرد.

تابلۆکەی پیکاسۆ دەربارەی ڕووداوی ٢٧ی ئەپرێلی ساڵی ١٩٣٧ بوو، واتا ڕووداوی بۆمببارانکردنی گۆرنیکا لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەڵمانیاوە بە فەرمانی هیتلەر بۆ پشتیوانی لە فرانکۆ و هێزەکەی. گۆرنیکا وەک ناوچەیەکی بچوکی باکوری ئیسپانیا لەڕووی ستراتیژییەوە هیچ پێگەیەکی نەبوو. ئەو ڕووداوە بۆمببارانکردنی خەڵکانی مەدەنی بوو. ‌هێرشە ئاسمانییەکە بۆ تاقیکردنەوەی تاکتیکی سەربازیی نوێ و ترساندنی هێزە بەرەنگارەکان ئەنجامدرا. زیاتر لە سێ سەعات، بیست‌وپێنج فرۆکەی جەنگی بە نزیکەی یانزە هەزار بۆمب، ئاسمانی گۆرنیکایان بۆمببارانکرد. گۆرنیکا کرا بە وێرانەیەکی تەواو و نزیکەی ١٦٠٠ کوژراو و برینداری مەدەنی هەبوو. لە یەکی مانگی مەیی ساڵی ١٩٣٧دا هەواڵی ئەو تاوانە گەیشتە پاریس. وێنە و هەواڵی ئەو کارەساتە لە ڕۆژنامە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا بڵاوبووەوە. پیکاسۆ بە هەواڵی ئەو  کوشتار و وێرانەیەی ئەنجامدرا بوو، شۆك بوو. هاوخەمی خۆی بۆ وڵاتەکەی و قوربانییەکان دەربڕی. پیکاسۆ لەماوەی مانگێکدا تابلۆی گۆرنیکای کێشا و دواتریش نێردرا بۆ بەشی هونەریی ئیسپانیا لە پێشانگای پاریس. لەگەڵ تابلۆکەدا چەند فیلمێکی دۆکۆمێنتاری و هەواڵ و فۆتۆ دەربارەی وەحشیگەریی فاشیستەکان لەماوەی جەنگی ناوخۆدا بڵاوکرانەوە. ئەو بینەرانەی بۆ بینینی باسوخواسی تەکنەلۆژی بۆ پێشانگاکە هاتبوون، بە بینینی ئەو دیمەنە ئازاراوییانە شۆک بوون.

تابلۆی گۆرنیکا، بە ڕەنگی ڕەش، سپی و خۆڵەمێشی

لە ساڵی١٩٤٠دا کاتێک فەرەنسا لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرا، ئەفسەرێکی نازی شوێنی کارەکەی پیکاسۆ دەبینێت و بەرامبەر بە تابلۆی گۆرنیکا دەوەستێت و دەپرسێت کێ ئەم تابلۆیەی خوڵقاندووە؟ پیکاسۆش لە وەڵامدا دەڵێت: ئێوە خوڵقاندووتانە. دوای ئەوەی پێشانگاکەی پاریس کۆتایی هات، دەوڵەتی ئیسپانیا تابلۆی گۆرنیکای بە جیهاندا گەڕاند بۆ ئەوەی زۆرینەی خەڵکی جیهان لەو جەنگە ئاگادار بکاتەوە، هەروەها بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ لێقەوماوانی جەنگەکە. تابلۆکە بۆ زۆر وڵات نێردار، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئیسپانیاوە پیکاسۆ ڕێگەی نەدا گۆرنیکا بگەڕێتەوە نیشتیمانی خۆی. دواجار لە ساڵی ١٩٨١دا گۆرنیکا گەڕایەوە بۆ ئیسپانیا و تا ئێستاش لە مۆزەخانەی میلیی هونەرە جوانەکانی مەلیکە سۆفیا پارێزراوە.

پیکاسۆ لە تابلۆکەدا ڕەنگی ڕەش و سپی و خۆڵەمێشی بەکارهێناوە و ئەجوایەکی وشک و سەردوسڕی دەرخستووە. لە نیگای یەکەمدا داڕشتنی گۆرنیکا شەپۆکێن و ئاڵۆزکاوە، بینەر دەخاتە ناو دڵی ڕووداوە سەخت و بێڕەحمەکانەوە. وا دەردەکەوێت هەموو شتێ لە دۆخی توانەوەدایە. فەزاکە تەوژمدراو و تاریکە. جەستەکان نائاسایی و شێواو، لێکجودا و پارچەپارچە دەردەکەون. وا دێتەبەرچاو هەموو شتەکان تێکەڵاوبوونە و بەسەریەکدا کەوتوون. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ڕێکخستنێکی تایبەتی بۆ کراوە. پیکاسۆ وێنەکانی ناو تابلۆکەی لە سێ بەشدا بەشێوەیەکی ستوونی ڕێکخستووە و لەنێوانیاندا هاوسەنگی ڕاگرتووە.

پیکاسۆ لە بنەڕەتدا تابلۆکەی بە ڕەنگی ڕەش و سپی و خۆڵەمێشی کێشاوە، لێرەدا ڕەنگاوڕەنگکردنی تابلۆکە بۆ مەبەستی ناسینەوەی ڕەمزەکانە

ڕەمزەکان:

گۆرنیکا تابلۆیەکی گەورەیە و ئەندازەکەی بریتییە لە ٣٤٩×٧٧٦ سانتیمەتر. ڕەنگی ڕۆنی تێدا بەکار‌هێنراوە. تابلۆکە پڕە لەو ڕەمزانەی نیشاندەری ئێش و ئازارن . ئازاری خەڵک و ئاژەڵی بێگوناه. ڕەمزەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست تەعبیرن لە:

گا: وێنەیگایەک لە تابلۆکەدا بە جەستەی ڕەش و سەری سپییەوە کێشراوە. بەهۆی ئەو ترس و تۆقینەی هەموو دەوروبەری گرتووەتەوە، سەراسیمە و پەشۆکاو دەردەکەوێت. پیکاسۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە مەبەست لە ئامادەیی ئاژەڵ لە تابلۆکانیدا چییە، گوتوویەتی ئامادەیی ئاژەڵ بە مانای خوی دڕندەیی و زاڵمی و بێڕەحمییە.

دایکێک لەگەڵ مناڵە مردووەکەیدا: لەخوارەوی گایەکەدا، ژنێک بەدانیشتنەوە مناڵە مردووەکەی خۆی توند لەباوشگرتووە و بەچاوی فرمێسکاوییەوە نیگای بڕیوەتە ئاسمان.ئەم وێنەیە جۆرە لێکچوواندن و تەعبیرێکە لە مەریەمی پیرۆز و مەسیح کە بەهۆی جەنگەوە لەکەدار بووە.

باڵندە: لەنێوان گایەکە و ئەسپەکەدا، باڵندەیەک لەناو تاریکیدا ونبووە و تەنیا ڕۆشناییەکی کەمی ڕەنگە سپییەکەی دیارە. ئەم باڵندەیە بەجۆرێک دەکرێت ڕەمزی شکستی ئاشتی بێت.

سەربازێکی مردوو: سەربازێک لە تابلۆکەدا بە جەستەی پارچەپارچەوە دەردەکەوێت. سەر و بازووەکانی ڕوون دیارن. بەدەستێکی شمشێر و گوڵێکی گرتووە، گوڵەکە دەشێت دەلالەت بێت لە ڕۆژنەی ئومێد لەناو ئەو هەموو وێرانە و کارەساتەدا.

گڵۆپ: گڵۆپێک لە تابلۆکەدا هاتووە، دەلالەتە لە پیلانگێڕی و فریو، هەروەها دەشێت ئاماژە بێت بۆ تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی لەلایەن ئەڵمانیای پێشکەوتووەوە لەکاتی بۆمببارانکردنی ناوچەی گۆرنیکادا.

ئەسپ: لە ناوەڕاستی تابلۆکەدا وێنەی ئەسپێک کێشراوە، وا دەردەکەوێت لەساتی کەوتندایە. سەری ئەسپەکە بە دەمی کراوەوە ڕوون دەردەکەوێت، بەڵام بەشەکانی تری جەستەی لەگەڵ وێنەی تردا تێکەڵبوونە.

ژنێکی ئەژنۆ زامدار: ئەم وێنەیە دەرخەری ئازاری ژنێکی زامدارە. ئەژنۆی ژنەکە خوێنی لێدەڕژێت و هەوڵدەدات خوێنڕژانەکە بەدەستی ڕابگرێت.

ژنێک لە چرایا: وێنەی ئەم ژنە کە بەشێوەیەکی چرایی دەرکەوتووە، تابلۆکە ڕۆشندەکاتەوە. ڕواڵەتی ژنەکە پەشۆکاو و پەرێشان دەردەکەوێت. ئەم ژنە ڕەمزێکە بۆ ڕۆحی کۆمەڵگای ئیسپانیا

پیاوێکی تکاکار: پیاوێک کە لە بەشی کۆتایی لای ڕاستی تابلۆکەوە وێنەی کێشراوە، وا دەردەکەوێت ڕووی لە ئاسمانە و لەساتی پاڕانەوەدایە، یان لەوانەیە ڕوو بە فرۆکەکانی ئەڵمانیا تکابکات بۆمبباران ڕابگرن.

سەرچاوە: گالری انلاین ارتیبیشن 

تابلۆی گۆرنیکا لە گەلەریدا، قەبارەی تابلۆکە ٣٤٩×٧٧٦ سانتیمەتر
هاوبەشی بکە

Art, Gornica, Pablo Picasso,