24/04/2024
DidiMn Logo
Top

دارهەرمێی کێوی: سینەما لە خزمەت یەک کارەکتەردا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لاوک ئەبوبەکر

جارێک لە دانیشتنێکدا کۆمەڵێک هاوڕێی تورک باسی فیلمێکی دڵخوازی خۆیان دەکرد، بە ڕەنگاڵەیی و دیمەنە هەستبزوێنە قەڵەباڵغەکانی سەرسام بوون. فیلمەکە هیندی بوو، منیش وەختی خۆی کە بینیبووم، بە جۆرێک لە جۆرەکان پێم فیلمێکی خراپ نەبوو. ویستم باسی نووری بیلگە جەیلانیان لەگەڵ بکەمەوە، دانەیەکیان بە گاڵتەجاڕییەوە وتی: ”ئا ئا، خەومان لێ بخە.”

بەشێک لە سینەماکارەکان پێیان وایە کاری هونەرەکەیان گواستنەوەی واقیع، یان دروستکردنی واقیعە بە جۆرێکی تر لەوەی چاوەڕێ دەکرێت. ئەو واقیعەی ئەوانیش باسی دەکەن، بێگومان مرۆڤەکان و ژیانە سەیروسەمەرەکەیان خەریکی دروستکردن و بەڕێوەبردنین. ژیانێک بەبێ ئەوانی تر، بەبێ بەرکەوتن و دەرئەنجامەکانی ئەو بەرکەوتنانە، بوونی نییە. مرۆڤ ناچاری مامەڵەکردنە لەگەڵ مرۆڤێکی تردا. ئیتر ”مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە” و سەری دێڕ.

ئەم دێڕەی کۆمەڵناسەکان، دروشمی هەرە زۆری فیلمسازەکانە، بە ستۆدیۆ خەڵەتێنەرەکانی هۆڵیوود و ئەو فیلمانەیشیانەوە کە بوونەوەرە ئاسمانییەکان سوپەرهێرۆن. ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە، ئەوەیە لە نێوان مرۆڤەکاندا چیی ڕووی داوە و چۆن ئاقاری ڕووداوەکەی نێوانیان بەملاولادا بەرن و لە خولەکی کۆتاییدا بۆمب: ئەنجامی ڕووداوی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، ئەوانەی بەو کارەکتەرانەوە دروستمان کردبوو. هەڵبەت ئەمە لێدان یان کەمکردنەوەی ئەم جۆرە لە فیلمسازی نییە، بە پێچەوانەوە، ئەو جۆرە پەیوەندییە نەبێت، لە قەرەباڵغترینیاندا، ئاکیرا کورۆساوا شاکاری ”حەوت ساموورای” بەرهەم ناهێنێت و لە ئارامترینیاندا، میشێل هانیکە ”عەشق” دروست ناکات. پەیوەندی و کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ، لە پووچترین حاڵەتیاندا دەتوانن ڕووداوگەلێک دروست بکەن کە دنیایەک پەیوەندیی تریان لەسەر دابڕێژرێت.

دیمەنێک لە فیلمی دارهەرمێی کێوی

کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بوو، سینەما هەوڵ دەدات وردەکاریی هەموو ئەو بوونەوەرانە، لە ڕێگەی بونیادنانی چەند کارەکتەرێکی لێکجیاوازەوە، پیشان بدات، کە خەریکی دروستکردنی واقیعەکەن. هەموو ئەم وردەکارییانە، پێکەوە چیرۆکێک دەگێڕنەوە و دەیانەوێت بە بینەر بڵێن، ئێمەیش لەم سووچەی دنیا خەریکین بەم جۆرە دەژیین. ئەمەی بینییت، ئێمە، بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە، بە تەواوی هەست و نەستمانەوە، پێکەوە بەرهەممان هێنا.

ئەی خودی مرۆڤ، ژیانە تایبەتییە تاکەکەسییەکەی، ناوەوەی کارەکتەرەکە لە ناو ئەو هەموو پەیوەندی و ڕووداوە پێکپژاوەدا، بەدەر لەوەی پیشان درا، چی؟

کەمن ئەو فیلمانەی تەنها لە دەوری یەک کارەکتەر و ژیانی ئەو تەنها کارەکتەرەدا دروست کرابن. ڕەنگە نموونەی هەرە بەرزیشیان ”هەشت و نیو”ی فرێدریک فیللینی بێت. ئەم جۆرەی سینەما، ڕەتی دێڕە لەمێژینەکەی کۆمەڵناسان ناکاتەوە، بگرە لە زۆر شوێنیشدا جەختکردنەوەیەتی، بەڵام کۆی بونیادی پڕۆژەکەی لەسەر نەوەستێنراوە. مرۆڤێک بە تەنیا، بە هەموو ئەوانەی چواردەوریشیەوە، بە تەواوی ئەو ڕووداوانەی لەپای پەیوەندییەکانی و کۆمەڵایەتیبوونیدا ڕوو دەدەن، هێشتا هەر کارەکتەری ئەو سەنتەری سیناریۆ و کۆی بونیادی فیلمەکەیە و ئەوانی تر خەریکن ئەومان بۆ دەگێڕنەوە. تەنانەت سینەماتۆگرافەرەکە دەتوانێت دیمەنێک بێ ئەو وێنە بگرێت و ئەو کارەکتەرە هەر لەوێدا بێت، لە گۆشەیەکی زۆر بچووکی فرەیمەکەیدا ببینرێت. بوونی ئەو بە هەموو تەنیایی و جەنجاڵییەکانیەوە، دەگاتە مۆخی بینەر و دەیگوشێت. با ”شۆفێری تاکسی”ی مارتن سکۆرسیزییش لە پاڵ شاکارەکەی فیللینیدا دابنێین.

نووری بیلگە جەیلان لە دواین شاکاریدا ئەم نمایشەمان بۆ دەکات. هەڵبەت لە دوای ”ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەنادۆڵ” و ”خەوی زستان”، دوای پیشاندانی چەند کارەکتەرێکی جیاواز لە یەکتر بە تەواوی وردەکارییەکانیانەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە ئیتر جەیلان پاش ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزانەی بونیادی ناون، سەرنجی ورد بخاتە سەر تەنها یەک کارەکتەر و دەروونی هەڵبکۆڵێت و دەغدەغەکانی بنێت بە دڵی بینەرەوە.

بۆ ئەو هاوڕێ تورکانە، جەیلان و بە تایبەتتر ”دارهەرمێی کێوی”، خەولێخەرن، چونکە دیمەنەکانی بە گفتوگۆ قووڵ و لەبننەهاتووەکانیانەوە، بێ پەیوەندی، درێژ و درێژتر دەبنەوە. بێئاگا لەوەی هەر یەکێک لەم دیمەنانە، چەندە لە یەک دوور و جیاواز بن، چەندێک پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا نەبێت و بۆ زیاتر لە سێ سەعات درێژە بخایەنن، هەموویان پێکەوە خەریکن بونیادی ژیانی کارەکتەرێکمان پێ دەڵێن کە کۆی فیلمەکەی لە دەور دروست کراوە. هاوڕێ پۆلیسەکەی سینان کە دیمەنێکی چەند خولەکییان لە ڕێگەی تەلەفۆنێکردنێکەوە هەیە، هەتا دەگاتە باوکی، کە زۆرترین بەرکەوتنیان هەیە، هەموو پێکەوە ئەو کارەکتەرە و ژیانی تاکەکەسییمان پێ دەناسێنن.

بۆ ئێمە لەم پەراوێزەی دنیادا، ئەم جۆرە سینەمایە زیاتر یارمەتیمان دەدات بارودۆخەکان هەڵبسەنگێنین. مەبەستەکە سیاسی نییە، هەر وەک چۆن هەموو ئەوەی گوتران دەروونشیکارییش نین، بەڵام سینەمایەک بتوانێت ئەو هەموو هێڵە دژبەیەکە بە یەکدا بکات و هەمووی تەنها لە سەری یەک کارەکتەردا کۆ بکاتەوە، داهێنانێکی کامڵە.

سینان، لاوێکی ڕۆژهەڵاتیی هەنجنهەنجنبوو، لە ناوەڕاستی پەرژینێکی سەرسووژندا، تێکشکاو، بە دنیایەک خەیاڵ و وەسوەسەوە و کابووسەوە، کە بەس لە هەناوی خۆیدان و زۆر جار خۆیشی هەستیان پێ ناکات، تەنها لە ڕێگەی ئەم جۆرە لە فیلمسازییەوە دەکرێت چیرۆکەکەی بگێڕرێتەوە. لە شاکارەکەی ”ئەنادۆڵ” و لە ژوورە بێکارەباکەی دێیە دوورەدەستەکەدا، کلۆزئەپ بە وردی خەیاڵ و ڕوخساری هەر یەکێک لە کارەکتەرەکانمان بۆ دەگوازێتەوە، هەر یەکێکیان چیرۆکێکن بۆ خۆیان و چۆن لە سەرەتاوە لەگەڵیان ڕۆیشتووین، لێرەیشەوە تا کۆتایی ناتوانین بۆ یەک سات هیچیان خافڵ بکەین. ئەوان هەموو پێکەوە لەو زنجیرەچیایە کارەساتێکیان بەسەر هاتووە. بەڵام لە ”دارهەرمێی کێوی”دا، ئەوەی خافڵ ناکرێت، تەنها سینانە. ئێمە دەبێت لەو دیمەنانەیشدا کە ئەوی تێدا نین، بە دوای ڕۆحیدا بگەڕێین و لە کەلێنێکی فرەیمەکەدا بیدۆزینەوە. ئەو خودی خۆی و بە تەنیا دارهەرمێی کێوەکەیە. دیسان ئەمە کەمکردنەوەی ڕۆڵی کارەکتەرەکانی تر نییە، بەڵام ئەوەی جەیلان دەیەوێت بیگەیەنێت، گەیشتنیەتی بە دەروونی ئەو لاوە و پێی وایە تەنها ڕوخسارە خەمگینەکەی ناتوانێت هەموو چیرۆکەکە بگێڕێتەوە، ئەگەر ئەو هەرێمە فراوانە کاکیبەکاکییەی ناوەوەیمان پیشان نەدات.

بۆ ئێمە لەم پەراوێزەی دنیادا، ئەم جۆرە سینەمایە زیاتر یارمەتیمان دەدات بارودۆخەکان هەڵبسەنگێنین. مەبەستەکە سیاسی نییە، هەر وەک چۆن هەموو ئەوەی گوتران دەروونشیکارییش نین، بەڵام سینەمایەک بتوانێت ئەو هەموو هێڵە دژبەیەکە بە یەکدا بکات و هەمووی تەنها لە سەری یەک کارەکتەردا کۆ بکاتەوە، داهێنانێکی کامڵە. هەڵبەت ڕەزا دەرمیشیان لە فیلمی ”تووڕە نیم”دا ئەزموونێکی تا ڕادەیەک باشی لە ڕێی مۆنتاژەوە پێشکەش کردووە، بەڵام ئەمەی جەیلان کردوویەتی، بەرهەمی سیناریۆیەکی پتەو و دروستکردنی بونیادی کارەکتەرێک و لەڕیشەدەرهێنانیشیەتی، کە بێ لێوردبوونەوە لە ڕابردوو و شۆکبوون لەتاو ئێستا و پێشبینیکردنی داهاتوو، ناسازێت.

The Wild Pear Tree a Film by Nuri Bilge Ceylan

هەڵبەت لەگەڵ ئەو سەربەخۆییە تەواوەی کارەکتەرەکان هەیانە و دەبێت چیرۆکەکانیان بۆ هەموومان بن، هێشتایش فیلم ژانی فیلمساز بە تەنیا خۆیەتی، بینەر دەبێت خەریکی مامانیی هەر ساتێکی بێت. ئەوەی سینان تێیدا دەژیی، مەحاڵە جەیلان پێیدا تێپەڕ نەبووبێت. هەڵبەت ئەرکی سینەما و بە تایبەتتر ژانرێکی لەم جۆرەی ئەم فیلمە، ئەوە نییە ببێتە بایۆگرافیی فیلمسازەکە، بەڵام ئەوەی ئەم جۆرە لە سینەما و کاری جەیلان لەوانی تر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە بەرهەمەکەیان هەم خۆیانن، هەم منداڵی ڕەسەنیانن؛ ژینیانن. ژینی خۆیان بە ژانێکی بێئەنداز قووڵەوە، لە هەناویان دەهێننە دەرەوە و لەسەر شاشە، بە هەموو ئەو مەلەل و تاقەتپڕووکێنییەیەیانەوە بۆمان نمایش دەکەن. ئێمەیش هەر چەند بە دیاریەوە خەومان لێ بکەوێت، ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە بدزینەوە، کە هەمان شت لە هەناوماندا ڕوو دەدات و خۆمانمان لێ نەبان کردووە.

دەکرێت ئەو فیلمسازانەی فیلمەکانیان دەخەنە خزمەتی یەک کارەکتەرەوە، لەبری دروشمەکەی کۆمەڵناسان، هیی بوونگەراکان بخەنە جێی: ”مرۆڤ پڕۆژەیەکی تەواونەکراوە.” تەنیایی ئەو ئەزموونە پڕژانەی مرۆڤە کە دەتوانێت لە سەنتەری هەموو ئەوانی تردا، خاوەنەکەی هەر تێیدا بژیی و هەست بە تەزووەکانی بکات. کاتێک مرۆڤ لە دەست میتافیزیک دەسەنرێتەوە و دەدرێتەوە بە خۆی، هێندەی گەردوون کونوکەلەبەری تێدایە. ئەم مرۆڤە تا ئەو ڕۆژەی دەمرێت بەو کونوکەلەبەرانەوە خەریک دەبێت و هەرگیز بە تەواوی بۆی پڕ ناکرێنەوە. جەیلانیش لە سامناکییەکی ترسناکەوە، بەم تێڕوانینە بوونگەراییانەوە کۆتایی بە شاکارەکەی دەهێنێت: سینان هەوڵ لەگەڵ بیرە تەواونەکراو و هەرگیز ئاولێنەهاتووەکەی باوکی دەدات. بەڵام هێشتایش هەر ناتوانێت لەو پووچێتییە دەرمان بهێنێت، کاتێک کەمێک پێش ئەوە بە بێتاقەتییە قووڵەکەیەوە گوتی:

”نازانم. هەموومان مرۆڤی نائاسایی و گۆشەگیرین. تێکچوو. مەبەستم ئەوەیە، سروشتی مرۆڤ هاوشێوەی سروشتی ئاژەڵ، پڕیەتی لە نامۆیی.”

هاوبەشی بکە

Movie, Review,