10/05/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: له‌گه‌ڵ بێرگماندا گوێ بۆ بێده‌نگی ڕاگره‌

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – یویۆرك تایمز
لە ئینگلیزییەوە: چرۆ عیزەت

ئالان ڕایدینگ ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز و ئینتەرناشناڵ ھێراڵد تریبنە، كە لە ساڵی ١٩٩٥ەوە ھەتاكو ساڵی ٢٠٠٧ وەكو ڕۆژنامەنووسی ڕۆشنبیری ئەوروپی كاری بۆ كردوون ئەم بابەتەی خوارەوەیشی لە دوای چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بێرگماندا بە ناونیشانی “لەگەڵ ئینگمار بێرگماندا گوێ بۆ بێدەنگی بگرن” لە ڕۆژنامەكەدا بڵاو كردووەتەوە.

لەگەڵ (ئینگمار بێرگمان)دا گوێ بۆ بێدەنگی ڕاگرن

(ئینگمار بێرگمان) حەزی نەدەكرد چاوپێكەوتن ئەنجام بدات، بەڵام ڕۆژێكی ساردی زستانی ساڵی ١٩٩٥ بوو كە گەیشتمە ھۆڵی شانۆیی (ڕۆیاڵ دراماتیك) لە (ستۆكھۆڵم) و لەوێ چاوم پێی كەوت. زانیبووم (ئینگرید)ی ھاوژینی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەو نزیكانە بەھۆی شێرپەنجەوە گیانی سپاردبوو.

پیاوێك كە فیلمە ئاڵۆز و تاریك و ھەست برینداركەرەكانی نازناوی (بێرگمانییەكان)ی بۆ چنگ خست، ھەموو ھۆكارێكی ھەبوو بۆئەوەی ڕەشبین بێت سەرەتا پێمگوت بەداخەوەم كە لەوێیە، سەری بۆ ڕاوەشاندم وەك ئەوەی بزانێت خەریكە ئازاری دەدەم.

پۆشاكێكی ناڕەسمی پۆشیبوو، چاكەتێكی تەنكی خوری ڕەنگ سەوزی بەسەر بلوزێكی خوری قاوەییدا پۆشیبوو، ھەروەھا قەمیسێكی ملداریش.

لە ژووری كۆبوونەوەكە لە بەشی كۆتایی مێزێكەوە دانیشت، داوای وەرگێڕێكی كرد، بەڵام دڵڕەقانە وەرگێڕەكەم لە پشتی خۆمەوە دانا و ھەر ڕوویشم بۆی وەرنەدەگێڕا.

پێویستبوو لە (بێرگمان) نزیك ببمەوە، لەبەرئەوەنا كە نەرم و نیانانە قسەی دەكرد، بەڵكو لەبەرئەوەی دەكرا ئاسانتر وەكو كەسێك لێم بڕوانێت و پەسەندم بكات كە ئازاری نادەم.

وا دیاربوو ھەوڵەكەم سەری گرت، ئاگاداری كردمەوە و گوتی “زۆر شەرمنم لەگەڵ ئەو كەسانەدا كە نایانناسم”. لە چەند خولەكێكدا بەقووڵی ڕۆچووە نێو یادەوەرییە ئازاراوییەكانییەوە كە ھۆكاری بەرھەمھێنانی زۆرینەی كارەكانین.

پاشان گوتی “زۆر زۆر دایكمم خۆشدەویست، ئەو ئافرەتێكی زۆر نەرم و نیان و زۆریش سارد و سڕ بوو، كاتێك نەرم و نیان بوو ھەوڵم دەدا لێی نزیك ببمەوە، بەڵام دەكرا زۆر سارد و سڕ بێت و لە خۆیم دوور بخاتەوە”.

بەڵێ، پێموابوو ئەمە ڕێك (بێرگمان)ە.

وەكو ئامادەكاری، یاداشتنامەكەیم خوێندەوە و سەیری باشترین و بەناوبانگترین فیلمەكانیم كرد، یاخود باشترە بڵێم دووبارە و چەند بارە سەیرم كردنەوە. بەڵام ئاخۆ چۆن ئامادەكاری دەكەیت بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ یەكێك لە مەزنترین و ئاڵۆزترین فیلمسازەكانی سینەمای مۆدێرندا؟ ئەو خۆی وەڵام دەخاتە بەردەست؛ باسی فیلم ناكەیت، باسی منداڵیی، باوان، خۆشەویستی، ژیان، مردن، و بەتایبەتییش شەیتانەكان دەكەیت.

پاشان دەربارەی خەمەكانی گوتی “دەزانن كە دەتوانن بەیانیان زوو بمگەنێ، منیش لەنێو جێگەدا دەمێنمەوە، لە ھەموو لایەكەوە پەلامارم دەدەن” پاشان بەبێزارییەوە گوتی “بەڵام فێڵیان لێ دەكەم، چونكە ھەڵدەستم و لەنێو جێگەكەم ڕاست دەبمەوە، ڕقیان لە ھەوای پاك و خاوێنە، بەخێرایی دەڕۆم و ھەوایەك ھەڵدەمژم، ئەوانیش ڕقیان لەوەیە”.

“كاركردنیش دەیانخاتە لاوە، ئەگەر خاوەنی پیشەی خۆم نەبوومایە لەو بڕوایەدام دەبوو لە عەمبارەكەدا بۆ خۆم دانیشتبام، بەڵام بەردەوام لە ئیشم، ئەمەش بۆ من زۆر تەندرووستانەیە، ئیدی بۆیە پێویستم بە وەرگرتنی چارەسەر نییە”.

گفتوگۆكەمان سێ كاتژمێری خایاند، بەڵام چەندین جار بێدەنگی تێكەوت، جارێكیان ٤٥ چركەی خایاند و ھەناسەی قووڵی ھەڵدەكێشا. فێربووم بێدەنگییەكانی پێ نەبڕم، لەجیاتی ئەوە چاوەڕێ بم لە ڕابردووی بێتە دەرەوە، گوتی “ئەمڕۆ دەتوانم لە ماوەی كەمتر لە چركەیەكدا و لە شەودا لەنێو جێگەی نووستنەكەمەوە بچمەوە بەرەو منداڵییم، ئەوەش ھەڵگری ھەمان ڕاستییە”.

لە بێدەنگییەكەوە ساتێك ھاتە پێش كە دڵم لێدانەكانی ڕاگرت، كاتێك بە ڕێگاوە بوو بەرەو شانۆكە گوتی سوێندی خواردووە ئەوە دواین چاوپێكەوتنی ژیانی بێت، “ھەوڵ دەدەم ڕاستگۆ بم”، دواین چاوپێكەوتن؟ ناوی (بێرگمانییەكان) بە ماوەیەكی كەم وردوخاش بوو، بڵێیت ھەڵەیەك لە ئامێری تۆمارەكەمدا بووبێت؟ وابوو.

هاوبەشی بکە

Bergman, Ingmar Bergman,