ئیسماعیل بێشکچی
له تورکییه‌وه: سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدی
باهۆز فیلمێکی سینه‌مایی و به‌رهه‌می ناوه‌ندی میزۆپۆتامیایە. سیناریۆکه‌ی له لایه‌ن کازم ئۆزەوه ئاماده کراوه. ده‌رهێنه‌ره‌که‌یشی هه‌ر کازم ئۆز خۆیه‌تی.
ده‌مه‌وێت هه‌ست و ڕامانی خۆم سه‌باره‌ت به‌م فیلمه ده‌رببڕم.
هه‌ڤاڵێکی زۆر گه‌نج و دڵسۆزم هه‌یه، ساڵانی ده‌ستپێکی ڕۆیشتنه زانکۆی بۆ ده‌گێڕامه‌وه. کۆتایی هه‌شتاکان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو… ده‌یگوت: ده‌مانزانی تورکین، به‌ڵام نه‌مانده‌زانی له چ ڕوویەکەوە تورکین. مه‌راقمان ده‌کرد بزانین کورده‌کان له چ ڕوویەکەوە تورکن؟ بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بوایه کتێبمان بخوێندایه‌ته‌وه. بۆ نامیلکه و کتێب گه‌ڕاین و پرسیارمان کرد. کتێبفرۆشێک پێشنیاری بۆ کردین کتێبه‌کانی بێشکچی بخوێنینه‌وه. له ئه‌نجامی ئه‌و خوێندنه‌وانه‌دا هایه‌دار بووین ڕه‌گ و بنه‌چه‌ی ئێمه کورده و زانیمان کوردیش نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاوازه.
له فیلمی باهۆزیشدا خوێندکارێکی گه‌نج هه‌یه له ئه‌سته‌نبوڵ تازه دواناوه‌ندی ته‌واو کردووه و ساڵی یه‌که‌مێتی له زانکۆ. ناوی جه‌ماڵه. له ناو زانکۆ‌دا خوێندکاره کورده شۆڕشگێڕه‌کان، هه‌وڵی به‌ڕێکخستنکردنی خوێندکاره تازه‌کان ده‌ده‌ن. ده‌گه‌ڵ جه‌ماڵیشدا په‌یوه‌ندی ده‌گرن و باسی کورد، مافه‌کانی گه‌لی کورد و زه‌وتکردنی ئه‌و مافانه ده‌که‌ن. جه‌ماڵ که له تونجهلییهوه هاتووه، ده‌پرسێت: ”بۆ کورده‌کانیش تورک نین؟“ ناکۆکییه‌کی گه‌وره له نێوانیاندا دروست ده‌بێت. به‌رده‌وامیی ئه‌م ناکۆکییانه، دواجار هێلینی کچه کورد هان ده‌دا به هۆی تێنه‌گه‌یشتنی جه‌ماڵەوە، زلـله‌یه‌ک به بناگوێیدا بکێشێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییان به‌رده‌وام بێت.
خه‌باتی سیساڵه‌ی دواتری خوێندکاره شۆڕشگێڕه‌کان له زانکۆ به‌گشتی و خه‌باتی کورده‌کان به‌تایبه‌تی ده‌خاته ڕوو. له سه‌ره‌تای فیلمه‌که‌دا، ژیانی ئه‌و خوێندکارانه‌ش له زانکۆ نیشان ده‌دات که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به سیاسەت و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانی ناوخۆی تورکیاوه نییه. له‌م فیلمه‌دا ئاماژه به خاڵێکی گرنگی تێکۆشانی کورد ده‌کرێت. بینه‌ر به تاسوقه‌وه، به جۆش و سەرنجهوه ژیانی جه‌ماڵ ده‌شوبهێنێت که چۆن گۆڕانی ڕۆحی و ئه‌قڵی به‌سه‌ردا دێت، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست بکات چۆن پێش ده‌که‌وێت و ئاستی زانیارییه‌کانی ده‌چێته سه‌ر. جه‌ماڵیش موتاڵاکانی به کتێبێکی بێشکچی ده‌ست پێ ده‌کات. فیلمه‌که له ڕێی قسه‌وه په‌یامی زۆر گرنگ نادات، به‌ڵکه له ڕێی ئاماژه‌وه ئه‌م کاره ئه‌نجام ده‌دات. بۆ میناک، بزەیەکی ڕوون، داگرتن و دره‌وشانه‌وه‌ی چاوه‌کان، هه‌ر هه‌موویان ئافرێنه‌ری په‌یامگه‌لی گرنگن. ده‌توانین وه‌ک ئوسلوبێکی خوڵقێنه‌ر باس له‌مانه بکه‌ین. له‌م فیلمه‌دا چوار-پێنج په‌یامی وا به‌دی ده‌کرێت.
له فیلمی باهۆزدا دیمه‌نێکی تراژیک هه‌یه. با بزانین له چ ڕوویه‌که‌وه؟ با ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆتۆریته‌ر و فاشیست بێنینه به‌رچاو. تیمه ئه‌منییه‌کان هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ماڵێک. له‌و ماڵه‌دا، جگه له دایک و باوک، دوو کوڕی خوێنگه‌رمیش ده‌ژین. فه‌رمانده‌ی تیمه‌که به دایکی ماڵه‌وه ده‌ڵێت: ”ئه‌م ماڵباته له دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌مان وه‌ستاون. سه‌رپێچییان له فه‌رمان و ڕاسپارده‌کانمان کرد، بۆیه سزا ده‌درێن. سزاکه‌ش بردنی یه‌کێک له‌و کوڕانه و گولـله‌باران کردنیه‌تی. تۆ پێمان بڵێ کامیان به‌رین؟“ ئا لێره‌دا، بارودۆخی ژنه‌که له‌م دۆخه‌دا و هه‌روه‌ها ناسه‌قامگیریی ڕۆحی وی ساته‌وه‌ختێکی تراژیدییه. بێگومان دایکه‌که هه‌وڵ ده‌دات هه‌ر دوو زارۆکه‌که‌ی بپارێزێت و هه‌ردووکیان بژین، بەڵام یه‌کێک له‌وان ده‌بردرێت و ده‌درێته به‌ر دەستڕێژ. ئه‌و مافه‌ش به ژنه‌که ده‌درێت خۆی سەرپشک بێت. له‌م دۆخه تراژیدیایه‌دا هه‌ڵبژاردن مه‌حاڵه. خۆی ئه‌و شته‌ی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی خوڵقاندووه نه‌بوونی مافی هه‌ڵبژاردنه. چاره‌سه‌ری، به بڕیاری ژن و مناڵه‌کان پێک نایه‌ت، به‌ڵکه به بڕیاری هێزه‌کان پێک دێت، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ندا ئه‌م چاره‌سه‌رییه به‌دی دێت.
له فیلمی باهۆزیشدا ساته‌وه‌ختێکی تراژیدیی هاوشێوه هه‌یه. به‌یه‌کگه‌یشتنی کوڕه‌که (واته جه‌ماڵ) له‌گه‌ڵ باوکی‌دا، له پۆڵێکی به‌تاڵی زانکۆ… جه‌ماڵ، بۆ خۆڕزگارکردن له چنگ پۆلیس هه‌وڵی خۆشاردنه‌وه ده‌دات. جگه له چه‌ند هاوڕێیه‌کی، هیچ که‌س نازانێت له کوێیه. هه‌ر که‌س وا ده‌زانێت ون بووه. باوک به دوای کوڕه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێت. له به‌شی پێشوازیی زانکۆ و ناوه‌ندی پۆلیس پرسیاری کوڕه‌که‌ی ده‌کات. هۆڵی وانەگوتنه‌وه و به‌شی پێشوازیی زانکۆ له‌ڕاستیدا زۆر لێک نزیکن. جه‌ماڵ که له په‌نجه‌ره‌ڕا له ده‌ره‌وه ده‌ڕوانێت، باوکی خۆی ده‌بینێت که تاک و تەنیا له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتووه و داوا له هاوڕێیه‌که‌ی ده‌کات باوکی بهێنێته لای خۆی. له کاتی ده‌رکه‌وتنی هاوڕێی جه‌ماڵ له پۆله‌که‌وه به‌ره‌و باوکی، پۆلیس له باوکی نزیک ده‌بێته‌وه و چه‌ند شتێکی به گوێدا ده‌چرپێنێت و لێی دوور ده‌که‌وێته‌وه. جه‌ماڵ په‌شیمانه که هاوڕێکه‌ی به‌دوای باوکی‌دا ناردووه. هاوڕێکه‌ی هیچ ئاگای له پۆلیس نییه و باوکی جه‌ماڵ دەهێنێته لای. باوک و کوڕ، له‌و پۆله‌ی باسمان کرد ده‌گه‌نه یه‌ک. باوک ده‌یه‌وێت کوڕه‌که‌ی به‌رێته‌وه بۆ ماڵه‌وه، بۆ گوند. کوڕ به ئاماژه ئه‌و داواکارییه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه. هه‌ڵسوکه‌وت و دانیشتنی باوک و کوڕ له ناو پۆله‌که‌شدا ئه‌م ناکۆکییه نیشان ده‌دات. بینه‌ر، به مه‌راقه‌وه ده‌یه‌وێت بزانێت باوک چی به کوڕ ده‌ڵێت و کوڕ چی به باوکی…؟ جه‌ماڵ ئاڵۆزییه‌کی قووڵی ڕۆحیی به‌سه‌ردا زاڵه. بیر له‌وه ده‌کاته‌وه به‌شداریی تێکۆشانی سیاسی بێت و له لایه‌کیشه‌وه په‌یوه‌ندیی ماڵبات و به‌رپرسیارێتییه‌کانی ڕێگرن. له‌ناو دۆخێکی ڕۆحیی به‌م جۆره‌دا ڕوبه‌ڕووی باوکی ده‌بێته‌وه. له‌وپه‌ڕی ورووژانی مه‌راق و جه‌نجاڵی لای بینه‌ر، ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ی ئاگاداری ڕه‌وشی جه‌ماڵه، ئاگاداری ده‌کاته‌وه که پۆلیس هاتوون. جه‌ماڵ زۆر به په‌له له پۆله‌که ده‌ڕواته ده‌ر. باوکیش له بێچاره‌ییان به دوای کوڕه‌که‌یدا غار ده‌دات، به‌ڵام کوڕه‌که‌ی خۆی دەشارێتەوە. ئه‌و دیالۆگه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌کرا، دروست نه‌بوو. لێره‌دا ده‌کرێت هونه‌ری کازم ئۆز ببینین. ئه‌گه‌ر دیالۆگێک دروست بووبوا، شتێکی زۆر ئاسایی ده‌بوو. له‌وانه‌یه ئه‌م دیالۆگه نه‌یتوانیبا ئه‌و ساته‌وه‌خته تراژیدیایه چاره‌سه‌ر بکات. له‌وانه‌شه قورسایی ئه‌م تراژیدیایه‌ی هه‌ندێک سووک بکردایه‌ته‌وه. ئه‌و ساته تراژیدیایه له لایه‌ن که‌سانێکی جیاواز له جه‌ماڵ و باوکیەوە چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. واته له لایه‌ن هاوڕێکه‌ی و ئه‌و پۆلیسانه‌ی دوای که‌وتوون. لێره‌دا خوڵقاندن به‌دی ده‌کرێت.
له ئه‌نجامی کێشمه‌کێشێکی ده‌روونیی قورس‌دا، جه‌ماڵ بڕیار ده‌دا ته‌ڤلی تێکۆشان بێت. باهۆز له ڕوانگه‌یه‌که‌وه کێشمه‌کێشێکی ده‌روونییه. ئیتر جه‌ماڵ له‌ناو دڵی گه‌له‌که‌یدایه، له‌ناو مرۆڤه‌کانی خۆیدا. هه‌ندێک که‌س دەیناسنەوە؛ به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت من له‌مه‌ودوا ناوم مه‌حمووده. هاوکات له‌گه‌ڵ شاییه‌کدا به‌شداریی تێکۆشان ده‌بێت، له‌گه‌ڵ شاییه‌کی کوردەواریدا. من به‌شداریی زۆر شایی کورد بووم له ئه‌سته‌نبووڵ و ئه‌نقه‌ره. داوەتی کوردی‌یان پێ ده‌گوترا، به‌ڵام داوەتی کوردی نه‌بوون. هه‌ندێک گۆرانیی کوردی که تورکێندرابوون و شێوێندرابوون، له‌و ئاهەنگانەدا لێ ده‌دران؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی فیلمه‌که ڕێک شاییەکی کوردییه. ئاهەنگەکە، له‌سه‌ر چۆمێک و له ناو که‌ڵه‌کێکدا به‌ڕێوه ده‌چێت. داوه‌تی پیره‌کان زۆر سهرنجڕاکێشە. له داوه‌ته‌که زیاتر، خۆئاماده‌کردن بۆ داوه‌ته‌که مرۆڤ ده‌هه‌ژێنێت. دکتۆر جه‌مشید به‌نده‌ر له‌مباره‌وه ده‌ڵێت: ژیانی باب و باپیرانمان له زاگرۆس سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه. ڕه‌وشی مرۆڤه پیره‌کان له داوه‌تدا، منی برده‌وه بۆ چاخه کۆنه‌کان، بۆ زاگرۆس. ئه‌م داوه‌ته، مرۆڤێکی تریشی خسته‌وه یادم: مه‌لا مسته‌فای بارزانی. ئه‌و ده‌ڵێت کوردێک نه‌توانێت بکه‌وێته گەڕی داوه‌ته‌وه، کورد نییه. له داوه‌ته‌کاندا شڤان په‌روه‌ریش ڕۆڵی هه‌یه. چ باهۆز و گه‌رده‌لوولێکی له کۆتایی هه‌فتاکاندا بەرپا کرد شڤان په‌روه‌ر… ئۆرهان کۆتان ده‌رباره‌ی شڤان په‌روه‌ر ده‌یگوت: ”شڤان په‌روه‌ر، به گۆرانییه‌کانی، به ئاژیته، کوردی خه‌وتووی هه‌ستاند، خستیه جموجوڵه‌وه، هه‌ژاندی. ئیتر ئه‌م کورده مه‌حاڵه بخه‌وێت“.
لە کۆتاییدا، جه‌ماڵ به‌ردێکی به ده‌سته‌وه‌یه. پارچه به‌ردێکی نه‌خشێنراو. ئه‌و کاتانه‌ی هێشتا خوێندکاری دواناوه‌ندی بوو، له ڕه‌خ ئاوێک، به‌ڕێکه‌وت ئه‌و به‌رده‌ی دۆزیبۆه و وه‌ک به‌رده‌کانی تر فڕێی نه‌دابوو، ونی نه‌کردبوو. شتێکی به‌نرخ بوو که له دێرسیمه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا بردبوویه ئه‌سته‌نبوڵ. جارناجارێک ده‌یخسته ناو ده‌سته‌کانیه‌وه و سوکنایی ده‌هاته‌وه. هه‌ندێ جاریش بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له به‌رده‌که ورد ده‌بۆوه و خه‌یاڵ ده‌یبرده‌وه. له‌وه ده‌چێ به‌رده‌که، له گونده‌کانی ده‌وروبه‌ر، له شوێنه‌وارێکی مێژوویی هەڵگیرابێ.
جه‌ماڵ له‌سه‌ر که‌ڵه‌ک، که به‌ره‌و گه‌له‌که‌ی ده‌چێت، به‌رده‌که‌ی ناو ده‌ستی ده‌خاته ناو ئاوه‌کەوه. که منداڵ بووه، پارچه به‌رده‌که‌ی له‌م شوێنانه دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌و به‌رده که له دێرسیمه‌وه براوه‌ته ئه‌سته‌نبووڵ، له ئه‌سته‌نبووڵه‌وه هێنراوه‌ته‌وه جێگه‌ی خۆی، له شوێنه‌وارێکی مێژوویی دابڕاوه، ده‌گه‌ڕێته‌وه شوێنێک که سه‌ر به ئه‌وێیه.
فیلمی باهۆز ده‌سته‌یه‌ک ئه‌کته‌ری زۆر به‌نرخ و به‌کوالێتیی هه‌یه. ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ی ڕۆڵی جه‌ماڵ، هێلین، ئۆرهان و ڕۆژدا ده‌بینن، زۆر سه‌رکه‌وتوون، ئه‌کته‌رانی تریش هه‌ر وا…. ئه‌گه‌ر فیلمه‌که دروشمی تێدا بوایه، سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندی و دیالۆگه‌کانی وه‌ک ئێستا سروشتی نه‌ده‌بوون.
ده‌کرێت به سه‌رنج و مه‌راقه‌وه تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه‌ی خوێندکاران له‌م سیساڵه‌ی دواییدا، به‌تایبه‌ت تێکۆشانی کورد، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م تێکۆشانه له‌سه‌ر خوێندکارانی زانکۆ، هه‌ر هه‌موویان له باهۆزدا ببینین.
بینه‌ری فیلمی باهۆز بن:
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.