19/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: دیمانەی بێرگمان لەگەڵ خۆیدا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من –  کریتێریۆن
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عه‌بدولڕه‌حمان

ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی بێرگمان له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ گۆڤارێكدا به‌ناوی فیلمنهاته‌ر بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ پێش نمایشكردنی فیلمی “هاوین له‌گه‌ڵ مۆنیكادا” بوو. 

ئه‌زموونی دروستکردنی فیلمی مۆنیکا چۆن بوو؟

من مۆنیکاـم دروست نەکرد، سیناریست پێر ئاندرێس لە ناومدا چاندی، لە ناومدا هەڵی هێنا، پاشان وەک فیل بۆ سێ ساڵ سکم هەبوو، بە هەراوهوریایەکی زۆرەوە، لە هاویندا لەدایک بوو. ئەمڕۆ منداڵێکی جوان و هاروهاجە، هیوادارم کە ببێتە هۆی نانەوەی هەرایەکی بە سۆزانە و هەموو جۆرە کاردانەوەیەک، کێشمەکێشم لەگەڵ هەر کەسێکیشدا دەکەم کە بەم زۆرانبازییە هاوڕا نییە.

خۆشەویستییەکی باوکانەی كێوییانه‌، بە دڵنیاییەوە.

بۆ زۆر کەس، فیلم بەرهەمێکی تەمەن کورتە، وەک سوپ، یان تۆپێن و ئەو یارییانە، یاخود ددانێکی بە هەڵە پۆڵیش کراو. بەڵام بۆ دەرهێنەر وا نییە، دەرهێنەر هەتا شەوی پیشاندانی بەرهەمەکەی، وەک ئەهریمەن لەگەڵیدا دەژی، کە بە نابەدڵییەوە بۆ ئەتمۆسفێری گشتی دەیدات بە دەستەوە.

پێویست دەکات بەو جۆرە بێت؟

بۆ من پێویست دەکات، فیلمێک توشی ڕاڕایی و کاردانەوەی زۆرم دەکات، کە دەبێت لە پێناوی ئەوەی بەسەریاندا زاڵ بم و لە بیریان بکەم، خۆشم بوێن.

10-'Un-verano-con-Monica

 

ئەوەندەی من بیستوومە، فیلمه‌كه‌ ئه‌و مه‌له‌كردنه‌ ڕووته‌ له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ له‌ فیلمی سویدیدا وه‌ك مه‌رج دانراوه‌؟ 

من نەمبیستووە لە دروستکردنی فیلمی سویدیدا، مەلەکردن بە ڕووتی بووبێتە پابەندکاری، بەڵام پێم وایە کە دەبێت ببێت. لە شارێکدا کە کەش و هەوا بە دەگمەن دەرفەتی شتێکت دەداتێ، بەڵام حەمامی بانیۆ، حەمامی سارد، یان ساونای فینلاندی، دەبێت بماندرێتێ. لە  سینەمادا، ئەو خەیاڵەی کە هەندێک دەڤەر کەش و هەوایان خۆشە و کچانی بەژن جوان یاری بە کەش و هەواکە دەکەن، وەک ئەوەی خودا دروستی کردبن و بە بێ ئەوەی مچوڕکە بە تەواوی جەستەیاندا بێت.

بەڕێز بێرگمان، كه‌واته‌ ئه‌ی مەلەکردنی ڕووت لە فیلمەکەتدا نه‌بووه‌ته‌ هۆی تووڕه‌كردنی به‌شی كارگێڕی به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كه‌؟  

دکتۆر دیملینگ (بەرهيمهێنەرەکەی بێرگمان)، بەرامبەر بەو دیمەنانە، هیچ ناڕەزایییەکی دەرنەبڕی. پێر ئاندرێس بە ڕۆحی کتێبەکەی دادەنا، تەنانەت ئێمە پێمان خۆش بوو بەرهەمهێنانی ئەو دیمەنانە جگە لە هاریت ئاندرسن، کە بە درێژاییی کاتەکە لە سەرمادا ڕەق هەڵهاتبوو و دەبوو گەرم بکرایەتەوە، بەڵام خۆی کردە قوربانیی هونەر.

كه‌واته‌ دەتەوێت هیچ لەسەر ئەم فیلمە بڵێیت؟

گەر ناچار بین خوێنەر وەڕز بکەین بە په‌یامی سەرەکیی فیلمەکە، کەوایە با لە چوار وشەدا لە کورتی بیبڕێنینەوە…

بڕۆ دەرەوە! بەڵام بگەڕێوە!

بەڕێز بێرگمان، تۆ باوەڕت وایە کە دەبێت فیلم و ئەدەب هیچ پەیوەندییەکیان نەبێت بە یەکترەوە، کەچی مۆنیکا ڕۆمانە، وا نییە؟

ئێستا گەر گۆڕابێتم، ئەوە پەیوەندیی بە خۆمەوە هەیە و بەو مەبەستە نییە کە خەڵکی پێ بێزار بکەم. لە ڕاستیدا پێش ئەوەی بکرێت بە ڕۆمان، فیلمەکە کورتەفیلمێک بوو. لەگەڵ ئەوەشدا پێر ئاندرێس، هاوزانکۆیەکی تێگەیشتوو و دڵسۆز بوو، ڕەنگە بە تەماحی ئەوە نەنووسێت کە نەمری بەدەست بهێنێت.

6a0168ea36d6b2970c01774387a396970d-600wi

هیچ ساتێکی خۆش هەبووە لە کاتی بەرهەمهێناندا؟

وەک هەمیشە، مرۆڤ کارە گرانەکان لە یاد دەکات و ساتە خۆشەکانی بیر دەمێنێت…

بێرگمان له‌ كورتی بیبڕێنه‌وه‌!

…بەیانییەک کاتژمێر شەش، بە ڕێگەوە بووین بۆ جێی کارکردن، ئامێری بەلەمە بچووکەکەمان، ڤیۆلای ئۆرنۆ، بە سەر ئاوە ئارامەکەدا تەپەتەپی دەکرد. ئاسۆ لەگەڵ ئاسمان، لە دەریادا ئاوێتە بووبوو، دورگەکان بە سەرئاوکەوتوویی وەستابوون، وەک ئۆکتۆبوس بەسەر ئەو سپیایییە ناسکەدا. لە سەروو هەمووشییەوە، پریشکی ئاگرینی خۆر دەسووتا، گەرم و هێمن بوو، هیچ هەڵبەزین و دابەزینێک نەبوو، تەنانەت یەک شەپۆلیش، وەک خودی ئەبەدییەت وا بوو، وەک لە ناو ئەبەدییەت‌بووندا وا بوو؛ بۆنی دەریا، لەرینەوەی جەستە، دەنگەدەنگی نزیک چڵەکان و بێدەنگیی زۆر، هاوینی ئەبەدییەت.

دواتر چی ڕوویدا؟

هیچ. ئەوە هەمووی بوو.

هاوبەشی بکە

Bergman, Ingmar Bergman, SavanAko,