سازدانی: سەلاحەدین بایەزیدی
پۆرەنتروی، سویسرا
وێنەکان: ڕووشدی دەمیرکایا
ئەگەری پێکهاتنی ئەم دیدارە ڕاستەوخۆیە زۆر لاواز بوو، من لەسەر ڕێگەی گەڕانەوە و ئەو لەسەر ڕێگەی ڕۆیشتن بوو. لەسەر شەپۆلەکانی دەریای سپی وەڵامم دایەوە کە ئەو کاتەی بۆی داناوم، لەگەڵ بەرنامەی مندا ناگونجێ، چونکە لە وڵاتێکی ترم. بۆی نووسیبووم بەم زوانە دەچێتە ڕۆژهەڵاتی نزیک و چیتر لە سویسرا بەردەست نابێ، بەڵام دەتوانێت لە کاتێکی تردا ڤیدیۆکۆنفرانسێک ڕێک بخات. ئەمن پێم خۆش بوو لە نزیکەوە بیبینم و سەرباری هەموو ئاستەنگەکان لەسەر ڕۆژێکی دیکە ڕێک کەوتین. ئێلیزا، بە بزەکانی، بە ڕاوێژی نیانی زوو ڕێگای بەردەمت هەموار دەکا تا لە خۆت ڕاببینی خۆمانە بیدوێنی. ئەو وەک چۆن لەسەرخۆ دەنووسێ، ئاواش بە هێمنی قسە دەکات.
چوارەمین و دوایین ڕۆمانی ئێلیزا ئاگرە کۆنەکە پار بە زمانی فەڕەنسی کەوتە بازاڕەوە، بەڵام ئێمە زیاتر باسی یەکەم ڕۆمانمان کرد و گفتوگۆکەمان زیاتر لەم بازنەیەدا سووڕایەوە. لە وتووێژێکدا خوێندبوومەوە کە بە نووسەرانی ژنی وەک مارگێریت دووراس، یۆکۆ ئۆگاوا، ماری ندیای و مارلەن هاوسهۆفێر سەرسامە. هەڵکەوتێکی سەرنجڕاکێش بوو، چونکە وەرگێڕانە کوردییەکەی ئێلیزا لەگەڵ کۆمەڵێک کتێبی دیکەدا بڵاو بووەوە کە ڕۆمانێکی یۆکۆ ئۆگاوایشی بە ناوی پۆلیسی یادەوەری (وەرگێڕانی هەڵۆ فەریق | پەیک، ٢٠٢٤) تێدا بوو. بۆیە لەگەڵ دەستی خۆمدا چاپی کوردیی ئەم ڕۆمانەم بۆ برد و ئەو وێنەیەشم نیشان دا کە یۆکۆ ئۆگاوا لەگەڵ چاپە کوردییەکەدا گرتوویەتی. یەکسەر داوای کرد وێنەکەی بۆ بنێرم.
ئێلیزا کە بەرهەمەکانی بۆ نزیکەی چل زمان وەرگێڕدراون، تازە وەرگێڕانە کوردییەکەی بەدەست گەیشتبوو و لە کاتێکدا چاپە کوردییە لەسەر مێزەکەی بەردەممان بوو، دەستمان بە گفتوگۆ کرد.
پێش دیمانەکە پێت گوتم کە پازدە ڕۆژی دیکە دەچیتە ڕۆژهەڵاتی نزیک و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ نیشتەجێ دەبی، ئاخۆ دەتوانین هیوادار بین کە یەکێک لە شارەکانی ئەوێ سوژەی پێنجەم ڕۆمان یان ڕۆمانێکی دیکەت دەبێ؟
تا ڕادەیەک لەوە دڵنیام. بە ڕوونی. من وازم لە سەفەر و مانەوەیەکی یەکساڵەی ئیتاڵیا هێنا بۆ ئەوەی بچم لە ڕۆژهەڵاتی نزیک نیشتەجێ بم، چونکە یەکەمین ئەزموونە مەیدانییەکانم بە ڕادەیەک ڕایانچڵەکاندم کە پێش هەموو شتێ پێویستیم بەوە هەیە تێ بگەم بۆچی ئەو ناوچەیە بەو ئەندازە کاری تێ کردووم. بۆیە دڵنیام کە بابەتی ڕۆمانی پێنجەمم پەیوەندیی بە ڕۆژهەڵاتی نزیکەوە دەبێ. هێندە بە ناخی ئەمەدا ڕۆچووم کە جارێ ناتوانم بڵێم چۆناوچۆن دەبێ.
تا ئێستا چوار ڕۆمانت نووسیوە، هەر ڕۆمانەش لە شارێکی جیاواز ڕوو دەدا: زستان لە سۆکچۆ (٢٠١٦) لە سۆکچۆ، تۆپەڵەکانی پاچینکۆ (٢٠١٨) لە تۆکیۆ، سێرکی ڤلادیڤۆستۆک (٢٠٢٠) لە ڤلادیڤۆستۆک، ئاگرە کۆنەکە (٢٠٢٣) لە دۆردۆنیی شوێنی لەدایکبوونت. شوێنەکان فڕیان بە یەکترەوە نییە، لێک جیاواز و لێک دوورن، چۆن دەتوانی ئاوا جێگوڕکێ بکەیت و ئاخۆ خۆگونجاندن لەگەڵ شوێنێکی نوێدا ئاسانە؟
لە ڕاستیدا تەنانەت دەتوانم بڵێم کە بۆ من شوێنەکان خاڵی دەستپێکی ڕۆمانێکن. بەڵگەش ئەوەیە کە دیارە من ناتوانم ئێستا لە ئیتاڵیا بنووسم چونکە دەبێت بەتەواوی نوقمی ئەو شوێنە بم کە کاری تێ کردووم و ئەوەی ڕاستی بێ، کارەکتەرەکان و چیرۆکەکە دوای ئەمە دێت. من لەسەر شوێنە جیاوازەکان نووسیومە، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ کە پێم وایە شوێنەکان تا ڕادەیەک کارەکتەرە سەرەکییەکانی دەقەکانمن. ناتوانم بیهێنمە خەیاڵ کە لەسەر شتێک بنووسم ئەگەر بێت و بە هەموو هەست و دڵمەوە هەستی پێ نەکەم. بۆیە بۆ هەموو کتێبەکانم دوور ڕۆیشتووم و بۆ چەند مانگێک یان تەنانەت چەند ساڵێک لە شوێنی تر ژیاوم. ساڵانێک لە ژاپۆن و کۆریا ماومەتەوە، چەند مانگێک بە شەمەندەفەر بە هەموو ڕووسیادا گەڕاوم، گەڕاومەتەوە ڤلادیڤۆستۆک بۆ ئەوەی لەوێ بنووسم و دواتر بە هۆی شەڕەوە نەمتوانیوە بگەڕێمەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی دەبوایە بچمەوە ڕووسیا. جا ئێستا، بۆ چوونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشوەختە بڕیارم داوە چەند ساڵێک لەوێ بم، چونکە دەمەوێت زمانەکە فێر بم. لە سەرەتاوە ئەوەندە کەم لەبارەیەوە دەزانیت کە لە ڕاستیدا، ناتوانی بڵێیت کە پێویستم بە مانگێک مانەوە هەیە و دواتر ڕۆمانێکی لەسەر دەنووسم. لەم ڕووەوە، هەست بە ناشەرعییەکی تەواو دەکەم، تەنانەت دوای سێ ساڵیش، پێم وایە کە هەمیشە نیگا و سەرنجی من هیی کەسێکی نامۆ بێت، بەڵام لانیکەم دەتوانم لە ناوەوە هەست بە شتەکان بکەم، لە ناخی دڵەوە. لە هەموویشی گرنگتر بۆ من، پەیوەندییە لەگەڵ خەڵک. بۆیە هێشتا نازانم چۆن دەتوانم بنووسم.
چۆن لەسەر شوێنێک ساغ دەبیتەوە، ئایا پێشتر ئەو شوێنە، ئەو شارە دەبینی، بەر دڵت دەکەوێ و بە خۆت دەڵێی ڕووی تێ دەکەمەوە؟
نەخێر، من هەرگیز نەچوومەتە ئوردن. بە شێوەیەکی ئاسایی دەبوایە بچمە بەیروت و شەڕ بوو بە ئاستەنگ لە بەردەم ئەوەی بتوانم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەوێ بمێنمەوە. بۆیە بڕیارم دا بچمە عەمان چونکە بۆ مانەوەیەکی زۆر، ئاسایشی زیاترە. لەوێوە بێگومان، ئەوەندەی بتوانم بە گەشت دەچمە هەموو شوێنێک.
ئینجا لەوێ، ئەو شوێنە هەڵدەبژێریت کە چیرۆکەکەی لێ ڕوو دەدا.
بەڵێ، وایە. ئێستا ماوەی چەند مانگێکە چیم بکەوێتە دەست، لەسەر ڕۆژهەڵاتی نزیک دەیخوێنمەوە. قۆڵم لە فێربوونی زمانی عەرەبی هەڵماڵیوە. گەلەک شت دەخوێنمەوە و چاوم بە کەسانی پسپۆڕی ناوچەکە، مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆژنامەنووسەکان دەکەوێت.
پێت وایە ئەو شتەی لێ شین دەبێتەوە کە دەتەوێ؟
جارێ نازانم. لەبەر ئەمەش پێویستە بچم. ئۆکتۆبەری ڕابردوو، چەند هەفتەیەک لە ڕۆژهەڵاتی نزیک مامەوە و ئەمەش شتێکی لە ناخی مندا وروژاند. ئەمەم لە هیچ شوێنێکی تر هەست پێ نەکردووە. لە مۆلدۆڤاش کە وڵاتێکی بچووکە و گەلەک زمان و نەتەوەی لەخۆوە گرتووە، ئەم هەستە بەسەرمدا زاڵ بۆوە. ئێستا کە لێرەم، بە حوکمی ئەوەی بەرهەمەکانم بۆ نزیکەی چل زمان وەرگێڕدراون، دەتوانم بڵێم ماوەی دوو ساڵی ڕەبەقە، لە هەموو شوێنێک هەر باسی کارەکانم دەکەم. دیارە شتێکی خۆشە بەڵام دەبێ بەردەوام وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە کە ئێوە کێن؟ خەڵکی کوێن؟ دوای ماوەیەک خۆشم نازانم. هەتا زیاتر هەوڵ بدەن پۆلێنبەندیم بکەن، زیاتر هەست دەکەم شتەکە دەسکرد دەبێ. بۆیە پێویستیم بە ئازادیی نووسین هەیە. ئێستا لە سویسرا هەست دەکەم پشووم لێ بڕاوە، چونکە هەموو ڕێگاکان دەمبەنەوە ناو خانەی نووسەرێکی سویسری، لە کاتێکدا ئەوە من نیم. نازانم لە ڕۆژهەڵاتی نزیک چ ڕوو دەدا، گرنگیش ئەوەیە کە نازانم. تەنانەت کاتێک خاڵی کۆتایی کتێبێک دادەنێم، نازانم چیم نووسیوە، ئەوە خوێنەرە کە تێم دەگەیەنێ چ ڕووی داوە. بۆ ئەوێش ڕەنگە هەر وا بێ. لە کۆتایی نووسینەکەدا ڕەنگە تێ بگەم کە هەستم بە چی کردووە.
شوێنێک بۆ پاڵەوانەکانت هەڵدەبژیت و ئەوانیش لەوێ ئۆقرە ناگرن، هەوڵێک هەیە بۆ دوورکەوتنەوە، بۆ ڕۆیشتنە شوێنێکی دیکە، تەنانەت دەتوانم بڵێم بۆ هەڵاتن. پاڵەوانەکان خەون بە شوێنی دیکەوە دەبینن. لە تۆپەڵەکانی پاچینکۆدا، کلێر هیوادارە دایەگەورە و باوەگەورەی بباتەوە کۆریای زێد. لە زستان لە سۆکچۆ، کچە پاڵەوانەکە خەون بە شوێنی ترەوە دەبینێ. لە دوایین ڕۆمانتدا، دەبینین کە ئاگاتا دوای پازدە ساڵ دووری گەڕاوەتەوە شوێنی لەدایکبوونی.
ڕاستە. هیچکام لە پاڵەوانەکانم لەو شوێنە نین کە دەبێ لێی بن. هەڵبەت ئەمە شتێکە کە پرسیارەکەی تۆ وای لێ کردم درکی پێ بکەم. ئاگاداری ئەوە نەبووم. ڕوونکردنەوەیەکی زۆر عەقڵانیم بۆی نییە. پێم وایە ڕەنگدانەوەی هەستی خۆمە. ئێستا، بۆ نمونە پێویستم بەوە هەیە لە سویسرا بڕۆم، هەرگیز هەستم بەوە نەکردووە لە ماڵی خۆمم، نە لە کۆریا، نە لە فەڕەنسا، نە لە ڕاستیدا، لە هیچ شوێنێکی تریش. پێم وایە خاکی من نووسینی منە. تا بتوانم لە نووسینی ڕۆمان بەردەوام بم، دەتوانم لە هەر شوێنێکی ئەم هەسارەیە جێگیر بم. ئەمە بۆ من لە هەموو شتێک گرنگترە. هەروەها پێم وایە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە من لە خێزانێکدا گەورە بووم کە بە چوار – پێنج زمان قسەیان دەکرد، بەشە فەڕەنسی و کۆریاییەکە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕقیان لە یەکتر بوو. من تاکە کەس بووم کە پردێکم لە نێوان هەمواندا دروست کرد. من هەمیشە ناوبژیوانی نێوان زمان و کولتوورەکان بووم. هەروەها زۆرجار دەبوایە درۆ بکەم چونکە نەمدەتوانی ئەوەی داوام لێ دەکرا وەریبگێڕم. ئەوەی ڕاستی بێ، زۆر سەخت بوو. پێم وایە لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا هەستم بە دەسەڵاتی دووزمانی و ئەو جیاوازییە کولتوورییە کرد کە جاری وایە تا بڵێی بەهێزە.
باسی بەرکەوتنی زمانەکانت کرد. ئاگۆتا کریستۆف، ژنەنووسەری بە ڕەچەڵەک هەنگاری لە ژیاننامەکەیدا زمانی فەڕەنسی بە «زمانی دوژمن» لەقەڵەم دەدا، چونکە پاشەکشەی بە زمانی دایکی کردووە، ئەتۆش لە وتووێژێکدا دەڵێی کە بەرانبەر بە زمانی فەڕەنسی، کاتێک کەسایەتییەکی فەڕەنسی ئاخێو دەخوڵقێنێ، هەست بە جۆرێک نائارامی دەکەیت. قەت هەوڵت داوە بە کۆریایی بنووسی؟
لەڕووی تەکنیکییەوە ناتوانم. زمانەکەم لەو ئاستەدا نییە کە بتوانم پێی بنووسم، با زمانی دایکیشم بێ. من قەت لە خوێندنگە فێری کۆریایی نەبووم. دەتوانم پێی بخوێنمەوە، تەنانەت پێشی بنووسم، بەڵام وەک کەسێکی بێگانە کە لە کۆرسێکی هاوینەی زانکۆ فێری بووە. لە لایەکی دیکەوە پێم وایە شتێکی سۆزداریش لە گۆڕێیە. من هەم وەک کۆریایی و هەم وەک فەڕەنسی گەورە بووم. یەکەمین ساڵەکانی ژیانم، بە گشتی لای دایەگەورە و باوەگەورەی کۆریاییم تێپەڕی کە لە بەشی ئاڵمانی زمانی سویسرا دەژیان. تا ماوەیەکی زۆر، بە کۆریایی باشتر قسەم دەکرد. وردە وردە کۆریاییم لەبیر چوویەوە و پاشان دیسان فێری بوومەوە. دایەگەورە و باوەگەورە زۆر بەتوندی سەرکۆنەیان دەکردم کە خەریکە ئەم زمانەم لەبیر دەچێتەوە. بەردەوام پێم خۆش بوو یەکەم ڕۆمانم بنووسم بۆ ئەوەی بۆ خۆم بسەلمێنم کە دەتوانم وەک کۆریاییەکی «ڕاستەقینە» بیر بکەمەوە. کەوا بێت ئەم کچە گەنجەی ناو ڕۆمانەکە تا ڕادەیەک ئاوێنەی خودی خۆمە. هەروەها دەمویست لە دووەم ڕۆمانمدا کە لە ژاپۆن ڕوو دەدا و چیرۆکەکە پەیوەندیی بە کۆریاییەکانی ژاپۆنەوە هەیە، بپڕژێمە سەر دایەگەورە و باوەگەورەم و ڕۆمانەکەم پێشکەش بەوان کردووە. هاوکات، ڕەنگە بۆم دەرکەوتبێ کە من تەنیا بە فەڕەنسی دەتوانم بە شێوەیەکی ئەدەبی بنووسم. دیارە من هەموو نووسراوەکان بە کۆریایی دەهێنمە خەیاڵ، دیالۆگەکان هەموو بە کۆریایی و ئینگلیزین.
کەواتە بە کۆریایی بیر دەکەیتەوە نەک بە فەڕەنسی؟
بەڵێ. من بە ڕاستی بە کۆریایی بیر دەکەمەوە. هەروەها بە ئینگلیزی، ئەویش کاتێک کە کارەکتەرەکان بە ئینگلیزی قسە دەکەن. بە شێوەیەکی خۆکار، دەبمە وەرگێڕی خۆم بە زمانی فەڕەنسی. هەستی ڕقێک لە بەرانبەر خۆم بەسەرمدا زاڵ دەبێ کە بۆچی زات ناکەم بە کۆریایی بنووسم. چونکە دەتوانم بە هەوڵ و تەقەڵایەکی زیاتر، باشتر فێری کۆریایی بم و بتوانم پێی بنووسم. ئەم کارەم نەکردووە. بۆیە پێم وایە بەردەوام جۆرە مەودایەک لەگەڵ زمانی فەڕەنسیدا هەیە، چونکە تووڕەییەک بەرانبەر بەو زمانە دامدەگرێ و بە خۆم دەڵێم لەبەر ئەو زمانەیە من کۆریاییم لەبیر چووەتەوە. بەڵام هاوکات فەڕەنسی زمانی باوکیمە. لێرەشدا نایشارمەوە کە ململانێیەک بەرانبەر بە فەڕەنسا هەیە. چونکە من قەت خۆم لەناو فەڕەنسیی پاریس، لەناو ژینگەی ئەدەبی فەڕەنسیدا نەدۆزیوەتەوە. هەروەها لە فەڕەنسا جۆرە لووتبەرزییەک بەرانبەر بە زمانی فەڕەنسی هەیە کە فڕی بە پەیوەندیی من بەو زمانەوە نییە. لە لایەکیشەوە، چونکە من لە بەشی فەڕەنسیی سویسرا گەورە بووم. لە سویسرا جۆرە گرێیەکی خۆبەکەمزانی هەیە بەرانبەر بە پاریس. بەم جۆرە من لەناو دوانە گرێیەکدا گەورە بووم. بەڵام لە چەند ساڵ لەمەوپێشەوە، بە پێچەوانەوە، زۆر شانازی بەوە دەکەم کە فەڕەنسییەکەم فەڕەنسییەکە مۆرکی هەموو ئەو زمانانەی تری پێوەیە کە قسەیان پێ دەکەم و خاوەن زانیارییەکی زمانەوانی و کولتورییم کە لەگەڵ فەڕەنسیی پاریسدا جیاوازییان زۆرە. سەیر لەوە دایە من لە بەلجیکا و کێبێک کە فەڕەنسی زمانێکی کەمینەیە، هەست بە ئاسوودەییەکی زیاتر دەکەم. هەرچی بێ، پەیوەندیی من بەو زمانەوە زۆر تایبەتە. ئەمڕۆ کە بە فەڕەنسی دەنووسم، زیاتر ئەم مەسەلەیە دەخەمە ژێر پرسیارەوە. فەڕەنسی زمانێکە لە هەموو زمانەکان زیاتر بەسەریدا زاڵم. بەڵام بەردەوام بەشێک لە مندا ئاسوودە نییە کە «بە جوانی» پێی بنووسێ. زۆر کەس پێم دەڵێن بۆچی شیعر نانووسی. وەڵامیان دەدەمەوە کە لە ڕووی تەکنیکییەوە دەتوانم. بەڵام لە ڕوانگەی منەوە، شیعر وەک ئەوە وایە زمان بۆ زمان بەکار بهێنی. کەچی بۆ من نووسین بە فەڕەنسی تا ڕادەیەک شتێکی سیاسی لە پشتەوەیە. پێم خۆش بوو هەست بە ئازادییەکی زیاتر بکەم. کاتێک ئیمەیڵێک دەنووسم، دەتوانم ڕستەی جوان و درێژ بنووسم و بیڕازێنمەوە، ئەو دەسەڵاتەم هەیە. لێ کاتێک بە فەڕەنسییەکی ئەدەبی دەنووسم، ڕستەکانم کورت و دووپاتەن. وشەکان تا بڵێی ئاسانن. وەک ئەوەی بەشێک لە من نەهێڵێ ڕستەی جوان بە فەڕەنسی دابڕێژم. ناتوانم لەوە باشتری شیی بکەمەوە، چونکە بەدەست خۆم نییە. بەڵام بە ڕاستی هەست دەکەم بەشێک لە من ڕێگریم لێ دەکات کە بە فەڕەنسییەکی باش بنووسم. وەک بڵێی ئەم مافەم نەبێ.
کچە گێڕەوەکەی زستان لە سۆکچۆ لەگەڵ کێران بە ئینگلیزی قسە دەکا، هەر چەند فەڕەنسییەکەی زۆر باشترە، ئاخۆ ئەمەش ئەو بەشەی تۆیە کە ڕەتی دەکاتەوە بە فەڕەنسی بدوێ؟
لە زستان لە سۆکچۆدا ئەگەر گێڕەوەکە نایەوێ بە فەڕەنسی بدوێ، لەبەر ئەوەیە کە پێی شەرمە بەو زمانە بدوێ و خۆی لەو ئاستەدا نابینێ، پێم وایە ئەمە ڕەنگدانەوەی ئاوێنەیەکی هەڵگەڕاوەی خۆمە بە نیسبەت زمانی کۆریایی: من کۆریایی و زمانی دایکیشم کۆریایی کە هێدی هێدی لەبیرم چوویەوە (پاشان کە گەورە بووم دیسان فێری بوومەوە)، بەڵام ئیتر لەم زمانەدا بەردەوام خۆم وەک بێگانەیەک دێتە پێش چاو و لە خۆمڕا نابینم بە شێوەیەکی ئەدەبی پێی بنووسم… ئەوەی ڕاستی بێ، کاتێک بە فەڕەنسی دەنووسم، هەست دەکەم ئەم زمانەش بە تەواوەتی هیی من نییە و زمانێکی «جێگرەوەیە»، هەر چەند وەک گوتم زمانی باوکم و زمانی خۆیشمە… بۆیەش خۆم بێتوانا دەبینم و هەروەها هەست دەکەم مافی ئەوەم نییە تەنیا لەبەر خودی چێژی «جوانی»، «ڕستەی جوان» دابڕێژم، چونکە وەک ئەوە وایە ددان بە ئاسانکارییەک لەم زمانەدا بنێم کە لە ساتەوەختی نووسیندا، هەرگیز بە تەواوەتی خۆی بە دەستەوە نادا. من دەبێ یەک بە یەکی وشەکان لە زارم دەربکێشم و زۆر لەسەرخۆ دەنووسم… لێ لە کاتی نووسیندا بە هیچ شێوەیەک هەست بەمانە ناکەم، تەنیا کاتێک پرسیارم لێ دەکەن، درکیان پێ دەکەم.
ئەوەندەی میدیای کۆریات شۆپاندبێ، دەتوانی پێمان بڵێی ئەوان لەبارەی کارەکانی تۆ و بەرهەمەکانت بە فەڕەنسی چۆن بیر دەکەنەوە؟ وەک نووسەرێکی کۆریایی لێت دەڕوانن؟
پرسیارێکی بەرفراوانە. من ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ بەرئەندامێکی دکتۆرای ئەدەبی بەراوردیی کۆریایی کارم کرد، ئەویش ژنێکی کۆریاییە و بۆ تێزی دکتۆراکەی کار لەسەر بەرهەمەکانی من دەکات. پرسیارەکەی ئەویش ئەوە بوو: ئاخۆ کارێکی وەک ئەوەی من دەکرێ بە کۆریایی لەقەڵەم بدرێ؟ منی لەگەڵ نووسەرانی تری دووڕەگە یان کۆریاییدا بەراورد کردووە کە لە هەندەران دەنووسن. ئەو پێی دەگوتم لە ڕاستیدا خەباتی من بۆ کولتووری کۆریا زۆر کۆریاییە. هەستی ژنەگێڕەوەکەی ناو ڕۆمانەکە کە لە ڕووی جەستەییەوە، هەست بە کۆمەڵێک لەمپەری کۆمەڵایەتی دەکات، ژینگەیەکی پیاوسالار و ئاستەنگییەکانی بەردەم پێگەی ژنان لەناو کۆمەڵگەی کۆریادا، ئەمانە هەموو لە بەرهەمەکەی مندا زۆر بەرچاون. لە لایەکی ترەوە، هەندێک وردەکاری هەن کە تا ڕادەیەک ڕۆژاوایین. بۆ نموونە ژنەگێڕەوەکانم بە شێوەیەکی زارەکی گەلەک شت دەردەبڕن کە لە کۆریا مەحاڵە، بە تایبەت بەرانبەر بە پیاوان، بەتایبەت لەوەتەی حکوومەتێکی زۆر ڕاستڕۆ ماوەی ساڵ و نیوێکە لە کۆریای باشوور، گوشاری خستووەتە سەر دۆخی ژنان. ئێستا من دەزانم کارەکەم لەوێ کەمتر گرنگی پێ دەدرێ، سانسۆر ناکرێ، بەڵام ئەمانە کۆمەڵێک بەهان کە پشتگوێ دەخرێن.
«وەرگێڕانە کوردییەکەم ڕێک لە وەها کاتێکدا پێ گەیشت، بۆ من وەک خەڵاتێک وا بوو. باوەرپێکردنی ئەستەمە. هەست بە سەربەرزی دەکەم چونکە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش خوێندکارانی کورد نامەیان بۆ نووسیم، سەرەتا پێم وا بوو کتێبەکەی منیان بە ئینگلیزی خوێندووەتەوە، بەڵام ئەوان گوتیان کتێبەکەیان بە کوردی خوێندووەتەوە.»
ئەی تۆ چۆن لە خۆت دەڕوانی؟ خۆت بە نووسەرێکی کۆریایی دەزانی؟
نەخێر، بە دڵنیاییەوە خۆم بە نووسەرێکی کۆریایی دانانێم.
ئەی نووسەرێکی فەڕەنسی یان سویسری؟ بۆیە دەپرسم چونکە ئێمەش لە ناساندنی چاپە کوردییەکەدا ئەو کێشەیەمان هەبوو، دڵنیا نەبووین بنووسین فەڕەنسی یان سویسری، تا دواجار ژیوار، ئێدیتەرەکەم لەسەر نووسەرێکی فەڕەنسینووسی بەڕەچەڵەک کۆریایی یەکلایی بۆوە.
ڕاستە. من دایکم کۆریاییە. باوکم فەڕەنسییە کە بەگشتی لە سویسرا گەورە بووە. لە فەڕەنسا و کۆریاش ژیاوە. وەک ژنەنووسەرێک، دەتوانم بڵێم کە بەڕاستی من خۆم بە میراتگری نەریتێکی ئەدەبی دانانێم. خۆم وەک نووسەرێکی سویسری نایەتە بەر چاو. بەڵام هاوکات هەست ناکەم نووسەرێکی فەڕەنسیش بم. چونکە هەست ناکەم هەڵگری میراتی ئەدەبیاتی فەڕەنسا بم. بۆ ئەدەبیاتی کۆریاش هەر بە هەمان شێوە. بەڵام وەک خوێنەر، کاتێک بەو زمانانە دەخوێنمەوە، خۆم لە هەموان نزیک دەبینم. تەنیا شتێک کە دەتوانم خۆمی پێ لۆمە بکەم، ئەوەیە کە بە فەڕەنسی دەنووسم و پێم وایە دەتوانم بڵێم من نووسەرێکی فرانکۆفۆنم. بەڵام بە ڕاستی هەست ناکەم سەر بە هیچ وڵاتێک بم.
بە ڕای خۆت، سەرکەوتنت لە ئاستی جیهانیدا پەیوەندیی بە چییەوە هەیە؟
پرسیارێکی قورسە.
هەر چەند ئێمە وەک خوێنەر دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە نەک تۆ.
وایە (پێکەنین). بەڕاستی وەڵامێکی ڕوونم بۆ ئەم پرسیارە نییە. بەس هەموو جارێ کە وەرگێڕانێکم بەدەست دەگا، سەرم سوور دەمێنێ، بە خۆم دەڵێم مەحاڵە. من بەختی ئەوەم هەبووە بە سەرانسەری دنیادا بگەڕێم و چاوم بە خوێنەران بکەوێ. لە هەموو شوێنێ، پرسیاری جۆربەجۆرم لێ دەکەن، هەر کەسە و بەپێی زمان و کولتووری خۆی. ئەمنیش دەپرسم کە کتێبەکەی منیان پێ چۆنە. شتێک کە بەردەوام زەق دەبێتەوە ئەوەیە کە خەڵک پێم دەڵێن هەست دەکەم خۆم لە ڕۆمانەکەدا دەبینم. خۆم لە پەژارە و کۆڤانی پاڵەوانەکان لە گەڕان و هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی لەمپەرەکان بە هاوبەش دەزانم. ڕەنگە ئەمە کاریگەریی دانابێ.
زستان لە سۆکچۆ دوای چوونە سەر سەکۆی شانۆ، بەم زووانە دەچێتە سەر شاشەی سینەماکان. ڕۆمانەکە چۆن بوو بە فیلم؟ ئاخۆ لەبەر ئەوەیە کە ڕۆمانەکە خۆی هەندێک سینەماییە؟
وایە، ڕۆمانەکە بووەتە فیلم و فیلمەکەش بەشداری فێستیڤالی تۆرنتۆ و سان سێباستیەن دەبێ و لە ١٨ی دێسەمبەریشەوە لە هۆڵەکانی سینەما نمایش دەکرێ. وێنەی سینەمایی لە بەرهەمەکەی مندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە هەرچی دەینووسم دەبێ حەتمەن بیهێنمە بەر چاو. لەناو مێشکمدا ستۆریبۆردی دەقەکانم دەبینم. دەتوانم بڵێم بۆ هەموو کتێبەکانم داواکاری پێشکەش کراوە بۆ ئەوەی ببنە فیلم. خەڵک پێم دەڵێن ئەو شتانەی کە ڕوو دەدەن دەیانبینین. ڕەنگە پەیوەندیی بەوەوە هەبێ کە من ماوەی حەوت ساڵ لەگەڵ پیاوێک ژیام کە دەرهێنەری فیلمی دیکۆمێنتاری بوو و کەمێکێش کاری بۆ سینەما دەکرد. دەتوانم بڵێم زۆر بەمە ڕاهاتووم. زۆر جار لەناو دیکۆرەکانی سینەمادا بووم، لەگەڵ دەستەی ڕیپۆرتەراندا زۆر چوومەتە سەفەر. سروشی منیش پێم وایە زیاتر لە سینەما و وێنەوە سەرچاوە دەگرێت تا ئەدەبیات. هەر چەند زۆر زۆر دەخوێنمەوە.
سەرنجڕاکێشە. تەنانەت لە دوایین ڕۆمانتدا، ئاگاتا سیناریۆنووسە.
بەڵێ، ڕاستە. ئەمە تا ڕادەیەکیش چاوقرتاندنێکە. چونکە من ماوەیەک وەک سیناریۆنووس بۆ سینەما کارم کرد و ئەم ئەزموونەم هیچ بە دڵ نەبوو. لە لایەن ناوەندە ئابوورییەکانی سینەماوە هەستم بە گوشارێک دەکرد، ناکۆکییەکی سەیر هەبوو، لە لایەکەوە کاتێکی زۆرت هەیە و لە لایەکەوە، لەناکاو پەلەت لێ دەکرێت. کاتێکی زۆری بۆ تەرخان دەکەیت و پاشان دەبینی ڕەنجبەخەسار بوویت. جاری وا هەبوو هەندێک دیمەنم ئامادە دەکرد و دەیانگوت تێچووی زۆر دەبێ. بەڵام لە ئەدەبیاتدا چیم پێ خۆش بێ دەتوانم بینووسم. هەست دەکەم ئەم ئازادییە زۆر بەلامەوە بەنرخە. هاوکات، پێویستە بڵێم من ساڵێک لە نیویۆرک ژیام. پوورزایەکی کۆریایی – ئەمریکاییم لەوێ هەیە کە دەرهێنەری فیلمە و کار بۆ نێتفلیکس دەکات. کاتێک باسی واقیعی بەرهەمهێنانی ئەوێی بۆ دەکردم، زۆر بێمانا دەهاتە بەر چاوم. ئەو هەمووە دەرفەتە ماددییەی کە دەخرێتە گەڕ. جاری وایە ئەو هەموو سەرمایە ئابوورییە بە گومڕایی دەزانم، لە کاتێکدا لە ڕوانگەی منەوە ئەو هەموو پێداویستییە مرۆیی و ژینگەیی و سیاسییە هەن. لە دوایین ڕۆمانمدا گێڕەوە سیناریۆنووسە و کار بۆ سینەما دەکات، ئەمەش تا ڕادەیەک بواری ئاشتبوونەوەی پێ داوم بە شێوەیەک کە ڕێ بە خۆم بدەم کەمێکیش بەمە ڕابوێرم.
کاتێک هەواڵی وەرگێڕانی ڕۆمانەکەت بە کوردی پێ گەیشت، چۆنت بیر کردەوە، چ هەستێکت هەبوو؟
پێم خۆشە ڕووڕاست بم؛ سەرەتا، کاتێک پێیان گوتم کتێبەکەت بە کوردی وەردەگێڕدرێ، ماوەیەکی پێ چوو تا تێ بگەم چ باسە و بۆم دەربکەوێ کە کوردەکان کێن و کوردستان وڵاتێک نییە، بەڵکوو ناوچەیەکە کە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بووە و مێژوویەکی زۆر ئاڵۆزی هەیە. بۆ نموونە ئێستا خەریکم ڕۆمانێکی وێنەیی سەرنجڕاکێش دەخوێنمەوە بە ناوی Rolling Blackouts کە ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە و باسی دەستەیەک ڕۆژنامەنووسی ئەمریکایی دەکات کە لەگەڵ کۆنە دەریاوانێک دەچنە عێراق و تورکیا و سووریا و پرسی کوردیش زۆر تێیدا ئامادەیە. وەک گوتم ماوەیەکە خەریکی خوێندنەوەی کتێبی لەم بابەتەم. جا وەرگێڕانە کوردییەکەم ڕێک لە وەها کاتێکدا پێ گەیشت، بۆ من وەک خەڵاتێک وا بوو. باوەرپێکردنی ئەستەمە. هەست بە سەربەرزی دەکەم چونکە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش خوێندکارانی کورد نامەیان بۆ نووسیم، سەرەتا پێم وا بوو کتێبەکەی منیان بە ئینگلیزی خوێندووەتەوە، بەڵام ئەوان گوتیان کتێبەکەیان بە کوردی خوێندووەتەوە.
قەت بڕوات دەکرد ڕۆژێک بکرێتە کوردی؟
نەخێر، هەرگیز. من تەنانەت بڕوام نەدەکرد ببمە نووسەر، چ جای ئەوەی کتێبەکانم وەربگێڕدرێن. بە هیچ شێوەیەک نەمدەویست ببمە نووسەر.
بۆچی نەتدەویست ببیتە نووسەر؟
لە تەمەنی نێوان حەڤدە بۆ بیست ساڵیدا دەستم بە نووسینی زستان لە سۆکچۆ کرد. واتە دە ساڵێک لەمەوپێش. ئەودەم لە ئامادەیی بووم. سەرەدەرێکی ئەوتۆم لە ئەدەبیات دەرنەدەکرد و ئەوەی ڕاستی بێ، پێم وا بوو هەموو نووسەرەکان مردوون. (پێکەنین) ئەودەم ئەدەبیاتی هاوچەرخ لە سویسرا زۆر کەم دەناسرا. ئێستا جیلێکی نوێ هەیە کە زۆر چالاکە، بەڵام ئەوکات وا نەبوو. هەروا بێتەوە، پێم وایە هیچ متمانەیەکم بە خۆم نەبوو.
بەڵام ئێستا دەتەوێ درێژە بە نووسین بدەی؟
بەڵێ، ئیتر بەشێکە لە ژیانم.
ئێلیزا شووا دووساپەن ساڵی ١٩٩٢ لە باوکێکی فەڕەنسی و دایکێکی کۆریایی لە فەڕەنسا لەدایک بووە. ئەو لە نێوان پاریس، سیئۆل و زوریخدا ژیاوە. تا دواجار، ساڵی ١٩٩٩، بنەماڵەکەی لە شاری پۆرەنتروی سەر بە کانتۆنی ژوورای سویسرا گیرساونەتەوە. ساڵی ٢٠٠٥ ڕەگەزنامەی سویسری پێ بەخشراوە و ساڵی ٢٠١٤ بڕوانامەی دیپلۆمی لە ئەنیستیتۆی ئەدەبیاتی سویسرا لە بیەن وەرگرتووە. لە ٢٠١٦ درێژەی بە خوێندن داوە و ماستەری فەڕەنسیی هاوچەرخی لە زانکۆی لۆزان وەرگرتووە. هەر ئەو ساڵە حکومەتی ژوورا، نازناوی باڵوێزی کانتۆنەکەی پێ داوە. ئەو خاوەنی سێ نۆڤڵێت و چوار ڕۆمانە و یەکەمین ڕۆمانی، زستان لە سۆکچۆ، گەلەک خەڵاتی ئەدەبی لە سویسرا، فەڕەنسا و بەڕیتانیا وەرگرتووە، لەوانە: خەڵاتی ڕوبێر والسەر ، خەڵاتی SGDL، خەڵاتی ڕێژین دیفۆرژ، خەڵاتی ئەلفا و خەڵاتی ناشناڵ بووک. ساڵی ٢٠٢٤، وەشانخانەی پەیک یەکەم ڕۆمانیی زستان لە سۆکچۆ بە زمانی کوردی بڵاو کردەوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.