24/07/2024
DidiMn Logo
Top

ئینهێ دۆنا: ژنەخوداوەندی شیعر

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – هەڵۆ نێڤدید

لەبارەی کۆنترین شیعری جیهانەوە

   هەزار و سەد ساڵ بەر لە سافۆ (Sappho)، هەزار و حەوت ساڵ بەر هۆمێر، لە شاری ئوور (Ur) کاهینێک بەناوی ئینهێ دۆنا  (Enheduanna)دەژیا. ئەو هەر ئەو کەسەیە کە هۆنراوەی بەرزی ئینانا خاتوونی گەورەترین دڵی هۆنیوەتەوە. ئەو بەرهەمە کۆنترین شیعری جیهانە کە جێمابێ، کە لەسەر سواڵەتە سومەرییەکان نوسراوەتەوە. تا ئەو کاتەی شوێنەوارێکی کۆنتر نەدۆزرێتەوە، دەبێ ئینهێ دۆنا بە کۆنترین شیعرساز بناسێندرێ.

   ئینهێ دۆنای کاهینی دەوڵەت لە شارێکی دەشتەکانی نێوان دیجلە و فورات بوو، کە بە پیشەکاری ژیان ناسراو بوو. هەڵبەت بەر لە ڕێکەوتی ژیارەکانیش، وەک باقی خەڵکی تر کە بە شوێن و دەست هێنانی پژیوەوە کۆچەر بوون. لە چل هەزار ساڵ تا هەزارەی پێنجەمی بەر لە زایین ژیاری نێوان چۆمان (mesopotamia) واتە مەودای نێوان دوو چۆمی دیجلە و فۆرات، لە دەشتەکانی نێوان زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و چۆمەکانی دیجلە و فورات، دادەمەزرێ. سۆمەرییەکان لە ڕێزەی هەوەڵ دەوڵەتەکانی ئەو ژیارە بوون و هەوەڵ شارستانیەتێکن کە داهێنەری خەت بن. هەر لەوەش ڕایە کە شیعرەکانی “ئینهێ دۆنا” بەخەت و زمانی سۆمەریی نووسراوەتەوە.

   شیعری ئینهێ دۆنا ڕۆلێکی گرنگی لە پێکهاتەی ئەدەبیاتی جیهاندا بووە. وەرگێرانی ئەو شوێنەوارە کە لەو ساڵانەی دواییدا ئەنجام دراوە، ئەو بابەتەمان بەڕوونی بۆ دەردەخا. شوێن دانانە سەرسوورهێنەرەکەی تا ئەو رادەیەیە؛ کە دەکرێ بڵێین دەنگە گرنگ و سەرکەوتووەکانی رابردوو، هەموو لە ژێر تیشکی شوێنی ئەودا بوون بە یەک و ئەدەبیاتیان بە دڕێژایی مێژوو بەرەو پێش بردووە. لێکۆڵینەوە کەوناریی و بیناسازییەکان ئەم شوێندانان و هێڵی شکڵ گرتنەوە ئەدەبیی بوونیان بە تەواوی دەسەلمێنن. بۆ وێنە کۆمەڵێک نووسراو لەمەڕ بیناسازی شارەکانی “ئوور”، لەبەردەستدان، یان شوێنەوارە ئوستوورەییەکانی ئێران وەک “گەنگ دژ” لەبەردەستدان، کە ئەو راستییە دەردەخەن ئەم شوێنەوارانە لە زۆر بواردا کایگەرییان لەسەر ئەدەبیاتی جیهان داناوە. لەو نموونانە دەتوانین ئاماژە بە “حەوت پەیکەر” بکەین. بۆ بەڵگەی تریش دەتوانین بڵێین پێکهاتە، شێوەی قەڵا، باڵەخانە و شوێنەوارە کۆنەکانیش شوێنیان لەسەر بەرهەمە ئەدەبییەکان داناوە. تەنانەت شوێنەوارەکانی کەوناراییەکانیش ئەم راستییە دەسەلمێنن. بە تایبەت شاعیران پیشاندەر و دەرخەری ڕێگایەکن کە تا ئێستا لە ئەدەبیات دا بیراز کراوە هاتوچۆی لەسەر دا کراوە. لە فارسی دا وەک باسمان کرد “حەوت پەیکەر” نموونەی پێکهاتنی کۆشکی “خەوەڕنەق” و شاری ئووستوورەیەیە. هەر وەک چۆن شیمانە دەکرێ مافووررە و قەڵای ئێرانیش مەبەستی دووبارە نواندنەوەی ئەو شارەیان تێدا حەشار درابێ. رێکهاتنی بابەتەکان لەگەڵ یەک، شیمانەی هەبوونی ئەو شوێندانانە بەربڵاوە بەهێزتر دەکەن. شوێن پێی ئووستوورەکانی “نێوان چۆمان” لە سەرانسەری ئاسەواری فەرهەنگە جۆراوجۆرەکانی دا نیشاندەری ئەو رەوتەیە. بۆ وێنە سەیر نییە کاتێک دەبینین وێنەی “ئینانا” له چاخی پیاوسالاری و زۆربەی ژیارەکان دا، لەگەڵ گوناحی “حەوا” کە بە یەکەمین تاوان نێوی زڕاوە، تێکەڵ دەبێ. سەر شۆری “حەوا ” نموونەی سەرشۆری ژنە لە چاخێکی مێژووی تایبەتدا. ئەو نمونەیە وێرای هێندێک نموونەی تر، چاخی بەهێزبوونی پیاو دەنوێنن، سەردەمێك کە ئێمە وەک چاخی باوکسالاری ناوی دەبەین و هەڵبەت ئێستاش بەشێوەیەک لە شێوەکان هەر لەو چاخەدا دەژین. بەڵام بەر لەو رێکەوتنە بەپێی دیاردە و ئاسەواری جۆراوجۆر، بۆ وێنە چیرۆکە ئوستوورەییەکان، ئێمە لە چاخێکی دوور و درێژی سەردەمانی دایکڕەچەڵەکی ئاگادار دەبینەوە. لەو چاخەدا، راست بەو جۆرەی لە چاخی باوکسالاری دا دەبیندرێ، ئێمە شایەدی گاز و ستایشین ژن و گەردوونەکەی ئەوین، کە وەک ئافرێنەر و دەوامدەری نەوەکان ناسراوە. سەردەمێک سافۆ و بەر لەویش “ئینهی دۆنا” ئەم گەرانەوەیەی -واتە لە باوکسالارییەوە بەرەو دایکڕەچەڵەکی- لە رەوتی ئەدەبیاتدا دەنوێنن.

بە دۆزینەوەی ئاسەوارەکانی ژنەشاعیر “سافۆ” گۆڕانکارییەکان لە جۆری ڕوانین بۆ ئەدەبیات بەدی دێت. چونکە سەرەتا بۆمان دەردەکەوێ، نوسەرێکی ژن لە رابردووی زۆر دوورەوە و لەڕاستیدا چەند سەدەش بەر لە “هۆمەر” پێکهاتەی ئەدەبیات دادەرێژێ و پاشانیش شێوە ڕوانین و وێنەیەکی جیاواز لەسەر ژن دەردەخات. بابەتی بەر باسی ئەو، خوداکان یان بە واتایەکی تر، ئوستوورە و ئاینەکان، لە ناخی ئەواندا ژن و ئەوین دەتروسکێنێتەوە، شێوازی کارەکەشی ساکار و ئەویندارانەیە. “سافۆ” سەرنجی خۆی دەداتە ژنەخودای “وێنووس” لە فەرهەنگی لاتیندا، یان “ئافرۆیدیت” لە زمانی یۆنانی دا، ژنەخوداوەندێک، کە هەر وەک هاوتا فارسەکەی خۆی “ئاناهیتا”، ئەستێرەیەکی هەر بەو ناوەوە هەبووە و ئێستاش هەیەتی. سافۆ مامۆستای گەورەکچان بوو، هەروا کاهینێکیش بوو کە هەموو تەمەنی خۆی پێشکەش ژنەخوداوەندی “ڤینوس” کرد. ئەو ژنەخودایە بەر لەویش هەبووە و لە ژیارەکانی نێوان چۆمان دا لە نێو ئەکەدییەکان بە “عەشتار” و لە نێو سۆمەرییەکان بە ئینانا ناوی دەرکردووە. بە دۆزینەوە و وەرگێرانی سواڵەتەکانی ئینهێ دۆنا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بۆمان دەردەکەوێ سافۆش وەک خاتووخوداکەی “ڤینوس”، جێگری شاعیر و خاتوو کاهینێکی کۆنتر لە خۆی بووە کە ئەویش “ئینهێ دۆنا”یە. هەروەها لە شیعری ئینهێ دۆناش ڕا تێدەگەین، تەنانەت ئیناناش لە بەرزایی ئوستوورە و قارەمانە کۆنە ئوستوورەیییەکانەوە لەگەڵمان دەدوێ. هەر بۆیەش شاعیر ئەوەها ستایشی دەکا:

“تۆ، تۆ بە عەبا لەمێژینەکانەوە

عەبای خودا لەمێژینەکان”

دۆزینەوە نوێیەکان ئاوا دەگێرنەوە؛ کە دەبێ ماکە شوێندانەرەکان لە ئەدەبیات و لێکۆلینەوەکانی داهاتوو، لەنێو چاخە شاراوەکانی پشت تەمومژی زمان ببینینەوە. ئێستە کورتەیەکی ئەو توێژینەوەیە کە گەرانەوەیەکە بەرەودواوە، دەخەینە بەر دەست.

چەند سەدەی رابردووی ژیاری مرۆڤ یەکسەر لە ژێر چۆکی ڕەخنە و ئەدەبی یۆنانیدا بوون، بەڵام پاش بیسترانی دەنگ و چیرۆکی عەشتار خاتووخودای” ئەکەدی”، گۆرانکاریەک لە توێژینەوەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەدیهات. بۆ یەکەمجار ئەو دەنگە لە کەلێنی ئەو بەردەنووس و سواڵەتانەدا دەبیسترێ، کە نزیکەی ٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لەلایەن خەڵکی ئەکەدەوە نووسرابۆوە. سەرەڕای ئەوەی هێشتا تا دۆزینەوە و خوێندنەوەی دەقی شێعرەکانی ئینهێ دۆنا چەند دەیەی مابوو. هەر وەک باسمان کرد لە دەیەی هەشتادا بوو کە ئیتر دەنگی “ئینانا” بیسترا و چیرۆکەکەی لە نێوان ئەو شیعرانەدا گێڕدراوەتەوە. هەوەڵ ئاسەوارێک کە لەو بارەیەوە چاپ کرا ناوی: “ئینانا، خاتوونی بەهەشت و زەین” بوون، ئەو کۆمەڵەیە دەقە گردوکۆیەک بوو لە نووسراوی ئاشوورناسانێکی وەک “سامۆێل کریمێر” و “دیان فۆڵکشتاین”.  لەو کتێبەدا کریمێر زیاتر لەسەر کۆنترین ئاسەوار و وەرگێردراوەکان دواوە، لە کاتێکدا کریمێر زیاتر لەسەر کۆنترین ئاسەوار و وەرگێڕدراوەکان دواوە، فۆڵکشتاین هەوڵی داوە لە ئاوێنەی ژنی ئەمرۆدا وێنەیەکی شاعیرانەی ئینانا بە دەستەوە بدا ژنێک کە هەوڵدەدات شوێن و جێگای خۆی لە بازاڕی کاردا دابین بکات. هاوکات لەگەڵ ئەویش بە مەبەستی نیشاندانی توانای تاکەکەسی و پتەوی کەسییەتی خۆی سووچە شاراوەکانی هەستی ئەویندارانە و سێکسی خۆی دەنوێنێ و ئازایانە دەریدەبرێت. بە یارمەتی هەوڵێکی لەو چەشنەیە کە نووسەر لە نێوان ژنی هاوچەرخ و وێنە کەوانارایییەکەی پردێک هەڵدەبەستێ. ئینانا وێنەی کەونارایی ژنی ئەوڕۆ گەردوونیەکانی خۆی وەک نیشانی بەروبوو و راست هەر وەک هەوڵ و تێکۆشانی ئەو لە چاندن و کێڵان و بەرهەمهێنانی حاسڵاتدا ستایش دەکا، هاوکات بنەما سەرەکیانی فەرهەنگی خۆی دادەمەزرێنێ. هەر ئەوەش پاپۆری بەهەشت بەرەو شوێنی ئامانج و مەبەست دەئاژوێ. هەر بەو جۆرەی کە ژنی ئەمڕۆ بە گەرانەوەی بۆ بازاری کار توانی بەرهەمهێنانی خۆی کە پێشتر تەنیا لە پاوانی پیاودا بوو، لەگەڵ توانای ئافراندی مرۆڤ، کە ئێستاش هەر لە پاوانی ژندایە تێکەڵ بکات. توانای هەزار ساڵ پاش ئینانایە کە تێدەگەین دوای پاوانکرانی بەرهەمهێنانی لەلایەن پیاوانەوە ئوستووریەکانی دایکڕەچەڵەکیی بەتایبەت لە ئەدەبی یۆنانیدا. پاشان دوابەدوای ئەوەش دەبینین حەوا بە یەکەمین گوناح تاوانبار دەکرێ و هاوتای ئینانای ئەکەدیی دەناسرێ. ئەگەر چی لێرە و لە شیعری ئینهێ دۆنا دا چیرۆکەکە زۆر شاراوەیە و بە زمانێکی خوازەیی داپۆشراوە و بێجگە لە ماکە چیرۆکی شایەدە جوگرافیاییەکان، شوێنپێیەکی دیار لەو هاوشانییە نابیندرێ، لە ڕاستی دا دەبێ ئوستوورەی عەشتار کامڵ بکڕێ. سەرەڕای ئەوەش، بەر لەوەی چیڕۆکی عەشتار بۆ خستنەڕووی هێڵە گشتیەکانی شیعرەکە بگرێتەوە، واباشە ئاماژەیەکی کورت بە ئوستوورەی نجوومی ئەستێرەکەی عەشتار و هەروەها ماکە جوگرافییەکانی شیعرەکە بکەین:

ئینانا و ئیبە
ئین-نین-می-ئووش-ئا

گازە؛
خاتونی وڵاتە ئاگرینەکان،
داپۆشراو بە زێڕی ترس،
سوارچاکی جوانبووی ئاگری سوور و بەتین، ئینانا؛
ڕەمبی رەسەنی بەدەستە و
بە عەبایەکی بەسامەوە
وەک سێڵاوێکی بەگرفە و هاوار و تووڕە!
هەر ئەویش لە ناوەندی گۆرەپان دا رادەسێ و
مەتاڵێکی پتەو بە ڕووی زەوی دا دەکێشێ.

خاتونی مەزن ئینانا؛
هەڵاییسێنەری شەڕ؛
بکوژی دوژمن؛
ئەو کەسەی بارانی تیری بە سەر دوژمن دا دەبارێنێ؛
هێز و توانا
لە هەمبەر نەیارەکانیدا پێکدەهێنێ
شێری گوڕیوی باخی بەهەشتە و
لەشەکان تێک دەهارێ و
ڕەگ و ریشەی لە بن دێنێ.
بەسەر سینگی عەرزدا،
گایەکی یاخی،
کە سمەکانی چاندووە لە زەمیندا و تەیاری هەڵمەتە بۆ سەر دوژمنان.
شێرێکی ئاورین
نەورەس و بەلەسە کە لەسەر بروای خۆی سوورە
ستایشی بۆ من
منداڵی زێرین
پەروەردەی بەهەشتە.

ئینانا؛   
کیژۆڵەی زێرین
پێگەیشتوویی سەر گۆی زەمین
تۆ پێدەگەی
بە دوو باسکی ئاوەڵاوە
لە دوو لاوە هەر وەک ددانەکانی پادشای خۆر
ئەو کاتەی کە زێڕی ترس دەپۆشی لە بەهەشت
دەبییە تۆڕێکی چندراو لە هودای شین و ئاسمانی
ئەو کاتەی کە لە ئاو دەدەی
لە رووناکی جۆباری ناو کێوەکاندا
لە کۆساردا لەدایکدەبێت
لە تەلاری بلوورینی ڕەسەن و بێخەویشدا.
ئەو کاتە لە ئامێز دەگرێ
عەبا لەمێژینەکان
خودا لەمێژینەکان
ئەو کاتەی سەرەکان دەبڕێ وەکو داسێک
کە بەژنی بەرزی گەنمەکان دەدروێتەوە
پاشان سەر ڕەش
ستایشت دەکا بە هۆنراوەکەیەوە
سۆمەرییەکان پێکڕا دەنگ هەڵدەبڕن
هەر کەس لەگەڵ هاژەی رووباڕێک دەبێتە هاودەنگ.

خاتوونی خەبات
یەکەم مناڵی خودای مانگ
کیژۆڵە ئینانا
ستایشت دەکەم
ئەوەیە ساز و سترانی ئەمە
ئینانا دەنگ هەڵدەبڕێ

من، خاتوون:
گەڕۆکی ئاسمانەکان
ڕێبواری بێوچانی سەر زەمین
لە ڕۆژهەڵات لە وڵاتەکانی ئێلەم دەچەمێمەوە
لە ڕۆژئاوا – لەولاوەتر
بە دەوری وڵاتەکانی سوبیردا دەسورێمەوە و
لەولاتریش وڵاتەکانی لولوبۆ دەپێوم
هەڵمەت دەکەمە سەر کوێستان
هەر ڕاست لە ناخی دڵیەوە

من، خاتوون:
نزیک بوومەوە و
کۆسار نەترسا

من، ئینانا
نزیک بوومەوە
کۆسار نەترسا
هاتمە نزیک شاخی ئیبە
شاخ ڕانەچەنێ و
چەقوچۆ نەیگرت
بە دەنگی لەرزینی خۆی دانەڕما و
لمبۆزی بە عەرز تێکنەشکا و
لێوەکانییشی زەمینیان رانەمووسی
ئەو تازە پێگەیشتوانە دەخەمە ژێر چنگی خۆم
گیانیان دەخەمە لەرزین و
وایان لێدەکەم سامی من بیان گرێ

گایەکی بە گوڕ
بە هەموو هێز و توانایەوە تێکدەشکێنم
گوێلپارێکیش
بەو تۆزە توانایەی لە لەشی دایە
بە قامچی سەما پاشقولیان دەدەم و
بە کەمەندی سەربزێوم وەخۆیان دێنمەوە
ئاوری شەر هەڵداییسێنم
تیردان و تیرم ئامادەن
لکەکانی قۆچەکانی تێک دەهاڵێنم و
نێزەی چێوی و
مەتەڵ و سەرنێزەم زاخاو دەدەم

کورتەیەك لە ژیانی کەموێنەی گەورە: ئینهێ دۆنا.

هاوبەشی بکە

didimnarticle,