24/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: فیلمی ھاوار و چرپەکان 

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من  – ڕۆجەر ئیبەرت
لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

”ھاوار و چرپەکان لە ھیچ لەو فیلمانە ناچێت کە پێشتر دیومن و جیاوازترە لە ھەموو ئەو فیلمانەی ئینگمار بێرگمان پێشتر بەرھەمی ھێناون. ھەرچەندە لە ژیانمان گەلێک فیلم دەبینین، تەنھا چەند نموونەیەکی کەم لەم جۆرە فیلمە ھەن. فیلمێکی سەرنجڕاکێش و ترسێنەرە.“

بێرگمان لەناو پەردەیەکی سوور کە واتای سۆز و ترسە، دەمانپێچێتەوە و بۆ دروستکردنی کاریگەریی ئەم ھەستانە ھەندێک دیمەنی ناباو و گوماناویمان پیشان دەدات. ھەر بۆیە لە جێی خۆمانەوە ھەست بە ترس دەکەین و بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمە بە دیدی دەرھێنەرێک دەورە دراوین کە شارەزاییی تەواوی لە ھونەرەکەیدا ھەیە. ھاوار و چرپەکان لە بارەی خۆشەویستی، سێکس، ڕق و مردن دەدوێت.

cries_and_whispers_2

سێ خاتوون لە ماڵێکی گەورە دەژین، کە بە سەر باخێکی گەورەدا دەڕوانێت و ھەموو ژوورەکان دەچنەوە سەر یەک؛ ھەروەک ڕێڕەوەکانی ناوەوەی لەشی مرۆڤ. ئاگنس لە دوا قۆناغی نەخۆشیی شێرپەنجەیە و لە ئازارێکی گەورەدایە. کارین و ماریا ھەردوو خوشکەکەی ئاگنسن و ئانا خزمەتکاری ماڵەکەیە. فیلمەکە چەند دیمەنێک لە خۆ دەگرێت، کە تێیدا دەگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، مەبەست لەمەش ھەستکردنە بە باری دەرونیئان نەک گێڕانەوەی چیرۆکێک؛ بینەر ھەست بەوە دەکات کە ئەم سێ خوشکە لە ژیاندا دەستکەوتی کەمیان ھەبووە.

کارین ھاوسەری دیپلۆماتێکە کە قینی لێی دەبێتەوە. ماریا ھاوسەرەکەی ناپاکیی لەگەڵ دەکات و بە ھەمان شێوە خۆشی ناپاکی لە ھاوسەرەکەی دەکات. ئاگنس کە ھاوسەرگیریی نەکردووە، ئێستا لە سەرەمەرگدا ھەندێک لە شیرینییەکانی ژیان دەدۆزێتەوە.

لە ھەندێک دیمەندا خوشکەکان یادی نزیکی پەیوەندییەکەیان دەکەنەوە لە منداڵیدا، بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەکان ئێستا توانای خۆشویستن و ھەست بەیەک کردنیان لەدەستداوە. تەنھا ئانا توانای ئەمەی تێدا ماوە. کاتێک ئاگنس لە شەواندا بە ترس و ئازارەوە ھاوار دەکات، ئانا تەنھا کەسە کە لە باوەشی دەگرێت و بە نەرمی چرپەی بۆ دەکات.

بەڵام ئەوانی دیکە ناتوانن بەرگەی بەریەککەوتن بگرن. ماریا و کارین لە منداڵیدا نۆستالژیای نزیکی یەک دەکەن. ئێستا کە ڕووبەڕووی مردنی خوشکەکەیان دەبنەوە، ھەوڵ دەدەن ھەستەکانیان بۆ یەک ڕوون بکەنەوە. زۆر بە خێرایی دەست بە ڕووخساری یەکدا دەھێنن، بەڵام ئەم نزیکییە کاتییە و بۆ ڕۆژێک دواتر ناخی خۆیان بە ڕووی یەکتردا دادەخەن.

cries_and_whispers3

دوو جوانترین دیمەنی بێرگمان، ئەو دیمەنانەن کە ئانا، ئاگنس‌ـی لە ئامێزدایە و کارین و ماریا وەک دوو پشیلەی بچووکی ترساو دەست بۆ یەکتر دەبەن. ئەو ھەستانەی لەم دیمەنانەدا ھەیە، ڕاستترە بڵێین ئەو ھەستانەی لەم دیمەنانەدا بەسەرماندا دەسەپێنرێن، مانا و مەبەستی ئەم فیلمە دروست دەکەن. لەم فیلمەدا ھیچ پەیامێکی ئەبستراکت نییە، تەنھا بە ھۆی ھەستەکانمانەوە ئەم دیمەنانە بە جۆرێک قووڵ کارمان تێدەکەن، کە دەترسین وشەیەکی نوێیان بۆ دروست بکەین. کامێراش لێرەدا وەک ئێمە بێ ئارامە. زۆربەی کات کامێرا جێگیرە، بەڵام کاتێک دەست بە جووڵە دەکات، جووڵەکان نەرم نین و ڕەوتێکی ھەنگاو بە ھەنگاو بوونی نییە. کامێرا بە نزیکی لە سەر ڕووخسارەکان بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە، کە دەری دەخەن ھەست بە بوونی خودا ناکەن. کامێراکە بەردەوام لە سەر دیمەنەکە دەمێنێتە، تەنانەت کاتێکیش کە خۆمان دەمانەوێت ڕوو وەربگێڕین. ئاگنس لە سەر جێگەی نوستنەکەی ڕاکشاوە، لەشی دەلەرزێت و زۆر بە قورسی ھەوڵی ھەڵمژینی ھەناسە دەدات. خوشکەکان ڕوو وەردەگێڕن و ناتوانن بەردەوام بن لە سەیرکردنی و ئێمەش بە ھەمان شیوە، دەمانەوێت لەو دیمەنە ڕوو لا دەین، بەڵام کامێرا ھەر بەردەوامە لە تەماشاکردن. لەم فیلمەدا لە ھەموو لاوە بە سوور دەورە دراوین. ڕەنگ کاریگەرییەکی زۆری ھەیە. لە فیلمی دوو خانمی ئینگلیز، کە فیلمێکە باس لە نەبوونی خۆشەویستی و سۆز دەکات، فرانکۆیس تروفاوت ڕەنگی سووری لە ھەموو دیمەنەکان دەرکردووە، تەنھا لە یەک دیمەندا نەبێت، ئەویش باس لە ھەستە دەرنەبڕاوەکان دەکات، لە دوای ئەمە ھەموو دیمەنەکان بە سوور پڕ کرانەوە.

cries-and-whispers-criterion-collection-review-2

ھەموو دیمەنەکانی ھاوار و چرپەکان باس لە سۆز دەکات، بەڵام ئەم سۆزە لە ناخەوەیە، کارەکتەرەکان ناتوانن لەناخی خۆیانی دەر بکەن. تەنھا ئانا دەتوانێت ئەمە بکات. لە دوای مردنی ئاگنس، دەچینە ناو جیھانەکەی تر و لەگەڵ مردوویەک دەدوێین. ناتوانین بزانین ئاگنس دەست بۆ کارین ڕادەکێشێت یان کارین‌ـە دەستە مردووەکە دەجوڵێنێت، چونکە بێرگمان ڕێمان نادات بیبینین. خانمە مردووەکە بە خانمە زیندووەکان دەڵێت، کە ئارامی بکەنەوە تا لەم جیھانەوە دەڕوات بەرەو بەتاڵی. کارین و ماریا نامێننەوە، بەڵام ئانا دەمێنێتەوە. ئانا تەنھا کەسە کە خۆشەویستیی لە یادە و تەنھا کەسە لە ماڵکەدا کە باوەڕی بە خودایە. لە بەیانییەکدا، دەبینین کە نزا دەکات بۆ کچە بچووکە مردووەکەی. ئایا خودایەک لە فیلمەکەی بێرگماندا ھەیە، یان تەنھا باوەڕی ئانا بوونی ھەیە؟ فیلمەکە بە دیمەنێک کە واتای پەسەندکردنی بوونی خودایە، کۆتایی دێت، کە چەند مانگێک پێش مردنی ئاگنس ھەر چوار خاتوونەکە لە ژێر ڕووناکیی زێڕینی خۆردا دەدوێن و پێدەکەنن، هەروەها دەنگی ئانا دەبیستین لە کاتی خوێندنەوەی یادەوەرییەکانی ئاگنس: ھەست بە سوپاسگوزارییەکی زۆر دەکەم بۆ ژیانم، چونکە زۆر شتی پێ داوم.“

هاوبەشی بکە

Cries and Whispers, Ingmar Bergman, Roger Ebert,