26/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینه‌ر و فیلم: هاوسەنگیى جیهان لە گۆشەنیگاى سوریالیزمەوە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

فیلم: هاوسه‌نگی
ده‌رهێنه‌ر: کریستۆف لاوینشاین و وۆڵفگانگ لاوینشتاین
بینه‌ر: بەڵێن عوسمان

 

هەردوو براى دەرهێنەرى ئەڵمانى کریستۆف لاوینشاین و وۆڵفگانگ لاوینشتاین لە ساڵى 1989دا کورتەفیلمى هاوسەنگىیان دروست کرد کە ئەنیمەیشنێکى جووڵەوەستاوى سوریالییە و ماوەکەى 7 خوولەکە.

فیلمەکە لە ڕووى تەکنیکەوە کارێکى نوێ بوو لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانى فیلمى وێنەى جووڵاودا. لە ساڵى 1990 بووە خاوەنى خەڵاتى ئۆسکار بۆ باشترینى کورتەفیلمى ئەنیمى. جگە لەمەش، بووە مایەى گرنگیپێدانى ناوەندە سینەماییەکان بە هۆى ئەو بیرۆکە فەلسەفییەى کە پێشکەشى دەکات.

هاوسەنگى وێنەى پێنج کەس نیشان دەدات کە لە هەوادا لەسەر سەکۆیەک دەژین؛ هەریەک لەو پێنج کەسە هەڵگرى ژمارەیەکە لەسەر کۆتەکەى وەکو ناو یان ناسەرەوەى: 23، 35، 51، 75 و 77. ئەوەى کە لەسەرى وەستاون، پلاتفۆڕمێکى ناجێگیرە، پێویستە ئەم پێنج کەسە بۆ هاوسەنگکردنى بە ئاگاییەوە بجووڵێن و شوێنى وەستانیان لەگەڵ یەکتردا ڕێک بخەن تا ژیانیان بپارێزن لە مردن (یان کەوتنەخوارەوە). پێنج فیگه‌رەکە ماسیگرن و قووڵاپى ڕاویان پێیە؛ فیگه‌رى شەشەمیش سندووقێکە کە یەکێک لەوان بە قولاپەکەى لە هەوادا دەیگرێت. ئەم سندووقە تەنێکى دەرەکیى قورسە و بە پەیدابوونە لەناکاوەکەى هاوسەنگیى پلاتفۆڕمەکە تێک دەدات. ئامانجى پێنج کەسەکە لە ژیان، لەسەر پلاتفۆڕمەکەوە دەگۆڕدرێت بۆ ژیان لەسەر پلاتفۆڕمەکە و بەدەستهێنانى سندووقەکە، بۆ ئەمەش ملاملانێ لەگەڵ یەکدیدا دەکەن. هەر جارێک سندووقەکە لاى یەکێک لەوان دەبێت، بەمەش پلاتفۆڕمەکە ناهاوسەنگ دەبێت و دەبێتە مەترسى بۆ لەناوبردنى هەموان. لەم ساتانەدا چوار کەسەکەى تر دەچنە دۆخى ناچاریى وەستان لە هەر لایەکى پلاتفۆڕمەکەوە بۆ دووبارە هاوسەنگکردنەوەى پلاتفۆڕمەکە. بە هۆى تێکچوونى هاوسەنگیى پلاتفۆڕمەکەوە 35، 75 و 77 دەکەونە خوارەوە و 51یش بە لێوارى پلاتفۆڕمەکەوە خۆى دەگرێتەوە؛ بەڵام 23 ئەویش هەڵدەداتە خوارەوە. لە کۆتاییدا پلاتفۆڕمێک دەمێنێتەوە کە لە لایەکى سندووقێک هەیە و لە لاکەى دیکەشى کەسى ژمارە 23 وەستاوە، بەڵام ئیتر هەرگیز ناتوانێت جووڵە بکات، ئەگەر نا ئەویش دەکەوێتە خوارەوە.

ئەوەى لەم فیلمەدا زیادتر پلۆتەکەی داگیر کردووە، پرسى هاوسەنگییە. ئەگەرچى مرۆڤ ململانێ بۆ مانەوەى خۆى دەکات و زۆر جاریش بۆ ئەم خواستە مرۆڤ دژە مرۆڤە، بەڵام هەمیشە تەنێکى دەرەکییش هەیە کە هاوسەنگیى ژیان دەخاتە مەترسییەوە و ئامانجەکانى مرۆڤ دەشێوێنێت. دیدى سوریالیى ئەم فیلمە لە پەراویزیشدا لەوەدا ڕەنگڕێژ دەبێت کە پارادۆکسى نێوان دادپەروەرى و هاوسەنگى دەردەخات. خواستى دڕندانەى مرۆڤ کە دژە هیومانیزمە، لە کۆتاییدا خۆى دەهێڵێتەوە لەگەڵ ماددە، هەر ئەمەشە لێکەوتە نائەخلاقییەکانى جیهان لە پۆستمۆدێرنەدا.

 

هاوبەشی بکە

Balance, Binar u Film,