دیدی من – ساڤان عەبدولڕەحمان
ئاودێر عوسمان ساڵی ١٩٨٣ لە دایک بووە، بەشی شێوەکاریى کۆلێژى هونەری لە زانکۆى سلێمانى تەواو کردووە. ساڵی ٢٠١٦ ماستەری لە بواری هونەری جەنگ و مۆنیومێنتی کۆلێجی هونەریی زانکۆى تاران بە دەست هێناوە. ماوەی ١٠ ساڵە لە بواری هونەرى جەنگ و کارەساتدا کار دەکات و چەندین پڕۆژەی ئەنجام داوە بۆ ئەو ناوچانەی جینۆساید کراون و یادەوەریی جەنگ بووەتە بەشێک لە ژیانیان. ساڵی ٢٠١٢ بە هونەری کارەسات بەشداریى ئۆڵۆمپیاتى ئاڕتی وەک نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە نۆتینگهام، بەڕیتانیا کردووە. ساڵی ٢٠١٣ پڕۆژەى هونەریى ژینگە و کارەسات لەگەڵ سەنتەرى گۆتە بە شێوەی چاپی سکرین لە ئەڵمانیا بەشداریی کردوە. بەشداریى ٧٥ پێشانگەى لە ناوە و دەرەوەى وڵات لە نەمسا، ئێران، ئەڵمانیا، لوبنان، بەغدا، هەولێر، دهۆک، کەرکووک، سلێمانی و هەڵەبجە کردووە.
ئاودێر لەسەر بابەتی ”جەنگ و منداڵ” کاری کردووە و دەیەوێت لە ڕێی کارەکانیەوە کاریگەریی جەنگ بەسەر منداڵانی جەنگەوە پیشان بدات. کارەکانی ئاودێر دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە و گەڕانی مەیدانین، ئەو یەکێکە لەو هونەرمەندە دەگمەنانەی بۆ کێشانی کارەکانی پشت بە مەتریاڵ دەبەستێت و لە ڕێیەوە بەشداریی کۆمەڵگە بە کارە هونەرییەکانی دەکات. پێی وایە هونەر و کۆمەڵگەی واقیعی دانەبڕوان لە یەکدی.
کۆنسێپتی دوایین کارەکانی ئەو شێوەکارە جەختکردنەوەیە لە ئایندەی ناڕۆشنی ئەو نەوە نوێیەی کە دێن، یاخود ئەو کۆرپەلەیەی لە سکی دایکیدایە، چۆن لە ڕێگەی جەنگەوە شێوە دەگرێت و جیهان دەبینێت. دیدی من بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە کارەکانی ئاودێر عوسمان، گفتوگۆیەکی لەگەڵ ساز داوە.
هونەر چۆن بەشداریی جەنگ دەکات؟
لە ڕاستیدا هونەر دژی جەنگە و هەمیشه ئامادەبوونێکی بەرهەڵستانەی هەیە دژی هەڵگیرسانی جەنگ، بە درێژایی مێژوو. هەر بۆیە دژی سیاسەت جووڵاوەتەوە تا بتوانێت ئاشتی بەرپا بکات لە نێو مرۆڤەکاندا.
بۆچی بە دیاریکراوی تیشک دەخەیتە سەر جەنگ و بە تایبەتییش ژنان و منداڵان؟
ئەگەر لە جەنگدا ئەو کەسانەی کە دەبنە سووتووی جەن، یەک جار دەبنە قوربانی، بەڵام ئەوانەی کە لەو جەنگە ڕزگاریان دەبێت، دوو جار دەبنە قوربانی، هەر بۆیە قوربانیی جەنگ لای من ئەوانەن کە لە دوای جەنگ دەمێننەوە، یاخود بڵێین ڕزگاربوانی جەنگن، ئەوانیش بە پلەی یەکەم ژن و مناڵن. چونکە دوو هۆکاری دیاریکەری داهاتووی ئەو کۆمەڵگانەن کە ئەزموونی جەنگیان کردووە، بۆ نموونە کۆمەڵگەی عێراقی. هەر بۆیە ژنان ئەو ڕەگەزەن کە نەوەی داهاتوو دەهێننە دنیاوە و پەروەردەی دەکەن، پاشان مناڵان بە هۆی بیرتیژیی یادەوەرییانەوە کە بەر جەنگ کەوتووە، دەبێتە مەخلوقێکی تر! ئەمەیش لە داهاتووی مناڵەکان ڕەنگ دەداتەوە کە کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکات، بە باش یان خراپ! ئەم هۆکارانە وا دەکەن کە دەبێت زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕایەی ئایا هونەری شێوەکاری ئامادەیی چییە لە کۆمەڵگەدا؟ هەر بۆیە ئەگەر هونەر زادەی سەردەمەکەی خۆی بێت، وەک کاندنسکی دەڵێت، ئەوا بێگومان ڕەنگ دەداتەوە لە نێو بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکاندا، ئەم ڕەنگدانەوەیەیش بە ڕوونی لە مێژووی هاوچەرخماندا دیارە، وەک نموونەی بەرهەمەکانی شێرکۆ بێکەس، ئیسماعیل خەیات، عەلی جۆڵا و چەندین ئەدیب و هونەرمەندی دیکە.
چۆن دەتوانین لە ڕێی هونەرەوە پەیوەندی لە نێوان مەیدانی واقیعی جەنگ و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا ببەستین؟
واقیعی جەنگ تەنها ڕووداوێک نییە کە لە زەمەنێکی دیاریکراودا ڕوو دەدات، بەڵکو کاریگەرییەکانی ئەو واقیعە درێژە دەکێشێت تا دەبێتە ئەمری واقیع لە نێو کۆمەڵگەدا، ئەمەیش لە کاریگەرییەکانی ئەنفال، هەڵەبجە و شەنگالدا بە ڕوونی دیارە.
ئەم دیسکۆرسە دەبینین لە نێو ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگ دەداتەوە، هەر بۆیە پردی هونەر دەبێتە ئەڵقەی پەیوەندیی ئەو کاریگەرییە و تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە. بەمەیش دەبینین کە قۆناغێک دەهێنێتە ئاراوە کە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت و مێژوونووسان دەیخەنە پۆلێنبەندیی دوای جەنگ، نموونەیش ئەو هونەرانەن کە لە دوای جەنگ و جینۆسایدەکانەوە بەرهەم هاتوون و بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانی قۆناغی نوێی هونەر. ئەمەیش لە کۆمەڵناسیی هونەردا زیاتر تیشک دەخرێتە سەری، بۆ نموونە گۆڕانکاریی هونەر و کۆمەڵگە لە دوای جەنگە گەورەکانەوە هەتا دەگاتە جەنگی عێراق – ئەمەریکا.
ئایا نەوتی ڕەش لە تەواوی کارەکانتدا بە کار دەهێنیت یاخود تەنها ئەم پڕۆژەیەیە؟ بۆچی؟
نەوتی ڕەش پەیوەستە بە کۆنسێپتی کارکەمەوە، بۆیە زۆر کات بە کاری دەهێنم و زۆر کات بە کاری ناهێنم. ئەوەیش وەک مەتریاڵێکی نێو سروشتی ناوچەی باشووری کوردستان. زۆر کات ئەو مەتریاڵانە بە کار دەهێنم کە لە نێو سروشت و ژینگەی ژیانمدا بەریان دەکەوم و بوونەتە بەشێک لە بیرەوەریم.
کاتێک باس لە منداڵانی لەدایکبووی جەنگ و نەهامەتییەکانی دەکەیت، دەتەوێت چ پەیامێک بگەیەنیت؟ یاخود ئەو بەدیلەی لە ڕێی کارەکانتەوە پێشنیاری دەکەیت چییە؟
زۆر کات هونەرمەند ڕۆڵی پەیامبەر یان نامەبەر دەبینێت، ئەوەی دەیبینێت و ئیحساسی دەکات، دەیگوازێتەوە بۆ خەیاڵدانی و دواتر لە ڕێی بەرهەمێکی هونەرییەوە پەیامەکە دەگوازێتەوە بۆ بینەر، هەر بۆیە پێم خۆشە بینەریش لە ڕێی هەستی بینینیانەوە ئەزموونی ئەوە بکەن کە لە زۆربەی بەرهەمەکانمدا ڕەنگی داوەتەوە و مرۆڤەکان لەم ناوچەیە خوڵقاندوویانە، کە ئەویش جەنگە.
گرنگیی کۆکردنەوەی ماتەریاڵ بۆ ئەنجامدانی کارێکی هونەری چییە؟ یاخود هونەرێک لە گەڕان و کۆکردنەوەوە هاتبێتە بەرهەم جیاوازیی چییە لەگەڵ کارێکی هونەریی دیکە کە دەرئەنجامی گەڕان نەبووە؟
ڕاستی هونەری هاوچەرخ تێیدا بیرۆکە سەنتەرە، واتە بیرۆکە دەوری سەرەکی دەبینێت و زۆر کات بۆ تەواوکردنی بیرۆکە بە مەبەستی گەیاندنی بە بینەر، ڕەگەزی مەتریاڵ دەور دەبینێت و دەبێتە تەواوکەری بیرۆکەکە.
وەک تایبەتمەندییەک کە من ئیشی لەسەر دەکەم، هەمیشە هەوڵ دەدەم کارەکانم بە شێوەی گەڕان یاخود توێژینەوە ئەنجام بدەم. چونکە کاتێک هونەر دەبێتە توێژینەوە، ئەوا دەتوانین لە بەڵگە جیهانییەکانی وەک جینۆساید، سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی سوودی لێ ببینین.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.