24/03/2024
DidiMn Logo
Top

هونەرمەندانی هاچەرخ: بیل ڤیۆلا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ئامادەکردنی هاوڕێ عەبدوڵا

بیل ڤیۆلا یەکێکە لە ڤیدۆئارتیستە هاوچەرخەکانی جیهان. لە ساڵی 1951دا لە نیویۆرکی ئەمریکا لەدایک بووە. خاوەنی چەندین ڤیدۆئارتی ناسراوە. ئاو و ئاگر دوو کەرەستەی سەرەکیی ئیشکردنەکانی بیل ڤیۆلان. ڤیۆلا لە ڕێگەی تەکنیکی جۆربەجۆرەوە، فۆرمی تایبەت بە خۆی بەرهەمهێناوە.

فۆرمی بیل ڤیۆلا لەژێر کاریگەریی هونەری سەدەکانی ناوەڕاست و ئیستاتیکای ڕێنینسانس‌دایە. کارە هونەرییەکانی بیل ڤیۆلا بەدەوری پرسە مەعنەوییەکانی مرۆڤ و پرسەکانی مەرگ و ژیان، لەدایکبوون، عەشق، لێبوردەیی… دەخولێنەوە. ڤیۆلا لە کارەکانیدا جگە لە عیرفانییەتی مەسیحی، بۆ تەسەوفی ئیسلامی و ڕەهەندە مەعنەوییەکانی ڕۆژهەڵات و بودیزمیش دەگەڕێتەوە. ڤیۆلا لەبەر ئەوەی کاریگەریی زۆری عیرفانییەتی بەسەرەوەیە، لە کارەکانیدا لە ڕێگەی نیشاندانی ئازار و ترس و پیری و چرکەساتی مردنەوە، وەک ئەوەی خۆی دەڵێت، دەیەوێت ڕۆحی مرۆیی بەئاگابێنێتەوە.

بۆ ڤیۆلا، ڤیدۆئارت تۆخکردنەوەی ڕەهەندە مەعنەوییەکانی مرۆڤە، کە ژیانی نێو ئەم سیستەمە بەرەو کاڵبوونەوەی بردوون. دەکرێت ئەو هەوڵە هونەرییانەی ڤیۆلا بۆ تۆخکردنەوەی ڕەهەندە مەعنەوییەکانی مرۆڤی نێو ئەم سیستەمە، لە ڕێگەی دین و عیرفانییەتەوە، جێگەی ڕەخنە و پرسیار بێت.

“کەڵەک” (The Raft) ڤیدۆئارتێکی تایبەتی ڤیۆلایە، لە سەرەتای ئۆڵۆمپیادی ساڵی 2004ی ئەسینادا نمایشکراوە. ئەم کارەی ڤیۆلا، چرکەساتی چاوەڕوانیی بێدەنگانەی کۆمەڵێک خەڵکە، وەک بڵێی چاوەڕوانی شتێک دەکەن، یان چاوەڕوانی کەسێک دەکەن. بەڵام نازانین چاوەڕوانی چی دەکەن، یان چاوەڕوانی کێ دەکەن. وەک چۆن مرۆڤی ئەمڕۆش نازانێت چاوەڕوانی چی دەکات. تا چرکەساتی تەوژمی ئاوەکە، کەس ئاگای لە کەس نییە، کەس نیگای لەسەر ئەوی تر نییە، خەڵکەکە لەناو بێدەنگییەکی قوڵدان. لەناکاو لە دوو ئاڕاستەوە تەوژمێکی بەهێزی ئاو دێت و بەر بە کۆمەڵە خەڵکەکە دەکەوێت. دوای تەوژمی ئاوەکە و کەوتنی کەسەکان بەسەر یەکدا، تەوژمی ئاوەکە دەوەستێت و خەڵکەکە لەسەر زەوییەکە کەوتوون. ئەوەی لەم کارەدا سەرنجڕاکێشە، دوای تەوژمەکە، هەر یەکێک هەڵدەسێتەوە و دەستی هاوکاری بۆ ئەوی تر درێژ دەکات، نیگاکان ڕوو لە ئەوی تر دەکەن. ئەم کارە دەیەوێت بڵێت مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بوونی بێ ئەوی تر نابێت و هیچ مانایەکیشی نییە. کۆمەڵە خەڵکەکە، کۆمەڵێک ژن و پیاون کە لە چین و توێژی جیاواز و ڕەگەزی جیاوازدان. ڤیۆلا دەیەوێت لەم کارەدا لە بەرامبەر ئەو مەترسییەی ڕووبەڕووی ژیان دەبێتەوە، جۆرە هاوسۆزییەکی گشتی نیشان بدات، کە باز بەسەر کۆی ئەو جیاوازییانەدا بدات.

ڤیۆلا دەڵێت کاتێک شەش ساڵان بووە، لە ڕووداوێکدا دەکەوێتە ناو دەریاچەیەکەوە. ئەو ڕووداوە کاریگەریی زۆری بەسەر کارە هونەرییەکانی ڤیۆلاوە دەبێت. ئەو دەڵێت پێش ئەوەی لە هۆش بچم، چەند چرکەیەک بێجوڵە لەناو دەریاچەکەدا جوانترین وێنەکانی ژیانم دەبینی. هەموو شت ڕەنگاوڕەنگ و نورانی بوو. گژوگیا و گیاندارەکانی ناو دەریاچەکە هێواش‌ هێواش لەدەوروبەرم دەجوڵان، وێنەگەلێک دوای چەندین ساڵ هێشتا لەگەڵم ماونەتەوە. “ئۆقیانووسێکی بێ‌ کەنار” ( Ocean Without a Shore)، کارێکی تری ڤیۆلایە و لە ساڵی 2007 لە “بینالەی ڤینیسیا”دا نمایشکراوە. ئەم کارە لەبارەی مەرگ و لەدایکبوونەوەی مرۆڤە. فۆرمی ئیشەکەی ڤیۆلا بریتییە لە کۆمەڵێک شاشە، ماتریاڵی سەرەکی ئاو و جەستەی مرۆڤە. وەک تەکنیک، کاری لەسەر دووری و نزیکی، دەنگ، ڕووناکی و گۆڕانی ڕەنگ کردووە. لە هەر یەک لە شاشەکانەوە مرۆڤێک لەدوورەوە بەرە بەرە نزیک دەبێتەوە لە ئاوەکە، ئاوەکە وەک پەردەیەک وایە، بە نزیکبوونەوە لە ئاوەکە کەم کەم جەستەی مرۆڤەکان دەردەکەون. بە تێپەڕین بە ئاوەکەدا جەستەی مرۆڤەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت و لە ڕەش و سپییەوە دەبن بە ڕەنگاوڕەنگ. ئەودیو و ئەم‌دیوی پەردە ئاوییەکە بۆ ڤیۆلا مانا و مەفهومی مەرگ و لەدایکبوونەوە دەگەیەنن.

بەرهەمی (‘Mertyrs ‘Earth, Air, Fire, Water) لە ساڵی 2014دا  لەسەر داوای کڵێسای “سیت پاوڵ”ی بەریتانیا بەرهەمهێنراوە. ئەو کارە لە کڵێساکەدا لەپاڵ کۆمەڵێ کاری تری پەیکەرسازییەوە دانراوە، ئەوانەی ڕوودەکەنە ئەو کڵێسایە ئەو کارەی ڤیۆلا دەبینن و بەردەوام ڤیدۆئارتەکەش بێوەستان دووبارە دەبێتەوە. لەو کارەدا لە چوار شاشەی جیاکراوەوە، چوار دیمەنی جیاواز و چوار حیکایەتی جیاواز دەبینین. ئەم ڤیدۆئارتە لەژێر کاریگەریی حیکایەتی نێو ئینجیلەوە بەرهەمهێنراوە. لە هەر شاشەیەکەوە دیمەنی ئازار و ڕەنجی مرۆڤێک دەبینین بەهۆی ڕەگەزێکی سەرەکی نێو بوونەوە: ئاگر، با، ئاو، خۆڵ، دیمەنەکە بێدەنگ بۆ ماوەی حەوت دەقە بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەدا بینەری دیمەنی ئازاراویی چوار مرۆڤ دەبین، بە تێپەڕینی ئەو ماوە ئازاراوییەش هەر یەک لەو مرۆڤانە بە زیندوویی دەمێننەوە. ڤیۆلا لەم کارەدا دەیەوێت بڵێت لەپاڵ هەموو ئازار و ڕەنجێکیشەوە هەمیشە ئومێدێک دەمێنێتەوە بۆ زیندوومانەوە و ژیان…

ڤیدیۆ ئاڕتی Mertyrs ‘Earth, Air, Fire, Water ساڵی 2014
هاوبەشی بکە

Art, Contemporary Art, Contemporary Artist,