20/04/2024
DidiMn Logo
Top

هونەرمەندانی هاوچەرخ: ئەنسلم کیفەر

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ئامادەکردنی  هاوڕێ عەبدوڵا

ئەنسلم کیفەر، وێنەکێش و پەیکەرسازی ئەڵمانی لە ساڵی 1945دا پێنج مانگ پێش هەرەسی ڕژێمی نازی لە خێزانێکی کاتۆلیک هاتۆتە دونیاوە. کیفەر مناڵیی خۆی لەنێو کەلاوە و وێرانەییەکانی دوای جەنگدا بەسەربرد و لەنێو پاشماوە وێرانەکانی دوای جەنگدا یارییەکانی سەردەمی مناڵیی خۆی بەڕێکرد.

ساڵی 1965 لە بەشی یاسا دەخوێنێت، بەڵام ساڵی 1966 بەشی یاسا جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە بەشی هونەر. کیفەر یەکێکە لە هونەرمەندە هاوچەرخە ناسراوەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی کە لە هونەری هاوچەرخدا کاردەکات. بیرەوەریی هۆلۆکۆست، و گەڕان بەدوای شوناسی گەلی ئەڵمانیدا کاریگەری زۆری بەسەر کارەکانی کیفەرەوە دەبێت.

سەرەڕای ئەم کاریگەرییانە، کەڵکەڵەی سەرەکی کارەکانی کیفەر بەدەوری هەندێ پرسی ئۆنتۆلۆژییەوە دەخولێنەوە: ئێمە کێین و لەکوێوە هاتین و بەرەو کوێ دەڕۆین و ئامانج و غایەت لە بوونی ئێمە لەم جیهانەدا چییە؟ ئەم پرسانە لە کارەکانی کیفەردا ڕەنگیانداوەتەوە.

لە تابلۆکانی کیفەردا بەر بە ڕەنگی زبر و چڕ، داڕشتنی جوڵەئامێز و بەسەریەکدا دراو، کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز، دەکەوین.

لە سەردەمی ئەڵمانیای نازیدا هونەر لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی نازییەکاندا بوو. کیفەر دەیویست کاریگەریی ئایدۆلۆژیای نازیزم بەسەر هونەرەوە نەهێڵێت. یەکێک لە پڕۆژە ڕەخنەگرییەکانی کیفەر لە ئایدۆلۆژیای نازی، کە لە سەردەمی خۆیدا ڕەتکرایەوە. ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە بوو بۆ سڵاوی نازییانە کە لە وێنەی جیاواز جیاوازدا نەخشاندبووی. ئەو کارانەی کیفەر لە “بینالەی ڤینیسیا” لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەک هاندان و پشتگیری لە فاشیزم ناسێنرا. بەڵام کارەکانی کیفەر هەرگیز بەپیرۆزکردنی نازیزم و پشتگیری و هاندانی ئایدۆلۆژیای فاشیزم نەبووە. بەڵکو ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی هەبوو بۆ ئەو مێژووە، بەڵام بە ستایلی تایبەت بە خۆی، کە بۆ هونەری ئەو سەردەمە هەزمنەکراو بوو.

نمونەی کارە ڕەخنەییەکانی کیفەر لە سڵاوی نازییانە

لە ساڵانی نەوەددا بەرهەمەکانی کیفەر گۆڕانێکی نوێیان بەسەردا هات. کەرەستە و ماتریاڵی جۆراوجۆری لە تابلۆکانیدا بەکاردەهێنا. هەریەکێک لەو کەرەستە و ماتریاڵانە مانایەکی قوڵی بۆ کیفەر هەبوو، پەیوەندیی بە یادەوەرییەکی دوور و قوڵی کیفەرەوە هەبوو.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هونەری هاوچەرخ هێنانەوەی ئەو ماتریاڵانەیە کە پەراوێزخراون. کیفەر سوودی لە جۆرەها کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز دەبینی، لە کەرەستە و پاشماوەکانی جەنگەوە بگرە تا ماتریاڵ و پاشماوەکانی ژیانی ڕۆژانە. کاتێک کیفەر دێت و بەهایەکی هونەری بەو ماتریاڵانە دەداتەوە کە پەراوێزخراون و بێ‌بەهان، تەنیا وەک خودی خۆیان نایانهێنێت و دایانبنێتەوە و بەزۆر بەهای هونەرییان بداتێ، یان لە ڕێگەی شوێنێکی فەرمی وەک گەلەرییەوە بەهای هونەرییان پێ‌ ببەخشێت. بەڵکو لەناو سیاقێکی هونەری و ئیشێکی تردا بەکاریاندێنێتەوە و پەیوەندیی لەنێوان ئەو ماتریاڵانە و تابلۆشدا دروستدەکات. کیفەر بەمە تەکنیکێکی نوێی بۆ سەر ئیشی تابلۆ زیادکرد.

لە ساڵی 1992 کیفەر ستۆدیۆی خۆی بۆ “پاژاک” گواستەوە، کە دەکەوێتە باشوری فەرەنساوە. لەوێ شوێنێکی هونەری دروستکرد کە زەوییەکەی نزیکەی سی و پێنج هەزار هێکتار دەبوو. بینەر لەو گەلەرییەدا جگەلەوەی بەر بە تابلۆ و پەیکەرسازی دەکەوت، بەر ئیشی ئینستڵەیشنیش دەکەوت و لەناو کەشێکی پێرفۆرمانسانەدا بینەری ئەو کارانە دەبوو.

کارێکی ئەنسڵم کیفەر، پڕۆژەی پلانتا، ساڵی ٢٠٠٩

کیفەر ئیشکردنی تابلۆی لە ئێکسپرێشینیستەکانەوە نزیکە، یان ئەوەی پێی دەوترێت ئێکسپرێشینیزمی نوێ. هونەرمەندی ئێکسپرێشینیست بەوجۆرە لە واقیع ناڕوانێت دۆخێکی ئۆبێکتیڤی و ستاتیکیی دیاریکراو بێت و بیگوازێتەوە بۆ ناو تابلۆ. بەڵکو بەوجۆرە لە واقیع دەڕوانێت کە لە دەروونی ئەودا ڕەنگدەداتەوە. واقیع پانتایی ڕەمزییە، تەنیا دۆخێکی ئۆبێکتیڤیی ڕووت نییە، بەڵکو دۆخێکی سوبێکتیڤیشە. دالەکان مەدلولەکانیان شتێکی ڕێکەوتە و گشتی‌بوونەتەوە، بەڵام دالەکان سەرەڕای جۆرە ڕێکەوتنێکی گشتی لەسەر مەدلولەکانیان، بەڵام لای هەرکەسە و سەدا و ئیقاعێکی تری هەیە و لەگەڵ ئەزموونی ناوەکی ئەو کەسەدا مانایەکی تر دروستدەکات. ڕەنگەکانیش وان، سەرەڕای جۆرە ڕێکەوتنێکی گشتی لەسەر مەدلولی ڕەنگەکان، بەڵام بۆ ئەزموونی هەر هونەرمەندێک دەکرێت ڕەنگێک یان دوان لە مەدلولە گشتییەکە لابدات و مانایەکی تر هەبێت و ئەوەش ڕەبتی بە ئەزموونی ناوەکی ئەو کەسەوە هەبێت لەگەڵ ئەو ڕەنگەدا.

لە تابلۆکانی کیفەردا بەر بە ڕەنگی زبر و چڕ، داڕشتنی جوڵەئامێز و بەسەریەکدا دراو، کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز، دەکەوین.

هاوبەشی بکە

Art, Contemporary Art,