26/04/2024
DidiMn Logo
Top

هونەرمەندانی هاوچەرخ لە دیدی منەوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

 دیدی من

ئامادەکردنی  هاوڕێ عەبدوڵا

  هونەری هاوچەرخ، تەنیا لە هونەری پەیکەرسازی و وێنەکێشیدا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو میدۆمی تری داهێناوە بۆ تەعبیرکردن. لەوانەش ئینستڵەیشن، پێرفۆرمانس، ڤیدۆئارت… جگەلەوە گۆڕانی بەسەر ئیشی شێوەکاریشدا هێناوە و جاری واش هەیە ڕەگەز و ماتریاڵی تری بۆ سەر شێوەکاری زیادکردووە.

پرسی هونەری هاوچەرخ، پرسێکی ئیشکالئامێزە، ئێمە لێرەدا تەنیا سێ ئیشکالی دەوروژێنین. یەکێک لە ئیشکالەکانی هونەری هاوچەرخ بریتییە لە پرسی ئایدیا و فۆرم، لێرەوە پرسیارە دێرینەکەی هونەر ڕووبەڕووی هونەری هاوچەرخ دەبێتەوە، ئایە هونەر سەروکاری لەگەڵ فۆرمدایە، یان لەگەڵ ئایدیا و مانایەکی دیاریکراودا؟ هونەری هاوچەرخ زیاتر بەوە ناسراوە سەروکاری لەگەڵ کۆنسێپتدا هەیە، لێرەدا دەتوانین پرسیارێک ڕووبەڕووی هونەری هاوچەرخ بکەینەوە، ئایە ئیشی هونەر بۆتە ئەوە کۆنسێپتێکی ئامادە لە کایەکی ترەوە بێنێت و فۆرمێکی هونەری پێ بدات؟ ئایە فۆرمدان بە کۆنسێپتێکی ئامادە، واناکات فۆرم چوارچێوەدار و پەیامدار بکات؟ واناکات ئیبداع لە فۆرمدا بکوژێت؟ یان دەتوانین بڵێین چی تر هونەر لە ڕێگەی فۆرمەوە دەژێت یان لە ڕێگەی کۆنسێپتەوە؟ چی تر هونەر ئەو ئیمکانە ئیبداعییەی تێدا ماوە لەبری وەرگرتنی ئایدیایەکی حازر، خۆی ببێتە هەوێنی لەدایکبوونی ئایدیایەکی نوێ؟ ئیشکالێکی تری هونەری هاوچەرخ، تێگەیشتنە لە ئیشی هونەری، پێش هونەری هاوچەرخ، لە شێوەکاریدا مێژووی هونەر و ئێستاتیکا و تاڕادەیەکیش قوتابخانە هونەرییەکان دەبوونە بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لە ئیشە هونەرییەکان. بەڵام ئەمە لە هونەری هاوچەرخدا تاڕادەیەکی زۆر تێکدەشکێت و بنەمایەکی دیاریکراو نامێنێتەوە بۆ تێگەیشتن لە ئیشی هونەریی هاوچەرخ. ئەی بینەر چی بکات و چۆن لە ئیشێکی هونەریی هاوچەرخ تێبگات؟ بەشێک پێی وایە بۆ تێگەیشتن لە ئیشی هونەریی هاوچەرخ دەبێت بینەر بۆ کۆنسێپت بگەڕێت، و بۆ تێگەیشتن لە کۆنسێپتیش دەبێت بینەر باکگراوەندێکی تیۆریی دیاریکراوی هونەری هەبێت و تاڕادەیەکیش ئاشنای کارەکانی تری هونەرمەند بێت. بینەری هونەری هاوچەرخ وەک بینەری پێشوو نییە تەنیا لە ڕێگەی ئێستاتیکاوە چێژی هونەری بەدەست بێنێت، بەشێکی زۆری چێژی بینەر لە بەرامبەر هونەری هاوچەرخدا گرێدراوە بە تێگەیشتنەوە.

“تاڕادەیەک لە هونەری هاوچەرخدا پێوەرەکان تێکشکاون، نە چییەکی دیاریکراو و نە کێیەکی دیاریکراو نەماوەتەوە تا بەهای هونەریی بە بەرهەمێکی هونەریی بدات.”

پرسێکی تری هونەری هاوچەرخ کە پرسێکی جەوهەرییە و پەیوەندی بە ئۆنتۆلۆژیای هونەرەوە هەیە، ئەوەیە چی شتێک دەبێت بە بەرهەمی هونەری، چی یان کێ ئەم ڕەوایەتییە دەدات بە هونەر، و بەهای هونەری بە بەرهەمە هونەرییەکان دەدات؟ ئەم پرسە، پرسێکی سەرەکیی هونەری هاوچەرخە، چونکە بوون و نەبوونی بەرهەمی هونەری لەسەر بەندە. تاڕادەیەک لە هونەری هاوچەرخدا پێوەرەکان تێکشکاون، نە چییەکی دیاریکراو و نە کێیەکی دیاریکراو نەماوەتەوە، تا بەهای هونەری بە بەرهەمێکی هونەری بدات. ئەمە سەرەڕای دیوێکی ئەرێنی، کە زۆرجار فۆرمی نوێی لێ کەوتووەتەوە، دیوێکی نەرێنیشی هەیە، کە زۆرجار فۆرمی سادە و شتی سادە بەناوی هونەرەوە تەرحکراون. هونەرمەند بەهای هونەری دەدات بە بەرهەمێکی هونەری؟ یان بینەر؟ یانیش شوێن، بۆ نمونە شوێنێکی فەرمی وەک گەلەری؟ ئەمە لە هونەری هاوچەرخدا بەردەوام ئیشکالئامێز و جێگەی موناقەشە بووە.

گەڕانەوە بۆ فۆرمی هونەری و بەستنەوەی بەهای هونەر بە فۆرمەوە، نەک بە مانا و کۆنسێپتەوە، ڕەنگە یەکێک بێت لە ڕێگە ڕادیکاڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی زۆر شتی سادە کە بە زۆر بەرگی هونەرییان بە بەرداکراوە. بۆ نمونە “مۆزەکەی ماوریزیۆ” وەک زیندووترین نمونە کە بووە جێگەی موناقەشە و جەدەلێکی زۆر، گەر لە مانا و کۆنسێپتەوە بۆ ئەو ئیشە نەڕوانین، لە فۆرمی هونەرییەوە بۆ ئەو ئیشە بڕوانین، ئەو ئیشە هەڵدەوەشێتەوە و نابێت بە ئیشێکی هونەری، هەر مانا و کۆنسێپتێک لەپشتی ئەو کارەوەش هەبێت مانایەکی نامێنێت و نابێتە پرس و مەسەلەیەک بۆ هونەر.

سەرەڕای وروژاندنی ئەو گرفت و کێشانەی هونەری هاوچەرخ، کۆمەڵێک هونەرمەندی هاوچەرخ هەن کاری باش و جدییان کردووە. لەم پلاتفۆڕمەوە هەرجارەو هونەرمەندێک بە ناساندنێکی کورت، دەخەینەڕوو.    

هاوبەشی بکە

Art, Contemporary Art,