24/03/2024
DidiMn Logo
Top

هونەرمەندانی هاوچەرخ: مارینا ئەبرامۆڤیچ

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ئامادەکردنی هاوڕێ عەبدوڵا

مارینا ئەبرامۆڤیچ لە ساڵی 1946دا لە بیلگرادی سربیا لە دایک و باوکێکی خەباتگێڕ هاتۆتە دونیاوە. مارینا یەکێکە لە ناسراوترین هونەرمەندەکانی بواری هونەری پێرفۆرمانس. کاریگەرییەکی زۆری بەسەر هونەری پێرفۆرمانسەوە هەبووە، تا ئەو ڕادەیەی پێرفۆرمانسی کردە یەکێک لە هونەرە سەرەکییەکانی هونەری هاوچەرخ. پێرفۆرمانس لە دەیەی شەستەکاندا بەو هونەرە دەوترا کە تێیدا هونەرمەند جەستەی خۆی بەکاردەهێنا بۆ خستنەڕووی ئایدیاکانی.

مارینا پێرفۆرمانس لە نمایشی شانۆیی جیادەکاتەوە. ئەو پێیوایە شتەکان، ئەکتەکان، جوڵەکان لە شانۆدا نمایشن. خوێن، خوێنی ڕاستەقینە نییە، چەقۆش تەنیا بۆ نمایشە. بەڵام لە پێرفۆرمانسدا شتەکان واقیعین، خوێن، خوێنی ڕاستەقینەی مرۆڤە،  چەقۆش ڕاستەقینەیە و بۆ نمایش نییە. لەناو شانۆدا خەڵک تەنیا بینەرە، بەڵام لە پێرفۆرمانسدا بینەرەکان بکەری ناو پێرفۆرمانسەکەن و بەشێکن لە بەرهەمهێنانی ئیشە هونەرییەکە. واتا بینەر لەناو پێرفۆرمانسدا وەک بکەرێک فۆرم و مانا بە ئیشەکە دەدات، بەڵام لە شانۆدا بینەر بکەر نییە و ناتوانێت بەشێک بێت لە بەرهەمهێنانی ئیشە شانۆییەکە، تەنیا دوای تەواوبوونی شانۆکەش لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دەتوانێت مانای تر بە ئیشە شانۆییەکە بدات. بەڵام ئایە لە ئیشی پێرفۆرمانسدا گەر بینەر ببێتە بکەر و بەشێک لە ئیشەکە، جوڵەی هەبێت، ئایە ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئیشی پێرفۆرمانس دەتوانێت دیوی ناوەوەی بکەرەکان دەربخات و ئارەزوو و غەریزەی ڕاستەقینەیان بخاتەڕوو؟

مارینا ئەبرامۆڤیچ، لە چەند کارێکی پێرفۆترمانسدا
مارینا ئەبرامۆڤیچ، لە چەند کارێکی پێرفۆرمانسدا

پێرفۆرمانسی “ڕیتمی سفر” بەناوبانگترین پێرفۆرمانسی مارینایە، لە ساڵی 1974دا ئەنجامدراوە. ئەو پێرفۆرمانسەی مارینا بە ڤیدۆ تۆمارنەکراوە، بەڵکو لە ڕێی فۆتۆوە کارەکە ماوەتەوە. لە سەرەتاکاندا پێرفۆرمانس بەبێ تۆمارکردن ئەنجامدەدرا، کە ماوەی ئەنجامدانی پێرفۆرمانسەکەش تەواو دەبوو، ئیشە هونەرییەکەش تەواو دەبوو. پێرفۆرمانسی “ڕیتمی سفر” دەق و سیناریۆیەکی نووسرا و ئەکت و جوڵەیەکی ئامادەکراوی لەپشتەوە نەبوو، فۆرمێکی ڕاستەوخۆ بوو.

مارینا لەو پێرفۆرمانسەدا شەش سەعات بێ هیچ جوڵەیەک لە بەرامبەر بینەردا دەوەستێت. مێزێکی لەپێش خۆی دانابوو 76 کەرەستە و شتی جۆربەجۆری لەسەر بوو. مارینا بێ هیچ ناڕەزاییەک لە بەرامبەر بینەردا دەوستێت بۆ هەر جۆرە ڕەفتار و کاردانەوەیەک بەرامبەر بە جەستەی. لە پێرفۆرمانسەکەدا بینەرەکان دەبنە بەشێک لە پێرفۆرمانسەکە و بکەری ناوی. کەرەستە و شتی جۆربەجۆر لەسەر مێزەکە بوون: گوڵ، چەقۆ، نان، ئاو، موس، دەمانچە…

دوای شەش سەعات مارینا بێ ئەوەی خۆی هیچ جوڵەیەک بکات بە جلوبەرگی دڕاو و جەستەی بریندارەوە لە پێرفۆرمانسەکە تەواو دەبێت. جۆرەها ڕەفتاری بەرامبەر دەنوێنن. مارینا دەڵێت لەو پێرفۆرمانسەدا من ئامادە و بەرپرسیاری هەر جۆرە ڕەفتارێک دەبووم، تەنانەت دەمانچەیەکش لەسەر مێزکە بوونی هەبووە. سەرەتا ئاوی دەدەنێ، گوڵی دەدەنێ، ڕەفتارەکان ئاسایین، بەڵام دواتر وردەوردە ئازاری جەستەی دەدەن، ڕەفتاری توندی بەرامبەر دەنوێنن، تەنانەت هەوڵی کوشتنیشی دەدەن!

پێرفۆرمانسی ڕیتمی سفر”Rhythm Zero” ساڵی ١٩٧٤

لە ڕێگەی ئەم پێرفۆرمانسەوە مارینا دەیویست، جەستەی ژنێکی گەنج بێ هیچ جوڵەیەک لەبەردەم غەریزەی ئەوانی تردا دابنێت. لەو لەحزەیەدا چ غەریزەیەکی ناوەوەی مرۆڤ ئیش دەکات؟ جەستەی مارینا وەک فۆرمێک لە بەرامبەر بینەرەکاندا بوو، بینەرەکان هەوڵی ڕەمزاندنیان دەدا و دەیانویست بیهێننە ناو پانتایی ڕەمزییەوە. لاکان بەپێچەوانەی فرۆیدەوە دەیوت نەست ئەو پانتایی و عەمبارە تاریکە نییە، نەست وەک زمان ڕسکاوە و بونیادێکی زمانی هەیە. کەرەستەکانی بەردەم مارینا دال بوون بۆ مەدلولی جیاواز جیاواز، کەرەستەی چێژ و ئازار بوون. ئەم کارەی مارینا هەردوو چەمکی غەریزەی مەرگ و غەریزەی ژیانمان بیردێنێتەوە. ئەو کەرەستانەی سەر مێزەکە هەریەکەو دالێک بوون بۆ غەریزەیەک یان زیاد لە غەریزەیەک.

بۆ نمونە ئاو لەو پێرفۆرمانسەدا هەم وەک پێویستییەک و غەریزەیەکی ژیان دەدرێت بە مارینا، هەمیش وەک کەرەستەیەک بۆ توندوتیژی و سوکایەتی بەرامبەر بە مارینا بەکاردەهێنرێت. ئەو پێرفۆرمانسەی مارینا لەناو کۆمەڵێک بینەردا ئەنجامدرا، ئایە چاوی ئەوانی تر کاریگەریی بەسەر ڕەفتاری بکەرەکانی ناو پێرفۆرمانسەکەوە نابێت؟ ڕەنگە ئەوکات بکەرەکان بە جۆرێکی تر ڕەفتار بنوێنن، چێژوەرگرتن بگۆڕێت بۆ ئازاردان، واتا ویستی چێژ بگۆڕێت بۆ ئازار، واتا کاتێک ناتوانرێت چێژ لە جەستەیەک ببینرێت دەکرێت ئەوکات توندوتیژی بەرامبەر بنوێنرێت. ئەو کارەی مارینا بووە نیشاندەری ئیمکانی غەریزەی توندوتیژیی ناو مرۆڤ، کە دەکرێت تا کوێ بڕوات. ئەو مرۆڤە ئەوروپییەی کە بانگەشەی هیومانیزمی دەکرد، دەکرێت توندوتیژییەکەی تا کوێ بڕوات. بەشێک ئەو کارەی مارینایان بە کارێکی شێتانە و دژ بە هونەر دەزانی. ڕیتمی سفر سەرەڕای ئەوەی دۆخێکی دەروونی ناخۆش بوو بۆ مارینا، بەڵام بووە یەکێک لە بەرهەمە لەیادنەچووەکانی هونەری هاوچەرخ.

کاتێک باسی فۆرمی هونەری دەکەین و هێزی هونەر لە فۆرمدا دەبینینەوە، لەبەرئەوەیە فۆرم زمانی هونەرە بۆ تەعبیرکردن. ئازار، توندوتیژی، دەکرێت شیعر، ڕۆمان، بەجۆری جیاواز جیاواز تەعبیری لێبکەن، یان فیکر و فەلسەفە، هونەریش فۆرمی خۆی هەیە بۆ دەربڕین و تەعبیرکردن. مارینا لە پێرفۆرمانسی ” Balkan Baroque” کە لە ساڵی ١٩٩٧ لە “بینالەی ڤینیسیا”دا ئەنجامدرا، شتێکی لەوجۆرە دەکات، هونەرییانە و لە ڕێگەی فۆرمی تایبەتی خۆیەوە گوزارشت لە ئازار و ڕەنجی مرۆیی دەکات. شەش ڕۆژی تەواو و هەر ڕۆژەی شەش سەعات، بە جلێکی سپییەوە لە ژوورێکی تاریکی پڕ لە ئێسک و پروسکی خوێناوی و گەنیوی ئاژەڵ دەمێنێتەوە. ئەکتی مارینا لەو پێرفۆرمانسەدا بریتی بوو لە پاکردنەوەی ئێسک و پروسکەکان. فۆرمی خوێناوی پێرفۆرمانسەکە و بۆنی ناخۆشی ئێسک و پروسکەکان تەواویی فەزای هۆڵەکەیان داگیر کردبوو. لەو پێرفۆرمانسەدا مارینا دەیویست ویژدانی مرۆیی بەئاگابێنێتەوە لەبارەی وێرانە و کارەساتەکانی جەنگەوە.

مارینا لە پێرفۆرمانسی ” Balkan Baroque” ساڵی ١٩٩٧

مارینا لەگەڵ ئولای لە ساڵی  1976دا، دوای یەکترناسین، پەیوەندییەکی عاشقانە لەنێوانیاندا دروستبوو. ئەو پەیوەندییە چەندین کاری پێرفۆرمانسی هاوبەشی لێکەوتەوە. لە ساڵی 1988دا مارینا و ئولای بڕیاری پێرفۆرمانسێکی هاوبەشیان دا  بۆ یادکردنەوەی پەیوەندیی عاشقانەیان. پێرفۆرمانسی شەیداکان (The Lovers) بریتی بوو لە ڕێگەبڕینێکی دوورودرێژی هەریەکەیان لە ئاڕاستەیەکی جیاوە بەرەو شورای چین، کە شوێنی بەیەکگەیشتنیان بوو. بەڵام تا ئەو کاتەی دەوڵەتی چین ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی پێرفۆرمانسەکەیان، پەیوەندییەکەیان بەرەو ساردی ڕۆیشت و لەبری پێرفۆرمانسی یادکردنەوە، دوای سێ مانگ ڕێکردن لە شورای چین بەیەک دەگەن و پێرفۆرمانسانە ماڵئاوایی لەیەک دەکەن.

دیمەنێک لە پێرفۆرمانسی “شەیداکان” لە ساتی ڕۆیشتن بەرەو شورای چین

هاوپیچ لە خوارەوە گەلەرییەک لە کارەکانی مارینا ئەبرامۆڤیچ ببینن…

هاوبەشی بکە

Art, Contemporary Art, Contemporary Artist,