28/03/2024
DidiMn Logo
Top

هونەرمەندانی هاوچەرخ: شیرین نەشات

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – هاوڕێ عەبدوڵا

شیرین نەشات فۆتۆگرافەر و فیلمسازی ناسراوی ئێران، یەکێکە لە هونەرمەندە هاوچەرخە ناسراوەکانی جیهان.  ساڵی 1957 لە شاری قەزوین لە دایک بووە. ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی شیرین، ژینگەیەکی دینی بوو. بەڵام خێزانی شیرین کراوە بوون و باوکی مامۆستای بەشی فیزیک بوو و مەیلێکی زۆری بۆ کولتوری ڕۆژاواش هەبوو. شیرین نەشات لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا بەمەبەستی خوێندن ڕوودەکاتە ئەمریکا. لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ی ئێرانەوە، شیرین نەشات بۆ ماوەی چەندین ساڵ ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئێران. دواتر لە ساڵی 1990 دەگەڕێتەوە بۆ ئێران. لەنزیکەوە هەست بەو گۆڕانە گەورەیە دەکات کە لە ئێراندا ڕوویداوە. گەڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ کۆنەپارێزی و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگایەکی دینی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەپێی شەریعەتێکی دیاریکراو. دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران یەکەمین کۆمەڵە کاری فۆتۆیی بەناوی ” ژنانی خودا”ەوە بەرهەم ‌دەهێنێت. ئەم کارە ئاماژە دەکات بە دەورانی شۆڕشی ئێرانی و کاریگەریی بەسەر کولتور و ژنانی ئێرانەوە. لەسەر ڕووی فۆتۆکان، لەسەر دەست و دەموچاوی ژنەکان، شیعری شاعیرە ژنەکان دادەنێت.

“کەس لەبیری ماسییەکاندا نییە
کەس لەبیری گوڵەکاندا نییە
کەس نایەوێت باوەڕ بکات کە خەریکە باخچەکە دەمرێت
کە دڵی باخچەکە لەژێر هەتاودا شین‌بووەتەوە.”

نووسراوی سەر پەنجەکانی یەکێک لە کارەکانی زنجیرەی “ژنانی خودا”

فیلمی ” ژنان بەبێ پیاوان”، یەکێکە لە بەرهەمەکانی شیرین نەشات و لە ساڵی 2009   بەرهەمهێنراوە و لە شاری کازابلانکا وێنە گیراوە. ئەم فیلمە بۆ بەشێک لە مێژووی ئێران دەگەرێتەوە، بۆ ساڵانی 1953ی ئێران دەگەڕێتەوە. شیرین نەشات دەڵێت بۆیە ئەم فیلمەم بەرهەمهێناوە تا مێژووی وڵاتەکەمان بە ڕۆژاوا نیشان بدەم. پێیان بڵێم ئێران تەنیا ئێرانی دوای شۆڕشی ئیسلامی نییە، ئێران سەردەمانێک وڵاتێکی سێکولار و کولتورێکی دیموکراسی هەبووە. هەروەها ئەو فیلمە بە پیاوانی ئێران دەڵێت نیگایەک لە ڕابردوو بکەن، بۆ سەردەمانێک وڵات پێش ئەوەی ببێت بە وڵاتێکی دینی، کولتورێکی دیموکراسیمان هەبوو، ئێمە بۆ دیموکراسی دەجەنگاین.

دیمەنێک لە فیلمی “ژنان بەبێ پیاوان”

شیرین نەشات لە چەندین شوێنی جیاواز کاری هونەری کردووە. ساڵی 2013  کۆمەڵە کارێکی فۆتۆیی لە شاری نیویۆرک نمایش کرد، بەناوی “ماڵ لەناو ئاگر”دا. لەبارەی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبیی وڵاتی میسرەوە بوو. لە کارە فۆتۆییەکانیدا ئەو کەسانەی هەڵبژارد بوو کە بەڕاستی لە چینە هەژارەکەی کۆمەڵگا بوون و لە بارودۆخێکی ناهەمواردا ژیانیان دەکرد و لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبیشدا کەسانی نزیکیان لەدەستدا بوو. بەگشتی کارە فۆتۆیی و فیلمسازییەکانی شیرین نەشات وەک ناوەڕۆک لەبارەی پرسی شوناس و چەوساندنەوەی سیاسی و دینییەوەیە. پرسی ژن سەرەکی ترین پرسی کارەکانێتی. بەشی زۆری کارە فۆتۆییەکانی شیرین نەشات ڕەش و سپین، لە بەشێکی زۆری فۆتۆکانیشدا لەسەر دەست و دەموچاو و جەستەی کەسەکان شیعر دادەنێت و بەیەکەوە ڕەبتیان دەکات. فۆتۆ ڕەش و سپییەکانی شیرین نەشات ئاماژەن بۆ ژیانێک کە چەوساندنەوەی سیاسی و ئابووری و دینی هەموو ڕەونەق و گەشییەکیان لە سیمای مرۆڤ داماڵیوە.   

“ماڵ لەناو ئاگر”

شیرین نەشات لە بۆنەیەکدا بەمجۆرە لەبارەی هونەر و پەیوەندیی بە سیاسەتەوە دەدوێت: هونەرمەندانی ئێران لە هەر بەشێکی هونەردا کاربکەن، سیاسین. سیاسەت ژیانی ئێمە دەنەخشێنێت. ئەگەر ئێوە وەک هونەرمەندێک لە ئێران بژێن، ڕووبەڕووی سانسۆر و ئازار و ئەشکەنجە و گیران، هەندێجاریش لەسێدارەدان دەبنەوە. ئەگەر لەدەرەوەی ئێرانیش بژێن وەک من، ڕووبەڕووی غوربەت و دەربەدەریی دەبنەوە. ڕووبەڕووی ئازاری جودایی لە ئازیزان و بنەماڵەکانتان دەبنەوە. لەبەر ئەوە ئێمە ناتوانین لە نێوان ئەخلاقیات و ئیحساسات و سیاسەتدا هیچ جیاکارییەک بکەین. ناتوانین لەنێوان خۆمان و واقیعەتی کۆمەڵگادا جیاکاری بکەین. بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو هونەرمەندانی وەک من بەجۆرێک خۆیان وەک نوێنەر و دەنگی خەڵکی وڵاتی خۆیان دەبینن. هونەرمەندانی هاوشێوەی من لە دوو پانتایی جیاوازەوە سەرقاڵی ڕووبەڕوو بوونەوەین. ئێمە لەلایەن ڕۆژاواوە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبینەوە. ڕوانین و بۆچوونی ڕەخنەگرانەی ڕۆژاوا دەربارەی شوناسی ئێمە، دەربارەی ژنانی ئێمە، دەربارەی سیاسەتی ئێمە، دەربارەی دینی ئێمە. ئێمە لە ڕۆژاواین تا بەسەربەرزی بژێین و پێداگریی لەسەر کەرامەتی خۆمان بکەین. لەلایەکی تر لە پانتاییەکی تریشەوە ڕووبەڕوو دەبینەوە. ڕووبەڕووی ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران دەبینەوە. دەسەڵاتێکی زۆر بەدکار، دەست بۆ ئەنجامدانی هەموو تاوانێک دەبات بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

ئێمە ناتوانین لە نێوان ئەخلاقیات و ئیحساسات و سیاسەتدا هیچ جیاکارییەک بکەین. ناتوانین لەنێوان خۆمان و واقیعەتی کۆمەڵگادا جیاکاری بکەین.

هونەرمەندانی ئێمە لە مەترسیدان، لە بارودۆخێکی ترسناکداین. ئێمەش بۆ حوکومەت و نیزامی زاڵ مەترسیین. بەشێوەیەکی سەیر ئەم بارودۆخە هەموانی بەهێزکردووە. چونکە ئێمە وەک هونەرمەندان لە ناوەندی کولتوور و سیاسەت و بارودۆخەکانی کۆمەڵگای ئێرانداین. ئێمە لێرەین تا ئیلهامبەخش و جوڵێنەر بین و ئومێد بۆ خەڵکی خۆمان بگەڕێنینەوە. ئێمە لەدەرەوەی وڵات زمانحاڵی خەڵکی کۆمەڵگای خۆمانین. “هونەر چەکی ئێمەیە، کولتور خۆڕاگری ئێمەیە”. هەنێجار ئێرەیی بە هونەرمەندانی ڕۆژاوا دەبەم کە ئازادیی دەبڕینیان هەیە. چونکە ئەوان دەتوانن لەنێوان خۆیان و پرسە سیاسییەکاندا مەودا وەربگرن.  بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نیگەرانی ڕۆژاواشم. چونکە هەنێجار لێرە کولتوور دەکەوێتە مەترسییەوە و بەجۆرێک دەبێتە ئامرازی سەرگەرمی.           

هاوپێچ دەتوانن لەڕێی چەناڵی یوتوبەکەوە تەواوی فیلمی “ژنان بەبێ پیاوان” ببینن”

تەواوی فیلمی “ژنان بەبێ پیاوان”
هاوبەشی بکە

Art, Contemporary Art, Contemporary Artist,