20/04/2024
DidiMn Logo
Top

هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخ: سورەییا بەقسامی

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: شێنێ كه‌مال

هونه‌رمه‌ندی كوه‌یتی سورەییا بەقسامی، یه‌كێكه‌ له‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخی نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی. له‌ سه‌رده‌می داگیركای عێراق بۆسه‌ر كوه‌یت ژیاوه‌ و ئه‌و ڕووداوه‌ كاریگه‌ری درێژخایه‌نی به‌سه‌ر كاره‌كانییه‌وه‌. جێهێشتووه‌.

هونەرمەند، نیگارکێش، شێوەکار، نووسەر و ئیلوسترەیتی کوەیتی، ناوی تەواوی سورەییا حەسەن بەقسامییه‌.  ساڵی (١٩٥٢) لە کوەیت لە خێزانێکی مامناوەند هاتووەتە ژیانەوە. تاکو ئێستا لە ژیاندا ماوە و تەمەنی ٦٩ ساڵە و لە کوەیت ژیان بەسەر دەبات. سورەییا لە تەمەنێکی کەمەوە وەک کچێکی گەنج پەی بە هونەرەکەی خۆی دەبات و دەست دەکات بە وێنەکێشان. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە قوتابخانەکەی لە پێشانگەیەک خەڵات دەکرێت. سورەییاش وەک هەموو ژنە عەرەبێک، سەرەڕای ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو، پڕ لە لێشاوی پیاوسالاری و کولتووری عەرەبی لەدایک بووە و گەورە بوو، بەڵام هیچ شتێک نەیتوانی ببێتە لەمپەڕێک بەرانبەر خولیاکانی و بەدیهێنانی خەونەکانی. سەرەڕای دژایەتیی زۆری دەوروبەر بۆ کارەکانی و ڕەتکردنەوەیان و تێنەگەیشتنی کۆمەڵگەی عەرەب بۆ هونەر، بەڵام سورەییا کۆڵ نادات. لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ دەستی کرد بە خوێندنی کۆلێژی هونەر، لەو ماوەیەدا لە چەندین پێشانگەی جۆراوجۆر بەشداریی دەکات. بەرەوپێشچوونێکی باش بەخۆوە دەبینێت تاکو دەبێتە یەکێک لە خانمە تێکۆشەر و بەهێز و بەهرەمەندەکانی کوەیت بەتایبەتی و ناوچەکانی ئەنادۆڵ بەگشتی، ناوبانگی بە سەرتاسەری کوەیت و دەرەوەی کوەیتیشدا بڵاو دەبێتەوە. سورەییا تا ئەمڕۆش وەک باشترین و پێشەنگترین خانمە هونەرمەندەکانی کوەیت و وڵاتانی عەرەبی، لە بواری هونەری هاوچەرخدا دادەنرێت، هەمیشە لە کاتی باسکردنی هونەری هاوچەرخی کوەیتی و عەرەبی، دەتوانین سورەییا وەک باشترین نموونە دەستنیشان بکەین، بێ هیچ گومانێک جێپەنجەی دیارە و بەو جۆرەش دەمێنێتەوە.

سوره‌ییا به‌قسامی له‌كاتی كاركردندا

خوێندن:
سوورەییا بە هۆی حەزی خۆی بۆ هونەر بەگشتی و وێنەکێشان بەتایبەتی، لە کۆلێژی هونەر لە قاهیرە دەست بە خوێندن دەکات، پاشانیش لە ئینستوویتی هونەری سوریکۆڤ لە زەمانی یەکێتی سۆڤیەت، لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ماستەر لە بواری هونەر و ئیلووسترەیشن  دەخوێنێت. پاش گەڕانەوەی بۆ وڵاتی خۆی، چەند ساڵێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی تر و وڵاتانی ئەفریقا ژیان بەسەر دەبات و بەردەوامە لەسەر هونەرەکەی و پێشانگای جیاجیا بۆ کارەکانی دەکاتەوە.

سورەییا لە ڕێی هونەرەکەیەوە چیمان پێ دەڵێت؟
سورەییا بەقسامی لە ڕێی تابلۆ و كاره‌ هونەرییەکانییەوە، باس لە دۆخی ژیانی ژنانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و کۆمەڵگەی پیاوسالار و کولتووری دواکەوتووی کوەیت و وڵاتە عەرەبییەکانی دراوسێ دەکات. زروفی نالەباری ئەو ژنە چەوساوانەی لە ڕێی ڕەنگەکانییەوە خستووەتە بەرچاو، ئەو ژنانەی لە لایەن مێرد و برا و باوکەوە ژیانێکی ژانئاسا بەڕێ دەکەن و خەونەکانیان دەنێژرێن. ئەو کیژانەی ڕێیان لێ دەگیرا بخوێنن، ئەو ژنانەی ژنی دییان بەسەردا دەهات و لە لایەن مێردەکانیانەوە بە چاوی کەم سەیر دەکران. ئەو کچانەی بە زۆر عەبا و پەچەیان پێ دەکرا. ئەو کچانەی نازناوی قەیرەیان دەخرایە پاڵ. سەرباری ژیانە نالەبارەکەیان، سورەییا ڕۆحی فراوانی ئەو ژنانەی خستووەتە بەرچاو، خەون، ئاوات، حەز و خولیاکانیانی لە پاڵ ڕووخسارە ماندوو و ماتەکەیان کێشاوە. واتە ئێمە دەتوانین لە ڕێی سەیرکردنی ژنی ناو تابلۆکانی سورەییاوە، لە ژیانی ئەو ژن و کچانە تێبگەین کە سورەییا خۆی بە چاوی خۆی بینیویەتی و ئەزموونی کردووە.

لە پاڵ ئەمانەشدا سورەییا لە تابلۆکانیدا دژایەتیی جەنگی کردووە و لە دژی ئەوانە وەستاوەتەوە مرۆڤ بۆ جەنگ هان دەدەن، هەروەها عەشق و هەست و سۆز و لایەنە عاتفییەکانی دیکەی مرۆڤیشی کێشاوە.

تابلۆکانی سورەییا لە ڕیزی هونەر و نیگارکێشانی مۆدێڕن و هاوچەرخ دادەنرێن، لە هەمان کاتدا ڕێبازی ڕیالیست و وێنەکێشانی ئەبستراکت پێکەوە بەکار دێنێت. سورەییا زیاتر دەیەوێت لە ڕێی تابلۆکانییەوە، چیرۆکێک بگێڕێتەوە و مێژوویەک بنووسێتەوە. ئەوەی تێبینی دەکەین سورەییا زیاتر کارەکانی بە ڕەنگی شین و مەیلەوشین کردووە.

كاری سوره‌ییا به‌قسامی – ١٩٩٠

سورەییا لە سەردەمی داگیرکاریی عێراق بۆ سەر کوەیت:
بەو پێیەی کوەیت ناوچەیەکی بچووکە و ژینگەکەی وا دەخوازێت، کە بە باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراقەوە لکاوە. ئەم ناوچەیەش بە درێژای مێژوو، لە لایەن وڵاتە عەرەبییەکانەوە ناکۆکی لەسەر بووە و ویستراوە داگیر بکرێت. ئەمەش کاریگەریی دەروونی خراپ لەسەر هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە جێ دەهێڵێت، کە بەردەوام لە شەڕ و بەرگریکردن لە خۆیان بن. سورەییاش ئاگاداری سەرجەم ئەم ڕووداوانە بووە، لەگەڵیان ژیاوە و گەورە بووە. بۆیەش ئەمە بە تەواوی ڕێ بۆ ئەوە خۆش دەکات کە لە تابلۆکانیدا ڕەنگ بداتەوە.

نا بۆ داگیركاری ١٩٩٠

سوورەییا و نووسین:
ئەزموونی سوورەییا لەگەڵ نووسین و دونیای ئەدەب، لە تەمەنێکی کەمەوە دەست پێ دەکات و بە نووسینی چەند کورتەچیرۆکێک لە ساڵی (١٩٧٧) و بڵاوکردنەوەیان لە ڕۆژنامە عەرەبییەکاندا، پاشان بە دوای ئەودا کورتەچیرۆکەکانی تری چاپ و بڵاو دەکاتەوە، بەردەوام سەرقاڵی نووسینی چیرۆک و شیعر دەبێت تا ئەمڕۆش، زۆربەی کتێبەکانی بۆ زیاتر لە ١٠ زمانی دونیا وەرگێڕراون و دەخوێنرێنەوە.

بەشێک لە کتێبەکانی سورەییا بەقسامی:

١- ئارەقی ڕەش (١٩٧٧) چیرۆک
٢- المرسم الحر ورحلة ٢٥ عاما (١٩٨٨)
٣- مۆمی ژێر زەوی – کورتەچیرۆک (١٩٩٣)
٤- کورتەچیرۆک بۆ منداڵان (١٩٩٣)
٥- ژنێکی کارەبایی (٢٠٠٤)
٦- ماسییەک پایسکیلێک لێدەخوڕێت (٢٠١٥)
٧- سەردەمی شمشاڵە سوورەکە (٢٠١٢)

هاوبەشی بکە

Contemporary Art, Thurayia Baqsami,