21/04/2024
DidiMn Logo
Top

شێوەی کارەکانی تەمەنی منداڵیی هونەرمەندە نادادەکان چۆنە؟

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ئێدوارد هۆپەر، کوڕێکی بچووک لە دەریا دەڕوانێت | 1891

ئێدوارد هۆپەر، کوڕێکی بچووک لە دەریا دەڕوانێت | 1891

دیدی منئارتسی
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

چۆن ئەم هونەرمەندانە لە تەمەنێکی وا سەرەتاییەوە سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەست هێناوە لە بوارەکەیاندا؟ بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی بەهرەی زگماکی بووە؛ بەڵام هێشتا لە تەمەنێکی زۆر هەرزەکارییەوە دەستیان پێ کردووە. ئەمانەی خوارەوە کاری تەمەنی منداڵیی حەوت هونەرمەندن کە لە ئێستادا ناودارن:

 

 

ئەلبێرت دورەر، پۆرترەیتی خۆی لە تەمەنی سیازدەساڵیدا (1984)

ئەلبێرت دورەر، پۆرترەیتی خۆی لە تەمەنی سیازدەساڵیدا (1984)

دورەر لە تەمەنی سیازدەساڵیدا وێنەی پۆرترەیتی خۆی دەکێشێت، ئەو پۆرترەیتە هەرزەکارییەی خۆی کاتێک دروست کردبوو کە وەک شاگردێک لای باوکی لە دوکانی خشڵی نورمبێرگ کاری دەکرد. زۆری نەخایاند کە دوای ئەوە ئەم گەنجە بەتوانایە وازی لە کاری بازرگانی لەگەڵ خێزانەکەی هێنا لەپێناو مەشقکردن لەگەڵ هونەرمەندێکی ناوچەیی بە ناوی مایکڵ وۆڵگمت، لەگەڵیدا فێری سەرووبنی ئیلوستەرکردن بوو لەسەر پارچە تەختەی هەڵکەندراو. دورەر لە پرۆسەی بوون بە دیاریکراوترین هونەرمەندی ئەڵمانی ڕێنساسەکان شۆڕشی بەرپا دەکرد لەسەرهونەری پرێنت دروستکردن.

 

 

پاوڵ کلی، ژنێک بە چەترێکەوە (1883-1885)

پاوڵ کلی، ژنێک بە چەترێکەوە (1883-1885)

لە ساڵی 1902، کلی لە ساڵی چوارەم لە سکوڵی هونەر لە ڕۆما بە وێنە کۆنەکانیدا دەچێتەوە و وێنەی سکێچی ژنێک دەدۆزێتەوە کە  چەترێکی بە دەستەوەیە و دەڵێت: یەکێکە لە گرنگترین ئەو کارانەی تاوەکو ئێستا کێشاونی. لە تەمەنی چوار بۆ شەش ساڵیدا ئەم وێنەیەی کێشاوە، لە ساڵی 18831885.

 

 

جۆرجیا ئۆکیفە، دەست

جۆرجیا ئۆکیفە، دەست

لە ساڵی 1901، ئۆکیفەی 14 ساڵ کێڵگە تایبەتییەکەی خێزانەکەی جێدەهێڵێت و دەچێت بۆ ئەکادیمیای سەکرێد هارت (دڵی پیرۆز)، کە خوێندنگەیەکی کاسۆلیکییە لە مادیسۆن. لە سەرەتای ڕۆژەکانیدا لەو خوێندنگەیە داوا لە منداڵەکان کراوە سکێچی دەستێکی پلاستیکی منداڵ دروست بکەنەوە. مامۆستاکەی ئۆکیفە گووتویەتی ڕەسمەکەی ئەو بچووکە و بە قورسی کێشراوە، پاشان خستویەتیە گریان. لە مانگەکانی داهاتوودا کەلـلەڕەقانە کاری لە باشترکردنی وێنەکانیدا کردووە و مامۆستاکەی وێنەکەی ئۆکیفەی بە شانازییەوە لە پۆلەکەدا هەڵواسیوە.

 

 

سالڤادۆر دالی، زەماوەندی ئایینی 1910-1914

ئەم وێنە بچووککراوەیە لە کارە سەرەتاییەکانی هونەرمەند دالییە، لە نێوان تەمەنی شەش ساڵی و دە ساڵیدا لە پشتە بەتاڵەکەی پۆستکاردێکدا کێشراوە. دالی لە شارۆچکەیەکی بچووکی ئیسپانی گەورە بووە، کە زۆر دوور نییە لە بەرشەلۆنەوە. زۆرێک لە کارەکانی ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەوێ بووە و کاریگەر بووە بە وێنەکێشێکی هاوڕێی خێزانەکەیان: ڕامۆن پیچۆت. لە کۆتاییدا پیچۆت باوکی دالی قاییل کردووە کە بینێرێتە سکوڵی هونەر لە مەدرید.

سالڤادۆر دالی، دیمەنی سروشتی، 1910-1914

سالڤادۆر دالی، دیمەنی سروشتی 1910-1914

 

 

پابلۆ پیکاسۆ، پیکادۆر 1889-1890

پابلۆ پیکاسۆ، پیکادۆر 1889-1890

یەکەم مامۆستای پیکاسۆ ژۆزێ رویز بلاسکۆی  باوکی بووە، کە لە خوێندنگەیەکی هونەر لە شارەکەدا وەک مامۆستا کاری کردووە. پیکاسۆ دەیگوت ”لە تەمەنی دوازدەساڵیدا هەرگیز وەک منداڵێک وێنەم نەکێشاوە، بەڵکو وەک ڕافایل.“ پیكاسۆ وێنەی پیکادۆری لە تەمەنی هەشتساڵیدا کێشاوە، لە کاتێکدا کە هێشتا وانەی فەڕمیی وێنەکێشانی وەرنەگرتووە.

 

 

ئێدوارد هۆپەر، کوڕێکی بچووک لە دەریا دەڕوانێت 1891

ئێدوارد هۆپەر، کوڕێکی بچووک لە دەریا دەڕوانێت 1891

هۆپەر، لە خێزانێکی چینی ناوەڕاست لە نیویۆرک لە دایک بووە، لە تەمەنی پێنجساڵییەوە دەستی بە وێنەکێشان کردووە. خێزانەکەی پاڵپشتییان دەکرد. لە تەمەنی حەوتساڵیدا تەختەی ڕەشیان بە دیاری بۆ کڕی و لە تەمەنی دەساڵیدا کتێبی ڕێنیشاندەری وێنەکێشانیان بۆ کڕی، لەسەر پاکەتی بۆیەکانی منداڵی نووسیبووی ”دەبمە هەنەرمەند“. ئەم وێنەیەی بە حیبر و جاف کێشراوە لە پشتی کارتەکەی پۆلی سێی هۆپەر دۆزراوەتەوە. بەرواری 23ی ئۆکتۆبەری لەسەرە. وەک ئەو منداڵەی ناو سکێچەکەی هۆپەر بە منداڵی، کاتی زۆری لە کەناردەریا بەسەر دەبرد، ژوورەکەی بەسەر دەریای هەدسندا دەیڕوانی، زۆر کات خۆی بە دەفتەری سکێچەکەیەوە لەوێدا مەڵاس دەدا تا وێنای بەلەمەکان بکێشێت لە کاتی هاتنەکەنار و گوریسبەستن.

 

 

مایکڵ ئەنجێلۆ، ئەشکەنجەی قەشە ئەنتۆنی 1487

مایکڵ ئەنجێلۆ، ئەشکەنجەی قەشە ئەنتۆنی 1487

بەهرەی مایکل ئەنجێلۆ لە تەمەنی دوازدە بۆ سیازدەساڵیدا دەرکەوت، وەک لەم وێنە پڕ وردەکارییەدا سەلمێنراوە، وێنەکە ئەو ئازارانە دەکات کە قەشە ئەنتۆنی لە سەحرادا پێیاندا تێپەڕیوە، ئەمە یەکەم وێنەی هونەرمەندی ئیتاڵی بووە. لەگەڵ ئەوەی وێنە ئەسڵییەکە دەگەڕێتەوە بۆ هونەرمەندی ئەڵمانی مارتین چۆنگۆر، مایکل ئەنجیلۆ گۆڕانی لە وێنە ئەسڵییەکەدا کردووە و گەشتێک بۆ بازاڕی ماسییەکان سروشتی بۆ مایکل ئەنجیلۆی هەرزەکار هێناوە کە وێنای یەکێک لە شەیتانەکان بکات بە پێوەرێکی تایبەت.

هاوبەشی بکە

Artist, Children Art, Edwar Hopper, Michelangelo, Pablo Picasso, Salvador Dali,