18/05/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: له‌باره‌ی فیلمی کاتژمێری گورگه‌وه‌

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نوسینی: زەردەشت نەوزاد

‎‫فیلمەکە وەرگیراوە لە ژیانی وێنەکێش یۆهان بۆڕگ یاخود جۆهان بۆڕگ، فیلمەکە بە گرتەیەکی نزیکی هاوسەرەکەی یۆهان ئەڵما دەست پێ دەکات، وەک دیارە کە ئەو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنییە، گوێمان لە ژاوەژاوێکی کەسانی دەوروبەری دەبێت، ئەڵما دەست دەکا بە گێڕانەوەی چیڕۆکی هاوسەرەکەی.

چیڕۆکەکە بە هاتنی یۆهان و هاوسەرەکەی بۆ دورگەیەکی بچوک دەست پێ دەکات، لە سەرەتادا وەک دوو هاوسەری زۆر دڵخۆش دێنە بەرچاو، فیلمەکە بە تەواوی تیشک ناخاتە سەر کارەکتەر یاخود ڕووداوە ڕاستەقینەکانی ژیانی کەسایەتییەکە، بە واتایەکی تر بە شێوەیەکی تەواو قووڵ نابێتەوە نێو ژیانی یۆهان بۆڕگ و باسی ژیاننامەی ئەو بکات، دەکرێت بڵێین لە چاو فیلمەکانی پێشوتری بێرگمان، ئاڵۆزترینیانە.

فیلمەکە هەم لەسەر بنەمای خەون و هەم لەسەر بنەمای ژیان و ترس خۆی دەبینێتەوە، وەک ئەوەی بێرگمان ئەم فیلمەی تایبەت بە خۆی دروست کردووە، کە شیکردنەوەی تەواوی کارێکی زۆر قوڕسە. فیلمەکە تاکە فیلمی بێرگمانە لە ژانەری ترسناک و درامی بێت، بەڵام وەک کاری دەهێنەری تر نییە، کە تەنها فیلمێکی بازرگانیی ترسناک بێت. بێرگمان هەمیشە دەچێتە نێو باری دەروونیی کەسەکە، پێمان دەڵێت، هەر کاتێک کەسێک نوقمی نێو ترسەکان بوو، بە واتایەکی تر کاتێک کە کەسێک لە بەرامبەر ترسەکەی، خۆی بەدەستەوە دەدات، هەرگیز نابێتەوە بە کەسەکەی جاران، توانای ئەوەی نامێنێت ئاخۆ ئەو کەسە ڕووبەڕووی ترسەکەی دەبێتەوە یاخود نا، دەبێت بە دڕندەیەک کە بەردەوام ڕاوی دەنێت لە کۆتاییدا دەتخات.

کارەکتەرە خەیاڵی و ڕاستییەکانی نێو فیلمەکە

‎‫لە دیمەنێکدا ئافرەتێک دێتە لای ئاڵما، کڵاوێکی لەسەرە دەڵێت تەمەنم ٢١٦ ساڵە، دوای تۆزەک دەڵێت مەبەستم ئەوە بوو بڵێم تەمەنم ٧٦ ساڵە، ئەو ئافرەتە لە ڕاستیدا بوونی هەیە لە بیری یۆهانی ڕاستەقینەدا، کە خۆی لە مێشکی خۆیدا دروستی کردبوون، بەڵام بێرگمان بەم شێوەیە نیشانمان دەدات لە فیلمەکە، ئافرەتەکە بە هاوسەری یۆهان دەڵێت کەوا بیرەوەرییەکانی لە کوێدا شاردووەتەوە. لەوانەیە بپرسین لە کاتێکدا کە ئەو ئافرەتە بە تەنها لە بیری یۆهاندایە چۆن هاوسەرەکەی بینی، ئەمەیان دەکەوێتە سەر دەرهێنەر بێرگمان، لەوانەیە بێرگمان ویستبێتی دۆخەکەی یۆهان بە شێوەیەکی جوانتر پیشانمان بدات، ویستویەتی فیلمەکە دەوڵەمەندتر بکات بە ڕووداوەکان، چونکی لامان ڕوونە کە تەنها یۆهان و ئاڵمای هاوسەری لە ڕاستیدا بوونیان هەیە ئەوانی تر تەنها خەیاڵێکن.

‎‫لە دیمەنێکی تردا خاوەنی دورگەکە ‘باڕۆ’ دێتە لای یۆهان بانگێشتی دەکات بۆ ئێوارەخوانێک و پێی دەڵێت کەوا خۆی و هاوسەرەکەی هەواداری ئەون

‎‫جۆن کاتێک کە دەچێتە ئاهانگەکە هەموو ئەوانەی ئەوێ وەک دیارە زۆر شت دەربارەی یۆهان دەزانن. دواتر ئاشنا دەبین بە ئافرەتێک ڤیرۆنیکا لەوانەیە بینەر بپرسێت لەوەی بۆچی یۆهان وا هۆگری ئەم ئافرەتە بووە لە کاتێکدا تەنها خەیاڵێکە؟ ڤیۆرۆنیکا خۆی کەسێکە لە ژیانی ڕاستەقینەی یۆهان لە ڕابردوودا بوونی هەبووە و پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ یەک، بەڵام لێرەدا وەک خەیاڵێک هاتووەتەوە وەک ئەوەی بێرگمان نیشانمان دەدات.

‎‫دواتر منداڵێک دەبینین، ئەو منداڵە کێیە و چۆن هاتووە، لەوانەیە وەڵامەکەی تەنها لای بێرگمان بێت، دیار نییە ئاخو ئەو منداڵە خەیاڵ بووە یاخود ڕاستەقینە، بەڵام دەیبنین کەوا یۆهان منداڵەکە دەکوژێت، دەکرێت لە ڕاستیدا یۆهان ئەم کارەی کردبێت، دەشکرێ تەنها خەیاڵ بووبێت.

‎‫کاتژمێری گورگ، یاخود ساتی گورگ لە خەودا. بە پێی ئەفسانەکان، ئەو کاتەیە کە مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەوێکی زۆر قووڵ و هیچ خەوێک نابینێت، ئەفسانەکە باس لەوە دەکات لەو کاتەدا خەڵکێکی زۆر دەمرێت و منداڵی زۆریش لەدایک دەبن، وەک لە فیلمەکە باسی دەکات، لەو کاتەی کە باسی کاتژمێری گورگ دەکات یۆهان منداڵیی خۆی بیر دێتەوە، باسی دەکات کەوا ئەو کاتەی منداڵ بووە، دایک و باوکی بەندیان کردووە لە شوێنێکی زۆر تاریک لەبەر ڕەفتارەکانی، لەو شوێنە کە باسی دەکات هیچ ڕووناکییەکی لێ نییە، دەکرێت لێرەدا هۆکاری ترسانی یۆهانمان بۆ ڕوون بێتەوە لە تاریکیدا.

‎‫زۆربەی کاتەکان کاتێک کە باس لە تێکچوونی باری دەروونیی کەسێک دەکرێت، هەمیشە بە هۆی شتێکەوە بووە لە ڕابردوویدا ڕووی داوە، دەکرێت تێکچوونی دەروونیی یۆهان لەو کاتەوە دەستی پێ کردبێت کەلە ژورێکی تاریکدا بەند کراوە، ڕابردوو هەمیشە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هەر کەسێک هەیە، مەبەستی ئەوە ڕوونە کە یۆهان بۆچی هاتووەتە دورگەیەکی بچووک بژیێت، بێگومان ویستویەتی لە ڕابردووی ڕا بکات یاخۆد ڕزگاری ببێت لە ترسەکانی، بەڵام ئەوە ڕووی دا کە لە فیلمەکە بینەری دەبین.

‎‫دیمەنێکی تر لە فیلمەکە، دەکرێت کاتێک کە بینەری فیلمەکە دەبیت لات زۆر سەرنج ڕاکێش بێت

‎‫کاتێک کە یۆهان و ئاڵما لە قەڵاکەی بارۆ دەبن، لە دیمەنێکدا شانۆگەرییەک دەبینین بە ئاوازی ئۆرکێسترا، لەو دیمەنەدا هەموان خەمێکی زۆریان پێوە دیار دەبێت، شانۆگەرییەکە وا دیارە کە بوکەڵە بن بەڵام لە ڕاستیدا کەسانی ڕاستەقینەن هونەری بێرگمان بەم شێوەیە نیشانمان دەدات، هیچ وەڵامێک نییە بۆ ئەوەی ئایا پەیوەندیی ئەم ئۆرکسترایە کاریگەرە و دیمەنەکە چ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە هەیە، بە گشتی وەک پێشتر باسمان کرد زۆر قورسە بە تەواوی بزانیت چی ڕوو دەدات لەم فیلمەدا

‎‫لە کۆتاییدا فیلمەکە، یەکێکە لە کارە هەرە نایاب و ئاڵۆزەکانی بێرگمان، فیلمەکە چەندین پرسیاری بێ وەڵام دروست دەکات لە مێشکی بینەردا، وەک هەموو کارەکانی بێرگمان شایەنی بینینە.

هاوبەشی بکە

Bergman, Ingmar Bergman,