02/05/2024
DidiMn Logo
Top

چ ڕەنگێک نیشانەی دڵخۆشییە؟

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئاڕت گه‌له‌ری

کارۆلاین ئاشود
لە ئینگلیزییەوە: کەژان مەحمود غەریب

 

ئایا ئەوە ڕەنگی زەردی گوڵەبەڕۆژەیە؟ ڕەنگی شینی کاڵی ئاسمانی ڕۆژێکی هاوینە؟ ڕەنگی سەوزی بەپیتی دەشتێکە؟ یاخود ڕەنگی سووری گەرمی پریشکی ئاگردانی ماڵەوەیە؟

ڕەنگەکان ڕۆڵێکی مەزن دەبینن لە تێڕوانینی ئێمە بۆ دڵخۆشی و ئارامی و چێژ و ساتە خۆشەکان. سروشت پڕە لە ڕەنگی جیاواز جیاواز، هێندە دەوڵەمەندە، کە هەندێک جار ژمارەی زۆری پلە و تۆنی ڕەنگی گوڵەکان یاخود پەڕ و باڵی باڵندەکان، سەرساممان دەکەن.

لەگەڵ ڕۆڵی هاندانەکەیدا، ڕەنگەکان دەکرێت وەکو هێما بەکار بهێنرێن.

ڕەنگی شین باوترین ڕەنگە و زۆرترین خواستی لەسەرە. شەبەنگی ڕەنگی شین دەتوانێت لە ڕەنگی شینی ئاسمانییەوە بمانبات بۆ پلەیەلی قووڵ و پڕ هەستی ڕەنگی نیلی.

ڕەنگی سوور دەکرێت بە مانای مەترسیدار هەروەها بە مانای خۆشەویستییش بێت، لە هەندێک کۆمەڵگە بە مانای بەختی باش دێت. ڕەنگی سوور گەرمی و وزە و ئاواتی تێدایە. ڕەنگی شەراب و ڕەنگی پارچەیەک گۆشتی خوێناوییە. تێکەڵ بە ڕەنگی پرتەقاڵی، ڕەنگی خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتنە. ئەو کاتانەی تووڕەین سوور دەبینین، بەڵام چێژیش لە بەکارهێنانی فەرشی سوور دەبینین.

 

سەوز ڕەنگی سروشتە. ڕەنگێکی بێئەزموونە. وەک ڕووەکێکی تازەپێگەیشتوو کە لەژێر یەکەمین تیشکی خۆری وەرزی بەهاردا لە زەوییەکە سەری دەرهێناوە. سەوز ڕەنگی پارەیە، ڕەنگی قەوزەی سەر سەموون و گژوگیای ماڵانە.

وەک یەکێک لە سێ ڕەنگە سەرەکییەکە، ڕەنگی زەرد کەمترین خواستی لەسەرە، لەگەڵ ڕەنگەکانی تری وەک پرتەقاڵی و قاوەیی. بەپێی پێوانەیەک کە لە لایەن پیشەگەرێکی بەناوبانگی وێنەکێشانەوە کراوە، تا گەورەتر ببین، کەمتر حەز بە ڕەنگی پرتەقاڵی دەکەین.

جگە لەوەی کە نیشانەی ئازایەتی و نەبەردییە، ڕەنگی مۆریش یەکێکە لەو ڕەنگانەی کە لە ئاستێکی نزمدایە، بەڵام هێشتا پلەیەکی باشتر لە ڕەنگی زەردی هەیە.

جیاواز لەوەی کە جوانترین ڕەنگ بە لامانەوە چ ڕەنگێکە، ئاشکرایە کە لە هێزی ڕەنگەکان زۆر هەست بەرهەم دەهێنین، تەنانەت هەندێک کەس، کەسایەتییەکان بە ڕەنگێکی تایبەت پێناسە دەکەن. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، هەر ڕەنگێک و کەسایەتییەکی جیاواز دەردەخات.

لەبەر ئەوە جوانترین ڕەنگ یاخود ئەو ڕەنگەی کە بە لاتەوە پەسەندە، کەسایەتیی تۆ دەردەخات. هەموو ڕەنگەکان جۆگەیەک بۆ خۆشییە مەزنەکانی ژیان دروست دەکەن، لەبەر ئەوە هەندێک ڕەنگ بۆ ڕۆژەکەت زیاد بکە.

هاوبەشی بکە

Art, Artist, Wtari Art u Design,