20/04/2024
DidiMn Logo
Top

لەدایکبوونی خراپە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
زاموا محەمەد

”گەر ئەدەب خۆی لە خراپە بە دوور بگرێت، ڕاستەوخۆ دەبێتە شتێکی وەڕزکەر و بێتام” چونکە ”تەنیا ئەدەب دەتوانێت پڕۆسەی شکاندنی یاسا بخاتە ڕوو، کە بە بێ ئەم پڕۆسەیە یاسا بێکۆتا دەبوو” وەک جۆرج بەتای دەڵێت. لە سەردەمی هۆمێرەوە، بە تێپەڕین بە دانتێ، میلتۆن و بلەیکدا تا دەگەین بە ڕۆژگاری دۆستۆڤسکی، دواتریش بە کاواباتا و میشیما، بە کۆندێرا و چەندانی تر، بە پێشڕەویی ”خراپە” ئێمە لە بەردەم پرۆسەیەکی دوورودرێژی لادان لە هەموو چەشن و شێوەکانی ”یاسا”داین. یەکێک بە هەڵەدا ناچێت گەر تەواوی مێژووی داهێنانی ڕاستەقینە، وەک دیرۆکێک لە تەقەلا و هەنگاونان لە پێناو هەڵوەشاندنەوەیەکی سیستماتیکی یاساکاندا بخوێنێتەوە. هەر لەم ڕاستەهێڵەشدا، لە ئەفڵاتوونەوە (کە لە پێناو سەرهەڵنەدانی بەدکاریدا شاعیری لە کۆمارەکەی دەرکرد) بە تێپەڕین بە خوێندنەوە شەخسییەکانی فرۆید خۆیدا بۆ ئەدەب، تا دەگەین بە تەلەبەکانی ئەمڕۆی قوتابخانەی بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ئەوانەی لە ژێر شاناوەکانی ڕەخنەی سۆسیالیستی- فیمینیستی – ئیورۆسەنتەریدا سەرزەنشتی ئەدەب دەکەن، چون بەشدار نەبووە لە بەدیهێنانی یەکسانیی چینایەتی، یەکسانیی ژن و پیاو و قەڵاچۆکردنی ڕەیسیزمدا، ئێمە لە بەردەم مێژوویەکداین لە ترس و خۆشاردنەوە لەو جەوهەری ”خراپە”یەی ئەدەب پەخشی دەکات.

(ئەگەرچی من نووسیم خوێندنەوەکانی فرۆید خۆی، بەڵام ناکرێت تەواوی دەروونشیکاریی تەقلیدی لەم پرسە بپەڕێنینەوە، کە لە ڕێی وەهمی دایگنۆسکردنی دەقی ئەدەبییەوە و کورتکردنەوەی لە نەخشەی دەروونیی مرۆڤدا، مەهزەلەیەکی گەورە لە مێژووی ڕەخنەی ئەدەبیدا دێنێتە ئاراوە… دەگێڕدرێتەوە کە ماوەیەکی کەم پاش خوێندنەوەی ”ئۆلیسیۆس”ی جۆیس، کارل یۆنگ وتارێکی تا بڵێی ڕەق و توند لەسەر ڕۆمانەکە دەنووسێت و دەڵێت کە خوێندنەوەی ئەم کتێبە هیچ پێویست نییە، چونکە دووتوێکەی خاڵییە، بگرە ئەم ڕۆمانە لە عەدەمێکەوە دەست پێ دەکات و هەر بەو عەدەمەش کۆتایی دێت، ئەوەی لە ناوەڕاستی دوو عەدەمەکەشدایە بێگومان هیچە – ئەگەر چی بە ڕای من مەسەلەکە تەنیا ئەوەیە کە جۆیس شتێکی بۆ یۆنگ نەهێشتووەتەوە تا قسەی لەسەر بکات، یان لە دەرووندا کورتی بکاتەوە -. هەڵبەت ئەمە جۆیس زۆر تووڕە دەکات. لە سەردانێکیدا بۆ ئۆفیسەکەی یۆنگ، کە هۆکارەکەی ئەوەیە کچەکەی جۆیس نەخۆشی یۆنگە و سەردانەکەش لە پێناو ئاگاداربووندایە لە دۆخی کچەکەی، جۆیس دەپرسێت کە داخۆ دکتۆرەکە پێی وا نییە ئەو دەریایەی کچەکەی ئەمی تێکەوتووە، هەمان دەریا نەبێت کە جۆیس خۆی تێدایە؟ یۆنگ دەڵێت ”با، بەڵام تۆ دەزانیت لە دەریاکەدا مەلە بکەیت، وەلێ کچەکەت تیایدا نوقوم دەبێت”)

مەسەلەکە بەو سادەییە نییە کە کایەی فیکر دژی خراپە بێت و ئەدەب پەخشی بکات. هەر لە نێوان ئەدیبەکاندا چەندان تێگەیشتن و خوێندنەوەمان بۆ ئەدەب و هونەر هەیە کە لە چێوەی ترسە ئەفڵاتونییەکە دەرناچن، یان لایەنی کەم سەدای ئەون. ڕوانگە مەسیحییە ئەخلاقخوازانەکەی تۆڵستۆی لە ”هونەر چییە؟”دا و هێرشەکەی بۆ سەر شکسپیر و چەندانی تر، نمونەیەکی زەق و گونجاوە. وەک چۆن نیچە، بەشێکی دیاریکراوی جوانیناسی کانت (بە تایبەت لە پەیوەندیدا بە سەبلایمەوە) و چەندان بۆچوونی تر، لە پەیوەندیدا بە هونەر و ئەدەبەوە، خۆیان لە هەڵوێستە ئەفڵاتونییەکە دەپارێزن.

لە چەند ڕۆژی پێشوودا وتاری ڕەخنەگرێکی ئینگلیزم دەخوێندەوە لەبارەی کایەی ڕەخنەی هاوچەرخەوە، دیدگایەکی کەمێک سەیری هەبوو، کورتەکەی ئەمەیە: هەموو ئەوەی لە ڕەخنەی ئەڵمانیی و فەرەنسیی دوای شەستەکاندا دەگوزەرێت، لە پەیوەندیدا بە ئەدەبەوە، لە ڕاستیدا هیچ نییە جگە لە قۆناغێکی تری کورتی ئەفڵاتونیزم. سەرباری قورسیی سەلماندن و سەپاندنی ئەم بۆچوونە، بەو پێیەی ئەم قۆناغە لە کرۆکەوە دژی ئەفڵاتونیزمە، هەندێک ئیمکانی ڕەخنەیی سەرنجڕاکێشیشی دەهێنایە ئاراوە.

دیمەنگەلێک لە فیلمەکانی لاس ڤۆنترێر

بە هەرحاڵ، دەمویست شتێکی بچووک لەسەر لارس ڤۆنترێر بڵێم. بەو جۆرەش هاتمە ناو باسەکەوە چونکە من لە تیۆری و مێژووی خودی سینەما خۆیدا تەواو شارەزا نیم – ناشمەوێت ببم -. هێندەی من دیبێتم، یەکێک لە بزوێنەرە هەرە بەهێزەکانی فیلمی ڤۆنترێر ئەو هێزی خراپەیە کە باس کرا. هەڵبەت ئەم خراپەیە لە چەندین ئاستی جیاجیادا کار دەکات، لە ئاستی ئەخلاقی و ناوەڕۆکەوە تا دەگات بە ئاستی تەکنیک و فۆڕم و پەیوەندییبەستن لەگەڵ خودی سینەما خۆیدا وەک کایەیەک کە خاوەن پەیڕەو و کانوونی خۆیەتی.

لە ”دۆگڤیڵ”دا لابردنی دیواری خانووەکانی گوندەکە، خراپەیەکی گەورەیە بەرامبەر هاوکێشەکانی بینراو و نەبینراو کە لە کامێراوە دەگوێزرێتەوە بۆ بینەر، بە ڕادەیەک کە بەس دەبێت بۆ داڕشتنی فۆڕمی هونەریی سەرلەبەری فیلمەکە. هەروەها ئەم خراپەیە سرووشت و ڕەفتارێکی تەواو جیاواز بۆ شوێن – یان با بڵێین لۆکەیشن – دەهێننێتە ئاراوە. هەر لەم فیلمەشدا، ئەوەی کە کۆتاییە زۆر جوان و سەرنجڕاکێشەکەی مومکین دەکات، خراپەیەکی ترە لە ئاستی ئەخلاقیدا – خراپەی لێنەبوردن – زیاتر باسی هیچکام لەم دووانە ناکەم، تاکو گەر یەکێک نەیدیبوون، خۆی بەریان بکەوێت.

لە ”دژەمەسح”دا خودی ئیرادەی ژیان دەکرێت بە خراپە، تاکو ببێت بە یەکێک لە مۆتیڤە سەرەکییەکانی گێڕانەوەکە. (مادام پرسی گێڕانەوە هاتە ئاراوە: کارەکانی ئەم دواییەی ڤۆن ترێر، بەتایبەت ”میلانکۆلی و نایمفۆمەینیاک و ئەو خانووەی جاک درووستی کرد” لە ڕووی گێڕانەوە و داڕشتنی گرێچنەوە، هیچ نین ئەگەر داستانیی نەبن. دەستپێکی فیلمی ”ئەو خانووەی جاک درووستی کرد” تێکەڵکردنێکی ڕوون و ئاشکرای ”دۆزەخ”ی کۆمیدیای دانتی و ”بەهەشتی لەدەستچوو”ی جۆن میلتۆنە. لە دەستپێکی فیلمەکەدا جاک لەگەڵ ڤارگ ”ڤێرجیلۆ”دا بە بازنەکانی دۆزەخدا دەڕۆن. هەڵبەت ئەمە کۆتایی بەسەرهاتەکەیە کە خراوەتە سەرەتای فیلمەکەوە، هەمان هەڵگێڕانەوەشە کە میلتۆن لە شێوەی داستانییدا، لە ”بەهەشتی لەدەستچوو”دا دەیکات: گێڕانەوە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە شەیتان و هاوەڵە یاخییەکانی شکستیان هێناوە، ڕێک لەو کاتەدا کە بەردەبنەوە بۆ دۆزەخ). لەم سەردەمەدا کە گێڕانەوە، وەک هونەرێک، لە پێناو ئۆتۆنۆمیدا، بە هەموو هێزی خۆیەوە دەیەوێت لە کلاسیک و ڕابوردووی خۆی دوور بکەوێتەوە، هەروەها سینەماش، لە پێناو ئۆتۆنۆمیی هونەریدا، کە دوو هێندە دەیەوێت هەم لەم کلاسیکیاتە و هەم لە ئەدەبیاتیش دوور بکەوێتەوە، ئەم زیندووکردنەوەیەی داستان لە کایەکەدا خراپەیەکی ترە.

کوشتن، بۆ جاک، لە لەناوبردنی مرۆڤێکەوە دەست پێ دەکات لە پێناو بەرهەمهێنانی لاشەیەکدا. هونەر، نواندنەوە، بۆ ئەو دەبێتە مامەڵەکردنی ئەم لاشەیە وەک پانتاییەک بۆ دەربڕین، وەک جێیەک بۆ مانا و ئاماژە، یان وەک جەستە. هونەری کوشتن لای جاک بریتییە لە هەوڵی نەبڕاوەی بەجەستەکردنەوەی لاشەیەک.

لە ”ئەو خانووەی جاک درووستی کرد”دا بەکارهێنانی ئەم هێزی خراپەیە دەگاتە ترۆپکی خۆی. جاک هەڕەمەکییانە، یان بە ڕێکەوت خەڵک ناکوژێت. کوشتن لای جاک تەنانەت ئەو ئاستە جوانیناسییە زۆر باڵایەشی تێپەڕاندووە کە تەنیا لە پێناو چێژدا بێت؛ لە جاکدا کوشتن لە پێناو هونەردایە. پرسیار لەبارەی کوشتنەوە لەم کارەی ڤۆنترێردا پرسیارێکی ئەخلاقی نییە، پرسیار نییە بۆ دانانی کوشتن لە بەرەی خراپە یان چاکەدا، بەڵکو پرسیاری کوشتنە لە پێناو داڕشتنیدا وەک فۆڕمێکی هونەریی. کەواتە جاک وەک میدیەمێک بۆ دەربڕین، وەک میدیەمێک بۆ خۆ-دەربڕین، ئەویدی-دەربڕین، یان ناوەڕۆک-دەربڕین لە کوشتن دەڕوانێت، وەک فۆڕم لە کوشتن دەڕوانێت.

جاک تەواو پێرفێکشنیستە لە پرسی لاشەکانیدا، پاش کوشتن دەستکارییان دەکات، شێوەیان دەگۆڕێت، فۆتۆیان دەگرێت، هەوڵ دەدات بە مانا باریان بکات، دەربڕینیان بداتێ؛ دەریانببڕێتەوە لە ڕێی مردووییانەوە، واتە بیانکاتەوە بە جەستە. کەواتە کوشتن، بۆ جاک، لە لەناوبردنی مرۆڤێکەوە دەست پێ دەکات لە پێناو بەرهەمهێنانی لاشەیەکدا. هونەر، نواندنەوە، بۆ ئەو دەبێتە مامەڵەکردنی ئەم لاشەیە وەک پانتاییەک بۆ دەربڕین، وەک جێیەک بۆ مانا و ئاماژە، یان وەک جەستە. هونەری کوشتن لای جاک بریتییە لە هەوڵی نەبڕاوەی بەجەستەکردنەوەی لاشەیەک. ئەم کارە ڕەهەندێکی تا بڵێیت کافکاییشی هەیە، ڕەهەندە کافکاییەکەی ئەم هەوڵی هونەرکردنە لەوێدایە کە بەردەوام مەحکومە بە شکست، کە بەردەوام بەرەو شکست دەچێت، کوشتن و دواتر بە ئاماژەکردنی لاشە هیچ نییە جگە لە خرۆشی جاک دەمێک هاواری شکستی خۆی دەکات، ئەگەر بێت و خوێندنەوەکەی واڵتەر بێنیامینمان بۆ کافکا قبووڵ بێت.

پرسین لەبارەی چۆنێتیی بەرهەمهێنانی هونەر لە ڕێی کوشتنی مرۆڤێکی ترەوە، خراپەیەکە دەشێ تەنیا ئەدەب و هونەر بەرگەی پەخشکردنی بگرن. خراپەیەکە ڤۆنترێر لە ڕێی فیلمەکەیەوە جڵەوی دەدات، بۆیە دەتوانین ڤۆنترێر وەک یەکێک لە دەموچاوە دیارەکانی خراپە بیبینین لەمڕۆدا. ڤۆنترێر، کە ٣٠ی ئەپرێل، ڕۆژی لەدایکبوونی بوو، هەر لەبەر ئەمەش ویستم ئەم چەند پەرەگرافە سادەیە لەبارەی ئەوەوە، ناوبنێم ”لەدایکبوونی خراپە” لانی کەم لە فیلمدا.

هاوبەشی بکە

Film, Las Von Trier,