22/03/2024
DidiMn Logo
Top

ئەستێرەکانی کەلار: مەلا و مزگەوت و شانۆ، چۆن بتوانین لەگەڵ یەك هەڵبکەین؟

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ڕزگار حەمە ڕەشید – دیدی من

(١)

زۆرجار بۆ دەستنیشانکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، ڕەخنەکانمان لەسەر حوکمڕانە خۆسەپێنەکان چڕتر دەکەینەوە، بەمەش باز بەسەر گرێ مەترسیدارەکاندا دەنێین و ناپەرژێینە سەر دەستنیشانکردن و لێوردبوونەوە لێیان. کێشەی ئەم بازدانە بەتەنیا ئەوە نییە کە ناپەرژێینە سەر لە خود ڕامان و تێگەیشتن لە هەلومەرجە تایبەتییەکان، بەڵکو قووڵتر دەبێتەوە بۆ ئەو بڵقانەی لەئەنجامی ئەو بۆشاییەدا هەڵدەتۆقێن و بە هێمنی بوونمان داگیر دەکەن.

“کێ دەتوانێت نوێنەرایەتی خودا بکات لەسەر زەمین؟ داخۆ خودا پێویستی بە دامەزراندنی کۆمەڵێك مووچەخۆر هەیە تا داکۆکی لێبکەن؟”

کێ دەتوانێت نوێنەرایەتی خودا بکات لەسەر زەمین؟ داخۆ خودا پێویستی بە دامەزراندنی کۆمەڵێك مووچەخۆر هەیە تا داکۆکی لێبکەن؟ ئەوانە کێن بەناوی خوداوە وەعز دەدەن و فتوا دەردەکەن و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان حەڵاڵ و حەرام دەکەن؟ ئایا مزگەوت جێگایەکە بۆ خودا پەرستی و دۆزینەوەی ڕێگای گەیشتن بە پاکژبوونەوەو گەیشتن بە خودا، یان جێگایەك بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان؟ لەکوێدا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا پێویستی بە نێوەندکاری حیزبی و مرۆیی هەیە تا بیپارێزن؟ ئەگەر زەمین و هەسارەکان دەستکردی خودان، کێ مافی کۆتاییپێهێنانی ئەفراندنەکانی خودای هەیە لەسەر زەمین، کە مرۆڤ بەشێکی گرنگیەتی؟ چۆن وەك خوداپەرستێکی مسوڵمان خۆت لە داعش و قاعیدە و ئیخوان و سەلەفیەکان و تیرۆریستەکانی دژە مرۆڤ دەپارێزیت تا بگەیتە سەر بنەچەی ڕاستەقینەی مرۆڤبوون؟ چۆن پەیوەندی خۆت بە خوداوە لە گەمەی سیاسییە دەمامکدارەکان قوتار دەکەیت و وەك مرۆڤێکی کراوە و ئازاد، ئازادی مرۆڤەکان وەك هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکان تەماشا دەکەیت؟ چۆن ئاشتی بە مانا قووڵەکەی قبووڵدەکەیت و بەسەر ئەوانیتریشدا دەیبەخشیتەوە؟ لێبوردەیی لای تۆ چی دەگەیەنێت؟ چۆن بتوانین لەگەڵ یەکتر هەڵبکەین؟

وەستان لەبەردەم پرسیارەکاندا ڕەنگە سەرەتایەکی زۆر باش بێت بۆ هەنگاونانێکی تەندروست. زۆرجار مرۆڤەکان، لەژێر کاریگەری ئەو هەموو ئاژاوە و ژاوەژاوە فیکری و ئایدیۆلۆژیانەی پێوەی دەرگیرن، یان لەژێر کاریگەری ئەو ئیشکردنە سیستماتیك و پرۆگراماتیکە دووبارەبۆوانەی سیستەم لەسەر ژیانیان پیادەی دەکات، ناپەرژێنە سەر بیرکردنەوەیەکی تەندروست لەسەر خۆیان و ئەو ژینگەیەی تێیدان. بۆیە دەشێت وروژاندنی پرسیارەکان سەرەتایەك بێت بۆ نزیکبوونەوە لەو مرۆڤەی لەژێر ئەو کاریگەریانەدا، لەناوەوەماندا خەفەکراوە.

لە مێژووی کۆنەوە پەیوەندی پیاوانی ئایینی و هونەرمەندان بە چەندین لێکهەڵشاخان و بەرەوڕووبوونەوەدا تێپەڕیوە، بەڵام دواجار “لانیکەم لەمێژووی ڕۆژئاوای دوای ڕێنیسانسەوە” بە ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتن، ئەویش ئەوەی کە کاری ئایینزاکان ( کریستیان و موسوڵمان و جو) لە بابەتە سۆفستایی و عیرفانیەکاندا چڕ بکرێتەوە و هونەریش بە گفتوگۆی نێوان کۆمەڵگاکانەوە سەرقاڵبێت. بەو پێیەی گوتار و ڕاگەیاندراوەکانی پیاوانی ئایینی زۆرجار بەر ژێ کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان دەکەون، بۆیە لەو کاتانەدا کارە هونەریەکان بەرامبەری دەوەستنەوە و ڕەخنەی لێدەگرن. مەبەستم لە ژێ کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان، دەستتێوەردانی پیاوانی ئایینییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیە دونیاییەکان، وەك جۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خواردن و خواردنەوەو جلوبەرگ و هەڵسوکەوتە ڕۆژانەییەکان. ئەمانە هەریەکەو تایبەتمەندیی بوارێکی جیاوازە. جۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاری سۆسیۆلۆجیستەکانە، خواردن و خواردنەوە کاری پزیشك و پسپۆرەکانی نوتریشنە، جلوبەرگ هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکانە و سەرەتاییترین مافی ئازادی تاکە، هەڵسوکەوتە ڕۆژانەییەکانیش دەرهاویشتەی پەروەردە و شێوازی گەشەکردن و ئەزموونی تایبەتی کەسەکانە و لە حاڵەتی نا ئاساییشدا، کاری سایکۆلۆجیست و سایکایەتریست و توێژەرە دەروونیەکانە دەستنیشانی بکەن و کاری لەسەر بکەن.

بەڵام کاتێك هەموو ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکانە بە پیاوانی ئایینی دەسپێردرێن، ئیتر جێگایەك بۆ هیچ یەکێك لەو پسپۆریانە نامێنێتەوە. بە مانایەکیتر، هەر کۆمەڵگایەك تێکڕای ئەو پرسە سیاسی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی بە دەستەیەکی دیاریکراو.ی وەك پیاوانی ئایینی بسپێرێت، ئەو کۆمەڵگایە ناتوانێت هەنگاوێك لە ئاسوودەیی و ژیانێکی سەرفراز نزیك ببێتەوە و هەمیشە لەناو کێشە ناوخۆییەکانیدا نغرۆ دەبێت.

“ئایین و ئایدیۆلۆژیا و بیرو باوەڕەکان هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکانن، هیچ کەسێك مافی ئەوەی نییە بەسەر هەمواندا بیسەپێنێت.”

ئایین و ئایدیۆلۆژیا و بیرو باوەڕەکان هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکانن، هیچ کەسێك مافی ئەوەی نییە بەسەر هەمواندا بیسەپێنێت، ئاسانترین ڕێگای ئاشتییانە بۆ بەیەکەوە ژیان، پەسەند کردنی ئەم ڕاستییەیە. بەڵام مەخابن، ئەم دیدە ئاشتیخوازانەیە زۆرجار لە بەرژەوەندی حیزبە سیاسییەکان نییە، بۆیە پەنا بۆ دروستکردنی پشێوی دەبەن و ناکۆکییەکان دەدرەوشێننەوە، یان لە نەبوو دروستی دەکەن.

(٢)

هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییەکان کاری کەسانی پسپۆری ئەو بوارانەیە. دەشێت کەسێك تێڕوانینی خۆی دەربارەی کارێکی هونەری بنوسێتەوە، بەڵام ناکرێت کەسێك بەناوی هەموانەوە قسە بکات. بەتەنیا مەبەستم دید و بیروڕا نییە، بەڵکو مەبەستم چێژیشە، چونکە وەك چۆن دەکرێت تێڕوانینی مرۆڤەکان جیاواز بێت، بەهەمان شێوە شێوازی چێژبینینیشیان جیاوازە. ئێمە بەهەڵەیەکی گەورەدا دەڕۆین گەر پێمان وابێت لە یەك بەرهەمی هونەریدا دەتوانین خزمەتی ئاوەز و چێژبینی بینەرەکان بەهەمان ئەندازە بکەین. بەهەمان شێوە، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بینەری کارە هونەریەکان چاەڕوانیی ئەوەیان هەبێت کە هەموو بەرهەمێکی هونەری بە پێوانەکاریەکانی ئەو بەرهەم بێت. بۆ نمونە زۆر جار گوێمان لێدەبێت کە کەسێك زۆر لەژێر کاریگەری دەنگی گۆرانیبێژێک، یان موزیك، فیلم، شانۆ، تابلۆ یا پەیکەر یان پێرفۆرمانسێکدایە، وەك ئەوە باسی دەکات کە هەموومان ناچاربین بەهەمان ئەندازەی ئەو چێژی لێببینین. بە خۆم تا ئەم دواییانەش نەمدەوێرا بڵێم دەنگی حەمە ساڵەح دیلان نامبزوێنێت و زۆر جار بێزاریشم دەکات، چونکە بە گشتی هاوتەمەنەکانم و ئەوانەی پێشتریش هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو دەنگە لەسەروو ڕا و پرسیارەوەیە. بەڵام ڕاستییە سادەکە ئەوەیە کە دەکرێت زۆرینە لەژێر کاریگەری بەرهەمێکی هونەریدا بن، بەڵام زۆریش ئاساییە ئەو بەرهەمە “وەك چێژ” لای ژمارەیەك کەسیتر پەسەند نەبێت.

“هەر ئایین و بیروباوەڕێك پێگەی خۆی لەڕێی پێکدادانی ئیلیەتە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەدەست بهێنێت، پرۆژەی دوبارەکردنەوەی نازیزم و فاشیزمی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.”

بەڵام لە ئاستی بەرهەمهێنانی مانادا، بەرهەمێکی هونەری توانای دامەزراندنی دیالۆگی هەیە، جا دەکرێت ئەو دیالۆگە تەنیا لەناوەوەی کەسێکدا ڕوو بدات، دەشکرێت ببێتە دیالۆگیکی فراوانی کۆمەڵایەتی. لەم ئاستەدا، دەشێت لەژێر باڵی بزوتنەوە توندڕەوەکان و ئایینزا و ئایدیۆلۆژیستە توندڕەوەکاندا، هونەر بەکار بهێنرێت بۆ هاندانی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی، وەك ئەو گرووپە شانۆییانەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستگیرۆیی دەکردن، لەبری بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی و لەخۆبردوویی بۆ کاری چاکە، هانی گەنجانیان دەدا بۆ کوشتنی نەیارانیان. یان باگخوازەکان، پیشەی ئەوانیش جۆرێکە لە پێرفۆرمانس، کەچی زۆریان دەبینیت ئەو پێرفۆرمانسە بۆ دژایەتیکردن و ئاژاوە نانەوە بەکار دەهێنن و فتوای کوشتنی ژنان و نوسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەوانەکانی لێوە دەر دەکەن. هەر ئایین و بیروباوەڕێك کار بۆ داگیرکردنی تێکڕای کۆمەڵگا بکات، لەهیچ جۆرە هەڕەشەو سوکایەتی و دەستدرێژی و توندوتیژییەك نابوێرێت. هەر ئایین و بیروباوەڕێك پێگەی خۆی لەڕێی پێکدادانی ئیلیەتە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەدەست بهێنێت، پرۆژەی دوبارەکردنەوەی نازیزم و فاشیزمی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو نوخبە ئیسلامییەی کوردستان ئەوها کار دەکەن و بۆ ئەمەش تەنیا بەوەوە نەوەستاونلە خوندنگەکاندا هەر لە سەرەتاییەوە تا زانکۆ، لەشکرێک لە کەسانی مێشکشۆراو بنێرنە ناوەوە و تۆوی ئاژاوەگێڕی و ڕق و بوغزاندنیان تێدا بنێژن، بەڵکو زۆر لەوە زیاتر پەلیان هاویشتۆتە ناو هەموو خانە وردیلە کۆمەڵایەتیەکانەوەو دەیانەوێت گەرای ئەو ژەهرە دژە مرۆڤەی تێدا بڵاو بکەنەوە. هەر ئەوانیشن هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ئاستی ژن کوشتنن لە هەرێمدا، دەنا کورد کۆمەڵگایەکی نەك ژنکوژ نەبووە، بەڵکو وەك هاوڵاتی ڕەسەنی ناوچەکە ( بەهەمان شێوەی هاوڵاتییە ڕەسەنەکانی کەنەدا و ئەمریکا و…هتد، indigenous) ئەوەندە تێکەڵاوی سرووشت بووە، نەك مرۆڤ، ڕێزی بۆ دار و کێڵگەکانیش داناوە و ژیانی خۆیی لەگەڵ پەلەوەر و ئاژەڵەکاندا هاوبەش کردووە. لەوەتەی ئەمانە دروست بوون و بەتایبەتیش لەدوای ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ەوە، بزانە چۆن کاریان لە مێنتاڵێتی گشتی کردووە و وایانکردووە زۆر کەس بڵێت ئێمە سەر بە کۆمەڵگایەکی ژنکوژین ( کە ئەمەش بێدادییەکی گەورەیە هەموان بخەیتە هەمان قۆزاخەوە). بەهەرحاڵ ئۆباڵی زۆر بەی هەرەزۆری توندوتیژی و لێکترازانەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە ئەستۆی ئەو بانگخوازو حیزبە ئیسلامیە توندڕەوانەیە. ئەوانیش بێگومان سوودی تەواویان لەو ڕووبەرە ئێجگار فراوانە وەرگرتووە کە یەکێتی و پارتی و گۆڕان لە ئەنجامی ململانێکانی نێوان خۆیان بۆیان فەراهەم کردوون.

لەم ڕووەوە میدیاش ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دروستکردنی هامچێژی و لەناوبردنی تۆن و دەنگ و ڕەنگی جیاواز. ئەمەش تەنیا لە بەرهەمە هونەریەکاندا نا، بەڵکو لە ئاراستەکردنی تێکڕای ڕوخسارەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا. بۆیە کاتێك هێرشێکی بەربەریانە دەکرێتە سەر هونەرمەندێك یان هەر کەسێکیتر، شانبەشانی بەدواداچوون و لێپێچینەوەو بەرەوڕووبوونەوەی ئەو خێڵە بەربەریە، پێویستە هەمان شت بەرامبەر میدیاکانیش بکرێت. بۆ نمونە لە کەیسی ئەو هونەرمەندانەی کەلاردا، وەك چۆن پێویستە لێپێچینەوە لەو مەلایانە بکرێت کە گوتاری توند و دوژمنکارانەیان لەسەر داوە، پێویستە لێپێچینەوە لەو بەرپرسە حکومیانەش بکرێت کەبڕیاریان دژی  گرووپە شانۆییەکە دەرکردبوو، بەهەمان ئەندازە پێویستە سزای هەندێ میدیاش بدرێت، بەتایبەتی ڕوداوو NRT کە نەك خزمەتێکیان بە حورمەتی مرۆڤەکان نەکرد و لێی نەهاتنە دەنگ، بەڵکو کەناڵەکانیشیان خستبووە خزمەتی ئەو سەلەفی و مەلا بێ پرنسیپانەوە تا لەوێشەوە هەڕەشەکانی خۆیان توندتر بکەنەوەو هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی بدەن، لەمەدا حیزبە سیاسییەکانیش ڕۆڵی زۆر کاریگەریان هەیە لە ئاراستەکردنی دەزگا میدیاییەکان و ڕای گشتیدا.

پێویستە ئەم چەواشە کارییە ڕابگیرێت، ئەو گرووپە شانۆییەی کەلار دەیانەوێت کۆتایی بەو زمانە زبر و جنێوئامێزە بهێنرێت بەرامبەر کۆمەڵگا کە مەلا هەڵۆ و مەلا مەزهەر لە دیارترینی بەکارهێنەرەکانین، هەر مەلایەك و حەوزە و مزگەوت و یەکێتییەکی ئیسلامی دژی ئەو شانۆگەریە قسە بکات، ئەوا بەشێکە لە تۆڕی ئەو جنێوفرۆشە بازاڕیانەی مەڵا هەڵۆ و مەزهەر نوێنەرایەتی دەکەن.

. پێویستە “پەرلەمان” و “سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران” و “سەرۆکایەتی هەرێم” لێپرسراوانە بێنە قسە و ڕێ لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش بگرن. ئەویش بەوەی لێپێچینەوە لەو بەڕێوەبەرەی ڕۆشنبیری گەرمیان بکەن و لەو پۆستە دووری بخەنەوە، مەلا هەڵۆ و هەر مەلایەکی تر دەستگیر بکرێن کە مینبەری مزگەوت بەکار دەهێنن بۆ سوکایەتیکردن بە “هاوڵاتیان” و هانی توندوتیژی دەدەن. ئەمە کاری هەموو هونەرمەندان و هەر سەندیکا و دەزگایەكە کە بەناوی نوسین و هونەر و ڕۆشنبیرییەوە کار دەکات (بە یەکێتی نوسەران و سەرجەم ناوەندە ڕٶشنبیرییەکانیشەوە) ئەو داواکریانە بەرز بکاتەوەو بچێتە پشتی. پێویستە فشارەکانمان جددیتر و هەمەلایەنتر بکەین بۆ سەر ئەوانەی دەیانەوێت ئازادی خۆیان بە تەفروتونا کردنی ئازادی ئێمە دەستەبەر بکەن.

هاوبەشی بکە

Art, Freedom of Art, Theatre,