18/05/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: نامه‌ی ستانلی كوبریك بۆ بێرگمان

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سینێفیلیا ئاند بیۆند
لە ئینگلیزییەوە: چرۆ عیزەت

ستانلی كوبریكی ده‌رهێنه‌ر ساڵی ١٩٦٠ له‌ ستایشی بێرگماندا نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ ده‌كات و به‌ مه‌زنترین ده‌رهێنه‌ری سه‌ده‌ ناوی ده‌بات. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی نامه‌كه‌ی كوبریكه‌.

بەڕێز بێرگمانی ئازیز…

بەدڵنیاییەوە لە دونیادا پەسن و چەپڵەڕێزان و سەركەوتنێكی زۆرت بەدەستھێناوە، كە ئەوە وادەكات نوسینی ئەم نامەیە ھیچ پێویست نەبێت، بەڵام لەبەر ھەرچییەك بێت، حەز دەكەم منیش وەكو ھاوڕێ، یان فیلمسازێك پەسن و پێزانینی خۆمی بخەمەسەر بۆ ئەو بەخششە سەیرو نایابانەی لەڕێگەی فیلمەكانتەوە بە جیھانت بەخشی. من ھەرگیز سەردانی وڵاتی سویدم نەكردووەو ھەر لەبەرئەوەیشە شانازی ئەوەم پێنەبەخشراوە كارە شانۆییەكانت ببینم.

تێڕوانینی تۆ بۆ ژیان بەقووڵی كاری تێكردم، ھێندە قووڵ كە بەدرێژایی تەمەنم ھیچ فیلمێك بەو ڕادەیە كاریگەری بەسەرمەوە نەبووە. لەو بڕوایەیشدام تۆ باشترین فیلمسازی ڕۆژگاری ئەمڕۆیت.لەگەڵ ئەمانەیشدا، ڕێگەم پێبدە پێتبڵێم لە لایەن چەندین كەسی دیكەوە بە كەسێكی بێھاوتا ناوبراویت، لە دروستكردنی دۆخ و كەشی فیلمدا، لە وردبوونەوەو بەوردی ئەنجامدانی كارەكانتدا، لەوەی كە خۆت لە ئاشكراكردنی مەبەست و پەیامی فیلمەكانت لادەدەیت، لە ڕاستگۆیی و تەواوەتیی ڕەفتارتدا، لەگەڵ ھەموو ئەو شتانەی بۆ دروستكردنی فیلمێك پێویستن.

لەو بڕوایەدام لەگەڵ نواندنكاری نایابیشدا بەختیاوەرو كامەران بوویت، (ماكس ڤۆن سیدۆو)و (ئینگرید تۆلین) لە یادەوەریمدا بەدرەوشاوەیی دەژین. بەدەر لەمانەیش لە كۆمپانیای نواندنەكەتدا چەندین نواندنكاریی دیكەیش ھەن لە مندا دێن و دەچن. بۆیە ھیوای بەختێكی باش بۆ ھەر ھەمووتان دەخوازم و دەیشبێت لەگەڵ دیتنی ھەر فیلمێكتدا بە تەواوی ھەست بە خۆشی و ئاسوودەیی بكەم.

ھیوای باشترینت بۆ دەخوازم.
٩ی شوباتی ١٩٦٠
ستانڵی كوبریك

هاوبەشی بکە

Bergman, ingmar,