23/04/2024
DidiMn Logo
Top

ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند لە سلێمانی کرایەوە

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منراگەیاندنی ناوەندی ڕەهەند

 

ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، ناوەندێکی نوێی ڕۆشنبیرییە و لە شاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی کردووە. ڕۆژی هەشتی تشرینی دووەمی 2018 لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە لایەن م. حەمە کەریم عارفەوە کرایەوە. ناوەندەکە پێک هاتووە لە کتیبخانەیەک و قاوەخانەیەک و هۆڵی کۆڕ و سیمینار، کە لە لایەن ئارام سدیق و هۆگر ئارام ئەحمەدەوە بەڕێوە دەبرێت. ڕەهەند پڕۆژەیەکی ئەهلییە و هەوڵی خۆژیاندن دەدات، هاوکات ناوەندەکە لە بەرنامەیدایە دەزگایەکی چاپ دابمەزرێنێت کە تەنها گرنگی بە چاپکردنی بابەتی ڕۆمان و فیکر و فەلسەفە بدات.

سەبارەت بە بیرۆکەی ناوەندی ڕەهەند ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە لە پاڵ ئەوەی هەوڵێکە بۆ برەودان بە بەخشینی سیمایەکی ڕۆشنبیری بەو شارەی پاشگری ڕۆشنبیریی پێوە لکێنراوە بەبێ ئەوەی کاری بۆ بکرێت، دامەزرێنەرانی ئەم ناوەندە کار بۆ ئەوە دەکەن کە سیمایەکی واقیعیی ڕۆشنبیری بە شارەکە ببەخشن و لە پاڵ ناوەند و سەنتەر و ڕێکخراوە ڕۆشنبیرییەکانی دیکەدا، ئەمانیش چرایەکی دیکە بن.

ئامانجە سەرەکییەکانی ناوەندی ڕەهەند بریتییە لە هەوڵدان بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و هاوکات بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی نووسین، ڕەهەند دەیەوێت لە ڕێی کۆرسی تایبەتەوە پەرە بەو جۆرە کۆرساتانە بدات، ئەمە بێجگە لەوەی کار دەکات بۆ چاپکردنی ئەو کتێبانەی کە سوودێکی زۆریان بۆ خوێنەری کورد و ئەم قۆناغەی کۆمەڵگەی کوردی هەیە، لە بواری چاپکردنی کتێبدا گرنگی بە فیکر و فەلسەفەی سەردەم و هاوکت ئەو ڕۆمانانە دەدرێت کە ڕەگێکی هۆشیارکردنەوەیان تێدایە.

ناوەندی ڕەهەند کار دەکات بۆ سازدانی کۆرسی زمان بەبێ بەرانبەر، یان بە نرخی ڕەمزی لەپێناو نەوەیەکی هۆشیار و چاوکراوەدا، لە دوو مانگی ئایندەدا لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوەدا و پەرەدان بە هونەرەکانی خوێندنەوە، هاوکات کۆرسی تایبەت بە هونەرەکانی نووسینیش ساز دەکرێت، کە ئەمەش بۆ ئەو نەوە نوێیەیە کە دەست دەکات بە نووسین و ڕۆشنبیرییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە نووسین نییە، لە ڕێی ئەو کۆرسانەوە ڕۆشنبیرییەکی ئەگەر سەرەتایش بێت، بڵاو دەکرێتەوە؛ یان دەروازە لە بەردەم ئامادەبواندا دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بە سەرجەم هونەرەکانی نووسین ئاشنا بن.

هاوبەشی بکە

Kteb, Nawandi Rehend,