18/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕێژەن حەسەن نوێترین کتێبی بە ناوی تەمبور لە موزیکی کوردیدا بڵاو کردەوە

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

 

تەمبور لە موزیکی کوردیدا ناونیشانی کتێبێکی تایبەتە بە ئامێری تەمبور کە لە لایەن ڕێژەن حەسەنەوە ئامادە کراوە و دەزگای چاپ و ڕاگەیاندنی خاک لە مانگی 9ی ئەمساڵدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، ئەم بەرهەمە ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان دەست دەکەوێت، وەک ئامادەکاری کتێبەکە ئاماژەی بۆ دەکات، ”داهاتی ئەم کتێبە دەبەخشرێتە نەخۆشخانەی هیوا.“

دەربارەی ئەم بەرهەمە ڕێژەن حەسەن بۆ دیدی من گوتی: ”ئامێرناسی واتە ناسینی ئامێرە موزیکییەکان یەکێکە لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە بە هۆیەوە دەتوانین لە پەناناسینی گۆرانیدا درک بە بەها و جوانیی هەر فەرهەنگێکی هونەری بکەین و هاوکارە بۆ تێگەیشتن لە بەرزیی موزیکی هەر نەتەوەیەک، بە واتایەکی تر ئامێرناسی بە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسینی مێژووی مۆسیقا دادەندرێت و دەبێتە بەشێکی گرنگ لە ناسنامەی هونەری، ئەوەی لەم کتێبەدا تیشکی خراوەتە سەر، بریتییە لە ناسینی ئامێری تەمبور لە کوردستان، بەتایبەت پەیوەندیی ئەم ئامێرە موزیکییە بەو ئایینە جیاوازانەی کە لە کوردستان بوونیان هەیە.“

گوتیشی: ”لایەنێکی تر بریتییە لە باسکردنی بەشەکانی ئامێری تەمبور لە هەر یەکێک لەو ناوچانەی کە بوونیان هەیە، جیاوازییەکانیان و شێوازی بەکارهێنان و چۆنیەتیی کۆککردن، هەروەها ڕۆڵی ئەم ئامێرە لە کۆمەڵگەی کوردیدا.“

دەربارەی هۆکاری ئامادەکردنی ئەم کتێبە، ڕێژەن حەسەن گوتی: ”ئەوەی پاڵنەر بووە کە ئەم کتێبە ئامادە بکەم، کەمیی سەرچاوەیە بۆ مێژووی موزیک بەگشتی و ئامێرە موزیکییەکان بەتایبەتی، نەک تەنها ئامێری تەمبور، بەڵکو سەرجەم ئامێرە موزیکییەکان جێگەی بایەخ و لێکۆڵینەوەن، هیوادارم ئەم کتێبە دەروازەیەک بێت بۆ ناسینی تەمبور و ئاشنابوون لەگەڵ مێژووی دێرینی ئەم ئامێرە و ڕۆڵ و بایەخە گەورەکەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا و بەهەندوەرگرتنی ڕابردووی هونەری نەتەوەی کورد کە بە سەدان و هەزاران بابەتی هونەری وەک خەزێنەیەکی گەورە ماوەتەوە، کە بە داخەوە تا ئێستا بەشێکی ئێجگار کەمی کەوتووەتە بەر باس و لیکۆڵینەوە، بگرە هەندێک بابەت هەر درکی پێ نەکراوە، یاخود بووە بە بەشێک لە ناسنامەی میللەتانی تر و خاوەندارێتییەکەی لە کورد وەرگیراوەتەوە.“

هاوبەشی بکە

Kteb, Kurdish Music,