25/04/2024
DidiMn Logo
Top

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی پانێڵی “ئەزموونی ژنانی هونەرمەند و ڕوانگەی ژنۆلۆژی” ڕێکدەخات

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

ژنۆلۆژی زانستی ژن و هاوژیانی ئازادە، بە ڕوانگەیەکی ژنانە ئیش دەکات. لە مێژووی ژن، کۆمەڵگە و سروشت دەکۆڵێتەوە. ناوەندی لە باکوور، ڕۆژاڤا هەیە. لە ڕۆژاڤا فاکەڵتی و ئینستیوت و ناوەندی لێکۆڵینەوەی هەیە. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بەشێوەی ئۆنلاین و میدیایی چالاکە. لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و لاتین ئەمریکا ناوەند و سەنتەری ژنۆلۆژی چالاکە. ئەمساڵ لە باشووریش ناوەندەکە کرایەوە و دەست بە چالاکی و پرۆژەکانی دەکات.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ كاتژمێر ٢:٠٠ی نیوه‌ڕۆ له‌ هۆڵی كوردۆلۆجی، پانێڵی “ئەزموونی ژنانی هونەرمەند و ڕوانگەی ژنۆلۆژی” به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بەشداربووانی پانێڵ:

یەکەم/ زەهرا دۆگان

لە ساڵی ١٩٨٩ لە ئامەدی باکوری کوردستان لەدایکبووە. هونەرە جوانەکانی لە زانکۆی دیجلە خوێندووە.  زەهرا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئاژانسی هەواڵی ژنها، لە٢٠١٠ تا ٢٠١٦ وەک ڕۆژنامەنووس لەو ئاژانسە ئیشی کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٦ بەهۆی کێشانی تابلۆیەکەوە لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر نوسەیبین و سوری ئامەد دەسگیر دەکرێت. بەڵام ئەو لە وێنەکێشان بەردەوام دەبێت، زۆرینەی کارەکانی لەبارەی ئازارەکانی ژنە لە زیندانەکانی تورکیا. ئەو مەتریاڵانەی بەکاری هێناون جلی کۆن، کارتۆن، پەڕەی ڕۆژنامەی وەک کانڤاس بەکارهێناوە، گەڵا و گوڵ، سۆتەکی جگەرە و توێکڵی هەنار، قاوە و تەنانەت خوێنی سووڕی مانگانەی بۆ ڕەنگەکان بەکارهێناوە، هەروەها فڵچەی بە پرچی ژنانی زیندانی دروست کردووە.

بەشداری چەندین پێشانگای هاوبەشی کردووە، هەروەها کاری پێفۆڕمانسی کردووە. چەند خەڵاتی هونەری بردووە، ئەمساڵ خەڵاتی کارۆڵ ڕامای ئیتاڵی لەبواری هونەردا بردەوە. زەهرا زۆر وێنە و تابلۆی ناوازەی بۆ سەر بەرگی کتێب و گۆڤارەکانی ژنۆلۆژی دروست کردووە، هونەرمەندێکی چالاکی ناوەندی ژنۆلۆژییە. زه‌هرا بابەتێک لەبارەی هونەر و شوناس پێشکەش دەکات.

دووەم/ ڕۆژگار مەحمود مستەفا

لە سلێمانی لە دایک بووە، ٢٠١٣ ماستەری لە هونەرەجوانەکان، زانکۆی چێڵسی لە لەندەن تەواو کردووە. ئێستا مامۆستایە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی.

بە میدیۆمی جیاواز وەک؛ فۆتۆگراف، هونەری ڤیدیۆ، کاری پەبلیک، ئینستلەیشن و ئۆبجێکتی جیاواز کار دەکات. بەگشتی کارەهونەرییەکانی کۆمەڵێک پرسن دەربارەی جەنگ، ناسنامەی جێندەری و توندوتیژی، بیرەوەری تایبەت و کۆمەڵ، ترس و تراوما… هتد. ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن ڕیکخەری پۆڵەندی (ئەنێتا شیلاک) بۆ پۆڵاند بانگهێشت کراوە، بۆ چالاکی و کردنەوەی پێشانگە. ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی تر لەلایەن ڕێکخراوی (ئارت ڕەکە) هەڵبژێردرا، بۆ کردنەوەی پێشانگەیەک لە شاری لەندەن.

ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ دوا پرۆژەی لەسەر شوێنەوارەکانی میزیۆپۆتامیا و کاری هونەری هاوچەرخ لەگەڵ هونەرمەندی بەتوانای بەغداد هەنا ماڵلاڵا و کۆمەڵێک ژنە هونەرمەندیتر بەشدارە و بەردەوامە. ڕۆژگار بابەتێک لەبارەی كرده‌ی هونه‌ری وه‌ك هه‌ڵوێسته‌یه‌ك پێشکەش دەکات.

سێیەم/ ناگیهان ئاکارسه‌ڵ

ناگیهان نووسەر و ڕۆژنامەوان و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە، لە زانکۆی ئەنقەرە ڕۆژنامەوانی خوێندووە، تێزی دەرچوونی لەبارەی ڕاگەیاندنی ئازاد کردووە. وەک نووسەر لە گۆڤاری هێڤیا ژن (هیوای ژن) و ڕۆژنامەی ئوزگور گوندەم، دیموکراسی، یەنی ئوزگور پۆلیتیکا کاری کردووە. هەروەها لە ئاژانسی دیها، ئیدیتۆری کردووە. هتد…

لێکۆڵینەوەی کولتووری و کۆمەڵناسییانەی لە عەفرین و شەنگال کردووە. ئێستا کتێبی ئەو لێکۆڵینەوانە ئامادە دەکات و ئیشی لەسەر دەکات. لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژیدا وەک نووسەر و لێکۆڵەر کاریکردووە، لە دەستەی وەشانی گۆڤاری ژنۆلۆژیدا وەک نووسەر و ئیدیتۆر کاری کردووە و بەردەوامە. زۆر پەروەردە و سەمیناری لەبارەی ژنۆلۆژی گوتۆتەوە و ئێستاش بەردەوامە. ناگیهان بابەتێک لەبارەی ڕوانگەی ژنۆلۆژی بۆ هونەر پێشکەش دەکات.

هه‌روه‌ها خه‌نده‌ حه‌مید به‌ڕێوبه‌ری پانێڵێكه‌ ده‌بێت و هاتن بۆ هه‌مووانه‌…

هاوبەشی بکە

Art, Performance, Zehra Dogan,