22/03/2024
DidiMn Logo
Top

”نیگارکێشان واتە دووبارە عاشقبوون“

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

هێنری میلەر، نووسەری بەناوبانگی ئەمەریکی، لە هەمان کاتدا وێنەکێشێکی نایابیش بووە، کتێبێکی بە ناوی نیگارکێشان واتە دووبارە عاشقبوون نووسیوە، کە تێیدا بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە مانای تابلۆ ڕوون کردووەتەوە.

میلەر دەڵێت: ”تابلۆ لای هەزارەها کەسی جیاواز بە هەزارەها مانای جیاواز دەدوێت، وەک کتێب، پەیکەر و شیعر، تابلۆیەک بۆت دەدوێت و تابلۆیەک بۆت نادوێت، هەندێک تابلۆ بانگت دەکەن و لەناو خۆیاندا زیندانیت دەکەن، هەندێک تابلۆ خێرا بەلایاندا ڕەت دەبیت، هەندێک ئەژنۆت دەشکێنن و بە ڕۆژ و هەفتە کپ دەتهيڵنەوە، هەندێکیش دەتبەنە ئاسمان و لە خۆشیاندا دەتگریێنن.

کاتێک سەیری تابلۆیەک دەکەیت، ئەوەی هەستی پێ دەکەیت و بیری لێ دەکەیتەوە، ڕەنگە بە هیچ شێوەیەک ئەو جۆرە هەست و بیرکردنەوەیە لە خەیاڵی شێوەکارەکەدا نەبووبێت؛ میلیۆنەها خەڵک دەچن و لەبەردەم تابلۆی مۆنالیزاـدا دەمیان دادەچەقێت و سەریان سوڕ دەمێنێت، بەڵام ئایا هیچ کامیان دەزانن لە ئاوەزی داڤینشی‌ـدا چی دەگوزەرا کاتێک ئەو تابلۆیەی دەکێشا؟ گەر دووبارە بێتەوە ژیان و بە دوو چاوی خۆی لەگەڵمان لە تابلۆکەی بڕوانێتەوە، بە بڕوای من بە گومان دەبێت لەوەی چی وای لێ کردووە تابلۆیەکی لەو جۆرە بکێشێت.

نیگارکێشان واتە دووبارە عاشقبوون، دووبارە ژیانکردن، دووبارە بینین، خەبەرهاتن لە کازیوەدا؛ تا سەیری ئەو تابلۆ ئاوییە بکەیتەوە، کە ڕۆژی پێشوو یان چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا کێشاوتە، وەک دەرفەتهێنانە بۆ ڕوانین لە مەعشوق بەنوستوویی.

من هانا دەبەمە بەر نیگارکێشان، کاتێک توانای نووسینم نامێنێت؛ نیگارکێشان مێشکم دەبووژێنێتەوە، بۆ ماوەیەکی کاتی لە بیرم دەباتەوە کە توانای نووسینم نییە، بۆیە تا ئەوکاتەی تانکییەکە خۆی پڕ دەکاتەوە، نیگار دەکێشم.“

هاوبەشی بکە

Artist, Henry Miller, Love, Shewakari,