18/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئۆپێرا: هونەری سۆز

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئۆپێرا ئەوروپا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کاوان عەبدولرەحمان

 

ئۆپێرا بریتییە لە کۆمەڵێک هونەر، کە موزیکیشی دەچێتە پاڵ، وەک دراما، شیعر، هونەری شێوەکاری و پلاستیکای جەستە و هەندێک کاتیش هونەری سەما؛ ئۆپێرا جوانیی هەموو هونەرەکان کۆ دەکاتەوە. ئەم کیمیا ئاڵۆزە، وا لە نواندنی ئۆپێرا دەکات، نماییشێکی نائاسایی بێت، داگیرکردنی دیمەنەکە، بیستنی دەنگ، خەیاڵ و سۆز لە لایەن ئامادەبوانەوە. بە شێوەیەک، هەموو هەست و سۆزێک لە نێو ئامادەبواندا دەبزوێت.

2

پێکهاتەکانی ئۆپێرا:

لیبرێتۆ:
لیبرێتۆ، واتە پەڕاوی ئۆپێرا یاخود ئۆپێرانامە. هەندێک کات دەقەکە هەر خودی خۆی لیبرێتۆـیە، یاخود ڕۆمانە یان چیرۆکە.  هەندێک کات لە لایەن شاعیر یاخود ڕۆماننووسەوە دەنوسرێت وەک، هۆگۆ فۆن هۆفمانستال و ستیڤان زویگ بۆ کارەکانی ڕیچارد شتراوس. بەڵام زۆرجار لە شانۆیەکەوە دەیگونجێنن و دەیکەن بە لیبرێتۆ، شکسپیر وەک نموونە، ئەو سەرچاوەی ئیلهامێکی زۆر باش بوو بۆ لیبریتیستەکان.

کرۆکی بابەتەکانی لیبرێتۆ جیاوازن، بۆ نموونە خۆشەویستیی قەدەغەکراو، ناپاکی، تۆڵە، حەز بۆ بوونی دەسەڵات، جەنگ، یاخود ئەفسانەی کۆن یان مێژوو.
لەگەڵ هەموو ئەم بابەتانەشدا، ئۆپێرا دەبێتە هۆی تەقینەوەی هەست و سۆزی مرۆڤ. خۆشەویستی، مردن و تراژیدیا، زۆر کات کرۆکی چیرۆکەکەیە. کەسایەتییەکان، کە هەندێک کات لە نێوان هەستەکانیان و ئەرکەکانیاندا لەت دەبن، ڕووبەڕووی هەندێک دۆخی نائاسایی دەبنەوە، کە هەستەکانیان لێ دوور دەکەوێتەوە، ئەم لەتبوونە دەیانسووتێنێت، دەبێتە هۆی لێکەوتنەوەی تووندویژی و هەندێک کاتیش مردنی لێ دەکەوێتەوە. دیمەنی خۆشەویستی، قوربانی دان، جادوو، بوێری، خۆکوشتن و خۆکوشتن پێکەوە لە لیبرێتۆـدا هەن. هەندێک لە کارەکتەرەکان ڕوبەڕووی سزا دەبنەوە لە هەمبەر هەڵەکانیان، هەندێکی دیکە، ڕێگەیەکی ڕزگاری دەدۆزنەوە، یاخود پەشیمان دەبنەوە، هەندێک کات لیبرێتۆ، کۆتایییەکەی دڵخۆشکارە.

3

گۆرانیگوتن:
جیا لە شانۆ، تێکستی لیبرێتۆ، لە لایەن دەنگبێژانی ئۆپێرایییەوە، بە گۆرانی دەگوترێت. هەست و سۆز، تووندی و بەهێزیی گۆرانی گوتنەکە، کاریگەریی زۆر لەسەر کێش، تێکست و مانای تێکستەکە دروست دەکات. جۆری جیاواز هەیە لە نێو دەنگەکاندا کە بەسەر شەش جۆردا پۆلێن کراون، سۆپرانۆ، میزۆ سۆپرانۆ، کۆنترا ئاڵتۆ بۆ ژن، تینۆر، باریتۆن، بەیز بۆ پیاو. لەوەش زیادتر، دەنگەکان بەپێی تەرخانکردنیان و چینی دەنگەکان، هێواش و دراماتیک. دەنگی هێواش زۆر بەرز نییە، بەڵام دەتوانێت بگاتە نۆتە بەرزەکان. جیاواز لە دراماتیک، چونکە دراماتیک دەنگێکی بەهێزی هەیە، بەڵام خێرا و گورجوگۆڵ نییە.

دەنگەکان پەیوەستن بە نواندنەوە، ئەوان گرنگیی بە هەندێک لایەنی کارەکتەرەکان دەدەن، وەک  کەسایەتییان و هەڵسوکەوتیان. لە ئۆپێرای کارمن‌ـی جیۆرج بیزیت‌ـدا، کارمن ژنێکی فریودەرە، ئەزموونێکی باشی ژیانی هەیە، ئەو خاوەنی دەنگی میزۆ سۆپرانۆـیە، واتە دەنگێکی تیژ و تاریک، بۆیە ڕۆڵی کارمن‌ـی درایە. کارەکتەری گیلدا لە ئۆپێرای ریگۆلێتۆـی جۆسێپی ڤێردی، خاوەنی دەنگی دراماتیک سۆپرانۆـیە، پاکی و بەرزیی دەنگی، بۆتە هێمایەک بۆ بێتاوانی و سادە و ساکاری گیلدا.

4
موزیک:
موزیک لە ڕێگەیەکی دیکەوە کار لە سۆز دەکات و دەچێتە سەر تەختەی شانۆ. کامیراتا فلۆرێنسا، ئەو کۆمەڵە شاعیر و موزیسیانە ڕۆشنبیرانە بوون، کە لە سەردەمی ڕینینسانس، بە سوودوەرگرتن لە هونەری گریکە کۆنەکان، ئۆپێراـیان هێنایە بوون، ئەوانە بوون، کە توێژینەوەیان دەربارەی شانۆی یۆنانی کرد و بوونە دامەزرێنەری ئۆپێرا. موزیک لە خزمەتی لیبرێتۆ، “سەرەتا وشە، پاشان موزیک”. بەڵام ئەم بیرۆکەیە جێی پرسیارە، کۆن و هەمیشە بوەتە جێی مشتومڕ.
بە گوێرەی سەردەمەکە، موزیک و لیبرێتۆ پێش و دوا خراون.

ڕاستییەکەی، موزیک تەنها خزمەتی لیبریتۆ و گۆرانی گوتن ناکات، موزیک تەواوکەری کرۆکی بابەتەکەیە و کارەکتەرەکان و سۆزی کاراکتەرەکان دەگونجێنێت. لەکاتی ژەنینی ریتم و ئاواز و میلۆدی، ژەنیارەکان کەشێکی زۆر باش و گونجاو بۆ سەر ستەیجەکە دەخوڵقێنن.

زۆر لە نووسەران، بیرۆکەی موزیکەکانیان دووبارەیە بۆ نواندنی کارەکتەرەکان.
لە پێشەکی ئۆپێرای”ڕاینی ئاڵتوونی‌ـی ڕیچارد ڤاگنەرـدا، موزیکەکە پەیوەستە بە لەدایکبوونی ڕوباری ڕاین‌ـەوە. ئۆپێراـکە بە سێ لە کارەکتەرەکان کە لە نێو ڕووباری ڕاین‌ـدا مەلە دەکەن و وردە وردە لە قوڵایییەکی بێسنوورەوە دێنە دەرەوە، دەست پێ دەکات و ئاوزێک دروست دەکەن؛ سەرەتا ئامێرە فوودارە مسییەکان واتە پلە و پایەیەکی بەرز، پاشان ژێدارەکان واتە نەرمونیانی وەک بریسکە لەسەر ڕووی ڕوبارەکە دەردەکەون. ئۆرکێستراکە هاتنە دەرەوە سێینەکە جوانتر دەکات، تا ڕادەیەک کە ڕووباری ڕاین بە شێوەیەک دەهەژێنێت، دەگاتە ڕادەی کەفوکۆڵ دروستکردن.

موزیک لە دوای وشەوەیەوەیە و ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو دڵی ئامادەبوانەوە و جۆش و خرۆش و خەیاڵیان لە لا دروست دەکات.

5
چونە سەر تەختەی شانۆ:
پێش سەدەی ٢٠، ڕەهەندی شانۆیی فەرامۆشکرا بوو. لە سەدەی ١٧، گرنگی ئۆپێرا زۆر جێگیر بوو، هەمیشە هۆڵەکان پڕ بوون لە ئامادەبووی گوێگر. چونە سەر شانۆ، کاتێک گرنگیی خۆی پەیدا کرد، کە هۆڵی ئۆپێراکان بوونە جێی عەمبارکردنیان و ڕێگەیان پێدان تا داهێنان بکەن. دواتریش لە سەدەی بیست گرنگیی گۆرانی گوتن زیادی کرد. بەڵام ستەیجی ئۆپێراکان، هەمیشە .نائاسایین، چونک هەمیشە ئیفێکتی جوان و ئالەتی گەورەی تێدا بەکار دێت. هەروەها ئۆپێرا زۆر سوودی لە تازەگەرییەکانی تەکنەلۆژیا وەرگرتووە

چوونە سەرتەختەی شانۆ لە ئۆپێراـدا، کارێکی هێندە سادە نییە کە بە ئاسانی ڕوون بکرێتە و ئەو چەمکێک یاخود واتایەک هەڵدەگرێت. دەرهێنەرێک پێشنیاری پێشکەشکردنی ئۆپێرایەک دەکات، ئەم بڕیارە، ڕەنگە تێگەیشتن بێت لە لیبرێتۆ و نووسەرەکە، یاخود لێکدانەوەیەک بێت بۆ کارەکە و هەندێکیان کارەکە بۆ کاتێکی دوورتر دوادەخەن، کە ئەمە ڕەنگە پەیوەندیی بە باری کۆمەڵایەتتی شوێنەکەوە هەبێت، یاخود لایەنی مادی ڕەچاو بکات. بۆ نموونە، لە ئێستادا، گەر ئۆپێرایەکی سەردەمی بارۆکمان گوێ لێ بێت دەتوانین بیناسینەوە. بەڵام هەندێک کات، دەرهێنەرەکانی ئەم سەردەمە، بە شێوازی مۆدێرن دەرهێنان بۆ ئۆپێرا دەکەن. هەر لەبەر ئەمەیە، کە ئۆپێرا هەمیشە خۆی نوێ دەکاتەوە. پێش لادانی پەردەکە، کەس نازانێت چی ڕوودەدات، ئەمەیە جوانیی ئۆپێرا.

هاوبەشی بکە

Art, Music, Opera,