08/12/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی نه‌جه‌فی: گۆرانيبێژى تابووشكێن

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – پێگەى فەرمیی شاهين نەجەفى 
ئامادەكردن و وەرگێڕانى: سەليم جەمال 

شاهين نەجەفى ژەنيار، شاعير، گۆرانيبێژ و چالاكوانى پڕۆتێستى كۆمەڵايەتييه. ڕۆژى ١٠ى ئەيلولى ١٩٨٠ له شارى بەندەر ئەنزەلى وڵاتى ئێران، له خێزانێكى چينى مامناوەند لەدايك بووە. شاهين بچووكترين ئەندامى ماڵباتەكەيانه كە له هەشت كەس پێك دێن. ئەو هەر له تەمەنى لاوێتيدا دەستي كرد به شيعرنووسين و خۆى فێرى گيتاركلاسيك و فلامێنكۆ كرد. ڕووى كردە موزيكى ڕۆك، كە بەزۆرى وەكو ژەنيارێكى شاراوە، بە نهێنى گۆرانى دەچڕيى. 

شيعر و تێكستەكانى شاهين نەجەفى وەكو چالاكڤانێكى گەنج، بەزۆرى پەيامگەلێكى توند و جەنجاڵى دەگواستەوە بەرانبەر بە كۆمەڵگەى ئێران. ئەم پرسه بوو به هۆكارى ئەوەى كە بەرپرسانى ئەو وڵاته له دژى بوەستنەوە و له ساڵى ٢٠٠٤دا، بە هۆى هەڕەشەى ئەشكەنجە و ئازارپێگەياندن، ناچار كرا وڵاتى ئێران بەجێ بهێڵێت. 

شاهين نەجەفى له ساڵى ٢٠٠٥دا بەرەو وڵاتى ئەڵمانيا بەڕێ دەكەوێت. كە ئەوكات به ”شاعيرى تووڕه” ناويان دەبرد. بەڵام شاهين سەرەڕاى ئەو دۆخە چەقبەستووەى كە ئێرانى تەنيبوو، وەكو: هەژارى، ستەمكردن له ژنان، هۆمۆفۆبيا، سانسۆركردن، عەقڵيەتى دۆگمايى، توندوتيژى و كەلتوورى بەتابووكردن. بەردەوام بوو لەسەر ڕەوتى هونەرى خۆى. لە دواى تێپەڕبوونى ماوەيەك، موزيكەكانى ئەو بەرەو ژانرى ڕاپ و هيپۆپ گەشە دەسەنێت و دەنگدانەوەيەكى بێوێنەى لەناو گوێگرە گەنجەكانى ئێراندا دەبێت. بەڵام دوابەدواى چەندين گۆڕانكارى له ژانرى موزيكەكانى بۆ ڕۆك، جاز و بلوز. ناڕەزايەتييەكان پەره دەسێنێت. 

له ساڵى ٢٠١٢دا، شاهين نەجەفى جەنجاڵيترين گۆرانى خۆى بە ناوى نەقى (ئيمامى دەيەمى شيعەكان) بڵاو كردەوە. ئەو له گۆرانيەكەدا بە پێداهەڵدان باس لەو ئيمامە دەكات، بەڵكو يارمەتيدەر بێت بۆ هەندێك لە گرفتە ناوخۆييەكانى وڵاتى ئێران، له هەمان كاتيشدا ڕەخنه له سياسەتى وڵاتەكەى دەگرێت. بەڵام هەر زوو توندڕەوە مەزهەبگەراكان، تێكستى گۆرانيیەكەيان به بێحورمەتى به ئيمامەكان ناو برد. دواتر بە تۆمەتى سوكايەتیكردن به پيرۆزييەكان حوكمى لە سێدارەدانى بۆ دەرچوو، سەدهەزار دۆلاريان بۆ ئەو كەسە ديارى كرد كە گۆرانيبێژى ناوبراو بكوژێت. لە لايەكى ديكەوە سياسەتڤانان، خوێندكاران، موزيسيانەكان و هەوادارانى لەخۆبوردووى ئەو گۆرانيبێژە، يەكيان گرت و كۆدەنگ بوون له دژى ئەو فەتوايه. 

گۆرانی نه‌قی – (ئيمامى دەيەمى شيعەكان)

شاهين نەجەفى له ساڵى ٢٠١٣دا كتێبێك بە ناوى كاتێك خودا خەوتووە بڵاو دەكاتەوە. ئەو كتێبە باس له چارەنووس و ململانێ تاكەكەسيەكانى ئەو گۆرانيبێژە دەكات لەگەڵ مەزهەب. پەردە لەسەر ماهيەت و ڕووى ڕاستەقينەى كۆمەڵگەى ئێران هەڵدەداتەوە. شاهين بێجگە لەو كتێبە خاوەنى دوو كتێبى ديكەيشە بە ناوەكانى ئەزازيل (كۆمەڵەشيعر) و بيترێكس. 

ئەو له ئێستادا له وڵاتى ئەڵمانيا نيشتەجێيه و تاوەكو ئەمڕۆيش لەگەڵ بەرپرسانى ئێران له ناكۆكیدايه. سەرەڕاى ئەمانەش هونەرمەندێكه كە خاوەن خەسڵەتى تايبەت به خۆيەتى و له بەرانبەر هەر زوڵم و ستەمێك بێدەنگيەكەى دەشكێنێت. شاهين نەجەفى هەوڵ دەدات جەوهەرى شاعيرانە و ئەدەبى، چەمكى فەلسەفیی و سياسی لە ناو گۆرانيیەكانيدا پەيڕەو بكات. زۆرينەى شيعر و هۆنراوەكانى نەجەفى؛ سەرەڕۆيى سياسى، خۆفەڕزكردنى ئايينى، پڕۆليتاريەت، هەژاريى، جياكارى ڕه‌گه‌زی، سانسۆركردن، چينى كرێكار، لە سێدارەدان، ماددە هۆشبەرەكان و هۆمۆفۆبيان.

له ساڵى ٢٠١٧دا، بەڵگەفيلمى كاتێك خودا خەوتووە بەرهەم دەهێنرێت، كە باس له ژيان و گوزەرانى شاهين نەجەفى دەكات لە دواى ئەو فەتوايەى كە له دژى ئەو درابوو لە لايەن ڕژێمى ئێران. شايەنى باسه كە ئەو بەڵگەفيلمە لە لايەن تيڵ شاودەر كارى دەرهێنانى بۆ ئەنجام دراوە و بووەته خاوەنى باشترين خەڵاتى بەڵگەفيلمى ساڵ، لە لايەن بونيادى سينەمايى بۆ ئاشتى. كۆڵەكەى هەوادارانى نەجەفى له ئێران، تاوەكو ئێستاش بە پتەوى ماوەتەوە و له هەموو دنيا گوێگرى تايبەت بە خۆى هەيه. 

شاهين نەجەفى تاوەكو ئێستا خاوەنى يازده ئەلبوومه بە ناوەكانى: ئێمه پياو نين، وەهم، ساڵى خوێن، هيچ هيچ هيچ، ترامادۆڵ، ١٤١٤، ساد (ص)، ڕاديكال، مێتافريجيەن، ڕەگەزى سێيەم و چل. هەورەها ژانرى موزيكەكانى له؛ ڕاپ، ڕۆك، دابستێپ، ڕيگى، بلوز، فيوژن، جاز، گەيلانى، پڕۆگرێسيڤ و ئەلتەرناتيڤ ڕۆك، پێك دێن. 

هاوبەشی بکە

Iranian Singer, Shahin Najafi, شاهین نجفی,