25/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: عەبدولحەلیم حافز و سینەمای موزیکاڵی میسڕی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – جەزیرە (الجزیرة)
لە عەرەبییەوە: چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

بەدەر لەو دەنگە ناوازەیەی هەیبوو، عەبدولحەلیم حافز بە هاندانی دۆست و هاوڕێکانی بووە ئەکتەرێکی سەرکەوتوو و هاوشان لەگەڵ ئاوازەکانیدا، لە چەند فیلمێکدا بەشداریی کرد و بووە سیمبولی ڕۆمانسیەتی سەردەمی خۆی. زۆرن ئەو گۆرانیبێژانەی لە ڕێگەی سینەماوە ئاوازەکانیان بڵاو دەکەنەوە و دەیانەوێت لە شاشەوە زیاتر خۆیان بگەیەننە هەوادارەکانیان، بەڵام کەمیان سەرکەوتن بە دەست دەهێنن و لە یادەوەریدا دەمێننەوە. عەندەلیب لەو کەمانە بوو و بگرە باشترین گۆرانییەکانی، ئەوانە بوون کە لە فیلمەکانیەوە بڵاو دەبوونەوە.

ڕاستە سینەمای میسڕی تەمەنێکی دوورودرێژی هەیە و بۆخۆی مێژوویەکی سەربەخۆی سینەمایە، بەڵام نواندنی عەبدولحەلیم حافز و هاتنەنێوی بۆ سینەمای موزیکاڵی میسڕی، تەکانێکی گەورەی بەو ژانرایەی سینەما دا و لە ڕووی دارایی و زۆریی بینەرەوە چووە قۆناغێکی ترەوە. ئەگەرچی فیلمەکانیش لە ئاستێکی باڵای هونەری و سینەماییدا نەبووبن و زیاتر بازرگانی بووبن، بەڵام بۆ پەنجا و شەستەکانی سەدەی بیست، هەنگاوێکی گرنگ بوو.

بۆ عەندەلیب، هاوشێوەی قۆناغەکانی گۆرانیوتنی، نواندنیشی چەند قۆناغێکی جیاوازی هەبووە، کە لە خوارەوە باسیان دەکەین:

سەرەتاکان

لەبەر ئەو دەنگە نوێیەی هەیبوو، دەرهێنەران دەیانویست گۆرانییەکانی لە فیلمەکانیاندا بە کار بهێنن. بۆیە سەرەتای بەشداریکردنی عەبدولحەلیم حافز لە سینەمای میسڕیدا، لە بەردەم کامێرادا نەبوو، بەڵکو بە گۆرانییەکانی لە فیلمەکانی ”پاش ماڵئاوایی” و ”نانفرۆش”دا بەشدار بوو. دواتر خۆیشی هاتە بەر کامێرا و ساڵی ١٩٥٥ لە فیلمی ”ڕۆژە جوانەکانمان” لەگەڵ عومەر شەریف، ئەحمەد ڕەمزی و فاتن حەمامەدا، کە ئەستێرەکانی ئەوکاتی ڕۆمانسیەت بوون، بەشداریی کرد.

لە یەکەم فیلمیدا، وەک گەنجێکی پڕوزە و خوێنگەرم ناوی دەرکرد، کە ڕۆحیەتێکی نوێی بۆ نواندن هەیە و ڕۆمانسیەتەکەی لە گۆرانیوتندا هەیەتی، لە دەستی نەداوە، هاوشان بەوەی لەگەڵ سێ ئەکتەری ناوداریشدا دەرکەوتبوو.

دوای ئەم فیلمە، ئیتر پێی وابوو دەبێت هەر خۆی پاڵەوانی سەرەکی بێت. هەر لە ساڵی ١٩٥٥دا، لە فیلمی ”ئاوازی وەفاداری”ی لەگەڵ شادیە، لە فیلمی ”شەو و ڕۆژەکانم” لەگەڵ ئیمان و لە فیلمی ”شەوگاری عەشق”ی لەگەڵ ئەمال فەریددا بەشداریی کرد و فیلمەکان سەرکەوتنێکی بێوێنەیان بە دەست هێنا، بەوەی حەلیمیان وەک گەنجێکی شیکپۆش و خانەدان، ڕۆمانسی و هەستناسک، زیرەک و شارەزا دەرخست. هەر یەکێکیش لە کارەکتەرەکانی جیاواز بوون، ئەو بەپێی ڕۆمانسیبوون، کۆمیدیبوون یان ئاساییبوونی کارەکتەرەکان ڕۆڵی خۆی دەگێڕا و گۆڕانییەکانیشی بەپێی دۆخەکە دەوت.

گرنگیدان بە وردەکارییەکان

پاش ئەوەی قۆناغی سەرەتای بە سەرکەوتوویی بڕی، حەلیم بووە براندی سینەمای ڕۆمانسی و موزیکاڵی میسڕی و زۆرینەی ئەکتەر و دەرهێنەرەکان ویستیان بوو لەگەڵیدا کار بکەن، چونکە ئەو داهات و بینەرەی بۆ فیلمەکانی پێشووی هەیبوون، هۆکار بوون بۆ ئەوەی هەموان بیانەوێت لە فیلمێکی وادا بەشداری بکەن. هەر بۆیە دوای ئەوەی بووە ”عەندەلیبە ئەسمەرەکەی عەرەب”، ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ شادیەدا لە فیلمی ”دەلیلە” ڕۆڵی بینی، کە یەکەم فیلم بوو بە تەکنیکی ڕەنگاوڕەنگ لە میسڕ بەرهەم بهێنرێت. پاشان لەگەڵ فاتن حەمامە لە فیلمی ”ژوانی خۆشەویستی” و لەگەڵ ماجیدە لە فیلمی ”کچانی ئەمڕۆ”دا ڕۆڵی بینی، کە هەنگاوێکی گەورەتری پێ نا و بووە ئەو ئەکتەرەی لەگەڵ زۆرینەی خانمە ئەستێرەکانی سینەمای میسڕیدا ڕۆڵی ڕۆمانسی ببینێت. هەروەها گرنگترین فیلمی لەم ماوەیەدا، ”شەقامی خۆشەویستی” بوو، چونکە لەگەڵ خانمە ئەکتەر و گۆرانیبێژی لوبنانی، سەباح، ڕۆڵی بینی و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو.

لە هەر یەکێک لەو فیلمانەدا، ئیتر عەبدولحەلیم بە وردییەوە کاری دەکرد و پێشەکی سیناریۆکانی دەخوێندەوە و دەبوو لەگەڵ خواست و ئارەزووی خۆی و بینەرانیدا بگونجێت، ئەوەیش لەبەر ئەوەی ئەو کاریزمایەی بۆ خۆیی دروست کردبوو، ئاسان لە ناو نەچێت.

کامڵبوون

لەگەڵ گەیشتن بەو قۆناغەی کە ئیتر تێیدا هەم هۆڵی کۆنسێرتەکان و هەم سینەماکان لەبەر ئەو جمەیان دەهات، عەبدولحەلیم حافز هەوڵی دا لەگەڵ کۆمەڵێک ڕوخساری تازە و وزەی نوێدا کار بکات. بێجگە لە شادیە و نادیە لوتفی، لەگەڵ هیچ ئەکتەرێکی تردا لە دوو فیلم یان زیاتردا بەشداریی نەدەکرد و خواستی بوو لەگەڵ ئەکتەری نوێدا دەربکەوێت. هەر بۆیە فیلمەکانی ”ئەستێرەی جەماوە” و ”هەڵەکان” سەرکەوتنێکی باشیان بە دەست هێنا و هاوشێوەی فیلمەکانی ڕابردوو، حەلیمیان لە تۆپدا هێشتەوە. هەروەها لەگەڵ سوعاد حوسنی و مونا بەدرییشدا ڕۆڵی بینی، کە بە فیلمەکانی ”کچەکان و هاوین” و ”کوڕی خەونەکانم” ناویان دەرکرد و بوونە ئەستێرەی نوێ بۆ سینەمای میسڕی.

کۆتایی

ساڵی ١٩٦٩، عەبدولحەلیم حافز لە کۆتا فیلمیدا لەگەڵ نادیە لوتفی و میرفەت ئەمیندا ڕۆڵی بینی. فیلمی ”باوکم لەسەر درەختەکەیە”، یەکێکە لە فیلمە دیارەکانی سینەمای میسڕی و هێشتایش بینەرێکی زۆری هەیە و بووە بە نۆستالژیای ئەو سینەمایە. لە دوای ئەم فیلمە ڕۆمانسی و موزیکاڵە، بە هۆی نەخۆشییە درێژخایەن و سەفەرەکانیەوە، ئیتر عەندەلیب لە فیلمی تردا ڕۆڵی نەبینی. جگە لەو خەزێنە گەورەیەی ئاواز و گۆرانی، عەبدولحەلیم حافز ١٦ فیلمیشی لە دنیای هونەریی عەرەب و میسڕدا جێ هێشت و وەک چۆن ئەوکات بە سەرسووڕمانەوە لە سەرکەوتنەکانی لە هەردوو بوارەکەدا دەڕوانرا، هێشتایش بۆ نەوەکانی دوای خۆی، ئەو وزەیەی حەلیم هەیبووە، جێگای تێڕامانە.

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, arabic music,