24/07/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی نه‌جه‌فی: بە چەک بیر ناکرێتەوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕادیۆی زه‌مانه‌
لە فارسییەوە: پاڵەوان ساڵح

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ چاوپكه‌وتنێكی شاهین نه‌جه‌فییه‌ له‌گه‌ڵ ڕادیۆی زه‌مانه‌ له‌باره‌ی ده‌ستخستنه‌ سه‌ر برینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی و خه‌ونی گۆڕانكاری سیاسی.

ئێمە لە چەند لایەنەوە دەتوانین لە دۆسییەکە بکۆڵینەوە، یەکێکیان مێژوونووسین و کۆمەڵناسیی سیاسی و بابەتی مافە کە ئایا لە ڕاستیدا هێزە سیاسییەکان یان هێزە دەسەڵاتدارەکان لە ناو کایەی سیاسەتدا لەو سەردەمەدا چی بوون؟ ئامانجی سیاسی ئۆپۆزسیۆنەکان چی بوون و لە کوێوە دەستی پێ کرد، چ کاریگەرییەکی لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەبوو، هەروەها ئەم پرسیارە گرنگە ”هەڵە لە کێدایە؟” دروستە یان دەبێت بپرسین ”هەڵە لە چیدایە؟” ئایا مەسەلەکە حوکومەتێکە یان لۆژیکی سڕێنەرەوە و مەرگدۆست؟

پرسیار: لایەنی دیکەی پرسیارەکان باسکردنە لە چەمکی ”ویستی گۆڕانکاری” گۆڕانکاریی بۆچی؟ لە کام ڕووەوە؟ بە چ پێوەرگەلێک؟ بە چ شێوازێگەلێک و بە کام ئامانجەوە؟

مێژووی سیاسیی مۆدێرنی ئێران چیرۆکێکی ١٠٠ ساڵەی سەرنجڕاکێشی هەیە. چیرۆکی کۆمەڵگەیەکە کە دەیویست بە شۆڕشی مەشروتە گیانێکی تازە بە خۆیدا بکات، بەڵام لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی سەرکوتکردن، یاساشکێنی، خیانەت، گەندەڵی و ناشایستەیی دەوڵەتمەدارەکان و پێنەگەیشتوویی جەماوەری خەڵک بووەوە و لە دەرەوەشدا ڕووبەڕووی فشار و تاڵانکاریی و داگیرکاری بووبووەوە. 

پاشان هاتنەسەرکاری سیستەمێکی نیزامی و تۆتالیتار و بەردەوامبوونی ململانێ لە نێوان کۆنەپەرستی ئایینی و نەتەوەیی لە چوارچێوەیەکی مۆدێرندا و پاشانیش جەنگی دووەمی جیهانیی و ڕووخان و کودەتا و سەرکوتکردن و مۆدێرنزیمێکی بێسەروبەر و بە بێ تێگەیشتنێکی مێژوویی، هەتا شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩.

وەک دەردەکەوێت مەشروتە تۆوی گۆڕانکاریی جیدیی ناشت و ”ویستی گۆڕانکاری”ی ئەوەندە لە هەردوو سەردەمەکەدا بە بنبەست و فشار و توندوتیژیی داپڵۆسێنرا، تا لە کۆتاییدا بارودۆخێکی ”ئامادەنەبوونی فیکر” سەری هەڵدا و هەلومەرجەکە زیاتر قەیراناوی و مەترسیدار بوو.

مرۆڤ بە بێ بیرکردنەوە و تێگەیشتن واتە مردن! واتە ژیانی نهڵیستی! واتە دەسەڵاتدارێتییەکی بەرخۆر.

بەرخۆری لەمڕۆدایە بەڵام درێژەی ئارمانی دوێنێیە، هەر وەک چۆن ئاشتی درێژەی جەنگە. خراپەکاری، فەرامۆشکار، ساختەچێتی، یەک ئاڕاستەیی، دۆگماتیزم و لەخۆبێگانەیە. کەواتە هەر شکڵێک لە پێشکەشکردنەوەی واقعییەت بە بێ ”نەفی” بە دڵنیاییەوە دەگۆڕێت بۆ بەرخۆری.

پرسیار: چۆن دەتوانین باس لە خاوران بکەین و بەشێکی جیدیی لە واقعییەتی مێژووی سیاسی بسڕێنەوە؟

شاهین نه‌جه‌فی: دادوەرییەکانی خومەینی و چەند دادوەرێک سەبارەت بە ماف، مانای کەمکردنەوەی بابەتەکە و سادەسازیکردنە. سەرچاوەی توندوتیژی لە جێبەجێکەری توندوتیژییەکە گرنگترە. هەر وەک چۆن بێدەنگی لە بەرانبەر توندوتیژیدا، مانای هاودەستی کردنە لەگەڵ جێبەجێکارانی توندوتیژییەکە.

بۆچی لە هۆی ڕەفتاری سیاسی خەڵکی ناکۆڵرێتەوە؟ بۆچی بەستێنی دیکتاتۆرسازی نەفی ناکرێت؟ نکۆڵیکردن لە بێشعوریی گشتی، زۆر دژوارترە لە نەعلەت و نەفرەتکردنی دەسەڵاتداران.

لە لایەکی دیکەوە گێڕانەوەی چەندجارەی ئەم ململانێیە بە لۆژیکی قوربانی یان قوربانیکراو یارمەتییەکی زۆرمان نادات بۆ تێگەیشتن لە مەسەلەکە و ئەمە زیاتر ئەخلاقی و ئیحساسییە. بڕیار وا نییە لە کوشتارەکان بۆنەی ئایینی دروست بکەین چونکە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ ڕووداوێکی (واقعێکی) سیاسیدا، خەساندنی خواستە ڕادیکاڵەکانە بە نیشانەی بۆنەی ئایینی، قەراردادی ئیدۆلیژیکی و کەمکردنەوەی دژیەکی قووڵی مێژووییە لە ڕووداوە دروستکراوەکان. ئێمە زیاتر پێویستمان بە پلان و دەربڕینی پرسیارە تاکو شیوەن و ناڵەکردن.

پرسیارەکانی ئێمە لە بارەی کوشتارە سیاسییەکانی ئێران دەبێت مەفهومیی بن. پەیوەندیی فیکریی بزووتنەوە سیاسییەکان لەگەڵ مەفهومی فیکریی سیاسی چۆن بوو؟ سەرمەشقە تیۆرییەکانی ئەم بزووتنەوانە چی بوون؟ گرنگیدان بە چوارچێوە گشتییەکان لە سیاسەتدا مانای دروشمی سەرف و مەسرەفگەراییە لە زەیندا.

لە لایەکی دیکەوە توندوتیژیی دەسەڵات کەشەکە بۆ کاری زانستی و توێژینەوەیی تەسکتر دەکاتەوە و توندوتیژی حکومەتیش، توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەموو بوارەکاندا دەخولقێنێت.

کاتێک سیستەمێک دەست بۆ سڕینەوە دەبات مانای وایە پێش فەرزەکەی ئەوەیە کە کەسەکان مەترسیدارن و کۆنترۆڵکردنی ئەو کەسانە دەکات و هەروەها مانای قەبوڵنەکردنی ئەوانی ترە. ئاساییە کاتێک فشار دەکرێت و نەیارەکەش بە توندوتیژییەوە دەسڕێتەوە دەبێت چاوەڕێی کارەسات بکەین.

پرسیار: هەر ئەم لۆژیکی سڕێنەرەوە ڕێگە بە خۆی دەدات کە زیندانی لە زیندان بە هۆکاری ئەگەری بوون بە مەترسی لە داهاتوودا، لەسێدارە بدات. بەڵام ئایە بەستێنی سیاسەت خۆی لە خۆیدا توندوتیژە؟

شاهین نه‌جه‌فی: سیاسەت بێجگە لە ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ بە دەستی خۆی، هیچی تر نییە. کەواتە پرسیاری ”دەبێت چ کەسێک حاکم بێت؟” دەبێت بەم جۆرە بخرێتە ڕوو کە ئاقڵانیترین شێوازەکان بۆ ئاسانکردنی ژیان چییە؟ چەمکی ژیانی کۆمەڵ دوور لە سڕینەوەی ”ئەوی تر” هەتا کاتێک کە ئێمە پرسیارەکان نەگۆڕین و بەردەوام بپرسین حاکمی دواتر چ کەسیکە، وەک کێشەیەک هەر دەمێنێتەوە.

چەمکی حوکومەت واتە کۆنترۆڵ و سڕینەوە، بەڵام ئەوە سیاسەت نییە بەڵکو ئەوە دژەسیاسەتە. لەبەر ئەمەشە من پێم وا نییە ئەگەر موجاهدین یان گروپە چەپەکانی مارکسیستی بگەشتنایە بە دەسەڵات بارودۆخی سیاسی ئێران درەوشاوەتر دەبوو، چونکە دوورکەوتنەوە لە چەقبەستوویی، ڕاهێنان و پەروەردەی دەوێت و بە چەکەوە بیر ناکرێتەوە. تەنانەت ئەگەر نییەت و ئامانجەکەش ئینسانی بێت. لێرەدایە کە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چەمکی فەلسەفی شۆڕش نەک سیاسەت لە بەرگی شعر و دروشم و هەڵچووندا. گۆڕانکاری دروست لە ناو ”نەفی لە خود”دایە. ئەو تێڕوانینەی کە خۆی بە حەق بزانێت، ستەملێکراوێکە کە بە گرتنەدەستی دەسەڵات دەبێت بە ستەمکار و ناتوانێت خۆی نەفی بکات، چونکە چیتر حەق نییە.

”واقعییەتی زیندوو”ی کۆمەڵایەتی کە ئایینی و دوالیستی و زاتگەراییانە بێت، وەکو حەقیقەتێک لە بەها کاتی و تێپەڕەکان دەڕوانێت و لە حەقیقەتی ”نەفی” تیناگات و نەفیکەر بە بێبەزەییانە دەسڕێتەوە. حەقیقەت، تاریک و سەتحی و بێهاوتایە و بە ناچاری نەیارەکانی لە بەشداریپێکردنی سیاسیدا بێبەش دەکات.

فایلی دەنگی مونتەزری بەڵگەیەکی پتەوە و هەر بەڵگەیەک لەم بوارەدا دەتوانێت پتەو بێت ئەویش لە لایەن کەسێکەوە کە لەو سەردەمەدا کەسی دووەمی ڕژێم بووە و بەم هۆیەوە من پێم وایە کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران ناتوانێت ئەم قەیرانە کۆنترۆڵ بکات.

ئەم فایلە دەنگییە بەڵگەیەکی مێژوویی گرنگە و لە ڕووی یاساییەوە زۆر بەنرخە. ئەمەش جێی باوەڕ نییە کە کەسانی خاوەن پۆست و پێگە کە لەو سەردەمەدا پۆستی گرنگی حکومەتییان هەبووە بە ئاسانی بڵێن ئێمە ئاگاداری زیندانی بەکۆمەڵی زیندانییەکان نەبووین و بە ڕای من ئەم لەسێدارانە نابێت لە خومەینی و چەند دادوەرێکدا کورت بکەینەوە و دەبێت بە گشتیتر، ڕیشەییتر و جیدیتر لێی بکۆڵرێتەوە. ناسینەوەی تاوانبارەکان ئەگەر نەگات بە ناسینی تاوانەکە، عەقڵانی نییە.

هاوبەشی بکە

Iranian Singer, Shahin Najafi,