19/03/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی نه‌جه‌فی: گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ شاهین نه‌جه‌فی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – به‌رنامه‌ی نان و گوڵ
لە فارسییه‌وه‌: ڕێحانە جەعفەر

زۆر خۆشحاڵم کە بەشداریت کرد لە پرۆگرامەکەم، دەمەوێت سەرەتا دەربارەی کتێب و فیلمەکەت قسە بکەم بە ناوی ”کاتێک خودا خەوتووە” بۆچی ئەم ناوە، چ مەبەستێک لە پشتی ئەم ناوەوەیە؟

شاهین نەجەفی: ساڵی ٢٠١٠ من گۆرانییەکم وت بە ناوی کاتێک خودا خەوتووە، کە دوای ڕووداوەکانی ٨٨ بوو، هۆکاری ئەوەی کە ئەم ناوەم هەڵبژارد بە پێشنیاری دەرهێنەر بوو، ناوێکی باشیش بوو هەڵمان بژارد، بەڵام ئەو کاتە واتایەکی تەواوی ئەم ناوە لە مێشکمدا نەبوو، دەتوانم بڵێم شتێک بوو هەر وەک ”کاتێک هەمومان دەخەوین”ی (بەهرام بیضایی) بوو، بەڵام دواتر بیرم کردەوە لەوەی کە مرۆڤەکان لەو دەستەواژە و سیمبولانە بێئاگابن، بە بڕوای ئایینەکان بێت  کەسێک ”خودا” جیهانێک بەڕێوە دەبات من بیرم کردەوە کە پیاوانی ئایینی دەڵین ئەم کەسە ”خودا” بوونی هەیە کەواتە خودا خەوی لێ کەوتووە کە زروفی دونیا بەو شێوە خراپ بووە.

پێشکەشکار: زۆر کەس دەنگی تۆ بە دەنگێکی ڕادیکاڵ وەسف دەکات، گۆرانییەکانت بە گشتی ڕەخنەگرتنە لە هەژاری و بێپارەیی و بارودۆخی ژن 

شاهین نەجەفی: بیر دەکەمەوە نیوەی بۆ ئەزمونی من دەگەڕێتەوە کە لە کۆمەڵگەیەکدا گەورە بووم کۆمەڵگەیەک هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵگەیەکی چەپێنەر و ”تواناکوژ” بوو. بە دڵنیایشەوە پەیوەندیی بە چینی منەوە هەبوو ”چینی هەژار” هەمیشە ئەمە پرسیار بوو لای من، کە چۆن بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرم، تەنانەت کاتێک کە ئێرانم بەجێ هێشت و بارودۆخی ئەوروپام بینی و وڵاتان و مرۆڤانێکی زیاترم ناسی، زانیم کە ئەم بارودۆخە لە تەواوی دنیادا بوونی هەیە. من هەژاریم بە جیدیی لە ئەمەریکا بینی، کاتێک لە شەقامەکانی لەندەن پیاسەم دەکرد هەژاریم لە ڕوخساری مرۆڤەکاندا دەبینی، ئەمە گرنگترین هۆکاری ڕەخنەکانی منە. مرۆڤەکان لەبەر پارچەیەک نان ڕۆحی خۆیان بەخت دەکەن بەڵام من لە هونەردا ڕۆڵی جۆراوجۆرم بینیوە، تا کاتێکیش ئەم بارودۆخە نەگۆڕێت، من هەر لەسەر ئەم جۆرە هونەرەی خۆم بەردەوام دەبم.

پێشکەشکار: بەڵام ئێمە نابینین لە ناو هونەرمەنداندا کە هێندە ڕەخنە ئاڕاستەی سیاسەت بکەن و ئەسڵەن سیاسیش نین بەڵام ئێوە لە جێگەیەکدا وتوتانە ”گیتارەکەم چەکەکەمە” ئەتوانن زیاتر ئەم قسەیە ڕوون بکەنەوە؟

شاهین نەجەفی: هەروا کە وتم هەر کەس لە ڕووی ئەزمونەکانی خۆیەوە لە ڕووی ناخۆشیی و خۆشییەکانییەوە کار دەکات، لە هونەریشدا هەر وایە، هەر بەم هۆکارەیش وتوومە کە ڕەخنەی سیاسی بە تەواوەتی لە ڕووی هونەرەوە نییە، سیاسەت تەنها قسە نییە، سیاسەت وەک کۆمەڵگەیەکە کە ئێمە تێیدا دەژین و ناتوانین سیاسەت لە خۆمان دەرکەین. هەر کەسێکیش بێت و بڵێت من سیاسیی نیم ئەوە بە هەڵە وا دەڵێت کاتێکیش ئێمە دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی تەواو زانیومانە، بیر بکەنەوە لە سەدەی ٢٠ی ئەوروپا کە هونەر هیچ ڕەبتێکی بە سیاسەتەوە نەبووە هەر لە ئەوروپاوە بیگرە هەتا ڕووسیا کە لەگەڵ نیوەی هونەرمەنداندا کە هیچ ڕەبتێکیان بە سیاسەتەوە نەبووە، بەڵام هونەرەکانیان هونەرێکی سیاسی بووە و کێشەیشی دروست کردووە. من بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم کە ئەو بارودۆخە خراپەی کە حوکمی دنیای پێ دەکرێت تێکی بدەم، واتا لە هەر شوێنێک زوڵم هەبێت ئەبێت لەو جێگایە حوکم بشێوێت، ئەوەش کارێکە کە هونەر ئەنجامی دەدات.

پێشکەشکار: بەڵێ، لەبەر ئەم هۆکارەش هونەر زاڵمەکان دەترسێنێت و حوکمڕانییەکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران کاری چەپاندن و خنکاندنی هونەر و مۆسیقا و سەمایە، خودی هونەر و مۆسیقا و سەمایش تابووشکێنە تەنانەت ئەگەر سیاسیش نەبیت 

شاهین نەجەفی: بەڵی بە دڵنیاییەوە هونەر دەتوانێت وا بێت ”تابووشکێن”بێت بەڵام نابێت بڵێین تەنها کۆماری ئیسلامی وایە چونکە ئێمە ئێستا کە رۆژئاوا دەبینین وایە، لەبەر ئەوەی کە هەوڵیان بۆ داوە چونکە سەردەمانێکیش لە رۆژئاوادا کەسێکی وەک لویس ئەرون پرێسلی دەبینین کاتێک لەسەر ستەیج سەمای دەکرد و خەڵکی چاوی منداڵەکانیان دەگرت کە نەیبینن. کاتێک کە هونەر خەریکە خۆی کامڵ دەکات بە دڵنیاییەوە لە بەرانبەر ئایین و ئەخلاقدا دەیبیستیت کە هونەر ئەگەر تەنها جوڵەیەک بکات دژی سیستەمی ئەوان بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە پێشی دەگرن، ئەمە پەیوەندیی بە دینەوە هەیە و زۆر موهیمە شێوازی دین ئەو شتەی کە لە ڕۆژئاوادا ڕووی داوە لەگەڵ ئایینی مەسیحیەت پەیوەندی هەیە لەگەڵ ئەو شتەی کە لە خاورمیانە هەیە (وڵاتانی هاوسێی ئێران دەگرێتەوە) ئەو هونەرە هیچ ڕەبتێکی بە وێنەکێشانەوە نییە، لۆژیکی ئەو دینە دژی بیرکردنەوەشە بۆ نموونە لە مەزهەبی شیعەدا وێنایەک هەیە کە لە مەزهەبی سوننەدا ئەوە دەبێتە کفر وەک وێنەکێشان و پەیکەرتاشیش.

جا بڕوانە ئەم سەما چەقبەستوەی کە ئەم ٦٠-٧٠ ساڵەی خەریکە لە ئەوروپا ئەنجام دەدرێت دەربارەی جەستە، جەستەیەک کە دەبێت ڕووت بێت جا ئێوە بیربکەنەوە سیستەمێکی چەقبەستوی وەک سیستەمی کۆماری ئێران ئەم شتانە هەر نازانن، بە دەست خۆیان نییە بێگوناهن، ڕاستییەکەی عەقڵیان پێی ناشکێت چوون پەروەردە نەکراون.

پێشکەشکار: سەردەمانێکە لە بارەی دینەوە دەزانین کە دین ڕاستییەکی زۆر ڕەشە لە ”خاورمیان”ەوە ئەو کارەی کە تۆش دەیکەی ئەوەیە کە دین تەفسیر بکەیت، درۆ و فیکر و عەقیدە هەڵەکانیان شیی بکەیتەوە، بەڵام لە وڵاتانی ئەوروپاش دەڵێن نابێت قسە بە ئایین بوترێت و خەڵک ناڕەحەت بێت. من ئەم قسانەم زۆر بیستووە بیروڕای تۆ لەم بارەیەوە چییە؟

شاهین نەجەفی: گرنگترین هۆکار کە پیاوانی ئایینی لە زەمانی تابووشکێن دەیهێننەوە ئەوەیە کە  دەڵێن سوکایەتی بە بیروباوەڕ و عەقیدەی ئێمە دەکەن، بەڵام خۆیان نایەتەوە بەرچاویان کە خەریکی مرۆڤ کووشتنن، ئەسڵەن جگە لە ئیسلام هەر ئەم ئایینی مەسیحییەتە لە ئەوروپا ئەونەی ئەوان مرۆڤیان کووشت هێتلەر نەیکوشت، کاتێک هیتلەریش دێت مەسیحییەت دەست دەکاتە ناو دەستییەوە، لە ”خاورمیان”یش هەر بەم شێوەیە لە ئیمام ڕەزا خەریکن بە ملیار پارە دەردێنن لە هەزار ئیمام زادەی تر بەو شێوەیە دەکەن، کەواتە ڕوون دیارە کە بەرانبەر کەسێک دەوەستنەوە کە ڕەخنە لەم کارانەیان بگرێت و بوەستێتەوە بەرانبەریان. من سوکایەتییەکیشم نەکردووە لە ڕاستیدا بەڵکو وتوومە مەگەر ئیمامەکانتان نەیان وتووە کۆمەڵگەیەکی باشتر دروست دەکەین بۆتان دەی کوا، چی کارێکیان کردووە بۆ باشتربوونی دنیا، هەژاریتان کەم کردووەتەوە؟ ئاڵوودەبووتان کەم کردووەتەوە؟ زیندانتان لەناو برد؟ شێتتان کەم کردەووە؟ تەواوی کۆمەڵگە بووەتە شێت و تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون لە دەست هەژاری و بەدبەختی، ئێستا کە لە ئێران بومەلەرزە و لافاو دێت… 

پێشکەشکار: بۆ من شتێک لە تۆدا بەرچاوە ئەویش ئەوەیە بۆ نموونە سەلمان ڕوشدی کاتێک حوکمی فتواکەی دەرچوو، چوو خۆی شاردەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەڵام تۆ هاتی کۆنسێرتت کرد، ئەمە خۆی جۆرێکە لە بەرگەگرتن و هەموان فێری چالاکی و چاونەترسی دەکەیت؟

شاهین نەجەفی: من هەر لە سەرەتاوە ”گونتروالرۆف”  یارمەتیی دام و پێی وتم تۆ نابێت یەک هەنگاویش بێیتە دواوە تۆ ئەسڵەن نابێت کارت بەسەر مرۆڤ و بیر و باوەڕەکانیانەوە هەبێت بەڵام بەرانبەر پیاوانی ئاینی و دینفرۆشەکان یەک هەنگاویش نەیەیتە دواوە چونکە وەک سەلمان ڕوشدیت لێ دێت کە چۆن کۆبوونەوەیان ڕێک خست کە سەلمان ڕوشدی داوای لێبوردن بکات، کردیشی، بەڵام فتواکەی هەر وەک خۆی مایەوە منیش زۆر کەس وتیان کە شاهین نەجەفی ڕۆشتووە خۆی شاردووەتەوە بەڵام نازانن من پێنج مانگ پۆلیس قژیان تاشیم سیستەمی ژیانیان گۆڕیم. ژیانێکی زۆر گەمژانەم هەبوو بە فشاری پۆلیس لەو ماوەیەدا سەرنجم دا کە بەو شێوەیە نابێت من ناتوانم وەک سەلمان ڕوشدی خۆم بشارمەوە و لە ماڵەوە کتێب بنووسم من دەبێت بچمە سەر شانۆ ئەگەر بمەوێت بمرم دەبێت لەسەر شانۆ بمرم ئەگەر بڕیارە بم تەقێننەوە با لەسەر شانۆ بم تەقێننەوە تەنها نیگەرانی خەڵک بووم کە ئەگەر شتێکی وا ڕوو بدات ئەوانیش تووش دەبن من خۆم خەریکم ئەڵێم کە ئەمانە ئەسڵەن حەدی ئەوەیان نییە لە جێگەیەکی قەرەباڵخدا من بکوژن لەوانەیە لە شوێنێکی تەنها و بە یارمەتی دۆستێکی خۆم بمکوژن وەک فەرەیدون فروخزادەیان کووشت بەڵام بیانەوێت لە جێگەیەکی جەنجاڵدا ئەو کارە بکەن ئەوا ناتوانن.

پێشکەشکار: پرسیاری کۆتاییم ئەوەیە کە چ هەستێکت هەیە کە بوویتەتە دەنگی میلەتێک کە خەریکە بە گۆرانییەکانت کێشەکانیان ئەدەی بە گوێی دنیادا پێیان دەڵێیت نا کۆمەڵگەی ئیسلامی هەموی موسڵمان نییە؟

شاهین نەجەفی: من ئاگادارم کە چۆن کار دەکەم ئەگەر ئەو هەموو لایەنگرەشم نەبوایە دووبارە هەر لەسەر ئەم ڕێگەیە دەبووم، زۆر کەسیش پێش من ئەم ڕێگەیان لە تەنهاییدا گرتووەتە بەر هیچ کەسیش نەبووەتە پشتیوانیان پارێزگارییان لێ بکەن، وەک فەرەیدوون فروخزادە کە کوشتیان زۆر کەسیش نایناسێت جگە لە چەند کەسێک و هاوڕێکانی خۆی ناڕەزایەتییان بۆ دەرنەبڕی. من بیر لە ٢٠-٥٠ ساڵی ئایندە دەکەمەوە لەوانەیە ئەو کاتە بڵێن کە کەسانێک بوون وەک من کە تەمەن و ژیانی جوانیان دانا بۆ بواری ڕۆشنگەری، من نابێت بە تەنها بم ئەمە تەنها ڕێنیسانسی ئێران بێت، تەنها ئێرانیش نا سوریا، ئەفغانستان و عێڕاق دەبێت بزانن تا کاتێک کە پاشەڕۆژی دینییان نەزانیوە ئەوە لە دوو لایەنەوە لێیان دەدرێت ، یەکەم کەسانێک کە خەریکی دزیکردنن لە نێو دەوڵەت دووەمیش دەوڵەتانی دەرەوە دزیتان لێ دەکەن.

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شاهین نه‌جه‌فی
هاوبەشی بکە

Shahin Najafi,