16/04/2024
DidiMn Logo
Top

پڕۆژه‌ی مێینه‌: پارچە کۆکراوەکانی ژن

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – خەندە حەمید، نەبەز سەمەد

لەبارەی كاره‌ هونەرییەکەی تارا عەبدوڵا

پرۆژەی مێینەی هونەرمەند تارا عەبدوڵا، ڕۆژی ٢٦/١٠/٢٠٢٠ لە سلێمانی نمایشکرا. پڕۆژەکە لە هەڵواسینی پارچه‌ جلی  ٩٩٦٧٨ ژن و کچانی گەنج و منداڵ پێكهاتبوو كه‌ توندوتیژییان به‌رانبه‌ركراوە. ئیشەکە بەدرێژایی ٤٨٠٠ مەتر لە پارکی نالیەوە بۆ بەردەم دادگای سلێمانی بە ستوونەکانی کارەباوە هەڵواسرا بوو. ئەم پرۆژە هونەرییە بەهاوکاری ڕێکخراوی CDO کراوە.  

کارەکە بەوردی ئیشی تێداکراوە، هارمۆنییەکی جوان و گونجاوی تێدایە چونکە فۆڕمی جلەکان بە هیچ شێوەیەک تێکنەشکێنراون بەڵکو بەتەواوی پارێزراوە و زۆر بەجوانی بەشێوەیەکی هونەری و سەرنجڕاکێش بەیەکەوە لکێندراو و دووراون. لە ڕووی ئێستێتیکییەوە پڕ ڕەنگ و جوانە، لە هەندێک شوێندا وەک تابلۆیەکی ئەبستراکتی پڕ ڕەنگە. کەرەسەی ئیشەکە قوماش و جلوبەرگن، جلەکان پێشتر بەکارهێنراون و لەبەرکراون لەلایەن ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرانبەر کراوە. واتا ئامادەن، بەڵام هونەرمەند هاتووە لە فۆڕمێکی هونەریدا بەشێوەیەکی جیاواز بەکاریهێناونەتەوە و واتای تازەی پێبەخشیون. بەڕێی دوورینی پارچە جلی ژنەکان، مۆتەکەی مێژوویی پەیوەندی نێوان ژن و کولتوور لە کۆمەڵگەی کوردیدا پیشان دەدات. سەبژێکت-ماتەری ئیشەکە ژنە، تایبەتتر ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە، سادیزمی پیاوی کوردی، گێچەڵی سێکسی، توندوتیژیی زارەکی، فیزیکی و سیمبولی بوونەتەوە.  هەموو ئەمانە و چەندان فۆرمی تر دەکرێ وەک توندنوتیژی ببینرێت و پێناسە بکرێت، لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵکی توندوتیژی تەنیا لە کوشتن و دەستدرێژی سێکسی کورت دەکەنەوە.

جلەکان هی منداڵان، هەرزەکاران و گەورەکانی تێدایە، ئەمە گوزارشتە لەوەی کە توندوتیژی بەرانبەر بە کچان و ژنان دەکرێ لە هەموو ئاست و تەمەنێکدا. لە لایەکی دیکەوە جلەکان قەبارەیان جیاوازە، پارچەی بچووک و گەورە و ناوەنجی تێدایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژنان لە ڕێگەی گەورە و بچووکی پارچەکانەوە، دەیانەوێ قەبارە و گەورەیی و بچووکی ئەو توندوتیژی و سووکایەتی و دەستدرێژییەمان بۆ ئاشکرا بکەن کە بەرانبەریان کراوە. جلی ژێرەوە و ستیان، و پانتۆڵ دەشێ ئاماژە و سیمبول بێت بۆ دەستدرێژی سێکسی و قووڵی برینەکان و ئازاری ژنان. هەرچەندە پارچەکان گوزارشتە لە توندوتیژی دژ بە ژنانی کورد، بەڵام ڕەنگەکان ژیاندۆستییان تێدایە، چونکە ژن خۆی سەرچاوەی ژیان و ئومێدە.

ئەگەر بەوردی سەرنج لە پارچە جلەکان بدەین، زۆرینەیان جلی کوردی و جلی ماڵەوەن، ئەوە گۆزارشتە لەوەی کە توندوتیژی دژ بە ژنان لەناو ماڵەکاندا، لەنێو خێزانەکاندا لە کایەی تایبەتەوە دەستپێ دەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ ناو کایەی گشتی و کۆمەڵگە. خێزان لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا پێگەیەکی بەهێز و کاریگەری هەیە، بەجۆرێک کاریگەرییەکەی لەسەر کایەی گشتی و تەواوی کۆمەڵگە دەبینرێت. ”خێزان دامەزراوەی سەرەکی پیاوسالارییە” کە سەروەری، جیاکاری جێندەری و ڕەفتاری توندوتیژانە لەنێو خێزانەوە سەرچاوە دەگرن و درێژدەبنەوە بۆ نێو کایەی گشتی. بۆیە کچان یەکەم جار لەنێو خێزانەکانەوە دەسەڵاتی پیاوسالاری، دابەشکاری ئیش لەسەر بنەمای جێندەر و  جیاکاری جێندەری ئەزموون دەکەن.

ژنان زۆرینەی کات دەبێت لە ماڵەوە بن، کاتێک دەچنە دەرەوە دەبێت زوو بگەڕێنەوە، دەبێت لەگەڵ مەلابانگدان، لەگەڵ خۆرئاوابوون و پێش تاریکبوون لە ماڵ بن. ماڵی کوردی بەتایبەتی بۆ ژنان پتر لە زیندان یان کامپی ئیشپێکردن دەچێت. ژنان لە ماڵدا ڕووبەڕووی توندوتیژی فیزیکی، دەروونی، زمانەوانی، سێکسی … هتد دەبنەوە. توندوتیژی خێزانی لەنێو خێزان و کایەی تایبەتدا ڕوودەدات. بۆیە زۆر بەکەمی لە کایەی گشتیدا قسەی لەبارەوە دەکرێت، ئەوەی ژنانی کورد بەسەریان هاتووە، لەلایەن کۆمەڵگەی کوردییەوە شاردراوەتەوە، سڕدراوەتەوە و لەبیرکراوە. حکومەت و کۆمەڵگە لێی بێدەنگن چونکە وەک کێشەیەکی خێزانی، کەسەکی و تایبەت لێی دەڕوانن، هەروەها لەبەرئەوەی پیاو سەرۆکی خێزانە، ئەوا بۆی هەیە کۆنتڕۆڵی خێزانەکەی بکات و توندوتیژی بنوێنێ و ستەم بکات. 

هەر پارچەیەک لەو جلانەی ناو پڕۆژەی مێینە، چیرۆکێکی لە پشتە. یادەوەری برین و تراژیدیی ژنێک، کچێکی گەنج یان منداڵێکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، یادگاری جنێوێک، تفکردنێک، شەپازیلەیەک، برین و ئازاری لێدان، دەستدرێژی سێکسی، …. هتد. بەهای ئۆبژێکتی ئیشەکە ئەوەیە ڕابوردووی پڕ توندوتیژی کۆمەڵگەی کوردی بەرانبەر بە ژنان بیر دەهێنێتەوە. تارا لە ڕێگەی ئەم ئیشە هونەرییەوە، دەیەوێ ئازار، توندوتیژی، دەستدرێژی و ئەو سووکایەتییانەی لە ماڵەکاندا، لەناو خێزانەکاندا بەرانبەر بە ژنان دەکرێت، نمایش بکات. بیخاتەوە بەرچاوی هەمووان، تاکوو پێمان بڵێ ئێمە هەموومان بەرپرسین لەوەی ڕوودەدات. ئەوەی هەمووان دەیانەوێ بیشارنەوە، هەمووان لێی بێدەنگن و ڕەوایەتی پێدەدەن، ئەو لە ڕێگەی ئیشە هونەرییەکەیەوە ئاشکرای دەکات و ئەو یادەوەرییە بێدار دەکاتەوە. هەربۆیە وەک خۆشی وتی، تارا بەو چۆلەکەیە دەچێت کە بە دڵۆپە ئاوەکەی دەنووکی دەیەوێت ئاگری دارستانێک بکوژێنێتەوە، گەرچی هەمووان پێی بڵین ئەوە چی دەکەی و پێبکەنن پێی بەڵام ئەو هێشتا ناتوانێ وەک هەمووان دەستەوەستان بوەستێ و تەنیا سەیر بکات، بەڵکو ئەوەی لەدەستی دێت دەیکات.

تارا پێشتر میدیۆم، کەرەسە و فۆڕمی جیاوزای هونەری بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی ئازار و ئێشی ژن، ئیشی ڕیالیستی، هێڵکاری، تەعبیری و ئەبسراکتی کردووە. بەڵام لە پڕۆژەی مێینەدا بە فۆڕم و میدیۆمێکی تەواو جیاواز ئیشی کردووە. لە هونەری هاوچەرخدا میدیۆمی ئینستەلەیشن بەکاردەهێنێت. لەم ئیشەدا لە جۆرە ترادیسیۆنییەکانی هونەر، هەرچەندە ئەنجامی چاکی لەم ڕووەوەشەوە بەدەستهێناوە. ساڵی پار خەڵاتی یەکەمی ڕوانگەی بۆ نیگارکێشان بەدەستهێنا، ئیشەکەی تابلۆیەکی ڕیالیستی بوو و لەوێشدا ئازار و خەمی ژن تێمای سەرەکی کارەکەی بوو. تارا دەڵێ: ”لە کارەکانمدا جەخت لەسەر ئافرەت دەکەمەوە، ئەوە جێگەی پرسیارە بۆم کە بۆچی مێینە لەم کۆمەڵگەیەدا، دەبێت وا بێت!”

یەکێک لە گرنگییەکانی ئیشە هونەرییەکە، دروستکردنی پرسیار بوو لە لای خەڵک و بینەر، پرسیارکردنی خەڵکانێکی زۆری پیادەڕەو و شۆفێرەکان بوو، ئەم بەرکەوتنە گرنگە لە نێوان بینەر و ئیشی هونەری لەناو فەزای گشتیدا. خەڵک لێی ڕادەمان و پرسیاریان هەبوو. لەکاتی نمایشەکەدا پیاوێکی بەتەمەن بەڕامانەوە لە کارەکەی دەڕوانی و دەیگوت ئەمانە جلی دایک و خوشکتانن دەبێ قسەی لەبارەوە بکەن! دوو گەنجی تر بەسەرسوڕمانەوە داوای ڕونکردنەوەیان دەکرد کاتێک هەندێ ڕوونکردنەوە و زانیاریمان پێدان یەکێکیان بەپێکەنینەوە وتی؛ وامزانی شیعە هاتووە بۆ سلێمانی! دواجار ئەمانە کاریگەری خۆیان دەبێت و لە نەستی خەڵکیدا دەمێنێتەوە.

هەرکەسێک لەو ڕۆژەدا بە شەقامی سالمدا تێپەڕی بێت، چ بە پیادە و چ بە ئۆتۆمبێل ئیشەکەی بینیووە، بۆ زۆرینە سەرەتا ئەوە پرسیارەکە بووە؛ ئەوە چییە، بۆچی ئەو پەڕۆیانە هەڵواسراون؟ خۆ هەڵبژاردن نییە، پەڕۆ و ئاڵای حیزبەکان نییە؟ ئەگەر وردتربیتەوە سەیر دەکەیت جلوبەرگن و بەیەکەوە دووراون، تایبەتتر جلوبەرگی ژنان بە ڕەنگ و شێوە و قەبارەی جیاواز. لێرەوە پرسیارە کڕۆکییەکە دروست دەبێت، بۆچی جلوبەرگی ژنان؟ ئەی بۆچی بەو شێوەیە لەو شەقامە گشتییەی شار هەڵواسراون؟ ڕەنگە زۆرینەی کەس سەرەتا نەیانزانیبێت ئەوە ئیشی هونەرییە، یان زۆر درەنگ کاتێک لەلای پارکی نالی پرسیاریان کردووە یاخود دواتر لە ڕاگەیاندن و سۆسیال میدیا بینویانە، ئینجا زانیویانە ئەوە ئیشێکی هونەرییە. چونکە بەگشتی ئیشی هونەری لای زۆرینە تەنیا لە فۆڕمە باوە ترادیسیۆنییەکان خۆی دەبینێتەوە، تابلۆ یاخود پەیکەر.

هەڵبەت ئەم کارە وەک هەمیشە خەڵکی دابەشکرد بەسەر دوو بەرەدا لە سۆشیال میدیا و دەرەوەش ئەوەی کە زۆر لێی ناڕازییە و ئەوەی کە زۆر سەرسامە پێی! ئەوەی تێبینی دەکرێ خەڵکی ناڕزای زۆرترن. دەڵێن ئەو پارچە پەڕۆیانە شاری ناشرین کردووە، لە کاتێکدا ئێمە هەزاران پارچە پەڕۆ لە بۆنە و یادە حیزبی و هەڵبژاردنەکان دەبینین و هەمووان بەبێدەنگی بەژێریدا دەڕۆن بەبێ ئەوەی ببێتە پرسیار لایان یاخود ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری لێبکەوێتەوە! جیاوازییەکە لێرەدایە ئیشێکی هونەری دەکرێت چەندە کاریگەر بێت کە ئەقڵ و مێنتاڵیەتی دەستەجەمعی بەو ڕادەیە ناڕازی و بێزار کردووە.

دەگوترێ ئیشەکەی تارا پێویست نەبوو، کۆمەڵگەی کوردی کێشەی گەورەتری هەیە، ئەوە هەمان ئەو ئەقڵیەتەیە کە دەیەوێ کێشەی ژن پەراوێز بخات، وەک شتێکی لاوەکی و دووەمی سەیری دەکات. هەروەک چۆن ناسیۆنالیزمی کوردی، ڕزگاری نەتەوەیی وەک پرسی سەرەکی و یەکەمی داناوە و ئازادی ژن لاوەکی و پەراوێزخراو بووە.

هەروەها هەندێک باس لە ناڕێکی و ناشرینی هەڵواسینی جلەکان دەکەن، بەڵام ئەم ئیشە ئینستەلەیشنە، لەسەر شەقام لەناو فەزای گشتی، نەک لە مۆزەخانە و گەلەری تایبەتی هونەری نمایش کراوە. هونەری ئینستەلەیشن زیاتر پەیوەستە بە شوێن و فەزای فیزیکییەوە، بەردەوام پەیوەندی بە کۆنتێکست، فەزا و دەوروبەری خۆیەوە هەیە. شوێنەکە دەکات بە بەشێک لە ئیشەکە یان دایدەپۆشێت، یان ئەو فەزایە پڕ دەکات. ئیشەکەی تارا ستوون و تەلی کارەبای کرد بە بەشێک لە ئیشەکە و شەقامەکەی پڕ کرد. بۆیە فۆڕم و ناڕێکی ئیشەکە لەگەڵ فەزا و شوێنەکە گونجاوە و یەکدەگرێتەوە، شەقام و ستوونەکان ناڕێکن، بۆیە ئاساییە بەو ناڕێکییە نمایش بکرێت.

لە سەروو هەموو شتێکەوە ئینستەلەیشن فۆڕمێکی هونەری کۆنسێپتە (Conceptual Art)، کە تێیدا ئایدیا و کاریگەرییەکەی زۆر لە کوالێتی یان تەکنیکی ئیشە هونەرییەکە گرنگترە. هونەری کۆنسێپت و ئینستەلەیشن دوو فۆڕمی زۆر باوی هونەری پۆستمۆدێرنیستن. هونەرمەندە پۆستمۆدێرنیستەکان و پۆستمینماڵیستەکان هونەریان هێنایە دەرەوەی گەلەری و مۆزەخانەکان، هونەریان هێنایە شوێنە گشتییەکان و ناو ژیانی ڕۆژانەوە. لە پڕۆژەی مێینەدا هزر و ئایدیای پشت ئیشەکە لە کوالێتی، تەکنیک و شێوازی پیشاندانی گرنگترە. تارا بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر هونەرەکەی هێنایە سەرشەقام و ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە.

هەروەها پرسیاری دروستکرد لەبارەی هونەر و چییەتی هونەر؟ جارێکی تر ئەو پرسیارە دروست بوو، داخۆ ئەوە ئیشی هونەرییە؟ جارێکی دی پرسیاری لەبارەی جوانی و چێژ، لاسایی، کۆپی و ڕەسەنێتی دروستکرد. وەڵام و کاردانەوەکان بۆ ئەم پرسیارانە لەناو جیهانی هونەری کوردیدا ئەوەی دەرخست کە بەشێوەیەکی گشتی هونەرمەندانی کورد لەژێر کاریگەی مۆدێرنیزمدان، بە پێوەر و پێودانگەکانی هونەری مۆدێرن، هونەری هاوچەرخ و پۆستمۆدێرنیش هەڵدەسەنگێنن.

بۆ نموونە دەوترێ پڕۆژەکەی تارا ئیشی هونەری نییە چونکە جوان نییە، بەشێوەیەکی ناڕێک هەڵواسراوە. لە ڕاستیدا لەم فۆڕمانەی هونەری پۆستمۆدێرندا چیدی ئەرکی هونەر ئەوە نییە جوانی بخاتەوە و جوانی بەرهەمبهێنێ، لەم جۆرە ئیشەدا کۆنسێپت و بیرۆکەی کارەکە لە جوانی گرنگترە. هەرچەندە تێگەیشتنی ڕۆژئاواش بۆ هونەر تاکو سەدەی بیستەم بە شێوەیەکی سەرەکی لەبارەی جوانی بوو. بەڵام لە ساڵی ١٩١٧دا وەرچەرخان و شۆڕشێکی ئیستێتیکی دێتەگۆڕێ، کاتێ پەیکەرساز و شێوەساز مارسێل دوشام (Marcel Duchamp) میزدان (urinal)ێکی هەڵگەڕاوە وەکو پەیکەر لە پێشانگەیەکدا نمایش دەکات. لێرەوە هەموو شتێك دەبێ بە ئیشی هونەری؛ شتە ڕۆژانەییەکانی سەر شەقام، وەك ویلی پایسکیل، کۆنە دۆشەك،… هتاد. تەنانەت ئیشی هونەری پێویست نییە دروستکراویش بێت، بە تایبەت لەلایەن هونەرمەندێکەوە. بە تێگەیشتنی هاوچەرخ هونەر هەر شتێکە، کە هونەرمەند وەك هونەر دیزاینی بکات.

 ئەگەر ئیشی هونەری ترادیسیۆنی ڕێگە بە ئێمە بدات پێزانینمان بۆ وەستایی و کارامەیی هونەرمەندەکە هەبێت، چێژ لە جوانی ئیشەکە وەربگرین، ئەوا ئینستەلەیشن ڕێگە بە ئێمە دەدات ئەزموونی خودی ئیشە هونەرییەکە بکەین و ڕەنگە وەهامان لێ بکات جارێکی دی بیر لە هەڵوێست و بەهاکانمان بکەینەوە. پڕۆژەی مێینە ڕێگەی بە ئێمەدا وەک بینەر ئەزموونی ئیشەکە بکەین و ببین بە بەشێک لە ئیشەکە، تەنانەت سووتاندنی ئیشەکە لەلایەن چەند گەنجێکەوە بوو بە بەشێک لە ئیشەکە، چونکە هونەری هاوچەرخ بەگشتی و ئینستەلەیشن بەتایبەتی دەیەوێ بینەر کاردانەوەی هەبێت و بەشداری ئیشەکە بێت و لەناو ئیشەکەدا کرداربنوێنێت. ئەو هونەرمەندانەی ئینستەلەیشن دەکەن دەیانەوێ جیهانی هونەر بگۆڕن لە ڕێگەی سوپرایز و شۆککردن و بەشداری پێکردنی بینەران بە ڕێگەی نوێ. ئەم ئیشە هونەرییە شۆکی دروستکرد لە لای بینەری گشتی، نەک تەنیا نوخبەی هونەر، چونکە ئەوە یەکەمین جارە ئیشێکی هونەری لە ڕووبەڕێکی وەها فراواندا لەسەر شاڕێیەکی سەرەکی شاری سلێمانی نمایش بکرێت. ئەمەش لە دوو لایەنەوە دەکرێ بڵێین وەرچەرخانی دروستکردووە، یەکەم هێنانە سەر شەقامی ئیشی هونەری بەم شێوە فراوان و گەورەیە، کە بەر زۆرینەی بینەر بکەوێت، دەشێ دوای ئەوە، ئیشی تر لەسەر شەقام و فەزای گشتی ئاسانتر و قبوڵکراوتر بێت، هەرچەندە پێش ئەوەش لەسەر شەقام و فەزای گشتیدا ئیشکراوە، بەڵام بەو قەبارەیە نەبووە و کاریگەرییەکەشی هێندە بڕی نەکردووە. دووەم وەرچەرخانە لە ڕووی هونەری فێمێنیستییەوە، پێشتر هیچ ئیشێکی فێمێنیستی بەو قەبارە و کاریگەرییەوە لەناو فەزای گشتی نەکراوە.

پرۆژەی مێینە دەچێتە خانەی هونەری فێمێنیستییەوە، چونکە هونەری بەرهەڵستی بەرەنگاری و پرۆتێستە. لەبەرئەوەی نە نیشاندانی قوربانییە و نە چارەسەرییە، بەڵکو ناڕەزاییە. ئەم کارەی تارا یەکێکیە لە جوانترین ناڕەزایەتییەکان کە بەرانبەر ئەم هەموو ستەم و توندوتیژییە زۆرەی بەرانبەر بە ژن دەکرێت. هەرچەندە ناوی ئیشەکە بەتەواوی لەگەڵ کۆنسێپتی کارەکە و ناوەڕۆکەکەی ناگونجێت، چونکە مێینە فاکتێکی بیۆلۆژییە و لەسەر بنەمای سێکس پۆلێن دەکرێت، بەڵام توندوتیژی دژ بە ژنان ڕەگی کولتووری هەیە و لەسەر بنەمای جێندەر ئەم توندوتیژییە دەکرێت. سێکس دابەش دەبێ بۆ نێر و مێ؛ واتا سێکس پەیوەستە بە جیاوازییە بیۆلۆژییەکان؛ جێندەر دابەش دەبێ بۆ پیاو و ژن؛ پەیوەستە بە کەسێتییەک کە کۆمەڵگە یان کولتوور بە ژن و پیاوی دەدات، وەک پێگە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی، شوناس و ڕەفتار. هەڵبەت ئەمە تەنیا ڕەخنەیەک نییە لە تارا وەک هونەرمەندێک، بەڵکو لەوانەش کە لە دەوری بوون و ئەو ڕاوێژی پێکردوون، دەبوو جیاوازی مێینە و ژن لە ڕووە جێندەرییەکەیەوە بکەن. هەڵبەت پڕۆژەکەی تابڵێی کارێکی گرنگ و سەرنج ڕاکێش بوو. دەکرێ هەر یەکەمان ڕەخنەی لە بەشێکی کارەکە هەبێت بەڵام ڕەتکردنەوەی بەتەواوی غەدرێکە لە کارەکە دەکرێت.

هونەری فێمێنیستی فۆڕمێکی هونەری پۆستمۆدێرنە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی ئازادی ژنان لە کۆتایی ١٩٦٠کان لە ئەمریکا و بەریتانیا دەرکەوت. هونەری فێمێنیستی وەک بزووتنەوەیەکی ڕەخنەیی و پرۆتێستکردن سەری هەڵدا، داواکاری بۆ یەکسانی جێندەری لەنێو هونەر و کۆمەڵگە بەرزکردەوە. هەروەها هونەری فێمێنیستی بەشێوەیەکی گشتی ئامرازەکییە. ئامرازەکێتی (intrumentalism) ڕۆڵێکی گەورە لەناو هونەری ئەمڕۆدا دەبینێ، بەتایبەتی هونەری چالاکیی  کۆمەڵایەتی و سیاسی. هونەر وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە و پەیامی سیاسی بەکاردێت. هونەری فێمێنیستی دەیەوێ شوێنێکی شایستە و بەداد بۆ ژنان لەنێو جیهاندا دابین بکات. پڕۆژەی مێینە داواکاری بۆ دادپەروەری بەرز دەکاتەوە. هەر بۆیە لەبەردەم دادگەی سلێمانی کۆتایی دێت. لە واتایەکی فراواندا، ئەم پڕۆژەیە دەیەوێ هەڵوێستە کولتوورییەکان و ستریۆتایپەکان بگۆڕێت و وەها لە بینەر بکات کە سەروەری پیاوان لەنێو کۆمەڵگە و کولتووری کوردی بخاتە ژێر پرسیار.

هەندێک کەس پێیانوایە ئیشەکەی تارا کۆپی و لاساییە، پێشتر لەلایەن هونەرمەند ئەلکێتا (Alketa Xhafa-Mripa) ساڵی ٢٠١٥ کراوە، بەناوی ”بیرکردنەوە لە ئێوە” هەڵواسینی جلی هەزاران ژن و کچە کە لەکاتی جەنگی کۆسۆڤدا بەشێوەیەکی سیستەماتیک ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی (rape) بوونەتەوە. ئەو وەک پێشانگە لەناو یاریگەدا، هەموو جلەکانی لەسەر تەناف هەڵخستووە. ئەوە هیچ لە گرنگی ئیشەکەی تارا کەم ناکاتەوە، چونکە ئەو بە فۆڕم و شێوەیەکی جیاواز، لە فەزا، کۆنتێکست، شوێنێکی جیاواز ئیشەکەی کردووە. لە پۆستمۆدێرنیزمدا، هونەر گەرەکە کۆنتێکستی جڤاکی و تایبەتی لۆکاڵی بەهەند وەربگرێت. ئەم پرۆژەیە کۆنتێکستی جڤاکی و لۆکاڵی تایبەتی کۆمەڵگەی کوردی بەهەند وەرگرتووە. وەک ئایدیاش بیرۆکەکەی تارا فراوانترە و پەیوەندی بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی سەر ژنان هەیە لە هەموو سەردەمەکاندا، نەک تەنیا دەستدرێژی سێکسی و تەنیا لەکاتی جەنگ و جینۆسایددا. نمایشکردنی بەو درێژییە لەسەر شەقامێکی سەرەکی شار و دوورین و لکاندنی پارچەکان بەیەکەوە، واتایەکی تایبەتی بە ئیشەکە دەدات. ئەگەر تارا ئیشەکەی لە شوێنێکی تر بکردبوایە، بۆ نموونە بە پارچە جلەکان باڵەخانەی دادگای سلێمانی داپۆشیبوایە، ئەوکاتە واتا، بەها و ئامانجی ئیشەکە بەتەواوی دەگۆڕا. کەواتە لە هونەری ئینستەلەیشندا شوێن و فەزای نمایش کاریگەری لەسەر بەها و واتای ئیشەکە دەبێت. بۆیە ئەگەر تەنانەت تارا ئاگامەندانەش لاسایی ئەو هونەرمەندە کۆسۆڤییەی کردبێتەوە، هێشتاش جیاوازە و هەمان شت نییە لەگەڵ هی ئەو هونەرمەندە.

ئاخر لەناو زۆرینەی هونەرمەندانی کورد هۆشمەندییەکی خاوەندارێتی هەیە. ئەگەر هونەرمەندێک ئیشی لەسەر تێمایەک کرد، یان بە فۆڕم و ماتڕیاڵێک ئیشی کرد، ئەوا نابێ هونەرمەندانی دیکە بەهەمان ماتڕیاڵ ئیش بکەن، چونکە پێیانوایە ئەوە لاساییە. هونەرمەندی ئێمە ئەگەر بە فۆڕمێک، یان میدیۆمێک یان لەسەر تێمایەک ئیشی کرد، ئیدی بە موڵکی خۆی دەزانێت.

لە ڕاستیدا ڕەسەنێتی ئیشی هونەری تایبەتمەندی و ئەدگارێکی مۆدێرنیزم و هونەری مۆدێرنە، لە پۆستمۆدێرنیزمدا ڕەسەنێتی ئیشی هونەری گرنگ نییە، ئاساییە هونەرمەند ئیشی هونەری هونەرمەندانی پێش خۆی بەکاربهێنێتەوە. بۆ نموونە تابلۆی مۆنالیزای داڤینسی لەناو چەند ئیشی هونەری هاوچەرخ بەکارهێنراوەتەوە. مارسێل دوشام هەمان تابلۆی مۆنالیزای کێشاوەتەوە تەنیا ڕیش و سمێڵی بۆ زیادکردووە. ئەمەش بەتەواوی واتای ئیشەکەی گۆڕیوە و چیدی مۆنالیزاکەی داڤینسی نییە.

هەموو ئەوانە دەری دەخات کە هەژارییەکی قووڵی مەعریفی، تیۆریی و فەلسەفی لەبارەی هونەری هاوچەرخ و پۆستمۆدێرنیزم لەناو کایەی هونەری هەنووکەی کوردیدا هەیە. 

 

هاوبەشی بکە

Contemporary Art, Feminine, tara abdulla,