29/11/2020
DidiMn Logo
Top

پڕۆژه‌ی مێینه: هێشتا هونەر

لە لایەن دیدی من 1 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – زه‌رده‌شت نوره‌دین

هونەری هاوچەرخ ئەوەندە گرێدراوە بە سیاقەوە ئەوەندە گرێنەدراوە بە خودی چییەتی هونەر خۆیەوە، واتە ئەوەندە دەرگیری “پرسی سیاقە”، نیوهێندە سەروکاری لەگەڵ “پرسی هونەر” نییە. هەر ئەمەشە وادەکات پێناسە، رێسا و پێودانگی دیاریکراو لەمەڕ کاری هونەری هاوچەرخ مومکین نەبێت. ئەم نامومکینبوونی بوونی ”پرسی هونەر”ـە، ئەو ئیمکانە دەکاتەوە هەر کارێک، ئەگەر بەشێوەیەکی هونەری دەرگیری سیاق بێت، بشێت “هونەر” بێت. راستە سیاقە جیاوازەکان هاوبەشێتییان هەیە تا ئاستی گەردوونێتی بەڵام ئەو ناواخنەی سیاق دروستدەکات، وردە جیاوازییەکانە. هونەری هاوچەرخ لەناو ئەو وردە جیاوازییانەدا دروست دەبێت؛ هەر ئەو وردە جیاوازییانەشە پێرفۆرمانسێک یان ئەکتی هونەری وڵاتێکی دیاریکراوی ئەوروپی دەشێت بۆ سیاقی ئێمە هونەر نەبێت و بەپێچەوانەشەوە.

گرنگی ”پڕۆژەی مێینە” بەدەر لەوەی لە فەزای گشتییدا نمایشکراوە، لە نوخبە و گەلەری رزگارکراوە؛ ئەوەیە بەتۆخی دەرگیری سیاقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانە. سەروکاری لەگەڵ داگیرکردنی سێکسواڵیتە بەگشتی و شاردنەوەی مێینە بەتایبەتی هەیە. سیاقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی ئەوەندە کاری هونەری دەتوانێت بیجوڵێنێت و بیهەژێنێت، ئەوندە کاری فیکری و تەنانەت ئەدەبیات ناتوانێت بەرکەوتنی لەگەڵدا دروست بکات یان بیهێنێتە لەرزە. دەقی فیکری جگە لەوەی نوخبەوییە، ئەوا بەرکەوتن لەگەڵ دەقی پێشخۆی بەنێوەندگیری سیاق دروستدەکات. دەقی فیکری هاوچەرخی کوردی لەبەرئەوەی بەناو مۆدێرنیتەی رۆژئاوادا دێتەبوون، دەگیربوونی زیاتر بە دەق و سیاقی ئەوان دەبێت. لەم ڕووەوە دەقی فیکری و ئەدەبی بە گشتی لەناو نوخبەدا بە بێ‌دەنگی سەردەنێنەوە. بەڵام هونەر ئەو توانستەی هەڵگرتووە فەزای گشتی بهەژێنێت و ماتریال بۆ هزرینەوە بهێنێتەئاراوە. لەم سیاقەدا ئەگەر فیکر بیەوێت دەستوەربداتە فەزای گشتی ئەوا تەنیا بەناو هونەردا دەتوانێت ئەو کارە بکات؛ تەنانەت سیاسەت ناتوانێت ئەو پانتاییە بێت بۆ فکر کە لێوەی بشێت بەسەر فەزای گشتییدا بڕوانێت.

ویل دورانت ئاماژە بەوەدەدات لەسەرەتادا جل‌وبەرگ بۆ سەرما و گەرما یان شاردنەوەی ناوچەی کۆ ئەندامی زاوزێ نەبووە بەڵکو بە مەبەستی جوانکاری، بەرگرتن بە کاڵکردنەوەی کردەی سێکسکردن یان تۆخکردنەوەی بووە. کیمبرەکان عادەتیان وەهابوو لەسەر بەفر راکشێن و بەسەریدا بڕۆن بەڕووتی و کێشەیان نەبێت. کاتێک بانگخوازە مەسیحییەکان جلیان بە ژنانی هۆزێک لە ئورنیوکۆ دا، ئەوان جلەکانین لەت‌وکوت کرد و پارچە پارچە لە ملیانەوە ئاڵاند. ئەو ئاگاییەیان بۆ دروستنەبوو کە جل‌وبەرگ بۆ شاردنەوەی ئەندامی زاوزێ یان بۆ سەرما و گەرما بەکار بێت واتە هێشتا جوانیناسی تێکەڵ بە رەهەندی ئەخلاقی نەبووبوو.

لەناو ئایینە ئیبراهیمییەکانیشدا(جوو، مەسیحی و ئیسلام) حەکایەتی ئادەم و حەوا هەیە کە لە بەشێکیدا باس لە پۆشتەبوونەوەی مرۆڤ و جل لەبەرکردن دەکات. خودا خواردنی بەری درەختی زانین(چاکە و خراپە) لە بەهەشتدا لە ئادەم و حەوا قەدەغە دەکات. ئەوانیش بە فیتی شەیتان(مار) لە درەختەکە دەخۆن پاش ئەوە دەزانن کە ڕووت و قووتن و بە گەڵای هەنجیر خۆیان دادەپۆشن. پۆشتەبوونەوەی مرۆڤ پەیوەندیی بە یەکەم گوناهی ئادەمەوە هەیە؛ لێرەشدا دیسان بەر بە رەهەندی ئەخلاقی پۆشاک دەکەوین. جل‌وبەرگ یەکێکە لە ئامارازەکانی فتیشبوونی جەستەی مێینە و داگیرکردنی جەستەی لەلایەن ئارەزووی پیاوەوە وەک قەڵەمڕەوێکی نەگیراو.

داپۆشینی جەستەی مێینە پەیوەندیی بە ڕووتبوونەوەی خوداوە هەیە. پەرەسەندنی خودا لە ناو زیهنیەت و ئاگایی مرۆڤدا بە درێژایی مێژوو، دەرخەری ئەو پەیوەندییەیە. خودا لە ناو تێگەیشتنی مرۆڤی سەرەتاییدا، لەناو دیاردە سروشتییەکان بۆ مرۆڤ بەشێوەی هێزی بان‌سروشتی دەرکەوتووە و دواتر لەناو هونەری پیرۆزی مرۆڤدا واتە پەیکەرە جۆراو جۆرەکان دەرکەوتووە(سەردەمی فرەخودایی). دواتر خودا وردە وردە سیفەت و دەرکەوتەکانی لەناو ئاگایی مرۆییدا لێدەبێتەوە و تا دەڕواتە ئاستێک تەواو ڕووت دەبێتەوە، وەک لەلای جووەکان دەبینرێت، پاشان لە ئیسلام دەبێتە ”اللە” کە هیچ فۆرمێکی نییە و دژ دەبێتەوە بە هەموو جۆرە شکڵ و شێوەیەک: خودا بە ڕووت‌وقووتی. لەبەرانبەردا و لە پرۆسەیەکی پێچەوانەدا هاوتا لەگەڵ ڕووتبوونەوەی خودا جەستەی مرۆڤ دادەپۆشرێت هەم بە جل‌وبەرگ و هەم بە پۆشاکی ئەخلاقی-ئایینی. ئالان بادیۆ لەپەیوەند بە داپۆشراویی ژنەوە دەڵێت: ” زۆربه‌ی کات ده‌گه‌ڕێین تاکو ژن بشارینه‌وه‌. هه‌میشه‌ ژن له‌ خودی خۆیدا به‌ڵگه‌یه‌کی زه‌مینییه که‌ خوا نییه‌، کە ژن بوونی هەبێ ئەوە پێویست ناکات خوا بوونی هەبێ‌. ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ته‌ماشای ژنێک بکه‌ین (ده‌شبێ بزانین ته‌ماشا چییه‌! مه‌سه‌له‌که‌ زۆر له‌وه‌ ئاڵۆزتره‌ ته‌نها ته‌ماشایه‌ک بێت)، تاکو یه‌کسه‌ر قه‌ناعه‌ت بکه‌ی که‌ دەتوانین به‌ سه‌ر خوادا تێپەڕین. هه‌ر بۆیه‌ له‌ کۆمه‌لی نه‌ریتییدا ژن ده‌شارنه‌وه‌. مه‌سه‌له‌که‌ له‌وه‌ ترسناکتره‌ که‌‌ به‌ دڵپیسییه‌کی بازاریانە کورتیکه‌ینه‌وه‌. نه‌ریت به‌ چاکیی له‌وه‌ تێگه‌یشتوه‌ که‌ به‌ هه‌رچ نه‌رخێک بێت ده‌بێ خودا له‌ ژیاندا بمێنێ (وه‌ک هه‌ندێک بۆی چوون دەبێ ”نه‌مرێت”) تاکو ژنان به‌ شاراوه‌یی بمێننه‌وه. به‌ده‌ر له‌وه‌ی ژن بڕوادار بێت یان نا، پرۆسه‌ی مێینه‌ پرۆسه‌یه‌کی ئیلحاده‌، مه‌به‌ستمان له‌ پرۆسه‌ی بوونی ژنه‌، چونکە هه‌موو هه‌وڵه‌کانی نه‌ریت ئەوەیە که‌ بیشارنه‌وه‌ و هه‌میشه‌ ئەوە پرسیارە لەلایان کە چۆن و به‌ کام شێوه‌ ژن بشارنه‌وه‌”.

ڕووتبوونەوەی ژن پەیوەندیی بە داپۆشین و شاردنەوەی خوداوە هەیە. شاردنەوە و دفنکردنی خودا پرۆسەی ئیلحادە. ”پرۆژەی مێینە”، نواندنەوەی رووتبوونەوەی ژنان بوو لە زیهنییەت و ئاگایی باوەڕدارانەی فەزای گشتی ئێمەدا، ئەمەش بەڕێکەوت نییە نەستی دەستەجەمی ئێمە لەسەر زاری  ژنە چالاکوانێکی ئیسلامیدا بەمشێوەیە دەدوێت: ”بریا لە جیاتی ئەوەی جلی ئەو ژنانەیان هەڵواسیوە کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، ئەو پیاوانەیان هەڵبواسیایە کە ئەو توندوتیژیە دەکەن بەرامبەر ژنان”. بەدەر لە حوکمە ئەخلاقیی دەربڕینەکە، لەناو ئاگایی دینیدا، هەڵواسینی پیاو ئاسانترە لە هەڵواسینی جلی ژنانە لە فەزای گشتیدا.

لەم سۆنگەوە ”پرۆژەی مێینە” کارێکی هونەری نییە کە تەنیا پەیوەندیی بەو ”ژنە قوربانیانە”وە هەبێت کە تووندووتیژییان بەرانبەر کراوە و جلەکانیان لە فەزای گشتی‌دا هەڵواسراوە وەکو ئیدانەی ئەو کارە؛ لەبەرئەوەی ئەو جۆرە لە توندووتیژییە لەناو ئاگایی هاوچەرخی باوەڕداریشدا ئیدانەکراوە. ڕووچوونەکە لەوە زۆر قوڵترە و دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنی سێکسواڵیتە و شاردنەوە و پۆشتەکردنەوە ژن بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە خودا.

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Contemporary Art, Feminine, tara abdulla,