02/05/2024
DidiMn Logo
Top

ڕووتی لە هونەردا: باشی یان خراپەکاری؟

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من ئاڕت ڕینیواڵ
برایان یۆدەر
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

 

”چ ڕۆحێکی بەتاڵ و کوێر هەیە ناتوانێت ئەو ڕاستییە بناسێتەوە کە پێیەکان لە پێڵاوەکان خانەدانترن و پێست لەو پۆشاکە جوانترە کە لەبەر دەکرێت؟“

مایکڵ ئەنجێلۆ

 

کەسانێک هەن پێیان وایە ڕووتی لە هونەردا شتێکە دەبێت بشاردرێتەوە. جگە لەوەی ئەو تێڕوانینە لە بنەڕەتدا شتێکی بێزارکەرە، ئەم جۆرە کەسانە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان ڕێگری لە خەڵکی بکەن لە بینین و پیشاندان و فێربوونی کێشانی ڕووتیی مرۆڤ و ئاشنابوون پێی، بۆیە پێشێلکاریی مافەکانی دروستکردنی هونەر دەکەن و هەرچۆنێک بیانەوێت هونەرەکە لەناو دەبەن. لە ماڵپەڕەکەمدا بە ناوی ژیاندنەوەی هونەر، چەندین پێشنیار و ڕەخنەمان بۆ دێت کە تێیدا پێمان دەگوترێت: کارەکانتان زۆر جوانتر دەبێت ئەگەر بێت و هەوڵ بدەن تەنها وجودی وێنە و فیگەری ڕووت بشارنەوە، یاخود بسڕنەوە.

بە بڕوای من تاکە هۆکاری ئەم جۆرە بەهانانە لە نەبوونی تێگەیشتنەوە بۆ هونەر سەرچاوە دەگرێت. گشت پەیڕەو و پڕۆگرامی ماڵپەڕەکەی ئێمە بەرهەم و کاری ڕووت لە خۆ دەگرێت و بەشێکە لە فۆڕمی کارکردنمان، تێیدا هەوڵمان داوە بۆ ڕۆژانی یۆنانی کۆن بگەڕێینەوە و خوێندنەوە بۆ هونەرەکانیان بکەین. ئەستەمە بتەوێت کەسێک فێر بکەیت چۆن بە دروستی وێنەی ئەناتۆمیی مرۆڤ بکێشێت بەبێ ئەوەی کرۆکی کەرەستەکەی لە لا بێت. تەنانەت بۆ وەسفکردنی فیگەرێک کە پۆشاکی لەبەردایە، پێویستە تەواو لە میکانیزمەکانی ئەوە گەیشتبیت کە چی لە ژێریانەوە هەیە و وێنەکێشانی نیگاری ڕووت تاکە ڕێگەیە کە لێیەوە فێری کێشانی ئێسقان و ماسولکەکانی ژێر پێست بیت.

جگە لە لایەنە فێرکاری و پەروەردەییەکەی، فیگەری ڕووت پێشنیاری بیرۆکەی کاری گرنگ بۆ هونەرمەند دەکات. دەتوانن لە ڕێگەیەوە مرۆڤ بە چەندین جۆر نیشان بدەن کە هەر فیگەرێک بایەخێکی خۆی هەیە و لە فیگەرەکەی دیکە ناچێت. ئەم دەربڕینە لە ڕێگەی هونەری ئیرۆتیکەوە تەواو پێچەوانەی ئەو هونەرەیە کە لە ڕێگەی لەبەرکردنی چاکەت، کڵاو و لەچاوکردنی چاویلکەوە دەربڕینی بۆ دەکرێت، چونکە هونەری ئیرۆتیک ڕێگە بۆ هونەرمەند خۆش دەکات کە ئەگەر بیەوێت مرۆڤ لە دەرەوەی کۆنتێکستێکی مێژووییدا نیشان بدات. لە جۆرەکانی دیکەی هونەردا هەر جۆرە پۆشاکێکت دەوێت لەبەری فیگەری ناو تابلۆکەی بکە و ئیتر دەتوانیت بیانبەستیتەوە بەو کاتەی ئەو جۆرە جلانە باو بوون و لەبەر دەکران و جیای دەکاتەوە لە دەم و کاتێکی دیکە کە تێیدا ئەم جلانە بوونیان نەبووە. تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی بمانەوێت پەیامێکی یونیڤێرساڵ بە مرۆڤی سەدەکان بگەیەنین، ئەوە کێشانی فیگەرەکەیە بە ڕووتی، یاخود بە بەکارهێنانی پارچە قوماشێکی تەنک. ئەمە وا دەکات فیگەرەکە لە ڕابردوو و داهاتوودا جێی خۆی بگرێت. لە ڕێگەی کێشانی فیگەری ڕووت، هونەرمەندەکان دەتوانن مرۆڤەکان بە جۆرێک پیشان بدەن کە سەرنج بخرێتە سەر فیگەرەکە نەک هەندێک بابەتی لاوەکی وەک ئەوەی ئایا بلوزەکەی بەری چۆن وەستاوە؟ تەنوورەکەی چەندێک هەڵکێشراوە؟ یاخود ئایا تازەترین مۆدێلی جلوبەرگیان لەبەردایە؟ هەر بۆیە لەپێناو وردبوونەوە لە فیگەرێکی ڕووت، پێویستە لەو کاڵایانە دابماڵرێت. ئەگەر قەرار بێت مەبەست لە هونەردا دەربڕینی بیرۆکەیەک بێت لەبارەی سروشتی مرۆڤایەتی و ڕۆڵی مرۆڤ لە جیهاندا، ئەوا فۆڕمێکی هونەریی ئیرۆتیکی، بە دڵنیاییەوە یەکێکە لە بەهێزترین ئەو ئامڕازی دەربڕینانە.

ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێکن لەو ڕەتکردنەوانەی ئاڕاستەی ئەم جۆرە هونەرە دەکرێن، لێرەدا هەوڵ دەدەم لەبارەی بەشێکیانەوە بە کورتی بنووسم  و دەرگا بە ڕووی تێگەیشتنیاندا بکەمەوە:

”ڕوانین لە فیگەری ڕووت، سەر بە لایەنی نێگەتیڤدا دەشێوێنێت، دیارترین ڕێگەی نێگەتیڤ ئەوەیە مرۆڤ ئالوودەی سێکس دەکات.“

ئایدیای پشتەوەی ئەم ڕەخنەیە ئەوەیە وێنەی ئیرۆتیکی هێندە بەهێزە کە دەبێت قەدەغە بکرێت و دوور بکەوینەوە لەوەی هەموومان تووشی ئالوودەبوونی سێکسی بکات. ئەم تێڕوانینەش دەیەوێت بڵێت دەبێت هەر کارێکی هونەری وێنەی ڕووتی تێدا بێت، دەبێت سانسۆر بکرێت، چونکە زەوقی سێکسی دەجووڵێنێت.

زۆر بە سادەیی: ئەم بۆچوونە هەڵەیە. لەو فەزا و ژینگەیەدا کە هونەری ئیرۆتیک کاری لەسەر دەکرێت، کارە ڕووتەکە لەو کۆنتێکستەدا تەواو جیاوازە و ماناکەشی بە هەمان شێوە. لە هەمان شوێندا ئەو کارە هونەرییە مانا و پەیوەندییە سێکسییەکەی لە دەست داوە. لە لایەکی دیکەشەوە لەو دۆخە کۆمەڵایەتییانەی کەمترین دەرکەوتنی جەستەییشی تێدا نییە، یاخود هەر تێیدا ڕێگەپێدراو نییە، وەک هەندێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان، یاخود ئەمریکا و ئەوروپا لە سەدەکانی نۆزدەیەمدا، تینوێتی و ئارەزوو بۆ جەستە کەڵەکە دەبێت کە تەنها دەرکەوتنی ئەژنۆیەک، بلوزێکی یەخەکراوە، یان کراسێکی لەراوەی ئافرەتانە، پیاوان بەرەو گێژاوی سێکسی دەبات.

”ناتوانم ڕێگە بدەم منداڵەکانم سەیری ماڵپەڕەکەتان (ماڵپەڕی هونەری) بکەن، چونکە وێنەی ڕووتیان تێدایە.“

ئەم ڕەتکردنەوەیە لە کەسانێکی خەمخۆرەوە دێت، کە ڕێزی هونەری بە کوالێتی دەگرن، تەنها لە خەمی کاریگەریی ئەم کارە ڕووتانەدان بۆسەر منداڵەکانیان. بە دڵنیاییەوە مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە لە بەرانبەر مەتریاڵە سێکسییەکاندا ئاگاداری منداڵەکەی بێت تا کاتێک دەگەنە قۆناغی تێگەیشتن، بەڵام ئایا ئەمە پەیوەندیی چییە بەم فۆڕمەی هونەرەوە؟ من هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا نابینم، چونکە سێکس و هونەری فیگەرە ڕووتەکان هەمان شت نین.

یەکەم شت پێم وایە کەسە پێگەیشتووەکان نیازیانە ئارەزوو و زەوقەکانی خۆیان بۆ سێکس ببەستنەوە بەم جۆرەی هونەرەوە و منداڵەکان بکەن بە بیانوو، لە کاتێکدا منداڵەکان هیچ ئارەزوویەکیان لە کارەکە و ڕوانینی هەڵە لە فیگەرەکەیان نییە. زیاتر فزوڵییەتیان هەیە بۆی لەو کاتەی کە باوانیان هەوڵی شاردنەوەیان لێ دەدەن، هەروەک چۆن میوەیەکی قەدەغەکراو بەتامترینە، ئەمیش بە هەمان شێوە. ئەگەر بێت و منداڵێک لە کارێکی ڕووت بڕوانێت، یەکەم پرس کە دێتە سەری، بریتی دەبێت لەوەی “کەواتە جەستەی ژن و پیاو بەم جۆرەیە؟” شانێک هەڵدەتەکێنن و دەگەڕێنەوە سەر ئیش و کاری خۆیان، هەروەک چۆن ئەگەر ئاژەڵان لەسەر جادە خەریکی جووتبوون بن، ئەوەندەی بە لای دایکان و باوکانەوە شوورەییە و عەیبەیە، هێندە بۆ منداڵان جێی شۆک و شەرم نییە. بۆیە لێرەدا دەتوانین بڵێین کرۆکی باسەکە خودی باوان خۆیانن.

دووەمیش، ئەگەر باوان دەیانەوێت بەخشینی ئارەزوویەکی سایکۆلۆژیی سەبارەت بە سێکس لە منداڵەکانیاندا پشتگوێ بخەن، ئەوە دەبوو بەرپرسیارێتییەکی گرنگی لەم جۆرەیان هەڵنەگرتایە، کە ڕوونە هێشتا ئامادەی هەڵگرتنی نین. لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە هەستن و منداڵەکانیان ببەنە یانەی شەوانە، یاخود ڕێگەیان بدەن تەماشای فیلمە پۆرنۆگرافییەکان بکەن، مەبەستەکەی من ئەوەیە لە بەرانبەر ئەمەدا هەڵەیەکی پێچەوانە نەکەن بە داپۆشینی چاوی منداڵەکانیان، کاتێک بەر فیگەرێکی هوونەریی ڕووت دەکەون، هەروەها لە بەرچاویاندا جنێو بدەن کاتێک ڕێکەوتی جووتبوونی ئاژەڵێک لەسەر شەقام دەبینن، زیڕە بکەن کاتێک منداڵەکانیان دوو ئەویندار دەبینن دەستیان لەناو دەستی یەکدیدا بێت، یان ماچ بکەن. منداڵان لە چاودێریکردنی باوانیانەوە کاردانەوەی هەست و سۆزی ڕیکۆرد دەکەن و فێری دەبن. بۆیە ئەگەر دەتەوێت پەرەپێدانی ئارەزوو و زانیاریی سێکسییان پشتگوێ بخەیت، یان بەزۆر مامەڵەی نێگەتیڤانەیان لەبارەی سێکسەوە بەسەردا بسەپێنیت، باشترین چارەسەر ئەوەیە هەوڵ بدەیت خودی خۆت لە مامەڵەی نێگەتیڤ و خۆسەپینەرانە بوەستێنیت.

سێیەم شتیش ئەوەیە کە هەر فیگەرێک ڕووت بوو، پۆشاکی لەبەردا نەبوو، ناکرێت وا خوێندنەوەیان بۆ بکرێت کە ئەمانە پۆرنۆن، فیگەرە ڕووتەکان پەیامێکی تەواو جیاواز دەگەیەنن وەک لەوەی سێکسی بن، لە کاتێکدا لەو وێنانەدا کە فیگەرەکان تەنانەت پۆشاکیشیان لەبەردایە، پەیامەکە بە لای ئاڕاستەیەکی پۆرنۆییدا دەڕوات. مانای پۆرنۆگرافی، یاخود ناپۆرنۆگرافی پەیوەندیی بە مامەڵەکردنی فیگەرەکانەوە هەیە، نەک ئەوەی فیگەرەکان چەند پۆشاکیان پۆشیوە.

”وێنەی ڕووت واتە سێکس، سێکسیش شتێکی پیس و خراپە و دەبێت ئیهمال بکرێت.“

ئەم تێڕوانینە دوو بەش لە خۆی دەگرێت، یەکێکیان ئەوەیە کە وێنەی فیگەری ڕووت و سێکس هەر یەک شتن و هەر فیگەرێکی ڕووت سیمبولی سێکسە، دووەمیش ئەوەی کە سێکس شتێکی خراپ، پیس و شورەییە و خەڵکی دەبێت خۆیان پاک بکەنەوە لە ئایدیای سێکس، هەرچییەکیش کە هۆکاری تێوەگلان بێت لە پەیوەندیی سێکسی.

کۆنتێنتی ئەو دوو مەبەستەی ئەم تێڕوانینەیان پێک هێناوە کێشەی تێدایە. ئایدیای یەکەم ئەوەیە کە هونەری ئیرۆتیک و سێکس هەمان شتن و کێشراوێکی ئیرۆتیکی پەیامێکی سێکسییانەی پێیە. من دەمەوێت بڵێم بە هیچ شێوەیەک وا نییە، هونەری ئیرۆتیک ڕاستە دەکرێت فراوانرتر کار بکات، وا بکات پەیامێکی سێکسییانەی پێ بێت، بەڵام ئەوە مەبەست و ئامانجی هونەرەکە نییە، هێندەی ئامانجی نیشاندانی جوانیی سروشتی مرۆڤەکانە. کەنداوێکی فراوان لە نێوان فیگەری ڕووت و پۆرنۆگرافیدا هەیە، هەڵەیە وەک یەک هەژماریان بکەین.

دووەمیان ئەوەیە کە سێکس شتێکی پیس و خراپە. بۆچی دەبێت سێکس بە شتێکی هێندە تۆقێنەر و پیس تەماشا بکرێت؟ دەڵێن ئەم جۆرە کارە هونەرییانە حەز و ئالوودەیی سێکس زیاد دەکەن و بەرەو ئاڕاستەی مەترسیداری دەبەن، تێدەگەم مەبەست لەمە چییە، بەڵام ئەو دیدە تەواو جیاوازە لەگەڵ هونەری ئیرۆتیک و دەچێتە خانەیەکی پۆرنۆگرافییەوە. بە لای منەوە ئەوە خودی خەڵکەکە خۆیانن کە شەیدای بنەبڕکردنی هەرشتێکن لە جیهاندا، کە بە بیانووی سێکسەوە بەحاڵ بۆنی ڕووتیی لێ بێت.

”فیگەری ڕووتی مێینە ئیهانەیە بۆ سەر هێزی ئافرەت، لەبەر ئەوەی وەک ئامڕازێک بۆ ئارەزووی نێرینە پیشان دەدرێن و بە کار دەهێنرێن نەک وەک مرۆڤێک.“

ئەمە زیاتر لە پێڕی ئەو ئارگیومێنتەیە کە دەڵێت ”سێکس نەگریسە“. ئەوەی لەسەر ئەم ئامانجە ورد دەبێتەوە پێی وایە پیاو لە سێکسدا هەمیشە زاڵە، یاخود بڵێین خراپەکار و ستەمکارە و ئافرەتانیش تەنها ئامڕازێکی بەردەستیانن، لە کاتێکدا ئەمە خۆی لە خۆیدا هاوکێشەیەکی دوولا یەکسانە.

ئەو وێنانەی پەیوەندییان بە تۆپیکەکانی سێکسەوە هەیە دەتوانن چەندین ئایدیای جیاواز دەرببڕن، وەک: ”سێکس شتێکی باشە”، ”سێکس شتێکی خراپە“، ”پشوودانی دوای تێکەڵبوونێکی سێکسی شتێکی جوانە“، ”خانمان دەتوانن جەستەی جوانیان بۆ سەرنجڕاکێشانی پیاوەکان بە کار بهێنن“، یاخود ”سەرلێشێواندن لە نێوان هەستی سێکسی و حەزی ئاگایی وەک فاکتەرێکی سایکۆلۆژیی بەهێز“. هیچ کام لەم پەیامانەی هونەرەکە دەیگەیەنێت، پەیوەندییان بەو ئایدیا مەجازییە فێمینیستییەوە نییە کە دەڵێت پەیامی کارەکان پیشاندانی زاڵبوونی پیاوانە و بەئامڕازکردنی مێینەکانە. خۆ دەکرێت هەمان ئەو پەیامەی دەیڵێن بەبێ بەکارهێنانی هونەری ئیرۆتیکییش بگەیەنرێت. دروست نییە لە ڕێگەی لەبەربوونی پۆشاک و لەبەردانەبوونی پۆشاک کارێکی هونەری بخەمڵێنێت و بڕیاری لەسەر بدەیت، ئەگەر دەتەوێت ڕەخنەی کاری هونەری بکەیت، ئەوا بیکە؛ بەڵام بە ئەگەری چەندێتیی جلی پۆشراو و نەپۆشراو قەدبڕی مەکە.

”ڕەتکردنەوەی دینیم هەیە بەرانبەر بە هونەری ڕووت.“

ئەم ڕەخنەیە سەیر نییە و بە ڵنیاییەوە چەندین نەریتی دینی هەیە کە دژ بە کاری هونەریی لەم جۆرەیە.

ئەگەر لەبارەی ئەم بڕوایەوە بدوێین، ئەوا بەپێی ئەو باکگراوندە دینییە دەبێت کە نەتەوەکان لەسەری دەڕۆن. بە شێوەیەکی دیار لە مەسیحیەتدا ئەم بڕوایە بەدی دەکرێت. چەندین هۆکار هەیە کە دەتوانین بیخەینە ڕوو لەبارەی ڕەتکردنەوەی ئەو ئایدیایە لە ئایینی مەسیحیەتدا، دڵنیاشم ئەم جۆرە بڕوایانە لە دینەکانی دیکەشدا هەیە جگە لە مەسیحییەت و ئەو ئارگیومێنتانەی لەسەر قەناعەتێکی دینییەوە سەرچاوە دەگرن، ئەستەمە قەناعەت بە کەسێکی نادینی بکەن سەبارەت بە بیرکردنەوەکانیان لەم بارەیەوە و ئارگیومێنتی لۆژیکی و هۆشیارانە کاریگەریی قایلکردن و تێگەیشتنیان زیاترە لە دەرەوەی ناوچە دینییەکان، چونکە ئارگیومێنتە لۆژیکییەکان هەرگیز ئەو فۆڕمە بە کار ناهێنن کە دەڵێت: ”دەبێت بڕوا بە فڵان ئایدیا بکەیت ئەگەر بێت و ئارگیومێنتەکەم واقیعیانە بێت یان نا.“

”دەمەوێت ببمە هونەرمەند، بەڵام دەترسم لەوەی ڕەنگە ناچار بم بەوەی لە وانەی هونەرەکەمدا فیگەری ڕووت نمآیش بکەم و وانەی لەسەر بڵێمەوە، منیش نازانم چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەم؟“

سادەترین و ڕاستەوخۆترین وەڵامم بۆ ئەمە ئەوەیە کە ”تێیبپەڕێنە!“ ئەگەر بەڕاستی دەتەوێت ببیتە هونەرمەندێکی مەزن، ئەوا دەبێت هەرچییەک بکەیت و بە هەرچییەکدا تێبپەڕیت کە پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە. بەڕاستیمە! خۆ تووشی هێستێریای سێکس نابیت ئەگەر بێت و لە ژووری وانەکەتدا فیگەرێکی ڕووتت لە بەردەمدا بێت! هەروەها پێشنیار دەکەم ورد بیر بکەیتەوە و پرسیار لە خۆت بکەیت، کە ئایا چ شتێک هەیە لەبارەی سێکسەوە کە وا بێزارت دەکات، وا دەکات بیر لەوە بکەیتەوە کە سێکس شتێکی خراپە؟ یاخوود ڕووتبوون چ کێشەیەکی تێدایە؟

لە کۆتاییدا دەڵێم بینینی مرۆڤێکی ڕووت بریتی نییە لە سێکسکردن لەگەڵیاندا. دواجاریش ئەگەر کەسانێک هەن و بە هیچ شێوەیەک و بە هیچ ئارگیومێنتێک قەناعەت بەم جۆرەی هونەر ناهێنن، ئەوا با خودی خۆیان تەماشای نەکەن و نەشیەن لە بەرانبەر ئەوەدا ببنە ڕێگر لە بەردەم کەسانی دیکەدا.

ئەمانەی باسمان کردن بۆچی گرنگن؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە کەسانێک هەن و ڕەخنەی کارەکە دەکەن و خۆیانی لێ بەدوور دەگرن؟ بەڵێ لەبەر ئەوەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەکەوە ئەم ڕەخنەکردنانە سنووریان بەزاندووە لە بواری پەروەردەدا و دەبێت لەسەریان بێینە دەنگ. مەکتەبەکەی خۆم بە جارێک هەستیار بووە بەرانبەر ئەم جۆرەی هونەر و هەرچییەک کە پەیوەندیی بە ڕووتییەوە هەبێت، کە ئەمەش وای کردووە کێشانی وردی جەستە تێیدا سانسۆر بکرێت. یەکێک لە مامۆستاکانی خوێندنگەیەکی ناوەندی بە ناوی پیتی پانس لە نیویۆرێک، لە پێشنیارێکیدا بۆ فێرکردنی خوێندکارەکانی سەبارەت بە کێشانی فیگەری ڕووت، هەڕەشەی فەسڵکردنی هاتووەتە سەر. ئەم کەیسانە کاریگەریی لەسەر هونەرمەندانی نەوەی داهاتوومان دەبێت و وا دەکات بەپێی پێویست نەتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن، بۆیە ئەمە دەبێت بە شانازییەوە لە دژی جەنگ بکرێت.

هاوبەشی بکە

Art, Wtari Art u Design,