23/10/2021
DidiMn Logo
Top

ڕوانگەی ژنۆلۆژی بۆ هونەر

لە لایەن دیدی من 8 مانگ پێش ئێستا

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

ژنۆلۆژی زانستی ژن و هاوژیانی ئازادە، بەڕوانگەیەکی ژنانە ئیش دەکات. دونیابینی و زانستی ژنە، کە لە  کۆمەڵگە و سروشتدا لە مێژووی ژن دەکۆڵێتەوە.

بۆ ئەوەی حەقیقەتی ژن زیندوو بێت، ژنۆلۆژی گرنگی بە کولتوور و هونەر ”ئێستێتیک” دەدات. هونەر لە فراوانترین واتایدا چالاکی ئافرێنەرانەی مرۆڤە. جیاوازی و سەربەخۆیی لە هێزی ئافراندنەوە دروست دەبێت، هونەر بە خۆدەربڕینی ئافرێنەرانە بە ئازادی دەگات. لە کۆمەڵگەدا تایبەتمەندی و ناوبانگ لەم جیاواز بوون و داهێنانەوە دروست دەبێت. دەتوانین بڵێین هونەر سەرەنجام بوونی چالاکی خەیاڵ و مێشکە، خەیاڵ و مێشک کاتێک لەلای هونەرمەند بەهاوسەنگییەکی جیاواز کار دەکات دەبێت بە فۆرمێکی جیاوازی هونەر، بەو شێوەیە چوارچێوەی کارێکی هونەری بەرجەستە دەبێت.

لەبەرئەوەی ئێستێتیک خەریکبوونە لەگەڵ دیاردەی جوانی و هونەر بۆ ژنۆلۆژی پێگەیەکی گرنگی هەیە بە هەمان شێوەی زانین و مۆڕاڵ/ئێتیک. لەمێژە هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ دروستکردنی جوانی بەردەوامە، ئەو جوانییەش لە هەر سەردەمێکدا بەگوێرەی سیستەمی سەروەر شێوازێکی وەرگرتووە. عەبدوڵا ئۆجەلان ئەم سەردەمە وەک شارستانی دیموکراتیک و شارستانی کاپیتاڵیزم پێناسە دەکات، ژنۆلۆژیش لەو ڕوانگەیەوە دەڕوانێت بۆ ژیان و کێشەکان. ناتوانین بڵێین هەموو بەرهەمە هونەرییەکان سەربە شارستانی کاپیتاڵیزم یان مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیزمن، بەڵکو بەشێک لە هونەر بە ڕوح و ئەقڵی کاپیتاڵیزم پێشدەکەوێت بەشێکیش لە هونەر بە ڕوح و ئەقڵی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک پێشدەکەوێت. لە هەردوو شارستانییەتدا ئێستێتیك، وه‌ك به‌شێك له‌ فه‌لسه‌فه‌، خه‌ریكی شیكردنه‌وه‌ی تێگه‌ و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌یه‌، كه‌ له‌ كاتی تێڕامانی بابه‌ته‌ ئێستێتیكییه‌كاندا په‌یدا ده‌بن. له‌ په‌یوه‌ندی جوانیخوازانه‌ى مرۆڤ به‌ جیهانه‌وه‌ و له‌ جه‌وهه‌ر و یاساكانی په‌ره‌سه‌ندنی هونه‌ر و جوانی هونه‌رى ده‌توێژێته‌وه‌، یان هه‌ر شتێك به‌ جوانییه‌وه‌ گرێدرابێت و هه‌ر شتێك سروشتی جوانی پێناسه‌ بكات، بە هەمان شێوە ژنۆلۆژیش لێکۆڵینەوەیە لەبارەی بوون و مەعریفەی ژن، چونکە ژن بەدرێژایی مێژوو سڕاوەتەوە و دەنگی کپکراوە، بۆیە ژنۆلۆژی ئیش لەسەر ئەو بەها مێژووییانە دەکات، کە ژن لێی سەنراوەتەوە و لە دەستیداون. بەڵام لە مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیزم سروشتیبوون نییە. ئەو سیستەمە بۆ خۆی سروشتی نییە، بەڵکو گرنگی بە پارە و سامان دەدات، ئەوانیش سروشتی نین. هونەرمەند دەتوانێت  لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە کاریگەری لەسەر بینەر دروست بکات. مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیزم ئەم ڕاستییە باش دەزانێت بۆ ئەمەش  مرۆڤ دەتوانێت دیکتاتۆر سالازار، فرانکۆ و هیتلەر بە نموونە بێنێتەوە، ئەو دیکتاتۆرانە نوێنەرایەتی سەردەمی سیستمی کۆمەڵگای دەوڵەت و مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیزم دەکەن. بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ئەوان نەبینێت و هۆشیار نەبێت بەرامبەر سیاسەتیان لە ڕێگای هونەر، سێکس، وەرزشەوە کاریان بۆ خەواندنی کۆمەڵگا کردووە. بۆیە دەبینین هونەر لەم سەردەمەدا ڕووکەشییانە بەرەو پێشدەچێت و جەوهەر لە دواوە دەمێنێت، کاتێک هونەر پێشدەکەوێت هاوسەنگی سروشت  نابیندرێت، لەژێر ناوی هونەردا هەرچی دروست بکرێت نرخی پارە و بازاری بۆ دیاری دەکرێت. بۆ نموونە کاتێک گۆرانی، پەرتوک، تابلۆ یان پەیکەرێک دروستدەکرێت جیاواز لە خواستی هونەرمەند یان نووسەر پێوەری هەڵسەنگاندن بەگشتی لەسەر ژمارەی داواکار و نرخی مادی کارەکەیە. ئەمەش ئەو ڕاستییە نیشاندەدات کە هونەر و هونەرمەند ئازاد نییە. لە بەرامبەر ئەمەدا مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بنەمای خۆی لە شارستانی دیموکراتیک وەردەگرێت، سیستەمی کۆمەڵایەتی لەم شارستانییەتەدا لە دەوری دایک دروست دەبێت، واتا ژن سەنتەرە. ئەم سیستەمە سروشت بە بنەما دەگرێت، هەرچی پێویست بێت بەگوێرەی هاوسەنگی یاسای سروشت دەستەبەری دەکات.

هونەر بۆ ژنۆلۆژی گرنگە یەکێکە لە بوارەکانی ژنۆلۆژی و ئیشی لەسەر دەکات. ”هونه‌ر ئه‌و جیهانه‌ ده‌گمه‌ن و داهێنه‌ر و زیندووه‌یه‌، كه‌ به‌رده‌وام پارێزگارى له‌ زیندوویەتی و نوێبوونه‌وه‌ى خۆى ده‌كات”. ژنۆلۆژی پێیوایە هونەر کاریگەری تایبەتی هەیە لەسەر دروستکردنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و هۆشیاری و یەکسانی جێندەریی، ڕیالێتی و ڕاستی کۆمەڵایەتی. ئەمەش پێویستە لەناو هونەردا بەشێوەیەکی ئێستێتیکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەروەها هونەرمەند دەتوانێ هەڵوێستی ئازادانەی خۆی دەڕبڕێت و لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە کاریگەری لەسەر بینەر دروست بکات. هونەر سەربەخۆیە لە کۆمەڵگە، هاوکات ناوەڕۆکی خۆی لە کۆمەڵگەوە وەردەگرێت. بەبێ ئەوەی بە ڕاستەوخۆیی نۆڕم و بەهاکانی کۆمەڵگە بەرهەمبهێنیتەوە. هەروەک چۆن ئادۆرنۆ پێیوایە هونەر لە پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەدایە لەگەڵ کۆمەڵگە، هونەر ئەو کۆمەڵگەیە ڕەخنە دەکات کە هونەرەکەی بەرهەمهێناوە. ڕەخنە لەنێو ئیشە هونەرییە سەربەخۆکاندا لە ڕێگەی لێکدانەوە (ڕاڤەکردنەوە) دەتوانرێت ڕوون بکرێتەوە. هونەرمەندی هۆشیار پێویستە هەڵوێست و قسەی خۆی هەبێت لەسەر دیاردە و ڕووداوەکانی کۆمەڵگەکەی، چونکە هونەرمەند دابڕاو نییە لە کۆمەڵگە، هەموو ئەمانە هونەرمەند ناگەیەنێتە پێگە و خاڵێکی گرنگ گەر هۆشیاری و بیرکردنەوەی ئازادانەی لەگەڵدا نەبێت. لەبەرئەوە هۆشیارییەکی ئازادانە گرنگە بۆ گشت تاکەکانی کۆمەڵگە، بەڵام ئەمە فەراهەم نابێت تاکو کۆمەڵگە ئازاد نەبێت، بۆیە ئازادی هونەرمەند بە ئازادی کۆمەڵگەوە پەیوەستە. گەر لە ڕوانگەی ژنۆلۆژی بڕوانین پرسیارێک دێتە گۆڕێ، بۆچی ئازادی ژن بۆ هونەرمەند ئەوەندە پێویستە؟

 کاتێک هونەرمەند هۆشیار بوو بەرانبەر بە بوون و ئەرکی خۆی لەنێو کۆمەڵگەدا، ئەوا لەڕێگەی هونەرەوە خۆ دەردەبڕێت و بە ئیشە هونەرییەکانی ڕەخنەی نەریتە ترادیسیۆنییە باوەکان دەکات، بۆ دەرچوونی ژن لە بەقوربانی بوون و سەپاندنی قەدەغەکراوەکان بەسەریدا، ژنۆلۆژی لەو ڕوانگەیەوە دەڕوانێ کە گەیاندنی ژنان بە بارودۆخی باش و شایستە، گەیاندنی سەرجەم کۆمەڵگا دەبێت بەبارودۆخی دروست و سروشتی. ئەوکاتە مرۆڤ هونەرییانە لە هەموو کایەکانی ژیان دەڕوانێت، کاریگەری هونەر و ئێستێتیک لەسەر کۆمەڵگە دەبێت.

 ناوەندی ژنۆلۆژی لە یەکەم چالاکییەکانیدا بە ڕێکخستنی پانێڵێک دەستی پێکرد، بۆ زیاتر ناساندنی زانستی ژنۆلۆژی و گفتوگۆکردنی زیاتری ناوەڕۆکی بابەتی پانێڵیستەکان. هەردوو هونەرمەند ڕۆژگار مستەفا و زەهرا دۆگان لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە بە هۆشیارییەکی ژنانەوە بەڕێگەیەکی خودییانەی جیاواز ئیش لەسەر ئەو سنوور و تابۆیانە دەکەن، کە بۆ ژنان دیاریکراوە بە هەستێکی سەربەخۆیانە و بەرەنگارانە کارەکان و ئەزموونەکانیان لەگەڵ ئامادەبووان هاوبەشی پێکرد.

ئامانجی ئەو پانێڵە ئەوەبوو ژنانی هونەرمەند خۆیان باس لە ئەزموونی ئیشکردنی هونەریی و ئاستەنگییەکانیان بکەن. هەروەها ژنۆلۆژی دەیەوێت ڕوانگەی خۆی بۆ ئەو ئەزموون و ئاستەنگییانە بخاتە ڕوو، کە چۆن زانست و هونەر لە یەکتری دابڕاون و بوون بە دوو کایەی جیاواز لە یەکتری، بە هەمان شێوە هزر و هەست (ئەقڵ و دڵیش) هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیان نەماوە، ژنۆلۆژی بە هەوڵدانەکانی و بە تیۆری و تێزەکانی دەیەوێت ئەو پردی پەیوەندییە دروست بکاتەوە. گرنگی ئەم چالاکییانە ئەوەیە کە بتوانێت بەڕوانگەیەکی ژنانە پرسیار دروست بکات؛ ژیانێکی ئازاد چۆنە، یاخود پێویستە چۆن بێت؟ لەبەرئەوە ژنۆلۆژی ڕوانگەی پیاوسالاری ڕەخنە دەکات، هەروەها ئەلتەرناتیڤی خۆی هەیە بۆ ئەم دەسەڵاتە زاڵە. هەوڵی ژنۆلۆژی ئەوەیە جیهانبینییەکی جوان لەپشت کار و چالاکییەکانی هونەرمەندانەوە هەبێت بەتایبەت بۆ ژنان، کە ئەم جیهانبینییە بتوانێ ئازادانە ڕەخنەی پیاوسالاری و سەرمایەداری بکات.

لە کۆتایدا ژنۆلۆژی “هونەر بۆ هونەر” نابینێت، بەڵکو هونەر بۆ تێگەیشتن و جوانکردنی ژیان دەبنیێت.

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Art, jineology,