25/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی بیکێت: هەناسە، شانۆنامەیەک لە یەک خولەکدا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیمه‌نێك له‌ شانۆیی هه‌ناسه‌، له‌ ده‌رهێنانی سوچان كینۆشیتا، ساڵی 2015

دیدی من 
دانا ڕەئوف

 

چەند وشەیەک سەبارەت بە شانۆنامه‌ی هه‌ناسه‌:

ئەم دەقەی بیکێت نمایشکردنی یان خوێندنەوەی تەنها لە خولەکێک تێپەڕ ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگییەکی بێهاوتای هەیە. ئەم دەقە مینیاترییە، هەر لە دوای نووسین و بڵاو کردنەوەیەوە، لە 8ی مانگی ئازاری ساڵی 1970دا لە بەڕیتانیا و لەسەر شانۆی ئۆکسفورد و هەروەها لە ساڵی 1973دا لەسەر شانۆی زانکۆی لیزر هەر لە بەڕیتانیا نمایش کراوەتەوە. لە ڕێگای کەناڵی بی بی سییشەوە بۆ تیڤی تۆمار کراوە.

ئەم دەقە 1 خولەکییە، نمایشێکە ئاماژە و هێمای بوونی مرۆڤایەتی، لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەرجەستە دەکات؛ چیرۆکی ژیانی هەموو مرۆڤێکە، لە لەدایکبوونەوە تاکو مردن، گریانی بوون و نەمانە، هاواری له‌دایکبوون و نووزەی سەرە مەرگە. چڕکردنەوەی مەودا فەلسەفییەکانە، گەوهەری مرۆڤ و سووڕانەوەی ڕۆژگاری بازنەیەکی داخراوە، چیرۆکی گەردوون و کێشە و ململانێکانی مرۆڤە. گرنگیی دەقەکە و مەزنیی بیکێت لەوەدایە، کە ئەو کێشە گەورە فەلسەفییە بخاتە نێو چوارچێوەی نمایشی شانۆییەکی 1 چرکەییەوە. بیکێت لەم دەقە کورتەیدا، بە شێوەیەکی کردەیی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە نمایشێکی شانۆیی دەتوانێت بەبێ ئامادەیی و بوونی جەستەی ئەکتەر و نواندن پێشکەش بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەک نمایشێکی شانۆیی هەژمار بکرێت.

لە سەرەتادا، پەردەی شانۆ بە هێواشی لەسەر ئاوازی هاوار و گریانی منداڵێک، وەک ئاماژەیەک بۆ پرۆسەی لەدایکبوون، لا دەبرێت، لە هەمان کاتدا سەر تەختەی شانۆ سەرەنوێلکێکە و خۆڵوخاشاکێکی زۆر پەرشوبڵاو بوونەتەوە. لابردنی پەردەی شانۆ تەنها نیو چرکەیەک دەخایەنێت، تا سەرلەنوێ و لەپڕ لەگەڵ دەنگی هەناسە و گیانەڵای کەسێکدا دادەدرێتەوە.

ئەم کارەی بیکێت هەرچەندە زۆر کورتە و لە هەموو توخم و بنەما سەرەکییەکانی نمایشێکی شانۆیی داماڵراوە، لەگەڵ ئەوەشدا شوێن و کات و ئامڕازەکانی تر، پەردەی شانۆ، دەنگەکان، خۆڵوخاشاک، ستراکتورە گشتییەکەی پێک دەهێنێت.

ئەم دەقە کورتە دووپاتکردنەوەیەکی گرنگ و بەهای ئاماژە و زمانی بینینە، نمایشەکە بەرەو هەستکردن و درککردنمان، بەرانبەر بە سروشتی ئەوەی ”دەیبینین” دەبات. هەرچەندە هەناسە وەک نمایشێکی شانۆیی دەرکەوتووە، بەڵام دەکرێت وەک تابلۆ و کارێکی وێنەکێشان، کە لە هۆڵی پێشانگەیەکدا پێشان بدرێت، مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

هەناسە وێنەیەکی سیمبولیی جیهانە، وێنەیەکی جیهان وەک شانۆ نا، بەڵکو وەک سەرەنوێلکێکی پڕ لە خۆڵوخاشاک، ئەمە جگە لەوەی تەقەلایەکە بۆ دەرخستنی پەیوەندییەکانی نێوان وشە و شتەکان.

 

 

  • ڕووناکییەکی کز سەر شانۆکەی ڕووناک کردووەتەوە؛ سەرەنوێلکێک، خۆڵوخاشاکێکی زۆر پەرشوبڵاو کراوەنتەوە. وچانێکی کورت بۆ ماوەی 5 چرکە.
  • نووزە و هاوارێکی هێدی و کورت، هەناسەوەرگرتنێک بە خێرایی هاوکات له‌گه‌ڵ بەرزبوونەوەیەکی خاویی پلەی ڕووناکییەکە دەبێت، دوای ئەوە هەردوو بەرزبوونەوەی پلەی ڕووناکی و هەناسەوەرگرتنەکە، لە ماوەی نزیکەی 10 چرکەیەکدا و پێکەوە دەگەنە ئاستی ترۆپک. وچانێک بۆ ماوەی ٥ چرکە.
  • هەناسەدانەوە و نزم بوونەوەیەکی خاوی ئاستی ڕووناکی و هەردوو نزمبوونەوەی ئاستی ڕووناکی و هەناسەدانەوەکە، پێکەوە دەگەنە ئاستی کپ بوون (ڕووناکی هەروەک ژمارە 1ی لای سەرەوە). لە ماوەی نزیکەی 10 چرکەدا و هاوارێکی خێرا، هەروەها سووک و هێدی و کورت. بێدەنگی، وچانێک بۆ ماوەی 5 چرکەیەک.

 

پەردە

 

خۆڵوخاشاک: به‌ شێوه‌یه‌کی ئاسۆیی، نه‌ك ستوونی، بڵاو بووه‌ته‌وه‌.

هاوار: تۆمارکردنی بەشێک لە هاواری له‌دایکبوونی منداڵێک.

گرنگ ئەوەیە هەردوو هاوارەکە لە یەک بچن و داگیرسانی ڕووناکی و کوژانەوەی لەگەڵ هەناسەدانەکەدا، پێکەوە پەیوەست بن.

هەناسە: تۆمارێکی گەورەکراوە.

ڕووناکی: کزە، هەرچەندە 0 = تاریکی و 10 = ترووسکە، لەبەر ئەوە ڕووناکییەکە دەبێت لە نێوانی نزیکەی 3 تا 6 پلە و بە پێچەوانەوە لە جووڵاندا بێت.

 

پەردە

 

هه‌ناسه‌، ساموێل بیکێت
لە عەرەبییەوە: دانا ڕەئوف 

 

تێبینی: ئەم دەقەم زۆر دەمێکە لە عەرەبییەوە کردووە بە کوردی، زۆر هەوڵم دا فەڕەنسییەکەیم دەست نەکەوت تا بەراوردێکی بکه‌م، بەڵام بە سویدی دەستم کەوت و لەگەڵ سویدییەکە بەراوردم کرد. بەر لە چەندان ساڵ لەمەوبەر لە کەناڵی یەکی تەلەڤیزیۆنی سویدی نمایش کراوە، لەبەر ئەوە دەقە سویدییەکە ئاسانتر بۆ من دەست کەوت.

 


شانۆیی هه‌ناسه‌، له‌ ده‌رهێنانی دامیه‌ن هیرست

 

هاوبەشی بکە

Breath, SamuelBeckett, پەڕاوی بیکێت,