08/10/2024
DidiMn Logo
Top

ده‌رگای سینه‌ما دابخرێت! منێکی خوێندکاری فیلمساز به‌ چ مه‌به‌ستێک له ‌پۆلدا دابنیشم؟

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

هه‌ردی سه‌میر

ئەگه‌ر له ‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ سه‌یری هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانی میلله‌تی کورد بکه‌ین، هه‌یشه‌ میلله‌تێکی به‌کارهێنراو بووین، ئەگه‌ر سه‌یری ئه‌م دۆخه‌ی ئێستاش بکه‌ین دۆخێکی کۆنکرێتی بێخه‌وش و بێدرزه‌، واتا تاکو چه‌ند ساڵانێکی دیکە به‌کارهێنراوین. ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر هۆکاری ئه‌و به‌کارهێنانه‌ دووباره‌یه‌، نه‌بوونی مێژوویه‌کی نوسراو و دروست، نه‌بوونی گێڕانه‌وه‌یه‌کی بێخه‌وش و دروست له ‌ڕێگه‌ی فیلم و سینه‌ماوه‌.

زۆر جار ده‌یبیستمه‌وه‌ و ده‌ڵێن هه‌ردێ سه‌میر سیاسه‌ت و سینه‌مای تێکه‌ڵ به‌یه‌ک کردووه‌ و بێئاگایه‌، زۆر ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌که‌م قسه‌که‌تان ڕاست بێت و له‌م لاوێتییه‌ی خۆمه‌وه‌ تووشی خڵه‌فانێکی به‌د بووبم، به‌ڵام به ‌داخه‌وه‌ ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ سینه‌ما و سیاسه‌ت دوو منداڵی جمکن و به‌یه‌ک سک هاتوونه‌ته‌ بوون، ده‌توانم جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌مه‌وه‌ که‌ که‌سیان بۆ چرکه‌یه‌کیش پێش ئه‌وی تریان نه‌هاتووەته‌ بوون، مێژوو ئه‌م قسانه‌م ده‌سه‌لمێنێت. له ‌پێش یەکەم جه‌نگی جیهانی، واته‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی فیلم وڵاته‌ زلهێزه‌کان شانبه‌شانی جه‌نگ فیلمیان دروست ده‌کرد، له دووەم ‌جه‌نگی جیهانی بواری فیلمسازی قووڵتر بووەوه‌ و شه‌ڕی ساردی پێ ده‌کرا، نموونه‌ کاتێک هیتله‌ر ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست پارتی سۆشیالیستی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی پیشه‌سازیی کرده‌ ژێر سه‌رپه‌رشتیاری وه‌زیری پڕوپاگه‌نده‌، فیلم به‌رهه‌م ده‌هات بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجیای نازی، باشترین ده‌رهێنه‌ری سه‌رده‌می نازی لینی ریفینشتال بوو، فیلمی سه‌رکه‌وتنی ویستی دروست کرد له ‌ساڵی 1935، کاتێک نازییه‌کان وڵاتی فه‌ڕه‌نسا داگیر ده‌که‌ن، نازییه‌کان هه‌موو جۆره‌ فیلمێکی نیشتیمانی و ڕه‌خنه‌گری قه‌ده‌غه‌ ده‌که‌ن، ته‌نها فیلمی کۆمیدی نیشانی گه‌لی فه‌ڕه‌نسی ده‌درا، ڕوونتر قسه ‌بکه‌ین ترسی نازییه‌کان ترسێك بوو له ‌شۆڕشی سینه‌ما و کاریگه‌ریی سینه‌ما، بەو هۆیەوە ئه‌و بڕیاره‌یان ده‌رکردبوو. دواتر که ‌فه‌ڕه‌نسا ئازاد ده‌بێت و سینه‌مای شه‌پۆلی نوێی فه‌ڕه‌نسی په‌یدا ده‌بێت، یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی که ‌کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن پشتگیریکردنه‌ له ‌نه‌وه‌ی نوێی فه‌ڕه‌نسا، له‌ زۆرینه‌ی فیلمه‌کان منداڵ ده‌ستی باڵای هه‌یه‌ له ‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، نموونه‌ی ڤلادیمێر لینین سه‌رۆکی یه‌کێتیی سۆڤیه‌تیی ئه‌وسا، له ‌وته‌یه‌کی به‌ناوبانگیدا پێی وا بووه‌ له ‌ده‌وڵه‌تی چه‌پدا سینه‌ما گرنگترین هونه‌ره‌. کاتێک هێزی هیتله‌ر ده‌گه‌نه‌ ستالینگرادی پایته‌ختی ئه‌وکاتی ڕووسیای ئێستا، به‌شێکی زۆری داگیر ده‌که‌ن و هه‌موو دونیا چاوه‌ڕێی هه‌ڵکردنی ئاڵای سپیی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ستالینن، به‌ڵام له‌و کاته‌دا ستالین ده‌ڵێت هه‌موو دونیا له ‌دژم بێت و ته‌نها سینه‌مام له ‌پشت بێت، من ئه‌م جه‌نگه‌ ده‌به‌مه‌وه‌. سۆسیالیزم دژی کاپیتاڵیزم و به ‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ سینه‌مایان وه‌ک چه‌کێکی گه‌وره‌ له ‌دژی یه‌ک به‌کار هێناوه‌ و به‌رده‌وامیشن. ڕووسه‌کان ده‌ستێکی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له ‌به‌ره‌وپێشبردنی سینه‌ما، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای سیستمی سه‌رمایه‌داری لە ئێستادا بکه‌ین ئه‌مەریکا له ‌ڕێی سینه‌مای هۆڵیوده‌وه‌ ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر ته‌واوی جیهاندا، هه‌ر له ‌ڕێی فیلمه‌کانی هۆڵیوده‌وه‌ هه‌موو دونیا به ‌بێئاگایی ڕقێکی گه‌وره‌یان به‌رانبه‌ر گه‌لی ڤێتنام دروست کردووه‌، چونکه‌ سینه‌مای هۆڵیود له ‌گێڕانه‌وه‌ی جه‌نگی ڤێتنامدا، ڤێتنامییه‌کانیان وه‌ک دڕنده‌یه‌ک پیشان ده‌دا، خۆی له‌ڕاستییشدا زاڵمه‌که‌ ئه‌مەریکایه‌ و زوڵملێکراو داگیركراوه‌كه‌یە کە گه‌لی ڤێتنامه‌. که‌واته‌ هه‌م سیستمی سۆسیالیزم و هه‌م کاپیتاڵیزم سوودمه‌ندی گه‌وره‌ بوون له ‌سینه‌ما و گه‌وره‌یی سینه‌ما… ئه‌ی ئێمه‌؟ سیاسه‌تمان نه‌ سۆسیالیزمه‌ و نه‌کاپیتالیزم، ئه‌گه‌ر سۆسیالیزم بووینایه‌ وه‌ک لینین ده‌مانگوت له‌ ده‌وڵه‌تی چه‌پدا سینه‌ما گرنگترین هونه‌ره‌، ئه‌گه‌ر کاپیتالیزمیش بووینایه‌ هه‌وڵمان دە‌دا له ‌ڕێی سینه‌ماوه‌ داهاتی فیلم له ‌نه‌وت زیاتر بوایه‌، با بڵێین ته‌نها کوردین و ته‌واو، هیچ سیاسه‌تێک وه‌ک سیاسه‌تی کوردی پێویستی به‌ سینه‌ما نییه‌، هیچ میلله‌تێکیش وه‌ک کورد پێویستی به‌ سینه‌ما و پاڵپشتی سینه‌ما و په‌روه‌رده‌ی تاکی کۆمه‌ڵگە نییه‌ له ‌ڕێی سینه‌ماوه‌، هه‌روه‌ک چۆن سینه‌ماکارانی شه‌پۆلی نوێی فه‌ڕه‌نسی، نه‌وه‌ی نوێی خۆیان له ‌ڕێی سینه‌ماوه‌ په‌روه‌رده‌ کرد و پشتگیریان بوون، دركیان به‌وه‌‌ كرد ئه‌و كاولكارییه‌ی به‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسادا هات هۆكاره‌كه‌ی نه‌وه‌ی پێش خۆیان بوون، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌مەریکا، ڕووسیا، ئه‌ڵمانیا و … هتد شوناسی خۆیان به ‌گه‌لانی دیکە ده‌ناسێنن و به‌رده‌وام خۆیان ده‌سه‌لمێنن.

یه‌کێک له ‌هۆکاره‌کانی تر که‌ میلله‌تێکی به‌کارهێنراوین، نه‌بوونی شوناسێکی تایبه‌تین به ‌خۆمان، هه‌میشه‌ دوژمنانی کورد شوناسی کوردیان کاڵ کردووەته‌وه‌ و ده‌شتوانین ددان به‌و ڕاستییه‌ تاڵه‌دا بنێین که ‌شوناسمان له‌ناو براوه‌ و یه‌کێکین له‌ میلله‌ته‌ بێشوناسه‌کان، هه‌میشه‌ خۆشمان وه‌ک کورد ده‌ستمان هه‌بووه‌ له‌و تاوا‌نه‌دا. باشترین ڕێگه‌چاره‌ بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی شوناس بۆ میلله‌تی کورد و به ‌گشت گه‌لان بڵێین ئێمه‌ش خاوه‌نی شوناسی خۆمانین، گرنگیدانه‌ به‌ فیلم و سینه‌مای کوردی و کەلتووری خۆمان تێیدا زیندوو بکه‌ینه‌وه‌، هه‌موومان ده‌زانین کوردستانی باکوور، ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهه‌ڵات به ‌هۆی داگیرکارییه‌وه‌ تێکه‌ڵاوی کەلتووری چوار وڵاتی جیاوازی داگیرکه‌ر بووین، ئه‌ویش تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران. ئێمه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پشتگیریی فیلم و سینه‌ما ناکه‌ین و به ‌هه‌موو توانامان دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌، چه‌ندین کاره‌ساتی وه‌ک هۆڵۆکۆستمان به‌سه‌ر هاتووه‌، یه‌ک ئه‌رکمان چاره‌سه‌ر بووه‌ ئه‌ویش سینه‌ما سالمه‌ و دژی فیلمه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان ده‌وه‌ستێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی که ‌ماوه‌ فیلمسازی بوێره‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ساتانه‌، تاکو ئێمه‌ پشت به ‌سینه‌ما نه‌به‌ستین هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌نفال، شه‌نگال و کاره‌ساته‌کانی دیکه‌ چه‌ندباره‌ ده‌بنه‌وه‌…

هاوبەشی بکە

Wtari Cinema,