دیدی من – پۆێتس
لە ئینگلیزییەوە: لانۆ ڕزگار
سیلڤیا پلات لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٢ لە بۆستن، ماساچوسێت چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. ئۆریلیا شۆپەری دایکی خوێندکاری ماستەر بووە لە زانکۆی بۆستن ئەو کاتەی ئۆتۆ پلاتی باوکی سیلڤیا دەناسێت کە پرۆفیسۆری بووە. لە کانونی دووەمی ١٩٣٢دا هاوسەرگیری دەکەن. ئۆتۆ هەردوو وانەی زمانی ئەڵمانی و زیندەزانی دەگوتەوە، بەتایبەتیش سەرنجی لەسەر ‘ئەیپیۆلۆجی’ ، زانستی هەنگەکان بوو.
لە ساڵی ١٩٤٠دا، ئەو کاتەی سیلڤیا تەمەنی هەشت ساڵان بووە، باوکی بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە گیانی لەدەستداوە. باوکی کەسێکی توند بووە و هەم هەڵسوکەوتە زۆردارییەکانی و هەم مردنەکەشی لە پەیوەندییەکانی نێوان سیلڤیا و شیعرەکانیدا بە قووڵی ڕەنگی داوەتەوە. بەتایبەتیش لە شیعرە ماتەمینی و ناڕەحەتکەرەکەی بە ناوی (بابە).
هەر لە تەمەنی یانزە ساڵیەوە پلات دەفتەرێکی ڕۆژانەی داناوە و لە گۆڤار و ڕۆژنامە ناوخۆییەکاندا شیعرەکانی بڵاودەکردەوە. یەکەم بڵاوکراوەی نەتەوەیی ڕێک لەدوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی بوو لە ساڵی ١٩٥٠دا لە ڕۆژنامەی چاودێری زانستی مەسیحی. لە ساڵی ١٩٥٠دا، پلات لە کۆلێژی سمیز وەرگیرا کە لەساڵی ١٩٥٥دا بە پلەی نایاب دەرچوو.
لە دوای تەواوکردنی خوێندن، پلات چوو بۆ زانکۆی کامبیرجی ئینگلتەرا کە پارەی خوێندنەکەی لەلایەن پرۆگرامی فوڵ برایتەوە بۆ دابینکرابوو. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٥٦دا چوو بۆ ئاهەنگێک و شاعیری ئینگلتەری، تێد هیووی ناسی و پاش ماوەیەکی کەم، لە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٥٦دا پلات و هیوو هاوسەرگیریان کرد.
لە ساڵی ١٩٥٧دا پلات گەڕایەوە بۆ ماساچوسێت و لەگەڵ ڕۆبێرت لۆوێڵدا دەستی بە خوێندن کرد. لە ساڵی ١٩٦٠دا یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بە ناوی ‘کۆلۆسس – کەڵەپەیکەر’ لە ئینگلتەرا و پاش دوو ساڵیش لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بڵاوکردەوە. پاشان گەڕایەوە ئینگلتەرا و لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٦٢دا دوا بە دوای یەک فریدا و نیکۆلاسی بوو. لە ساڵی ١٩٦٢دا تێد هیووی هاوسەری، پلات جێدەهێڵێت بۆ ژنێکی دیکە بە ناوی ئاسیا گەتمان وێڤڵ. ئەو زستانە، پلات زۆرینەی ئەو شیعرانەی نووسی کە دەچوونە نێو بەناوبانگترین کتێبیەوە بەناوی ‘ئێریەڵ’. ساڵی دواتر، لە ژێر ناوی ڤیکتۆریا لوکاس، ڕۆمانێکی بڵاوکردەوە بە ناوی ‘زەنگە شوشەییەکە’ کە نیوە ژیاننامەیەکی خۆی بوو. لە ١١ی شوباتی ١٩٦٣دا گیانی لەدەستدا.
زۆرجار شیعرەکانی پلات دەبەسترێنەوە بە *بزوتنەوەی ئەدەبی دانپێدانانەوە و بە کارەکانی شاعیرانی وەک لۆوێڵ و ئانا سێکستنی هاوڕێی بەراورد دەکرێن. زۆرینەی کاتەکان، کارەکانی بە تێکهەڵکێشراوییە چڕەکەی لە دیمەنی بەزەبر و ناڕەحەتکەر و بەکارهێنانی هاوپیتی و سەروای خۆشئامێز جیادەکرێنەوە.
هەرچەندە ئەو کاتەی پلات خۆی لە ژیاندا بوو تەنها ‘کۆلۆسس’ی بڵاوبووەوە بەڵام پلات شاعیرێکی پڕبەرهەم بوو، لە پاش مردنی جگە لە ‘ئێریەڵ’، هیوو سێ بەرگی تری کارەکانی بڵاوکردەوە، لە ناویشیاندا ‘کۆمەڵە شیعرییەکان’ی بوو، کە لە ساڵی ١٩٨٢دا خەڵاتی ئەدەبی پوڵتسێری پێبەخشرا. پلات یەکەمین شاعیرە کە لەدوای مردنیەوە ئەم خەڵاتەی پێببەخشرێت.
* بزوتنەوەی ئەدەبی دانپێدانان: ئەم بزوتنەوەیە لە شیعردا لە کۆتایی ساڵانی ١٩٥٠ و سەرەتاکانی ١٩٦٠دا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەریهەڵدا، بە جەخت خستنە سەر بابەتی کەسی و سۆزداری و ئەزموونی تایبەتی دەناسرێتەوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.