24/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی گونەی: چاوپێکەوتنێک لەگەڵ یەڵماز گونەی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

ئیلوستره‌یشن: سابات عه‌باس

ئەم پەڕاوە، لە چوارچێوەی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوەدایە، کە بە هاوبەشی لە لایەن ماڵپەری کلتووریی دیدی من، ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ و سینەما سالم ڕێک خراوە

دیدی من
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: پشتیوان کەمال
گۆڤاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کانوونی دووەمی ١٩٨٢

 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە، چۆن فیلمەکانت هەڵدەسەنگێنیت؟ مێگەل و ڕێگە
لە تەواوی ژیانمدا وەک خولقێنەرێک، دەبوو مانای ناڕاستەوخۆ بەکار بهێنم بۆ دەربڕینی بیرکردنەوەکانم، دەبێت دان بەوەدا بنێم تا ئەمڕۆش کارەکانم هەرگیز ئەوەیان دەرنەبڕیووە کە ویستوومە دەریان ببڕم، هەم لە ڕووی ستایل و هەم لە ڕووی ڕۆحی کارکردنەوە. توخمی سەرەکی لەو کارانەدا بریتییە لە چارەسەرکردن.

مێگەل لەڕاستیدا مێژووی کوردە، بەڵام تەنانەت ناتوانم زمانی کوردییش بەکار بهێنم لەو فیلمەدا؛ ئەگەر زمانی کوردیمان بەکار بهێنایە، هەموو ئەوانەی لەو فیلمەدا بەشدارییان کردبوو دەگیران و دەخرانە زیندان.

لە فیلمی ڕێگەدا، فۆکسەکە زیاتر لەسەر دیاربەکر، ئورفا و سیرت بوو. هەوڵم دا ئەتمۆسفێرێکی کوردی دروست بکەم بە بەکارهێنانی موزیک. بەڵام هەرچەندە فیلمەکە لە ئەورووپا مۆنتاژ کرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم لەوەی هەمووی بکەمە کوردی.

 

کەی بۆت دەرکەوت تۆ کوردیت؟
من دەبێت بڵێم لە کورددا تواومەتەوە. دایکم کورد بوو، باوکیشم کوردێکی زازا. لە هەموو تەمەنی منداڵیمدا، کوردی و زازا ئەو زمانە بوو کە لە ماڵەوە قسەی پێ دەکرا. تا تەمەنی پازدەساڵی بە زمانی کوردی قسەم دەکرد. پاشان لە خێزانەکەم دابڕام.

لەو کاتەدا گوتارم دەبیست دەیانگوت: ”هیچ کوردێک بوونی نییە؛ زمانی کوردی بوونی نییە.“ بەڵام گوێم لە خەڵکی دەبوو قسەیان دەکرد و گۆرانییان دەگوت بە زمانی کوردی، منیش ئەوەم دەبینی کە کوردەکان لەژێر هەلومەرجێکی زۆر قورسدا دەژین. باوکم خەڵکی سیڤەرەک بوو، بۆ یەکەم جار سیڤەرەکم بینی کاتێک شازدە ساڵ بووم. ئەوە ئەو کاتە بوو بە تەواوەتی درکم پێ کرد من کێم. لەوێ ئازاری خێزانێکی بێڕەگوڕیشەم بینی؛ باوکم گوتی: ”تۆ لە ڕەگتەوە دەرهێنراویت.“ لە تەمەنی سیوچارساڵیشدا، لە توانامدا بوو بڕۆم و شارۆچکەکەی دایکم ببینم، ماوچ، هۆزی جیبران. مێگەل چیرۆکی ئەو ڕوودانەیە کە بەسەر ئەو هۆزەدا هاتووە.

بە هۆی ئەوەی کارەکتەرەکانی ناو فیلمەکانت کوردن و بابەتەکەشت کوردستانە، چۆن لە تواناتدا بوو بڕۆی بۆ وێنەگرتن لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆت؟
بەو جۆرە ئێمە ڕووبەڕووی قورسییەکان دەبووینەوە: ئێمە لە دیواردا تەنها یەک ئەکتەری پڕۆفیشناڵمان هەبوو، تونجەڵ کورتز (ئەو کەسەی ڕۆڵی باوکی دەبینی لە فیلمی مێگەلدا). هەموو ئەوانەی تر کەسانی نەشارەزا بوون، زۆرینەیان هەرگیز پێشتر ڕۆڵیان نەگێڕابوو. ئەوە شتێکی ئەستەمە ئەکتەری شارەزا بگاتە دەستت لە تورکیاوە، تەنانەت ئەوانەشی کە لە ئەورووپان ناوێرن لەگەڵمدا کار بکەن، تەنانەت ڕەتی دەکەنەوە قسەشم لەگەڵ بکەن.

ئەکتەرە تورکەکان نایانەوێت لەگەڵ دەرهێنەرێک کار بکەن کە پاڵمێ دۆر و خەڵاتی ڤێنیسیای بردووەتەوە؟
ئەوانەی گۆرانیی ئازادی دەڵێن، کاتێک هەموو شت خامۆشە، دەخوازن لە کاتە قورسەکاندا خۆیان لە پشتی دەرگەکانەوە بشارنەوە. کامێرامانێکی تورکم لەگەڵ بوو، بەڵام تەکنیک کارەکان کەسانی شارەزا نەبوون. تەنانەت یەک کەسی تەکنیکیی شارەزام لەگەڵ نەبوو. تێمای سەرەکیی فیلمی داهاتوو باسی زیندان دەکات. بۆیە فیلمەکە خۆی باسی تاریکی، غەمگینی، هەموو ئەو شتانەشی کە دیمەنی سروشتین، دەکات.

بۆچی زیندانت هەڵبژارد؟
دوو هۆکار هەن: ئەو بابەتەیە کە لە ئێستادا تەواو گونجاوە بۆ هەلومەرجی تورکیای ئێستا. پاشان، هێشتا ئامادە نیم بۆ وێنەگرتن لە ئەورووپادا.

 

لە فیلمەکانی داهاتووتدا کوردستان چ گرنگییەکی دەبێت؟
کێشەی کورد کێشەیەکی زۆر قورسە. ڕۆژێک حەز دەکەم فیلمێک دروست بکەم چیرۆکی شەڕی ئەوان بگێڕمەوە بۆ لەدایکبوونیان، یاخود بۆ لەدایکبوونەوەیان. ئێستا، ئەوە کێشەیەکی زۆر قورسە. یەکێک پێویستە باسی ئەوە بکات کە کوردەکان چۆن جوێ بوونەتەوە و ڕوانینی جیاوازیشیان بۆ حاڵەتەکە باس بکات. قورسە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیە بکەیت، بە ڕێگەیەکی ئاڕاستەکراو. مێژوو تەنها پڕ نییە لە سەرکەوتن، هەروەها شکست، هەڵە و تەفرەدانیشی تێدایە.

ئیلوسترەیشن: سابات عەباس

 

تۆ باسی کێشە تەکنیکییەکانت کرد کە ڕووبەڕووت بووەتەوە، کە لە دەرەوەی وڵاتی خۆت وێنەت گرتووە؛ چۆن دەتوانیت ئێستا شتێک دروست بکەیت و پیشانی بدەیت کە ڕەگت لە ناو تورکیادا بڕاوە؟ تۆ لەگەڵ خەڵکی خۆت ڕێک دەکەویت، لەگەڵ سروشتی وڵاتەکەشت، بەڵام فیلمەکانت لە لایەن هاونیشتیمانییەکانتەوە نابینرێت؛ چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەیت؟ ئایا لە دەرەوە نیشتەجێ دەبیت؟
بێگومان دەبێت ڕێگەیەک بدۆزینەوە کە ئەم فیلمە پیشانی خەڵکی خۆمان بدەین، بەڵام ناتوانم پێت بڵێم چۆن. بۆ پرسیاری دووەمیشت، پاش ئەم فیلمە دەربارەی زیندان نامەوێت فیلمێک دروست بکەم لەسەر کوردستان لە هەلومەرجی وادا.

 

کەواتە مانەوەت لە فەڕەنسادا پشوویەکە لە کارەکەتدا؟
لە فەڕەنسادا دەمێنمەوە بە ڕێگەدانێکی تایبەتەوە بۆ دروستکردنی ئەم فیلمە. من ڕێگەم پێ دراوە لە فەڕەنسا بمێنمەوە تا کاتی دەرچوونی. پاش ئەوە، نازانم. نامەوێت باسی داهاتوو بکەم.

هاوبەشی بکە

A Director From Prison, Cinema Salim, Kashkul, Yilmaz Guney,