22/09/2019
DidiMn Logo
Top

ژێستەكانی بۆرژوازی؛ دەربارەى تیۆرێمای پییر پاولۆ پازۆلینی

لە لایەن دیدی من 10 مانگ پێش ئێستا

پازۆلینی

پێشڕەو موحەممەد

 

لە ئیتاڵیای دەیەى 60 و 70، پییر پاولۆ پازۆلینیی (پی.پی.پی) دەرهێنەر و شاعیری ماركسیست، بە ڕەغبەت و حەماسەتێكی زۆرەوە كەوتە ناو فەزای دامەزراوەى سیاسی، كڵێسایی و پارتی كۆمۆنیستییەوە. لە تیۆرێما (1968)دا پازۆلینی ڕوانگەى دواكەوتوانەى بۆرژوازی تووشی سەرەگێژە و وڕبوون دەكات.

 

پازۆلینی ترس و دڵەڕاوكێی خستبووە دڵی بۆرژوازی و كڵێسای كاتۆلیكیی ئیتاڵییەوە. نەك تەنها بە هۆی بیروباوەڕە كۆمۆنیستییەكانیەوە، بەڵكو بە هۆی هۆمۆسێكسوالیتەشەوە بەتەواوی كەوتبووە بەر هێرشەوە، تەنانەت لە ڕێگەی شیعریشەوە وەك چەكێكی دەستی، ڕقێكی تەواو شەخسی و بەهێزی لە چینی باڵادەست و هەلومەرجە باڵادەستەكان بوو. لە تیۆرێمادا لە گۆشەنیگایەكی تەواو ئازاردەرانەدا ڕووبەڕووی بۆرژوازی دەبێتەوە: سێكسوالیتە.

 

ژینگەى بۆرژوازی

تیۆرێما یەكەم فیلمە بە كارەكتەر و خەسڵەتە بۆرژوازییەكانیەوە لە ژینگەیەكی تەواو بۆرژوازیدا، پازۆلینی لەسەر فیلمەكەى دەڵێت: ”پێشتر هیچ كاتێك كارێكی وەهام ئەنجام نەداوە، چونكە نەمدەتوانی بیرۆكەى لەگەڵ خەڵكبوون هەڵبگرم، بۆ چەندین مانگ حەزم نەدەكرد سیناریۆی فیلمەكە تەواو بكەم و دەست بكەم بە وێنەگرتنی“.

ئەوەى لە خانەى بۆرژوازیدا ڕوو دەدات، لەڕاستیدا كەوتن و داڕمانی خودی ئەم بۆرژوازییەیە. یان لەوانەیە ڕەخنەگرێك بڵێت: ”خاڵی سفری بۆرژوازی“.

 

ڕیشەی بۆرژوازی

بەڵام هۆیەك دێتە پێشەوە كە سەرجەمی ژیانی پازۆلینی داگیر دەكات: ئایین. لەناوچوونەكە بریتییە لە وازلێهێنانێك بە هۆی سەرهەڵدانی كەسایەتییەكی خوایی و شلۆقەوە، ڕۆژێك میوانێكی نامۆ (تێرێنس ستامپ) دەردەكەوێت، لاوێك، لە ڕووی سێكسوالییەوە پیاوێكی تەواو سەرنجڕاكێش.

ئەفسوون و سیحرە سەرووسروشتییەكەی، وا دەكات سەرجەمی ئەندامانی خێزانەكە، بەبێ جیاوازیی تەمەن و ڕەگەز، بكەونە خۆشەویستی لەگەڵیدا، ئەم خۆشەویستییە لە ڕووی جەستەییشەوە دەرببڕن، پاتریارك پاولۆ (ماسیمۆ گیرۆتی)، ژنە سەركوتكراوەكەى لە ڕووی سێكسییەوە لوچیا (سیلڤانا مانگانۆ)، دوو منداڵی پیترۆ (ئەندریاس خۆزێ كروتز سۆبلێتە) و ئۆدێتا (ئاننە ڤیازمیسكی) و كارەكەری ماڵەكە (ئیمیلیا)، هەموویان دەكەونە داوی خۆشەویستییەوە لەگەڵ ئەو میوانە نامۆیەدا، ئەمەش سەرەتاكانی سەرهەڵدانی بنەماڵەى ناوكیی بۆرژوازییە: ترسی لەناوچوون.

 

ئایین و سێكسوالیتە

لای پازۆلینی، بوارەكانی سیاسەت، ئایین و سێكسوالیتە لەیەك جیا ناكرێنەوە. دەڵێت ئەگەر هەر شتێكی پیرۆز هەبێت، سەرمایەداری لەناوی بردووە، پازۆلینی لە چاوپێكەوتنێكیدا دەڵێت میوانێكی پڕ لە ڕاز و ڕەمزی بینیوە، وەك پەیامبەری خودا لە مانای پەیمانی كۆندا.

بەڵام دەرهێنەر مەیلێكی كەمتری بۆ سێكسوالیتە یان ئایین بە شێوەیەكی كۆنكریتی هەیە و زیاتر فەزاكان بۆ بینەر دەكاتەوە، كە تێیدا دەتوانن ئایدیاكانی خۆیان ئاشكرا بكەن و بیاندۆزنەوە، ئەو لەگەڵ ڕەسەنێتیدا، هەروەها قسەكردن لەسەر واقیع وەك دژایەتییەك بەرانبەر بەلاڕێدابردن، وێنەى نامۆكراوی ئینسان لە سەردەمی سەرمایەداریدا خەریك دەبێـت، هاتنەژوورەوەى بێمۆڵەتی میوانەكە بۆ ناو خێزانی بۆرژوازی، دابڕانە لە دیدگا باوەكان. پازۆلینی وای دەبینێت پەیوەندیی فراوانی خۆشەویستی بریتییە لە وێنەى شۆڕش.

لای ئەو، بۆرژوازی لەژێر سایەى پارێزگاریی ڕۆتینێكی ڕەنگرتوو، پرۆسەیەكی ئاشنا، لەژێر هەلومەرجی ڕێسادا دەژیی. لە پشتی ئەم پارێزگارییەوە دەرهێنەر گومان لە بەدبەختبوون و خاڵیبوون دەكات، ئەگەر ڕێساكە بە هۆی بگۆڕێكی ناچاوەڕوانكراوەوە تێك چووبێت، ئەوا پارێزگارییەكە دەكەوێت و ئەم بەتاڵی و خاڵیبوونە بەتەواوی دەردەكەوێت. حیكایەتی تیۆرێما لە میلانی 1968دا هەڵكەوتووە.

پۆسته‌ری فیلمه‌كه‌

گۆڕانە نائومێدكەرەكان

فیلمەكە بەگشتی سەرنج دەخاتە سەر بەڵگەى ماتماتیكییانەی بونیادنراوی تیۆرم (ڕێسا)، ”یارییەكی دیالەكتیكیی ماركسیستیی-مەسیحیی“، هەروەك ڕەخنەگرێك ئەو ناوەى بەسەردا بڕاندووە، ئایین و سێكسوالیتە دوو پێكهێنەرن یارمەتیی بەخەبەرهاتنەوەى میوانەكە دەدەن ببێتە میوانێكی واقیعی، پاشان خێزانی بۆرژوازی لەناو بەرێت؛ بۆ ماوەیەكیش كە غەریبە پڕ لە ڕاز و ڕەمزەكە ون دەبێت، ئەوا لەناكاو دەردەكەوێتەوە، ئەمەش وا دەكات هەر ئەندامێكی خێزانەك بخاتە قەیرانێكی جدییەوە.

لەو وێنانەدا كە بەگشتی سەرنج خراوەتە سەر جەوهەری مەسەلەكە، پازۆلینی وەرچەرخانە نائومێدكەرەكان بۆ بۆرژوازی پیشان دەدات، بەتایبەت ئیمیلیای كارەكەر دەكەوێتە ناو شێتایەتییەكی ئایینییەوە و دەبێتە موعجیزەئاسا، كاتێك كچی ماڵەكە كۆتایی بە چارەسەری دەروونی دەهێنێت، بۆیە خێزانی بەئەخلاقی پێشوو بۆ عاشقە لاوەكان دەگەڕێن و پاولۆ واز لە كارگەكەى دەهێنێت و بەڕووتی دەچێتە بیابانەوە، تەنها لەوێدا لە دیارنەمان و لەناوچوونی سەرجەمی كەسایەتییە سەرمایەدارییەكاندا دەتوانێت ڕزگاری بدۆزێتەوە.

 

چالاكیی ڕاستەقینەى سیاسی

سەرەڕای هۆشیاری و ویژدانی شاعیرانەى وێنەكانی، سەرەڕای عەشقی پازۆلینی بۆ نووسینی دەقەكان، كەچی بەتەواوی ئاگای لە گرنگیی چالاكییە ڕاستەقینە سیاسییەكان هەبوو، لە 1971دا دەڵێت: ”جگە لە ئەكت و كردەی ڕاستەقینە هیچ شیعرێك بوونی نییە“. بۆ نموونە لەگەڵ گروپی لا لۆتا كۆنتینوا گرووپێكی چەپی ناپەرلەمانی كاریان دەكرد و چەندین چالاكیی ڕادیكاڵیان ئەنجام داوە، بۆ ماوەیەكیش سەرنووسەری گۆڤارەكەیان بوو.

تەنانەت كاتێك كامێرا دەخاتە سەر شانەكانی، وێنەى خۆپیشاندانەكانی خوێندكاران و پێكدادانیان لەگەڵ پۆلیسدا دەگرێت، لە نیسانی ئەو ساڵەدا، سەرەڕای ئەمانە شێوازی پازۆلینی تا ڕادەیەك ڕەشبینیانە بوو، دەكرێت ڕەخنەى ئەوە لە تیۆرێما بگرین كە زۆر بە هێزەوە هێرش دەكاتە سەر بۆرژوازی لەم سەردەمەدا، بەڵام بە هیچ شێوەیەك هێزە ئەنتاگۆنیست و ناكۆكەكانی پرۆلیتاریا پیشان نادات، ڕادەستکردنی كارگەكە بە كرێكاران بە شێوەیەكی ئاشتیانە دەردەكەوێت و ئەم ئەكتە دواجار بەڕەمزیكردنی كۆتایی سەركەوتنی سەرمایە پیشان دەدات.

لە كۆتاییدا هیچ گرنگ نییە بە هۆی شیكارییە سیاسییەكانیەوە ستایشی پازۆلینی بكەین، بەڵكو بە هۆی دەسەڵاتی وێنەكانیەوە دەبێت سەتایش بكرێت، بە هۆی پێداگرییەكانی و ئازایەتییەكەى لە هێرشەكانیدا بۆ سەر نوخبەى سیاسی لە ئیتاڵیا، هێرشە توندەكانی بۆ سەر كڵێسا و ڕەخنەكانی لە پارتی كۆمۆنیستی ئیتاڵیا، هەروەها ئازایەتییەكانی لە دەربڕینی هۆمۆسێكسوالیتەی خۆی و سەركوتكراوان لە سەردەمی كۆنزەرڤاتیڤ و كۆنەپارێزی ئیتاڵیا، كە پاشان هەر بەم هۆیانەشەوە تیرۆر كرا، هۆكاری هەڕەشە مەترسیدارەكانی لە ڕێگەی دەسەڵاتی وێنەكانیەوە بۆ سەر خێزانی ناوكیی بۆرژوازی و كڵێسا و دامەزراوە سیاسییەكان.

Pier Paolo Pasolini, Wtari Cinema,