دەمژمێر (٦)ی سەر لە بەیانی بە دەنگی مۆبایلەکەم خەبەرم بووەوە، هێشتا هیچ کام لە هاوژوورەکانم لە هۆستڵەکە خەبەریان نەببووەوە. کات زوو بوو، بە ئەسپایی خۆم شۆرد و کەلوپەلی ناو جانتا کۆڵەپشتییەکەم کۆکردەوە، بە کەنار ڕووباری سێندا ملی ڕێگام گرتەبەر. خۆشحاڵ بووم، چونکە ئەمڕۆ دەچوومە دیداری کەسێک کە هەرگیز پێم وانەبوو بچمە مەنزڵی.